Draw Media

سیناریۆی کوشتنی کاربەدەستەکەی تورکیا

سیناریۆی کوشتنی کاربەدەستەکەی تورکیا

2019-07-26 15:11:02


+ دانا حەمە عەزیز  

 بۆ دوو هەفتە ئەچێ کاربەدەستێکی تورك و دوو پیاوی کورد لە ڕوداویکی گوماناویدا لە ریستۆرانتێکی تورکیی تایبەت بە بزنسمانەکان، لە هەولێر کوژراون.
 دەزگا ئەمنیەکانی هەولێر هێشتا ڕاستیی وردەکاریی ڕووداوەکەیان ڕوون نەکردۆتەوە. لەم دواکەوتن و بێدەنگی یەدا، بێگومان خەڵك و میدیاکان مافی خۆیانە قسە و لێکدانەوەیان هەبێ. 
 دەستدرێژیی و کوشتنەکانی هەولێر، لە سیاسی و ڕۆژنامەنوسەوە تا هاوڵاتی ئاسایی، گوماناویین، چونکە دەستگەیشتن بە چەك و دەسەڵاتی تەقەکردن تەنها مافی دەزگا ئەمنیەکان و ئەوانەیە کە سەر بە پارتین. بۆیە هەمووجارێ  سیناریۆکانی پارتی بۆ ڕواداوەکانی هەولێر کە ٢٣ ساڵە نوزەی ئازادیی لێبڕاوە،  ئەبنە مایەی توڕەبوون و  زیادکردنی گومان لای خەڵک.
  کوشتنەکەی ئەمجارە، ئاسایی نیە و خەڵکی نائاسایی و  بەرپرسی زل لە شوێنی کوشتنەکە بوون.  بێگومان چاو لەسەر کابرای تورکە و، وەك هەمیشە خوێنی دوو پیاوە کوردەکە لای دەزگا ئەمنیەکان، ئەوەندە گرنگ نیە.  کابرای تورك پایەدارە و، بەپێی ڕێوڕەسمی پرسەکەی لە ئانکەرە و سەغڵەتیی دەزگا ئەمنیەکانی هەولێر و دواکەوتنی سیناریۆکەیان، ئەشێ بەرپرسیاریەتی کاری گەورەی هەواڵگریی یان  سەربازیی هەبووبێ و  لەگەڵیشیدا بزنسی بەلاشی لەسەر پارەی دزراوی کوردوستان بەرکەوتبێ.  دەزگا ئەمنیەکانی پارتی وردەکاریی تەواوی ڕووداوەکەیان لایە کە ڕەنگە ئاڵۆزبێ و سیناریۆی تایبەت بخوازێ کە تیایدا تورکیا بەدەسکەوت و پارتیش بێ شەرمەزاریی لێی دەربچێ.
   سیناریۆی ئەم ڕوداوە هەرچۆنێ لە خزمەتی تورکیا و پارتیدا دابڕێژرێ،  ئەنجامی باشی لێناکەوێتەوە بۆ خەڵك،  سەرەنجام ئەویش ئەنجامەکەی ئەبێتە مەینەتی بۆ خەڵکی کوردوستان و لەوانەیە بیانوی باشتر بدا بەدەست توركیاوە بۆ  بەکارهێنانی گوشار و پەلاماردانی زیاتر لە هەردوو دیوی کوردستان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand