خویندنەوەیەک بۆ کابینەی(٩)ی حکومەتی ھەرێم
2019-07-23 13:47:26
+ ئەبوکاروان
دوای نزیک بوونەوەی ساڵێک و بەدیاریکراویی زیاتر لە نۆ مانگ بەسە ر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکاندا، دوای ئەنجامدانی چەندین کوبونەوە لەنێوان حزبەکانی بەشداربووی کابینەو لەسەر بنەمای بەشبەشێنە و بەخشینی پلە و پۆست لە نێوان حزب و لە نێو حیزبیشدا بەشێوەی دەستە و تاقم و مەحسوبیەت و مەنسوبێت و تەنانەت شارچێتی و ناوچەگەرێتی، لەڕۆژی چوارشەممە (٢٠١٩/٧/١٠)سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەکەی و وەزیرەکانی کابینە متمانەیان پێدرا و سوێندی یاساییان خوارد، سەرۆکی حکومە ت وتارێکی پێشکەش کردو بەڕنامەی حکومەتی ڕاگەیاند.
دەمەوی ھەر لەسەرەتاوە ئاماژە بەوەبدەم کە لەھەموو کابینەکانی پیشوودا تاڕادەیەک بەڕنامەی باش دەخرایە ڕوو بەڵام بەشێکی زور کەمی جێبەجێ دەکرا و کەواتا گرنگ لە جێبەجێکردنی بەرنامەکەیە کە بەلای کۆمەلانی خەڵکی کوردستانەوە زۆر بێبایەخ تە ماشا دەکرێت بەپشت بەستن بە ڕابووردوو، کێشەی ئێمە لەسەر کاغەز نییە، کێشەی حەقیقیمان لە واقیع و جێبەجێکردندایە.
قەیرانی نەبوونی متمانەو نەبونی ئیرادەیەکی سیاسیی بەھێز لە نێوان لایەنە سەرە کییە كانی پێکھینەرانی ئەم کابینەییە بەمەبەستی تێپەڕاندنی ئەم قوناغە و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ناتوانرێ ئەم کابینەیەش سەرکەوتوبێت ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی دامەزرادنی ئەم حزبانە کە دەبێت بەردە وام لەململانیدابن.
حکومەتی ھەرێم لەکابینەکانی پێشووداو لەساڵانی ڕابوردوودا چەندین بە ڕنامە و نە خشەی چاکسازی ڕاگەیاندووە و ژماریەک دامودەزگایەکی دامەزران بۆ ئەو مەبەستە بەڵام نەیتوانی چاکسازی بکات چونکە دەبوو لەخودی حزبەکانیان وبە رپرسە باڵاکانیانەوە دەست پێبکەن کە ئەمەش لەتوانای ھیچ کابینەیەکدا نییە .
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە وتاری سوێند خواردنی خۆی و وەزیرانی کابینەکەی وتی: (پلان و ئامانجەکانمان بۆ خزمەتی ھاوڵاتیان لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی کار رێکخستووە، کە نەخشەرێگای سەرەکی و گشتیمان دەبێت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەک بڕگەی دووەمی وتارەکەم دەیخەمە ڕوو). لەڕاستیدا ئەو وشانە وشگەلێکی جوان و بایەخدارن، بەڵام ئەوەی مایەی تێبێنی و ڕەخنەی جددییە بەڕێزیان چ لە ئامانج و کارنامەکەیدا چ لە وتارەکەیاندا باسی ھەڵوەشاندنەوانەی ئەو ھەموو باجە زۆرانەی سەر ھاووڵاتیانیان نەکرد کە بەناحەق کراوەتە تەوقێک لە گەردنی ھاووڵاتیان نراوە، ئەوەش لە رێگەی بڕیار و ڕێنمایی ئەنجومەنی وەزیرانەوە!! لەکاتێکدا ئەنجومەنی وەزیران سەڵاحیاتی دانانی باج چ بەکەمکردنەوە یا زیادکردن نییە، ئەوە لەدەسەڵاتی پەرلەماندایەو دەبێ بەیاسا رێکبخرێت.
خزمەتی ھاووڵاتی لەوە دەکرێت کە لەیەکەمین دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیراندا بەبڕیارێک ئەو بڕیارە نایاساییەی ئەنجومەنی وەزیران ھەڵبوەشێنێتەوە. ئاخر چ لۆژیکێک ئەوە قبوڵ دەکات ھاووڵاتی لەگەرمەی قەیران و خراپی گوزەرانیدا ١٥٠% باج و ڕوسوماتی لەسەر زیاد بکرێت و کەچی کابینەی نوێش بێت باسی خزمەتی ھاووڵاتی بکات و ئەو باجانە ھەڵنەوەشێنتەوە؟ ئەرێ برادەرینە ئیدی خزمەتی چی؟
پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە ئایا ئەم کابینەیە دەتوانێ چاکسازی لە بواری ئابوریی و ئیداریی و داراییدا بکات؟ ئایا دەتوانێ پاڵاوتگە نایاساییەکان دابخات و چەند کۆمپانییایەک دروست بکات ودەزگا و دامەزراوەکانی حکومەت سەرپەرشتی بکات؟ ئایا دەتوانی قەرزی کەڵەکە بووی حکومەت لای کۆمپانییەکان بگەڕینیتەوە؟ ئایا دەتوانی چاکسازی لە لیستی شەھیدان و پێشمەرگەی دێرین و زیندانیانیی سیاسیی بکات و لە خاین و خۆفروش پاکیان بکاتەوە؟ ئایا یاسای وەبەرھێنان ھە مواردە کاتەوە؟ ئایا دەتوانی لە بواری پەروەردە و تەندروستی چاکسازی بکات؟ دەیان پرسیاریتر ئاراستەی ئەم کابینەیە دەکرێت وەڵامدانەوەی زۆر قورس دەبێت و چارەسەرکردنی کێشەو کەلێنە گەورەکانی ھەر کەرتێک لەو کەرتانە ئەستەم دەبیت.
پرسی شفافیەت لایەنێکی گرنگە بۆ ئەم کابینەیە و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەبەرنامەکەیدا ئاماژەی پێدا، کە چەندین پرسیار لەخۆ دەگریت، ئایا داھاتی نەوت و سەرجەم داھاتی ھەرێم ئیعلان دەکریت بۆ ڕایگشتی؟ ئایا سەرجەم خەرجییەکان دەخرێتە ڕوو؟ ئایا بودجەی ھەرێم بەسەرجەم داھات و خەرجییەکانەوە دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان بەمەبەستی گفتووگۆکردن و بڕیاردان لەسەری وەکو ئەرکێکی پەرلەمانی کوردستان؟ ئایا بوار دەدرێت بە پەرلەمانی کوردستان کە چاودیری ڕاستەقینەی کارەکانی حکومەت بکات و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی کەمتەرخەم و گەندەڵ بکات؟ ئایا لیستی پێشمەرگە و ھێزەکانی ئاسایش ڕێکدەخرێتەوە کە تائیستا بەبێ لیستی ناوەکان مووچە یان بۆ سەرف دەکرێت و بێبەرنامە نەسرییە یان بۆ خەرج دەکرێت بەتایبەت یەکەی ھەشتاو یەکەی حەفتا کە لەدوو حزبی دەسەڵاتداری ھەرێمن؟
سیاسەتیی ئابووری پەیڕەوکراو لە ھەرێمی کوردستان کە پشت بەئابووری بەرخۆرە و گرتنەبەری بازاڕی ئازادو دوور لە سانسوروو چاودیری حکومەت، ھەروەھا ھەنگاونان بەرەو بەتایبەتکردنی زیادەبەدەر بەپێی نمونەی لیبراڵیزمی کە واتا سیاسەتی ئابووری لە کوردستان بە پپێی مەرجەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیھانی پەیرەو دەکرێت، لەبەرنامەی ھەڵبژاردنی لایەنەکانی بەشداربووی ئەم کابینەیەدا ھیچ ئەلتەرناتیڤ و گوڕانکارییەک بەدی نەکرا، کەواتا ئەم کابینەیە گوڕانکاری ناکات لە سیاسەتی ئابوری پەیرە وکراو کە یەکێکە لەگرفتە سەرەکییەکانی سیاسەتی حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان.
ئایا پێکھینەرانی کابینە و سەرکردەکانیان دەستبەرداری کۆمپانیا زەبەلاحەکانی خۆیان دەبن کە ھەموو کایەو کارەکانی بازاڕییان لە ھەموو بوارەکاندا کۆنتروڵکردوە و ئەویش پرسیارێکە و ناتوانن وەڵامی بدەنە وەوچارە سەری بکە ن؟
یەکێکی تر لەکێشەکانی بەردە م ئەم کابینەیە کێشە کەڵەبووەکانی کابینەکانی ڕابوردووە وەکو دەستور و یاسای سەرۆکایەتی و حکومەت پارەیەکی لە ڕادەبەدەر قەرزرارە و چەندین گرفتی تر.
گریمان پارتی زورینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستەوەییە و دەتوانی یاسای سە رۆکایەتی و دەستور لەپەرلەمان تێپەڕێنێ، ئایا دەتوانی لایەنەکانی تری بەشدار بوو ڕازیبکات و تەوافقی لەسەربکات ؟ ئەی لە ئەگەری ڕازی نەبوون و ڕیکنەکەوتنیان کێشە دروست نابێت؟
گرفتێکی گەورە ترو قورستر لە بەردەمی کابینە ئەو ھەموو قەرزەیە کەسەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند، ئایا ئەوقەرزە چەندە؟ و قەرزی چییە؟ و وردەکارییەکە ی بۆ ئەنجومەنی وەزیران و ڕایگشتی ڕادەگە ینرێ؟ ، ئایا دروستە کابینەیەک وابەسەرپێی حکومەتێکی قەرزار بەوشێوەییە دەستی کابینەیەکیتر بکات ؟ ئایا قەرزی مووچە خۆرانی ھەرێم چوون دەدریتەوە لەکاتێکدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشوو چەندین جار ڕایگەیاند کەیەک دیناری مووچە خوران نافەوتێت؟ ، ئایا حکۆمەت بەرنامە و پرۆژە دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و ئەو غەدرەی لەمووچە خورانی ھەرێم کراوە؟ بۆیە ئەو خاڵانەی سەرەوە بەپشت بەستن بەبیست و حەوت ساڵەی حوکمڕانی و حزبە پێکھینەرەکانی و بەرنامەی ھەڵبژاردنی ئەو لایەنانە و کێشە کەڵەکەبووەکانی کابینەکانی پێشوو، ئەم کابینەیە ناتوانی گوڕانکاری جەوھەری دروستبکات سەرەڕای ئەوەی بارودۆخی ئێستا جیاوازترە لەبارودوخی کابینەی پێشوو کە شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و کێشەی ھەرێم و بەغدا لە ئارادا بوون.