Draw Media

بە فیتی توركیا باس لە باڵبالێن لە ناو پارتی دەكرێت 

بە فیتی توركیا باس لە باڵبالێن لە ناو پارتی دەكرێت 

2019-07-27 09:56:49


+ عەبدولڕەحمان مەولود  
 

لە ئێستادا ڕێوشوێنی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان ، حكومەتی مەسرور بارزانی، جیاواز  دەردەكەوەی لەوەی پێش خۆی. مرۆ دەتوانێ لەم سیاسەتە نوێیە ئەوە بخوێنێتەوە كەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان خەریكە هەنگاو بەهەنگاو لە چەمانەوەی  بێمانەوەو بێسوودی بەردەم توركیا خۆی دوور دەگرێت.  ئەمە كارێكی دروستەوە پێویستی بە پشتیوانی هەموانە. 

ڕاستیەكەی تێگەیشتن لەوەی هەرێمی كوردستان پێویستی بە سیاسەتێكی هاوسەنگ هەیە لەگەل عیراق و توركیا زۆر سادەیەو هیچ مێشك گوشینی ناوێت. خەلك لە باشوری كوردستان ئەو هەمو سالە خەبات دەكات و قوربانی دەدات بۆ ئەو نەبوو لە عێراق رزگاری بێت و ببێتە ژیردەستەی توركیا. 

حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە بیری لای بەرژەوەندی نەتەوەی كورد بێت بەگشتی و خەلكی هەرێمی كوردستانیش بەتایبەتی.  بۆ ئەم مەبەستەش، توركیا ئەو قیبەلەیە نییە میللەتی كورد رووی تێبكات.

تەنها كەسانێك دەتوانن ئەم ڕاستیانەی سەروە نەبینن، ئەو سیاسیانەن كە سوودمەندن لە ژێرچەپۆكی كورد بۆ توركیا. لەم بارەیەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرقافلەی هەموانە. پێگەی سیاسی نێچیرڤان بارزانی لە كوردستان و ناو پارتی دەرئەنجامی پەیوەندی گوماناویەتی لە گەل ئاك پارتی، ئوردوگان و حكومەتی توركیا. 

 بەدوركەوتنەوە هەرێمی كوردستان لە توركیا، نێچیرڤان بارزانی هیچ كارتێكی بەدەستەوە  نامێنیت سیاسەتی پێبكات. ئاخر كوا كۆمۆ كەی ؟ كوا ئەو پارەیەی لە داهاتی نەوت بریار بوو بیداتە خەلكی كورستان؟  ئەو كە لەماوەی ڕابردوو ئەندازیاری شكستی هەرێمی كوردستان بوو، لە ئێستادا دێت باسی چیدەكات بۆ خەلكی كوردستان؟

دیارە توركیا، هەروا بە سانایی ڕازی نابێت یەكێك لە دلسۆزترین پیاوەكانی، واتە نێچیرڤان بارزانی،  لە سیاسەت دوربخرێتەوە یان كەنارگیر بكرێت. توركیا پاشەكشەی نێچیرڤان بارزانی بەپاشەكشەی خۆی دەزانێت و لێی بێدەنگ نابێت.  هەر بۆیە، بۆ ڕووبەرووبوونەوەی هەڵویستی دوژمنكارانەی توركیا كە لە ماوەی داهاتوو ڕوونتر بەرچاو دەكەویت پێویستە ناومالی كورد یەكگرتوو بێت. 

لە ڕاستیدا دەستوپێوەندەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان هەرشەی توند دەكەن لەو كەسانەی كە دەیانەوێت هەرێمی كوردستان زۆر نزیك نەبێت لە توركیا. هەرشەكان تا ئەو ڕادیە كە یەكگرتوویی پارتی دەخەنە مەترسیەوە، ئەوان لە ئێستادا باس لە دوو جەمسەری جیاوزاو بالباێنی ناو  پارتی دەكەن. 

خەلكی كوردستان هیچی قازانج نەكرد لە چەند جەمەسەری یەكێتی تاكو  ئەوەی پارتیشی بێتەسەر. هەر بۆیە، ئەگەر چەند جەمسەریش هەبێت لە ناو پارتی، دەبێت كار بۆ ئەوە بكرێت چارەسەر بكرێت لە كۆنترۆل دەرنەچێت نەك پێچەوانەكەی. سەبارەت بە سیاسەتی پارتی وەك حیزب ڕای تۆ هەر چۆنێ بێت، پێویستە لە ئێستادا كەس نەكەوێتە داوی توركیا و  كاركردن بۆ سەرهەلدانی ئەم بابەتە. لە ئێستادا باسكردن لە دوو جەمسەری پارتی تەنها بۆ ئەوەیە ئالوگۆر لەسیاسەتی شكستخواردوی دەساڵی ڕابردوو نەكرێت. ئەم رەوتە دژ بەبەرژەوەندی گشتی كوردە پێیوستە زوو ڕێی لێبگێرێت پیش ئەوەی تەشەنە بكات و دواتر كۆنترۆل نەكرێت

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand