Draw Media

ده‌زگای ئاسایش خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌

ده‌زگای ئاسایش خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌

2019-07-25 10:21:03


+ نیاز عه‌بدوڵڵا 

-رۆژی 15/9/2010 ده‌زگای ئاسایشی گشتی له‌ ئه‌نجامی "لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ناسنامه‌ی بكوژانی قوتابی سه‌رده‌شت عوسمان" دانپیانانی (هیشام مه‌حمود ئیبراهیم)ی له‌ رێگای كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كانی كوردستان و زاگرۆزی پارتی دیموكرات بڵاوكرده‌وه، كه‌ تیایدا دانینابوو به‌ تیرۆركردن و كوشتنی رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان له‌ رێگای "انصار اسلام"ه‌وه‌‌، لیژنه‌ی لێكۆلینه‌وه‌كه‌ش به‌ فه‌رمانی مه‌سعود بارزانی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان پێكهاتبوو. 
دواتر له‌ رێگای دادگاوه‌ ده‌ركه‌وت، (هیشام) پێش ده‌ستگیركردنی له‌ 7/9/2010 و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆی دانپیانانه‌كه‌ی بۆ رای گشتی، له‌ 30/8/2010 ئیفاده‌ی "سیناریۆكان"ی لێوه‌رگیرابوو،‌ له‌ كاتێك ئازادبووه‌. 
پاشان (هیشام) له‌ وته‌كانی دادگای، له‌ دانپیانان به‌ "كوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان" په‌شیمانبووه‌وه‌، بۆیه‌ به‌ بڕیاری دادوه‌ر ئازادكرا، له‌ دوای ته‌واوی ئه‌و سیناریۆ و ساخته‌كارییه‌ی نێوان (هیشام) و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان هیچ له‌باره‌ی كاری تازه‌ی ناوبراو نازانین.

-ساڵی 2016 له‌ رووداوی ته‌قینه‌وه‌ی "بۆمبی ده‌نگی" پێش ئۆفیسی كه‌ناڵی رووداو، جارێكی تر ده‌زگای ئاسایش كۆمه‌ڵی ئیسلامی و دوو ئه‌ندامی ئه‌و حیزبه‌ی وه‌ك تاوانبار له‌ نمایشی فیلمێك بۆ رای گشتی خسته‌ڕوو، كه‌ تیادا ماڵپه‌ڕ و په‌یجه‌ سێبه‌ره‌كان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان رۆڵی گه‌وره‌یان له‌ شێواندنی زانیارییه‌كان بینی، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك به‌هۆی نه‌بوونی هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك به‌ بڕیاری دادوه‌ر ده‌ستگیركراوه‌كان ئازادكران.

-ده‌زگای ئاسایش پێشتر له‌ رێگای روونكردنه‌وه‌یه‌ك تێوه‌گلانی چه‌ند ئه‌ندامێكی خۆی له‌ "شكاندنی بۆری نه‌وت و به‌قاچاغ بردنی نه‌وت" له‌ هه‌ولێر راگه‌یاند، به‌ڵام هیچ لێكۆڵینه‌وه‌ و ئه‌نجامێكمان نه‌بینی كه‌ بۆ رای گشتی بخریته‌ڕوو. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووسان و "بازرگانیكردنی نه‌وت له‌گه‌ڵ داعش" به‌هه‌مان شێوه‌، دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ندین ساڵ، هیچ ئه‌نجامێكیان نه‌خستۆته‌ڕوو كه‌ باوه‌ڕ پێهێنه‌ربێت.

-كاتێك ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌بنه‌ به‌شێك له‌ حیزبه‌كان، له‌ناو حیزبه‌كانیش دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر به‌رپرسانی ناو یه‌ك حیزب و، به‌رپرسانی ناو یه‌ك حیزبیش ده‌كه‌ونه‌ ژێر ركێفی وڵاتانی هه‌رێمی، ئه‌نجام ئه‌م شێوه‌یه‌ له‌ سه‌روه‌ری یاسا و سه‌ربه‌خۆیی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌بینین، زانیارییه‌ راسته‌كان ده‌شاردرێنه‌وه‌ و شوێنگۆڕكێیان پێده‌كرێت له‌گه‌ڵ زانیارییه‌ ساخته‌كان.
بۆیه‌ زانیارییه‌كانی كوشتنی ئه‌ندامه‌كه‌ی میتی توركیا له‌ هۆقه‌بازی هه‌ولێر، به‌ زنجیره‌ درامای كورت خرانه‌ڕوو، هه‌ژماری تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ سێبه‌ره‌كانی پارتی دیموكراتیش بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی گرته‌ ڤیدیۆكان و، گرووپه‌ دابه‌شبووه‌كانی ناو ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌ر یه‌كتری کەوتو‌ون. 
به‌پێی ئاماژه‌كانی پێشوو و به‌ڵگه‌ به‌رده‌سته‌كان، جارێكی تر ده‌زگای ئاسایش له‌م تاقیكردنه‌وه‌ و به‌رپرسیارێتییه‌ به‌خاوێنی ده‌رناچێت و، ناتوانێت ببێته‌ ده‌زگایه‌كی به‌كارنه‌هێندراو له‌ لایه‌ن حیزب.

تێبینی: ڤیدیۆكه‌ ده‌قی دانپیانانی (هیشام مه‌حمود)ه‌ به‌ تیرۆركردن و كوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان.

https://www.facebook.com/niyaz.abdulla1/videos/10157236210144933/

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand