حکومەت،لەنێوان ئەرک و هەڕەشەدا...
2019-07-22 18:54:48
د. شیرکۆ حەمەئەمین
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەتاکەی،بەهەڕەشە دەستی پێکرد،تەنیا لایەنی ڕاپەڕاندنی ئەرکی موچەخۆران دەبینێت،بەبێ ئەوەی دیوی دوەمی وێنەکەببینێت و دەستبەری بکات،کە مافی موچەخۆرانە،ئەم حکومەتەو سەرۆک وەزیرانەکەی لایان وایە،ئەمەی ئێستا،بۆ موچەخۆران هەیە زۆرەو پێویستە بەپێیی ستانداردی وڵاتان دەوام بکرێت.
لەهەمو جیهاندا ئەرک و ماف هەیە،تۆ کە مافت نەداوەو دەستەبەرت نەکردوە،نالۆژیکییە داوای ئەرکی ستاندارد بکەیت؟!
ئەمەجگەلە قەرزی ساڵانی ڕابوردوی موچەخۆران،کە مافی خۆیانەو موچەکانیانە ،کەلەئەنجامی سیاسەتی برسیکردن و بڕیاری نایاسایی ژمارە ٦٤ساڵی ۲٠۱٦ ی پاشەکەوتی موچەدا،کەوتوەتە لای حکومەت و هیچ ئاسۆیەکی دانەوەشی دیارنیە،لەکاتێکداکۆی لیستەکان و سێ کوچکەی دەسەڵاتیش چ لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئایاری ۲٠۱۸ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و چ کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ۲٠۱۹/۹/۳٠ پەرلەمانی کوردستان بانگەشەی گێڕانەوەی پاشەکەت کراوە،بەڵام سەرۆکی حکومەت ،لەکارنامەکەیدا هیچ ئاماژەیەکی پێ نەکرد،کەکارنامەکە لیژنەیەکی سێ کوچکەی دەسەڵات نوسیبویان،جگەلەوەلەحاڵی ئێستا کۆتایی مانگی حەوتی ۲٠۱۹یە، هێشتا موچەی مانگی چواری ۲٠۱۹ی کۆی وەزارەتەکان دابەشنەکراوە! کەچی حکومەت هەڕەشە دەکات و بڕیاری دەوام و بڕیارگەلی تر دەردەکات،کە زیاتر بەئاڕاستەی شاردنەوەی زانیارییەکان و ئەرکی موچەخۆراندا دەڕوات،ئەمەش ئاماژەیەکی سەرەتایی کاری کابینەی نۆیەمە،کە هەڕەشە و ئەرکە، بێ ئەوەی مافی تەواوی دابین کردبێت،کەهاوکێشەیەکەلاسەنگ دەکات.
ئەمەلەکاتێکدا هەڵمەتێکی میدیایی، میدیای فەرمی و سێبەری سێ کوچکەی دەسەڵات ،لەسەرەتای ڕاسپاردنی مەسروربارزانیەوە بەڕێخراوە و ئێستاش بەردەوامە،کە ئەم کابینەیە جیاوازدەبێت و سەرۆک وەزیرانەکەی جیاوازەو ئەزمونی ئەمنی هەیە،ئەمەش وادەکات،کابینەکە سەرکەوتوبێت.بەڵام ئەوەتا لەسەرەتای هەنگاوەکانیدا نەتوانرا ئەو خشتەیە جێبەجێ بکرێت،کە بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی چوار ڕاگەیەنرابو،کە ۷/۲۳ دابەشکردنی موچەکۆتایی دەهات،لەبەرانبەرداهەمان قسەی ڕابوردوش کرایەوە،( هۆی دواکەتنی موچە نەگەشتنی پارەکەی بەغدایە،کەی پارەکەلە بەغداوەگەشت موچەدابەش دەکەین)
حکومەت و وەزارەتێکی دارایی پارەی یەدەگی یەک دو وەزارەتی نەبێت،کە هەندێکیان چەند ملیار دینارێکن،چۆن دەتوانرێت،پێی بوترێت حکومەت؟!
هەرچەندە هێشتا سەرەتایە و زوە ،تا حوکم،لەسەرئەم کابینەیە بدرێت،بەڵام هەنگاوەکانی سەرەتای ،بۆ موچەخۆران دڵخۆشکەرنین.
ئەوەی گرنگە،وەک چۆن هەڵمەتێکی میدیایی سێ کوچکەی دەسەڵات و میدیای سێبەریان،بۆ جوانکردنی کابینەکەو ناساندنی هەنگاوی سەرەتایی و ڕوکەش،بە چاکسازی و گۆڕینی شێوازی کارکردنی حکومەت هەیە،وەک لەوتارەکەی سەرۆک وەزیرانیشدا هاتبو،هەربەوجۆرەش پێویستە هەڵمەتی میدیایی و چالاکی جۆراوجۆر،بۆ دەرخستنی تەواوی ڕاستیەکان و دیوی دوەمی وێنەکە هەبێت،کە ئێستا تەواو سست و لاوازبوە، پێویستەئەمە ببوژێنرێتەوەوچاودێری ورد دەست پێ بکاتەوە،کە لەبەرژەوەندی گشتی و لەخزمەتی هاووڵاتیاندا دەبێت.