Draw Media

هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق ومه‌ترسیه‌كانی بۆ سه‌ر كه‌ركوك!

هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق ومه‌ترسیه‌كانی بۆ سه‌ر كه‌ركوك!

2019-07-26 10:12:55


  + هه‌وراس شوانی  

به‌گوێره‌یی ماده‌ (116) له‌ ده‌ستوری عێراقی ساڵی 2005 دا، سیسته‌می فیدراڵی ‌له‌ عێراقدا له‌ سێ ئاستی سه‌ره‌كی پێك دێت، كه‌ بریتیه‌ له‌ حكومه‌تی ناوه‌ند، حكومه‌تی هه‌رێم، پارێزگاكان( قه‌زا، ناحیه‌ گوند)، وه‌هه‌ر ئاستێك له‌م ئاستانه‌ یاسای تایبه‌ت به‌ خۆیی هه‌یه‌ بۆ رێكخستن وهه‌ڵبژاردن وبه‌رێوه‌بردنی كاره كانیان له‌ چوار چێوه‌ی سیاقیكی ده‌ستوریدا.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق، وه‌كو یه‌كێك له‌م سێ ئاسته‌، له‌ چوار چێوه‌ی هه‌نده‌سه‌یه‌كی یاسایی  تایبه‌ت به‌ خۆییداهه‌ڵده‌ستێت به‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامه‌كانی بۆ به‌رێوه‌بردن ورێكخستنی كاروباری پارێزگاكان به‌ باشترین شێوه‌. ئه‌وه‌ی ئێمه‌ لێره‌دا مه‌به‌ستمانه‌ ته‌نها شه‌ن و كه‌و كردن وتیشك خستنه‌ سه‌ر هه‌مواری یاسایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانه‌، كه‌ به‌(یاسای هه‌لبژاردنی ئه‌نجمومه‌نی پارێزگاكان و قه‌زاكان ) ژماره‌ (12) ی ساڵی (2018) ناسراوه‌.

به‌خویندنه‌وه‌یی ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تادا خودی ناوی یاساكه‌ هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ یاساكه‌ بۆ هه‌لبژاردنی ئه‌نجومه‌نی سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق نیه‌، به‌ڵكو ته‌نها ئه‌و پارێزگایانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ چوار چێوه‌یی هه‌رێمدا رێكنه‌خراون، واتا هیج كام له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ناگرێته‌وه‌ ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌سته‌واژه‌یی قه‌زاكان له‌ یاساكدا به‌كار هاتوه‌، پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌ ئایا هه‌لبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكانیش ده‌كریت یاخود نا، ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكان ده‌كریت ده‌بی یاسایی تایبه‌ت به‌ خۆیی هه‌بێت بۆ رێكخستنی هه‌لبژاردنه‌كه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌لبژاردن بۆ قه‌زاكان ناكریت بۆ لێره‌دا ناوی( قەزاكان) هاتوه‌ به‌ ته‌نها، ئایا بۆ ناوی ناحیه‌كان نه‌هاتوه‌؟!

پاشان به‌ گوێره‌ی هه‌مواریی تازه‌یی یاساكه‌، مه‌رجی خۆ كاندید كردن بۆ كه‌سێكه‌ كه‌ ئه‌هلیه‌ی ته‌واو بیت و له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردندا ( فی یوم الاقتراع) ته‌مه‌نی (28) ساڵ. به‌بۆچونی ئێمه‌ ئه‌م مه‌رجه‌ ئامانج لێ ی خنكاندنی وزه‌و توانایی گه‌نجانه‌، بۆیه‌ باشتر وابوو كه‌ ئه‌م ته‌مه‌نه‌ كه‌م بكرایه‌ته‌وه‌ بۆ (25) ساڵ، هه‌روه‌ها ڕۆژی هه‌لبژاردنیش( یوم الاقتراع) لاببرایا، چونكه‌ لێره‌دا له‌ ڕوی هونه‌ریه‌وه‌ كۆمسیۆنی باڵایی هه‌ڵبژاردن توشی كێشه‌ی زۆر ده‌بیت ، به‌تایبه‌ت له‌و  كاتانه‌ی ڕازیی ده‌بێت له‌سه‌ر كاندید كردنی كه‌سێك و پاشان  به‌هۆی پێشخستنی ماوه‌یی هه‌ڵبژاردندا شه‌رعیه‌تی كاندید كردنی نامێنیت ومافی خۆ كاندید كردنی ئه‌كه‌وێته‌ ژێر گومانه‌وه‌ و له‌حاڵه‌تی سه‌ركه‌وتنی كاندیدشدا ئه‌كرێت به‌ پاساویی به‌رجه‌سته‌ نه‌بوونی مه‌رجی ته‌مه‌نه‌وه‌ له‌ پۆسته‌كه‌یی لاببرێت.

مه‌ترسی هه‌مواری یاساكه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك چیه‌؟

له‌ هه‌مواری تازه‌یی یاساكه‌دا، نوێنه‌ره‌كانی عه‌ره‌ب وتوركمان له‌ رێگه‌یی فێلی یاسایه‌وه‌ توانیویانه‌ كۆمه‌لێك مینی ته‌وقیتكراو بۆ كوردی كه‌ركوك دابنێن وچاوه‌ڕوانده‌كریت له‌ ڕۆژی هه‌لبژاردندا یه‌ك له‌ دوایی یه‌ك له‌ كه‌ركودا پێمان بته‌قێته‌وه‌ زیانێكی زۆرمان پێبگه‌یه‌نن، وه‌ ته‌نها لایه‌نه‌ چاكه‌كانی ئه‌م هه‌مواره‌ بۆ كه‌ركوك ئه‌وه‌یه‌  كه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوكدا ده‌كرێت هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی تر، هه‌روه‌ها ژماره‌یی كورسی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگایی كه‌ركوك هاوشێوه‌یی پارێزگاكانی تر كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ له‌ (41) كورسیه‌وه‌ بۆ (14) كورسی، ئه‌مه‌ش خۆیی له‌ خۆیی دا كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی ده‌وڵه‌ت وكه‌مكردنه‌وه‌و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتیه‌.

به‌ڵام لایه‌نه‌ خراپه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا له‌وه‌دا خۆیی ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ بارودۆخێكی تایبه‌ت دراوه‌ به‌ كه‌ركوك وجیاكراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانی تر، به‌شێوه‌یه‌ك ته‌نها له‌ پارێزگایی كه‌ركوكدا ورد بینی  له‌ تۆماری ده‌نگده‌راندا ده‌كریت، له‌ كاتێكدا له‌سه‌ر جه‌م پارێزگاكانی تردا بێ وردبینی كردن له‌ تۆماریی ده‌نگده‌راندا پرۆسه‌یی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ئه‌دریت.
 هه‌روه‌ها له‌ برگه‌ (4)ی ماده‌ (5) ی یاساكه‌دا هاتوه‌ كه " پێویسته‌ ده‌نگده‌ر لیستی ده‌نگده‌ران تۆماركرابێت "، به‌ڵام  ئه‌م ده‌قه‌هه‌موار كراوه‌ ، وه‌ له‌ هه‌مواره‌كه‌دا هاتوه‌ كه‌" پێویسته‌ ده‌نگده‌ر ناوی تۆمار كرابێت له‌ لیستی ده‌نگدان، وه‌ بیتاقه‌ی هه‌ڵبژاردنی تازه‌ی هه‌بێ (واتا بایۆمه‌تری ماوه‌ درێژی) هه‌بێت، له‌ حاڵه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ رێژه‌ی دابه‌شكردنی بایۆمه‌تری نه‌گه‌یشته‌ (75%) له‌ هه‌ر دائیره‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن ئه‌وا پشت ده‌به‌سترێت به‌كارتی ئه‌لكترونی و هه‌ویه‌ و فۆرمی خۆراك و جنسیه‌ عێراقی".
له‌ ڕاستی دا هه‌مواری ئه‌م ماده‌یه‌ به‌م جۆره‌ سیاغه‌ یه‌ زۆر ترسناكه‌ بۆ كورد چونكه‌ زۆربه‌ی زۆری ناوچه‌ عه‌ره‌بیه‌كان تاكو ئێستا بایۆمه‌تریان نه‌كردوه‌ و له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردندا زۆر به‌ئاسانی به‌ كارتی ده‌نگدان وهه‌ویه‌ وفۆرمی خۆراك  ده‌توانن ده‌نگ بده‌ن وبواریی ساخته‌كاری زۆرتریان بۆ ده‌ره‌خسێت.

وه‌ له‌ هه‌مووی مه‌ترسیدار تر بۆ كورد وئاینده‌یی كورد له‌ كه‌ركوك، ده‌ست بردنه‌ بۆ هه‌مواریی ماده‌ (35) ی یاساكه‌، له‌ رێگه‌یی زیادكردنی دوو برگه‌ بۆ ماده‌كه‌ ئه‌وانیش برگه‌(7) و برگه‌ (8) ه‌، به‌واتایه‌كی تر چاندنی دوو مینی ته‌وقیتكراوی گه‌وره‌ی تره‌  بۆ كورد له‌ كه‌ركوك، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ برگه‌ (7) هاتوه‌" كه‌ پێویسته‌ كۆمسیۆنی باڵایی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ڵبستێت به‌ وردبینی كردن له‌ لیستی ده‌نگده‌ران له‌ پارێزگایی كه‌ركوك به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ فۆرمی خۆراك وناسنامه‌ی باری شارستانیه‌كه‌ی هاوتایی یه‌ك بن، له‌ حاڵه‌تی نا هاوتاییدا ئه‌و ناوه‌ بسڕدریته‌وه‌ له‌ لیستی ده‌نگده‌ران و مافی ده‌نگدانی نه‌بێت له‌ كركوك  ئه‌م رێوشوێنه‌ش هه‌تاكو به‌ردواری (31) ی كانونی دوه‌می ساڵی 2020 ده‌بێ ته‌واو بكرێت".
لێره‌دا به‌گوێره‌یی زانیاریه‌كان، نزیكه‌ی 40 هه‌زار ده‌نگ ده‌ری كوردی دانیشتویی ناوچه‌ی ته‌ق ته‌ق و چه‌مچه‌ماڵ، كه‌رلار، كفری، پێبازو شوێنه‌كانی تر مافی ده‌نگدانیان نامێنیت له‌ كه‌ركوك، كه‌ پێشوتر له‌ كه‌ركوكدا ده‌نگیان داوه‌.

هه‌روه‌ها له‌ برگه‌یی (8) ی ماده‌ (35) هاتوه‌ كه‌ له‌سه‌ر كۆمسیۆنی باڵایی هه‌لبژاردنه‌كانه‌ كه‌ هه‌ڵبستێت به‌ جیاكردنه‌وه‌ و ژماردنی ده‌نگه‌كان له‌ رێگایی ده‌ستی بۆ ئه‌و سوندوقانه‌ی كه‌ سكاڵایی لێ ده‌درێت.

ئه‌م برگه‌یه‌ش خۆیی له‌ خۆییدا جێگایی مه‌ترسیه‌، چونكه‌ له‌ كاتیی په‌نابردن بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان  به‌ ڕیگایی ده‌ستی، بواریی ساخته‌كاریی زیاتری تێدایه‌، چاوه‌ڕوان ده‌كریت  له‌م ریگایه‌وه‌ عه‌ره‌ب په‌نا بۆ ساخته‌كاریه‌كی زۆر ببات.


* خوێندكاری دكتورا له‌ یاسا

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand