Draw Media

کۆمێنتی هەڵبژرادن

کۆمێنتی هەڵبژرادن

2018-04-17 20:59:33


(تاکە شتێك کە شایەنی دووبارەبوونەوەیە، دووبارەنەبوونەوەیە) ئێمە ئەبێ بەردەوام دووبارەنەبوونەوە دووبارەبکەینەوە بۆئەوەی ژیان بەردەوام بێت، فەرقی ژیان و مردن ئەبدەیتە نەك گیان کێشان، مردن وەستانی ئەبدەیتە نەك وەستانی دڵ.

ئەبدەیت پەیوەندی بە هەموو شتەکانەوە هەیە نەك تەنیا شتە خراپەکان، شتە باشەکانیش ئەبێ بەردەوام ئەبدەیت بکرێن بۆ ئەوەی خراپ نەبن، خراپەکانی ئێستا هەر باشەکانی دوێنێن، بەڵام لەکاتی خۆیدا ئەبدەیت نەکراون.

هەڵبژاردنیش کاتێ گرنگە، کە ئەبدەیت بێت و گیانی تازە بکاتەوە بەبەری سیاسەتدا، کە ئەبدەیت نەبێ تلیاکە، ئیتر ئەویش وەکو هەموو تلیاکەکانی تر تەنیا سەری پێ مەست ئەکرێ و هیچی تر.

جا بۆ ئەوەی هەڵبژاردن تلیاك نەبێ و ئەبدەیت بێت، چارەسەر ئەوەنیە کەدەنگ نەدەیت، هەتا تۆ دەنگ نەدەیت، هەڵبژاردن بە فۆڕمە تلیاکیەکەی هیچی لێ کەم نابێ و هەر بەردەوام ئەبێت!

چارەسەر ئەوەیە کە تۆ دەنگدەرێکی دەمارگیرو دۆگما نەبیت و بەردەوام خۆت ئەبدەیت بکەیتەوە.
تۆیەکی وەستاو ناتوانی بە هەڵبژاردن دنیا بجوڵێنیت، بەڵکو خودی هەڵبژاردنیش ئەکەیت بە بەشێك لە دنیا وەستاوەکە.
جوڵەی یەکەم لە تۆوە دەسپێئەکات، لە بیری تۆو لە دنیابینی تۆوە، کە لەوێدا شتێك جوڵا، ئیتر هەڵبژاردنیش ئەبێتە وزەیەکی ئیجابی و جوڵاو.

تۆ بۆ ئەوە دروست نەبووی تا قیامەت دەنگدەری هێزێك بیت، بەڵام ئەوەش بزانە کە بەرامبەر هێزی ئەبدەیت، هێزی 'ئەبدەیتی موزەییەف' زۆر خەتەرترە لە هێزی دژەئەبدەیت!!
چونکە دژە ئەبدەیت بە دەموچاوی خۆیەوە سیاسەت ئەکات، بەڵام ئەبدەیتی موزەییەف بە دەموچاوی خۆتەوە دێتە بەرامبەرت.

دژەئەبدەیت هەموو ماسکەکانی تاقیکردۆتەوە بۆ ئەوەی بەردەوام وەكو هێزی ئەبدەیت دەرکەوێ، بە مروری زەمەنیش هەمووی کەوتووەو ئیفلاسی ماسکی کردوە، ئیتر چۆتەوە سەر دەموچاوی خۆی و بووە بە هێزی دژ، بەڵام 'ئەبدەیتی موزەییەف' تازە دەستی کردوە بە ماسك بەستن و فریودان!

ئەرکی ئێمەش لە هەڵبژاردن و غەیری هەڵبژاردن و هەموو کاتێکدا ئەوەیە کە ئینتیماو وەلائە نەگۆڕەکان بۆ حیزب و کەس و ئایدیۆلژیا.. بگۆڕین بە ئینتیما بۆ نوێبوونەوە!
ئەم جوڵەیە لە ئێمەدا ڕووبدا، جوڵە ئەدەین بە هەڵبژاردن و هەڵبژاردنیش جوڵە ئەدا بە شتەکانی تر.

هیچ شتێك بەهەمان ئینتیماو وەلائە کۆنەکانەوە نوێ نیە، نوێ دروستکردنی ئینتیمایە بۆ خودی نوێبوونەوە، ئەبدەیتی موزەییەفیش لە دژەئەبدەیت زیاتر لە نوێبوونەوە ئەدا، چونکە دووەمیان هەرچەن دژیشبێ بەڵام ئەبدەیتی ڕاستەقینە ئەکات بە زەرورەتێکی جدیی، بەڵام یەکەمیان ئەیکات بە گاڵتە!!

- ئەگەرچی ناڕازین و ڕەخنەشمان زۆرە، بەڵام گرنگە بەشداربین و نەیەڵین هێزە جدیەکانی ئەبدەیت، بەرامبەر هێزی (دژو موزەییەف) پاشەکشێ بکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand