زانکۆ ماڵە گەورەکەی حیزب!!!
2019-07-25 14:34:16
+ رەزوان یاڵانپێی
نەریتی ئەکادیمی لە عێراقدا تازەو نوێیە لە چاو وڵاتانی ئەوروپیدا، لە بیستەکانی سەدەی بیستەم کە دەوڵەتی عێراقی دامەزرا هەندێ کۆلێجی جیاوازی دامەزراند وەک یاسا، پزیشکی و ئەندازیاری، دوای ڕوخانی پاشایەتی و دامەزراندنی کۆماری لە عێراق زانکۆی بەغداد کرایەوە.
یەکێ لە خواستەکانی کورد و بەشداری لە چواردەی تەموزدا کردنەوەی خوێندنگەی جۆراوجۆر و زانکۆ بوو، یەکەمین زانکۆ لە کوردستان زانکۆی سلێمانی بوو لە ساڵی 1968 و دوای چەند ساڵێک توانی جێگەی خۆی بکاتەوە لە ناو زانکۆکانی عێراقدا و گەشەی کرد. گەرچی بەعس هەوڵێکی جدی خستە گەڕ بۆ بەبەعسی کردنی خوێندکارانی کورد لە ناو زانکۆی سلێمانیدا، بەڵام سەکەوتو نەبو و دواتریش ئەم زانکۆیە گوازرایەوە بۆ هەولێر و ناوەکەشیان گۆڕی بۆ زانکۆی سەلاحەدین.
دای ڕاپەرینی مەزن و دامەزراندنی پارلەمان و حکومەتی هەرێم سەرکردایەتی سیاسی بایەخێکی تەواوی داوە بە کردنەوەی زانکۆکان و زانکۆی نوێ، ئەوە بوو دو زانکۆی نوێ کرانەوە بەناوەکانی (زانکۆی سلێمانی و زانکۆی دهۆک) کردنەوەی ئەم دو زانکۆیە ئەوەندەی پێویستیەکانی خەڵکی بوو، ئەوەندەش هۆی هۆی سیاسی لە پشتەوە بوو.
لە هەر شارو شارۆچکەیەک زانکۆ دەکرێتەوە بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی کۆمەڵە لە بواری جیاجیادا، پاشان توێژینەوەی زانستی ، هەڵسەنگاندنی توانای جێبەجێ کردن و ئامادەکردنی پێویستیەکانی.
جێی ئەسەفێکی زۆرە کورد بە لاسایی کردنەوەی بەعس لەسەر حسابی پشت گوێ خستنی توانای لاوەکان و بەهرەی مامۆستاکان هەوڵیداوە زانکۆ بکاتە مەڵبەندی حیزبایەتی، حیزب بۆ مەبەستی سیاسی ، زانکۆی نوێ، کولێجی نوێ، بەشی نوێ دەکاتەوە، بێ ئەوەی گوێ بداتە دابین کردنی پێداویستەکانی.
حیزبی دەسەڵاتدار سەرۆکی زانکۆ، ڕاگرەکان، سەرۆک بەشەکان تەنانەت هەندێ جاریش کارمەند و فەرمانبەران دائەنێت، لە ڕێگەی ڕێکخستنی حیزبی و لە ڕێگەی خوێندکاران و قوتابیانەوە دەست ئەخاتە ناو کاروباری زانکۆوە، تەنانەت حیزب ڕۆڵێکی نەرێنی خراپ دەگێڕێت لە دیاری کردنی خوێندکارانی باڵای ماجستر و دکتۆرا.
بە پێی ڕاپۆرتێکی شیکاریی تێروتەسەلی ئەنستیتۆی پەی کە لەمانگی یەکی ٢٠١٩ ئەنجامدراوە دانانی پۆستەکان لە زانکۆکانی کوردستان بەدەر لە یاساو ڕێنماییەکان جێبەجێ کراوە لە چوار ساڵی ڕابردوودا. ئەوەی جێگەی داخە لە زانکۆی ھەڵەبجە ڕێژەکە ٪۱۰۰، کە ئەمە ئاماژەیەکی ترسناکە، بە واتایەکی دی بەبێ گوێدانە توانا زانستی و ئیدارییەکان پۆستەکان پڕ دەکرێنەوە لە زانکۆی هەڵەبجە.
هەندێ لەسەرۆک زانکۆکان ڕۆڵێکی خراپ دەگێڕن و دەزگای مەعریفی زانکۆ ئیفلیج دەکەن بە گەندەڵی و فەسادی ئیدارییەوە، وەها خۆیان دەردەخەن کە ئەوان گەورەو و سەرمایەدارن و ئەوانەی دەوروبەریشیان کوێلە و بەردە، لە چوارچێوەی زانکۆدا کە ڕێ دەکات چوار دەوری تەنراوە و بە کەسانی چاکەت و پانتۆڵ و بوێنباخ و عەینەک لەچاو، کە کارەکەشی تەواو دەبێت یا دەردەکرێت لە زانکۆ کەس فرمێسکی بۆ ناڕێژێت، بەڵام زەرەرمەندی سەرەکی خوێندکار و فەرمانبەرو مامۆستایە بەگشتی و زانکۆ بەتایبەتی.
+مامۆستای زانكۆ