دەنگی تەپڵی شەڕ دێت
2019-07-28 17:13:04
+ هیوا سەید سەلیم
تا دێت هەڕەشەكانی حكومەتەكەی ئەردۆغان بەمەبەستی فراونكردنی شەڕی زەمینی لە باشوور كوردستان بۆ وەك خۆیان دەیڵێن كۆتایهێنان بە PKK و داگیركردنی قەندیل، هەروها هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان زیاتردەبن.
لە باشوور كەشی سیاسی بۆ ئەو شەڕە لەبارە، رۆژانە فڕۆكەكانی توركیا بە بیانووی هەبوونی هێزەكانی PKK بۆردومانی ناوچە سنووریەكان دەكەن، لە دەڤەری خواكورك دەمێكە ئۆپراسیۆنی سەربازی لە لایەن سوپای توركیا دەستی پێكردووە، بەڵام توركیا هێشتا بەهیچ یەك لەمانە دڵی ئاوی نەخواردۆتەوە، بگرە مەبەستیەتی مەیدانی شەڕ فراوانتر بكات و كارەكتەری دیكەش لەو شەڕ بەشداری پێبكات.
ڕووداوەكەی هەولێر و كووشتنی كارمەندێكی میتی سەر بە كونسڵیەی توركیا، ئاسانكاری بۆ تەشەنەسەندنی ئەو شەڕە دەكات، چونكە ئەو رووداوە گرژی زیاتری خستۆتە نێوانی PKK و پارتی، كە ئەگەر بە هۆشمەندیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە نەكرێت، نزیكە كە خەونی توركیا لە فراونبوونی مەیدانی جەنگەكە بێتەدی، ئەوسا كۆنتڕۆلكردنی دۆخەكە لەدەست كورد دەردەچێت.
هەموو لایەك دەزانین كە ئەردۆغان و حكومەتەكەی مەبەستیەتی لە ڕووی سەربازی و لۆجستی هەروەها سیاسی، كەلێنێك بخانە نێوان هەریەك لە باشوور و باكوور لە لایەك و رۆژئاوای كوردستان لەلاكەی دیكە، بۆیەشە باس لە ئۆپڕاسیۆنی دەشتایی دەكات لە باشوور، هەروەها هەڕەشەی هێرش بۆسەر رۆژهەلاتی فوڕات لە رۆژئاوای كوردستان دەكات.
تا ئێرە بەڕوونی دیارە كە ئەردۆغان لەبەرامبەر رۆژئاوادا بەنیازی چییە؟ چونكە بەرپرسانی توركیا هەرگیز نیەتی خۆیان لەبەرامبەر رۆژئاوا نەشاردۆتەوە ، ئەوان ئەوی هەیە لە رۆژئاوی كوردستان پێیان قەبوول ناكرێت.
بەڵام ئەوەی كە تا ئێستا دیار نیە هەڵوێستی وڵاتانی هاوپەیمانیە لە بەرامبەر هەرەشەكانی توركیا بۆ پەلاماردانی رۆژئاوا، بۆیە دەپرسین دەبێت ئایا هەمان ئەزموونی داگیركاری عەفرین لە رۆژهەڵاتی فوڕاتیش دووبارە بێتەوە یان نا ؟ . ئایا توركیا ئەمجارەشیان چرای سەوزی بۆ داگیركاری باقی ناوچەكانی رۆژئاوا بۆ هەڵدەكرێت؟ یان ئەو هەڕەشانەی ئەردۆغان كاردانەوەیە لەبەرمبەر شكستی دانوستانی توركیا- ئەمریكا پەیوەست بە ڕۆژئاوای كوردستان و دامەزراندنی ناوچەی ئارام.
زانیاریەكان ئەوەمان پێدەڵێن كە ئەمەریكا نایەوێت سیناریۆی عەفرین دووبارە ببێتەوە، هەر بۆیەشە لەبەرامبەر لەشكركێشی توركیا ئەمەریكا هێزەكانی بردۆتە دەروازە سنووریەكانی نێوان باكوور و رۆژئاوای كوردستان لە هەریەك لە شارەكانی (گرێ سپی و كۆبانێ و سەرێكانیێ) و دەروازەكانی دیكەش.
بەڵام لە باشووری كوردستان ئەو گرەنتیە شك نابەین، كە هێزێك هەبێت ڕێگری لە سیاسەتی شەڕفرۆشی توركیا بكات، ئەوەی كە زۆر گرنگە ئەوەیە كە لە ئاستی كوردستانی فەشەل بە پلانی ئەرۆغان بهێنرێت و جارێكی دیكە نێوماڵی كورد بە ئاگری شەڕی ناوخۆ نەسوتێنرێت، ئەگینا هەموومان دەنگی ئەو تەپڵە دەبیستین كە ئەرۆغان بۆ هەڵگیرساندنی ئەو شەڕە لێیدەدات.