چەند سەرنجێك لەسەر كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی كاك مەلا بەختیار
2019-07-27 14:28:37
بەكر سدیق
كونگرە رۆژنامەوانیەكەی بەریز مەلا بەختیار ، كە ناونیشانی پرۆژەیەكی تایبەتی خۆی بوو بۆ چارەسەركردنی ، دوخی ناو یەكێتی و سیستمی حوكمرانی لە هەرێمدا ، زۆرێك لە رەخنەی جدی ، سیاسی هەلدەگرێت كە بروادەكەم لە وتارێكی كورتی ئەوهادا جیێ نەبێتەوەو پێویستی بە دیبەیتێكی فراوان هەیە بۆ خستنە رووی ئەو هەموو هەڵە سیاسی و نا رونیەی لە تێگەیشتنی بەریز مەلا بەختیاردا هەیە بۆ دوخی ژیانی حیزبایەتی ناو یەكێتی لەلایەك لەلایەكی تریشەوە ، كارەساتێكی گەورەیە كە كاك بەختیار لەناو دەستپێشخەریەكەیدا كەناوی ناوە پرۆژە ، خالیە لە خستنە رووی كەمترین تێگەیشتن و سیناریۆی وەرچەرخانی سیاسی و یاسایی لە سیستمی حوكمرانی هەرێمەكەماندا .
بەشیوەیەكی خیرا لە م وتارەدا ، چەند رەخنەیەكی بونیاتنەرانە دەخەینە روو هیوادارم جەنابی دور لە رقی سیاسی وەریانگرێت .
یەكەم : سەرنجە گشتیەكان
1-پرۆژەكەی كاك بەختیار ، ئەوەندەی رۆچۆتەناخی ناكۆكیە كەسیەكانی خۆی، لەگەل كاراكتەرێكی وەك دكتۆر بەرهەم صالح ،ئەوەندە نەچۆتە سەر قولایی ئەو هۆكارانەی كە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیان خزاندۆتە ناو زۆنێكی بچوكەوە. كە بەداخەوە پیشتریش هەموو تەركیزی سیاسەت و لێدوان و كاركردنی كاك بەختیار بۆ كەم بایەخكردنی رۆلی رەوانشاد نەشیروان مستەفا، تەرخانكردبوو .
2-پرۆژەكەی كاك بەختیار زیاتر كۆبەندی ئەو تورەبون و رقە سیاسیە یە كە لە ناخی كاك بەختیاردا دەمێكە لە داخی ئەو سەركردانە هەلیگرتوە و پەنگی خواردۆتەوە ، كەنایەڵن كاك بەختیار ، تەفەرود بە بریاری یەكێتیەوە بكات .
3-پرۆژەكەی كاك بەختیار لەروی زانستیەوە كەمترین بنەماكانی زانستی لە خۆگرتوە ، چونكە لە پرۆژەكەدا بەشیوەیەكی زانستی باسی ئەو فاكتەرانە نەخراونەتە روو كە كام باگراوندە سیاسی و حیزبیە ، كام هۆكارە سیاسی و جوگرافیە ، كام پاڵنەرە سیاسیە ناوخۆییانە ، بونەتە هۆكاری دروست بون و بەردەوامی ئەو ناكۆكی و ململانێ دەرون حیزبیانە ی یەكیتی .
4- كاك بەختیار لە پرۆژەكەدا ، خۆی لە قەرەی ئەو هۆكارانە نەداوە كە لە هەناوی سیستمی حوكمرانی نەشازی هەرێمەكەمانەوە كاریگەری راستەخۆیان لە هەناوی ژیانی حیزبایەتی یەكێتی نیشتیمانی كودستان كردوە .
5-كاك بە ختیار نەهاتوە كاریگەری پارتی دیموكراتی كوردستان لە ململانێكانی نەك هەر ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەلكو لە كۆی زۆنی سەوز و نیلی ، باس و شەن و كەو بكات . بە پێچەوانەوە ، بەرای نوسەر یەكێك لە كێماسیە سەرەكیەكانی ناو پرۆژەكەی كاك بە ختیار ، كە تارادەی نابوتكردن كاریگەری بەسەر پرۆژەكە یەوە هەیە، بێلایەنكردنی پارتی یە لەو كێشانەی ناو یەكێتی . چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان ، نە لە كێشەی دروستبون و سەرهەلدانی گۆران تەوەری لاوەكی بوە . نە لە دروستبونی ناوەندی بریارو دواتر هاوپەیمانیشدا دورە پەرێزبوە. باشترین بەلگەی ئەم تیگەیشتنەی نوسەری ئەم بابەتە ش دوخالی سەرەكیە :
یەك :هەتا گۆران نەبوە 12 كورسی پەرلەمانی و لە باوەشی یەكێتی نەهاتە دەرو نەكرایە هاوپەیمانی پارتی ، پارتی لە گورز وەشاندن لە بزوتنەوەی گۆران نەكەوت . چونكە كەس ناتوانێ ئینكاری ئەوە بكات كە پارتی نەبا، كاك مەلا بەختیار خۆشی هەوڵەكانی بۆ رێگرتن لە رێكەوتنی دەباشانی یەكێتی و گۆران، بێئاكام دەمانەوە كە بەئاشكرا كاك بەختیار خۆی دژی ئەو رێكەوتنە بو بەجۆرێك كە بە ئەندازەی دژایەتی پارتی بۆ رێكەوتنەكە جەنابی دژی هەلوێستی گرت .
دوو : كە ناوەندی بریار دروست بوو ، وە دواتریش هاو پەیمانی ، پارتی بەیەك چاو سەیری یەكێتی و هاو پەیمانی دەكرد بەلام كە هاوپەیمانی هەڵوەشایەوە و كاك دكتۆر بەرهەم، هاتەوە ناو یەكێتی و كرایە كاندیدی ئەو حیزبە بۆ سەرۆكایەتی كۆمار ، پارتی هەراسان بوو . وە تا ئیستاش ئاسەواری بێزاری پارتی لەو پرسە بەزەقی دیارە . هۆكاری نارازیبونی پارتی لە كاندید بونی كاك دكتۆر بەرهەم بۆ سەرۆكایەتی كۆمار ، پێناچی بەرێكەوت لە گەل ئەجێندای كاك مەلا بەختیار یەكانگیربوبن ! خۆ ئەگەر كاك بە ختیار پێی وابی كاندیدبونەكە جەزرەبەی لە یەكێتی داوە ، ناشێ پارتی بۆ هەمان مەبەست دژ بوبێ. ئەگەر پارتیش بۆ ئەوە دژ بوبێت كە پێی وابێ یەكێتی قازانجی لێدەكات بۆ یە رەتی دەكردەوە ، كە پارتی لەمەدا حەقیەتی وابكات هەربۆیە ، پارەیەكی ئەستور و دوسالی سەرۆكایەتی حكومەتی دا بە یەكێتی تا دكتۆر بەرهەم دەست بەرداری سەرۆكایەتی كۆماربێت ، لەمەیاندا دەبو كاك بەختیار لەگەل كاندید بونەكەدابا ، تا كەس بەلای خانەی گومانی ئەوەدا نەڕوا ، كە بۆچی كاك مەلا بەختیار و پارتی، لە هەموو ئەو ئەجیندایانەدا هاو جوتن لە بیركردنەوەو هەڵویستی سیاسیدا ، كە بەشی زۆری پەیوەستەبە یەكێتی و سەركردە كارامەكانی وەك كاك نەوشیروانی رەحمەتی و كاك دكتۆر بەرهەمەوە .
6-كۆی پرۆژەكەی كاك بەختیار ، مامەلەكردنێكی لۆكالیانەیە لە گەل سیاسەت و حیزبایەتی و حوكمرانی ، چونكە سەرلەبەری رەخنەو رایەكانی لەفەلەكی یەكێتی یەكی تایبەت بە زۆنی سلیمانی دەسورێنەوە . بەرای نوسەری ئەم بابەتە ، كێشە ناوخۆییەكانی حیزبی كوردی لە هەرێمی كوردستاندا ، رەنگدانەوەی رادەی ئەو دەسەلات و پاوەرو داراییەیە ، كە حیزبی كوردی هەریەكەو بەرێژەی جیاواز هەیەتی ، ئەگەر پاوەرو پارە تێری دەسەلاتی جەمسەرەكانی ناوحیزبی كرد و جوگرافیاو قەلەمرەوی سیاسی بەشی جەمسەرەكانی ناوحیزبی كرد ، ئەوا حیزب توشی قەیرانێكی ئەوها نابیت كە بیكاتە چەند پارچەیەكەوە . هەمووئەو حیزبانەی لەكوردستان توشی پارچە پارچەبون و داخوران هاتون هۆكارەكەی پوكانەوەی پاوەرو پارەو قەلەمرەوی حوكمرانی بوە ، نمونەی حیزبی سوسیالیست و پارتی گەلی و ئالای شۆرش و زەحمەتكیشان و بزوتنەوەی ئیسلامی و هتد .
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تا ئەورۆژەی هەولێری بەدەستبوو هەر فراوان دەبوو ، بەلام كە پارتی هەولێری بۆخۆی مسۆگەر كرد ، خۆی لەداخورانی ئەبەدی قوتاركردو یەكێتی خزاندە ناوسلیمانی و زۆنەكەیەوە . بەلام بەزیرەكی ئەوسای رەوانشادان تالەبانی و نەوشیروان مستەفا وەك دیفاكتۆیەك ، دامەزراندی ئیدارەی سلیمانی ، یەكێتی لەمەرگی موحەققەق پاراست ، تا ئەوكاتەی ئیدارەكان بونەوەیەك ، ئەوسا ناومالی یەكێتی بەتەقینەوە و دوكەرتبون ، ئاوس بوو .
7- كاك بەختیار بەتەنیا خۆی پرۆژەكەی خستە ناو رای گشتیەوە ، ئەوەش بەخالی لاوازی خودی كاك بەختیارو ئەجینداكەی لەقەلەم دەدرێ ، جا ئەوە هیچ جیاوایەك نیە ، خۆی كەسی پشكدار نەكردبێت یان نەیویستبێ كەس هاوەلی بێت ، بەلام كاتی بەراوردی بزاوتەكەی رەوانشاد كاك نەوشیروان و كاك بەرهەم دەكەین ، دەبینین لە پشتی هەریەكێكیان نەك هەر دەیان سەركردەو كادر، بەلكوو هەزاران خۆبەخش، پشتی پرۆژەكانیان گرتن و هاتنە مەیدانەوە لە گەلیاندا .بەلام پێناچیت كاك بەختیار ئەو پشگیریە جەماوەریە شك بەرێت .
8- هەرپرۆژەیەك ، بۆ گۆرانكاری ، بخرێتە روو ، جگە لەوەی كە پێویستە سیمای لۆكالیبون تێبپەرێنێت ، پێویست دەكات ، زمانی ئاشتەوایی زالبێت بەسەر پرۆژەی ئامادەكراوو ، دەبێت پرۆژەی سیاسی ، زامنی ئاشتەوایی بكات بۆ ئەو ئۆرگانەی پرۆژەكەی بۆ دەخرێتە روو . كەچی پرۆژەكەی كاك بەختیار زۆربەی سەركردەكانی یەكێتی بەشەیتان و قین لە دل و پیلانگێر دەچوێنی ! . ئەوەش نەك خالی لاوازی پرۆژەكەی كاك بەختیارە بەلكو ، نیشانەی خالیبونەوەیەتی لە هەموو زەمانەتێكی پەسندكرنی لە ناوكایەی سیاسی یەكێتی دا .پرۆژەی چاكسازی پێویستی بە رەگەزەكانی سەقامگیری و ئاشتەوایی هەیە نەك بەشەیتانكردنی ئێلیتی سیاسی .
9-لە ناو پرۆژەكەیدا كاك بە ختیار ستایشی جەنابی مام جلال دەكات لە میهرەبانی و كارامەیی ئەو پیاوەدا ، بەلام كە دێتە سەر تەسكیەكردنی دوو جێگرەكانی یەكێتی لە كۆنگرەی 3 دا ، كاك بەختیار داخ و پەستیەكی زۆر بەرامبەر ئەم كارەی جەنابی مام جلال هەلدەرێژی ، ئەوەش راستگۆیی كاك بەختیار بەرامبەر رابەری كۆچكردوو دەخاتە ژێر گومانەوە .
دوەم : سەرنجە تایبەتیەكان
1-كاك بەختیار لە سەرەتای پرۆژەكەیدا ، ئاماری جیاوازی دەنگەكانی یەكێتی لە هەلبژاردنە جیاوازەكاندا دەخاتە روو ، وەك بلیێ تازە بە تازە دیراسەی ئەم هەلكشان و داكشانەی دەنگدانەكان دادی چارەسەری قەیرانی یەكێتی بدات !
لەراستیدا ، لای نوسەری ئەم بابەتە بەكارەسات دەزانرێت ئەگەر كاك بەختیار بیەوێ وای دەربخات كە پرۆسەی دەنگدان لە هەرێمدا پرۆسەیەكی سروشتی و دیموكراسیانەیە ، و لێیەوە سیاسەتەكانی حیزب دادەرێژرێتەوە . لە راستیدا كاتێك بە پێوانە ی دەنگی هاولاتی رادەی هەلكشان و داكشانی متمانەی حیزب لە ناو جەماوەردا ، هەلدەسەنگێدرێت ، كە سیستمی سیاسی ولات و سیستمی هەلبژاردنەكان و ئیدارەی هەلبژاردنەكان و قۆناغەكانی هەلبژاردنەكان ،بە پێوەرەكانی دەولەتی دەستوری و رێساكان و پایەكانی دەولەتی دەستوری راوەستاو بوبن . سیستمی هەلبژاردنی ئیمە لە سالی 1992 وە تا ئیستا نەك گۆرانی بەسەردا نەهاتوە ، بەلكو ئەوەندە پاشەكشەی كردوە كە بواری ساختەكاری یەكجار زۆر ئاسان كردوە ، بروادەكەم كاك بەختیار ئەم راستیە باش بزانێت .
2- كاك بە ختیار لە پرۆژەكەدا لە ژێر ناونیشانی لەروی ئابوریەوە ، لە جیاتی هەلسەنگاندنێكی بابەتیانە بۆ شكستی پلانی ئابوری هەریم ، بخاتە روو ، (كە جەنابیان دەزانن پلانی ئابوری هەریم كێی لەپشتەو كەی دەستی پێكرد ؟ ). دێت هەمان ئەو تێروانینە دەخاتە روو كە لە كاتی ناوەندی بریاردا ، دەهات دەیوت كابینەی حەوت بەرپرسە لە شكستی ئابوری هەریم و ئەستۆ پاكی بەكابینەی 8 دەبەخشی ! بەرای من لە مەیاندا كاك بەختیار سەركەوتو نەبوە لە دەرخستنی نیازپاكی لە خستنە روی پرۆژەكەی چونكە لە كابینەی 7دا ئابوری كوردستان بەهێزو پرۆسەی سولفەی عەقارو تواناسازی بەچەشنێ پێهەلاچوبون كە هەمیشە رەوانشاد مامجلال و خودی دكتۆر بەرهەمیش شانازی پێوەدەكەن .
3- كاك بەختیار لە باسكردنی گەندەلی و گەندەلكاراندا ، دەركەوتوە زانیاری كەمی هەبێ لە سەر روبەرو بونەوەی گەندەڵی ، دەنا نەیدەوت یەكێتی وەك پارتی گەندەلكارانی خۆی محاسەبە نەكردوە .چونكە گەندەلی هەستیار ترە لەوەی پێت وابێت محاسەبە نەكردنی كەسانیك كە بەگەندەل وینادەكرێن لە تێروانینی نەیاری ئەو كەسانەدا ، ئەمە چارەسەرە ! لەراستیدا كاك بەختیار ئەورپا زۆر گەراوەو لە سەركردایەتی سوسیال ئەنتەرناسیونالیشدا زۆر بەشداریكردوە ، ناشێت نەزانێت كە روبەروبونەوی گەندەلی لە سیستمیكی سیاسیدا كاتێك بەرجەستەدەبیت كە پایەكانی دەوڵەتی دەستوری تیایدا بەر قەرار بوبن كە بریتین لە مانەی خوارەوە :
یەك –بونی دەستوریكی دیموكراسی گەل بەسند
دوو- راگیر بونی پرنسیپ و سیستمی لێك جیاكردنەوەی دەسەلاتە سەرەكیەكان
سێ- راگیربون و پیادەكردنی چاودێری توندی دادوەریی لە سێبەری دەسەلاتێكی دادوەریی سەربەخۆدا .
چوار-راگیر بون و پیادەكردنی پرنسیپی دەستاو دەستكردنی ئاشتیانەی دەسەلات .
هەتا سیستمی سیاسی هەریمی كوردستان وەك ئیستا بیت ، حیزب دەبێتە خاوەنی بازارو پاوەرو پارە و دەیان كەس شیرینی نەوت دەخۆن و هەتا خەلكی وەك كاك بەختیار هەبن هەر لە لوتكەی دەسەلاتدا دەمێننەوە ئەوسا هەركەسێك محاسەبە بكرێت لە سەر گەندەلی ، ئەو خەلك و سەركردانە ناگرێتەوە، كە خاوەنی راستەقینەی بازارو بریاری سیاسی و دارایی هەرێمەكەمانن . چونكە خاوەن بریارە سیاسیە گەورەكان لە سەروی ئەو دەسەلاتەوەن، كە مەفروزە بریاری سزادانی گەندەڵكارەكانیان هەبێ ، كە دەسەلاتی دادوەریە .
4-كاك بەختیار نەدەبو بڵی هیچ هیزیك بە ئەندازەی یەكێتی بەرپرسەكانی بەئاشكراو نهێنی لێدوان نادەن و رای گشتی چەواشەناكەن، بوختان هەلنابەستن و سایتی نهێنی و پەیجی سەیرو سەمەرەی شكاندن و تومەت هەلبەستنیان نیە . لە راستیدا لەوەدا كاك بە ختیار نەیپێكاوە كە دەلێت هیچ هێزیك بە ئەندازەی یەكێتی ، چونكە تەنانەت دەركەوت كە شاسوار عبدالواحید لەوبوارە پێش یەكێتی كەوتۆتەوە ، و پارتی و گۆرانیش لە یەكێتی ئەگەر زیاتر نەبن كەمتر نین . بەلام ئاخۆ كاك بەختیار پارەی یەكێتی بۆ دەزگای چاودێر بەكار نەهێناوە ؟ ئایا كاك بەختیار خۆی پەیجی نهێنی نیە ، ئەگەر نیەتی ، ئەو وتارەی لە كوێ دۆزیەوە كەلەسەر كاك بەرهەم لە كاتی هەلمەتی هەلبژاردنەكانی 12/5/ 20187 ئامادە كرابوو و دواتر چاودێر هەستا بلاویكردەوە ؟
5- كاك بەختیار لە پرۆژەكەیدا لە برگەی پەیوەندی یەكێتی و لایەنەكان ، ئەسەفی ئەوەدەخوازی كە لە هاوپەیمانێتیكردن لە گەل پارتی چوینەتە دەرەوە ، ئەمەشی بە وە لێكداوەتەوە كە هاوپەیمانێتی لە گەل پارتی سودی بۆ ئەزمونەكەو یەكیتی هەبوو . كەچی دۆستایەتی لایەنەكان كێشەی جۆراو جۆریان لێدەكەوتەوە . كاك بەختیار هەمیشە كە بابەتێك ببێتە هۆی روشاندنی پارتی ، دێت بە وشەسازی دایدەپۆشی و خۆی لێ لادەدا دەنا ؛
یەك –ئەگەر سیستمی سیاس سەقەت و نا یاسایی نەبێت ، تەزویر لە هەلبژاردنەكاندا نەكرێت ، حیزبی كوردی بە هەق ببێتە حیزبی پەرلەمانی ، چ پێویستیت بە هاوپەیمانی هەیە ؟ لە كاتێكدا هاوپەیمانێتیكردن بۆ بەشداری لە پرۆسەكانی هەلبژاردنەكاندا ، لە دەولەتە دەستوریە دیموكراسیەكاندا ، نزیكایەتی و هاوبەشی لە تیروانین و بەرنامەی حوكمرانی و كارگیری ، دەكرێتە پاساوی هاوپەیمانێتیكردن ، بەلام هاوپەیمانێتیكردن بە وچەشنەی كاك بەختیار بانگەشەی بۆكردوە ، بۆئەوەیە كە یەكێتی پاڵبداتەوەو كورسیەكانی نزیك بن لە پارتی ، بەلام دەركردنی یاساو بریارە سیاسی و كارگێریەكان و دابەشكاری و پشكە بەشەكانی حوكمرانی بەدلی پارتی بن ، پێدەچێت لای كاك بەختیار كێشە نەبوبن .
دوو- دروستكردنی هاوپەیمانێتی لەگەل لایەنی تر - كە پێدەچێت كاك بەختیار مەبەستی بزوتنەوەی گۆران بوبیت– چ كێشەیەكی دروستدەكرد جگە لە هەلمژینی ئەو نارەزایەتیەی بزوتنەوەی گۆرانی پێ لەسەر پێكەوتبوو ؟! بەلام راستیەكەی ئەوەیە كە ئەو كێشە جۆراوجۆرانەی لە هاوپەیمانێتیكردن لە گەل حیزبەكانی تردا دروست دەبون، تەنها تورەبونی پارتی بوە لەو كاتەو لە ئێستاشدا ، بەلام كاك بەختیار خۆی لە قەرەی ئەم دانپیانانەدا نەداوە .
6- لە باسی پەیوەندی یەكیتی و پارتیدا ، كاك بەختیار هۆكاری شەری ناوخۆ بۆ نوسەرە هەلپەرستەكان دەگەرێنێتەوە ، كە بروادەكەم كاك بەختیار خۆی قەناعەتی بەم پاساوە نیە و هیچی تر نالیم .
7-لە باسی دیاردە دزێوەكانیشدا كاك بەختیار بە جورئەتەوە باسی ناشرینی سێ تەكەتولەكەی ناو یەكێتی دەكات كە هی كاك كۆسرەت و كاك نەوشیروان ومام جەلال بون ، كەچی تێناگەم بۆ هێندە بەحەزەرەوە لە باسكردنی پارتی و سیاسەتەكاانی ئەوحیزبە لە كوردستان و عیراق و ناوچەكەدا ، لە عیلاقاتە ئیقلیمیەكانی پارتیدا ، هێندە بە حەزەر قسەدەكات ؟
8-لە پرۆژەكەیدا كاك بەختیار پێی وایە دوای بەستنی ئەو كۆنگرەیەی ئەو ناوی لێناوە كۆنگرەی گۆرانكاری ، دوسال كەمتری ناوێ هەلەكانی راستبكاتەوە ، رەخنە لە خۆی بگرێ ، دژایەتی گەندەلی بكات ، بەر پرسە لەبەرچاوكەوتوەكان وكاربەدەستە مشەخۆرەكان لەخۆی دوربخاتەوە . بەلام :
یەك ؛كاك بەختیار ئەوەی رون نەكردۆتەوە دژایەتی گەندەلی كام میتۆدو چ ئامرازێكی پێویستە ؟ لەكاتێكدا بزوتنەوەی گۆران بە ماشێنێكی میدیایی گەورەوە و بە رێبەرێكی ناودارو كاریزمایی كاك نەوشیروانەوە ، دژایەتی گەندەلی راگەیاند بەلام ، بزوتنەوەی گۆران لە ئێستادا جیگەی ئێرەیی پێبردنیش نیە !
دوو؛كاك بە ختیار رونی نەكردۆتەوە بەرپرسە لە بەرچاو كەوتوەكان و كاربەدەستەمشەخۆرەكان ، كامانەن ؟ هیچ معیاریكی بەیاننەكردوە كە چۆن بتوانرێت ، بەرپرسە مشەخۆرو لە بەرچاو كەوتوەكان لەگەل پاكیزەكان و دلسۆزوو موستەزعەفەكان لەیەكتری جیابكرێنەوە !لەكاتێكدا ، رەنگە هەروەك چۆن لە تێروانینی كاك بەختیار و ئەوانەی وەك خۆی بیردەكەنەوە لە ناو یەكێتیدا ، هەندیك بەرپرس بە لەبەرچاو كەوتوو ، و مشەخۆر بزانن ، بەهەمان ئەندازە دوورنیە ،ئەو ئاراستانەی كە كاك بەختیار لە ناو پرۆژەكەیدا پەلاماریان دەدات ، وە رەنگە بەشێك لە كۆمەلانی خەلكیش ، خودی كاك بەختیار و دەوروبەری بە لەبەرچاوكەوتوو بزانن ، چونكە مادام حیزب خاوەنی پاوەرو پارەبێت ، چ جیاوازیەك لە نێوان پاوانكردنی دەسەلاتی ناو حكومەت و پاوانكردنی دەسەلانتی ناو حیزب هەبێت ، لە كاتێكدا هەتا پرۆسەی گەرانەوەو كاندیكردنی دكتۆر بەرهەم نەهاتە گۆری ، خودی كاك بەختیار، بیستو قسور ساڵی رەبەقە لە لوتكەی دەسەلاتی یەكێتیدا دوای رەوانشاد مام جلال، خاوەن بریاری سیاسی و كارگێری و دارایی بوە !!
سێیەم : سەرنجەكان لەسەر بەشێكی گەلالە نامەكە
كاك بەختیار كەمترین بەشی پرۆژەكەی بو پرسی سیستمی سیاسی تەرخان كردوە ، كە ناوی لێناوە گەلالەی ئەركەكانی قۆناغ و برگەیەكی بچوكی لێ تایبەتكردوە بە مەسەلەی حوكمرانی ، ئەمەش لە تیروانینی نوسەری ئەم وتارەدا لاوازترین خالی ناوپرۆژەكەیەتی. چونكە كورتكردنەوەی قەیرانی حوكمرانی لە چەند راسپاردەیەكی ئینشاییدا ، یان دەبێت كاك بەختیار خەمی سیستمی حوكمرانی نەبێت ، یان كەمترین زانیاری لەسەر ئەو سیستمی حوكمرانیە گەلالەكردوە ، كە توانای چارەسەركردنی جۆرەكانی گەندەلی سیاسی و كارگێری و دارایی هەبێت .
باسكردن لە قەیرانی حوكمرانی ، جیاوازە لە ئەركەكانی حوكمرانی ، كاك بەختیار پەیوەست بە مەسەلەی حوكمرانی چەند تەوەرێكی هەستیاری لە چوارچێوەی دارشتندا خستۆتەروو بێئەوەی تیایاندا قولبوبێتەوە . كاك بەختیار پێی وایە ئەمانەی خوارەوە ئەركی حوكمرانین ( نوسینەوەی دەستوری گەلپەسند ،، چەسپاندنی سیستمی هاوچەرخ بكرێتە سیستمی پەرلەمانی دیموكراسی ،دادپەروەری بكرێتە بنچینەی یاساو پەرە پێدانی مەدەنیەت و ئازادی و سەربەستیەكانی ژن . ریشەكێشكردنی گەندەلی و لێپێچینەوەی یاسایی ، لە گەندەلكاران و سزادانیان ....هتد ) . سەبارەت بەم چوار تەوەرە ئەم سەرنجانە دەخەینە بەر دیدی خودی كاك بەختیار و خوێنەران :
1-سەبارەت بە نوسینی دەستور ، پرسێكی هەروا ئاسان نیە ، بەو جۆرەی كاك بەختیار خستویەتیەروو ، لە تەمەنیات دەچێت ، لەكاتێكدا ئەوپرسە دەمێكە بوەتەقەیرانی نێوان ، لایەنەسیاسیەكان بەتایبەت بزوتنەوەی گۆران و پارتی . بەلام لە ئێستادا لە سێبەری زۆرینەی پەرلەمانی ئێستای پارتی و لەقالبدان و پاشەكشەی سیاسی بزوتنەوەی گۆران و بەم حالەی ئێستای یەكێیەوە ، دەستور بەدلی پارتی و بێدەنگی هەموولایەنەكان پەسندی گەلی بۆمەیسەردەبێت و پارتی روحم بە هێزو لایەنەكان نەكات ، خشەشی لێنایەت . ئایندەش ئەمە رونتر دەكاتەوە .
2- لە تەوەری دوەمدا ( چەسپاندنی سیستمی هاوچەرخ بكرێتە سیستمی پەرلەمانی –دیموكراسی ) رستەیە كی زۆر نامەفهومە ، جا یان هەلەی چاپە ، یان كاك بەختیار لە وبابەتە بیخەمبوەو قولنەبۆتەوە تیایدا . چونكە :
یەك :-رستەكە هێندە بەهەلە نوسراوە بۆ لیكدانەوەنابێت .
دوو:- سەبارەت بەسیستمی سیاسی ، كە كاك بەختیار دەیەوێت بكرێتە سیستمی پەرلەمانی –دیموكراسی ، ئەدی بۆچی لە سەردەمی رەوانشاد كاك نەوشیرواندا پشگیری بزوتنەوەی گۆرانی نەدەكرد و ئێستا كەپارتی بریاریداوە لەسەر سیستمی پەرلەمانی ، چ پێویستدەكات كاك بەختیار باسی بكات؟
سێ:-لە تیروانینی نوسەری ئەم بابەتەدا ، نەئێستا سیستمی سیاسی هەریمەكەمان پەرلەمانیە و نە سیستمی پەرلەمانیش بۆ ئێمە گونجاوە ،چونكە :-
أ-كورد نابێتە خاوەنی سیستمێكی سیاسی تایبەت بەخۆی هەتا حیزب خاوەنی پاوەرو پارەبێ
ب-سیستمی پەرلەمانی دیموكراسی بۆ هەریمی كوردستان لە سێبەری بونی دو زۆنی سەوزو زەرد و دو هێزی حەفتا و هەشتاو دو دەزگای ئەمنی جیاواز ، گونجاو نیە و پێویستمان بە سیستمێكە كە بالانسی نیوان یەكێتی و پارتی بە م خسوسیاتەی ئێستایانەوە ، تا ئەوكاتەی سیستمی دەوڵەتی مەشروعیە یان دیموكراسی دەستوری پایەكانی راگیردەبن ، بپارێزێت . ئەو وەرچەرخانە لە سیستمی سیاسی دا كە بۆ هەرێمی كوردستان پێویستە ، نوسەری ئەم بابەتە لە لێكۆلینەوەیەكی یاسایی و سیاسیدا بەعەرەبی نوسیویەتی و لە ماوەیەكی نزیكدا بلاو دەبێتەوە .
چوار:-كاك بەختیار باس لە چەسپاندنی دادپەروەری و ریشەكێشكردنی گەندەلی دەكات . جێی خۆیەتی لە كاك بەختیار بپرسین ، مەبەستت لە دادپەروەری چیە ؟ كوا پایەو رەگەزەكانی دادپەروەریی ؟! هەروەها كاك بەختیار رونی نەكردۆتەوە كە چ سیستم و میتۆدێكی سیاسی و یاسایی ، گەندەلی ریشە كێش دەكات و گەندەلكاران سزادەدات؟ اگەر بیزانیبا ، بروادەكەم یان دەیخستە روو ، یان باسی ئەو بابەتەی نەدەكرد ، چونكە یەكێك لە جۆرەكانی گەندەڵی، گەندەلی سیاسیە ، كە لە ئاكامی پاوانكاریی سیاسیەوە سەرچاوەدەگرێت ، كە بواری لێپیچینەوەو سزادانی ئەوانە نادات كە بریاری سیاسیان بەدەستە ، كە ماوەی بیست و قسور ساڵە جەنابی كاك بەختیار بەشێكە لە پاوانكارانی دەسەلات .بەلگەی ئەم قسەیەش ئەوەیە هەر بەنمونە ، ئایا ، لە سەر دابەزینی دەنگەكانی یەكێتی لە هەلبژاردنەكان ، كەمبونەوەی رۆلی ریكخراوە دیموكراسیەكان لە ناو یەكێتیدا ، هیچ ئالیەتێك هەبوو تا جەنابیان سزا بدات .كە خۆی زۆر جار دەیوت ئێمە بەرپرسیاریتی هەلدەگرین ، بێ ئاگا لەوەی هەلگرتنی بەرپرسیاریًَتی ، یان سزادانە لە لایەن دەسەلاتێكی سەروترەوە ، یان وازهێنانە لە و ئەرك و بەرپرسیارێتیە .
بەكر سدیق