هەڵەگەورەکەی کاک مەلابەختیار لە پرۆژەکەیدا
2019-07-21 19:41:29
+ هێمن مەحمود
مرۆڤ ئەگەر کەمێک بەویژدانەوە بڕوانێت دەبێت دانبەوەدا بنێت پرۆژەکەی کاک مەلابەختیار بۆ دۆخی یەکێتی لەدوای پرۆژەکانی کاک نەوشیروانەوە باشترین پرۆژەن کە تا ئێستا پێشکەشکرابن.
یەکێتی نیشتیمانی بەحوکمی ئەوەی لەم ناوچەیەدا هێزی سەربازی و ئەمنی هەیە و کاریگەری راستەوخۆی بۆ سەر ژیانی خەڵکی هەیە، هەر پرۆژەیەک بۆ چاکسازیکردن لەم هێزەدا لەبەرژەوەندی تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، هەر تێکچون و هەڵوەشانەوەو پێکدادانێکی باڵەکانیشی بەزیانی خەڵکی تەواودەبێت جا پێمانخۆشبێ یاخود پێمانناخۆشبێ، هەربۆیە بۆ ئێمەیەک کە لەئێستادا یەکێتی نین و ساڵانێکی پێشوتر دەنگمان بەو حزبە داوە حەقی خۆمانە پرۆژەکانی چاکسازییان بخوێنینەوەو رەخنەو سەرنجی خۆمانی لەسەر بڵێین.
پرۆژەکەی کاک بەختیار لەوەدا راستگۆیە کە تەواوی کێشەکانی حومکڕانی و گەندەڵی و ئابوری و حزبایەتی خستۆتە روو، دەستی لەسەر برینەکان داناوە، سڵی نەکردۆتەوە لە باڵ و کەسایەتیە سیاسیەکانی حزبەکەی، بەکورتیەکەی دانی بەوەدا ناوە حزبەکەی و دەسەڵاتەکەی و حوکمڕانیەکەی لەکێشەو گرفت و قەیرانێکی قوڵدایە.
بەڵام ئەوەی پرۆژەکەی کاک بەختیاری کوشتووەو نەیارە سیاسیەکانی لەئێستادا لەدژی بەکاریدەهێنن و پرۆژەکەی بێ ئەهمیەت دەکەن، جوملەیەکی ناو پرۆژەکەیەتی کە ئەویش ئەوەیە گوایە ئەو شەوەی پارتی ویستویەتی پەلاماری گردەکەی گۆڕان بدات لەدوای روداوەکانی 17ی شوبات کاک نەوشیروان لەماڵی برادەرێکی بووە!
جارێ یەکەم نەوشیروان مستەفا خۆی لەژیاندا نەماوە تاوەڵامی ئەو قسەیە بداتەوە، دوەمینیش ئەوەی نەوشیروان مستەفای ناسیبێ نەلەشاخ و نەلەشار سڵی لەهیچ نەکردۆتەوەو حسابی نەک بۆ جەبەروتی حزبی بەعس نەکردووە، بەڵکو حسابی بۆ نەیارە سیاسیە کوردیەکانیشی نەکردووەو ساڵانێکی زۆر کە دژی دوو حزبی چەکداری دەسەڵاتدار وەستاوەتەوە نە شوێنی خۆی گۆڕیوەو نەشێوازە سادەکەی ژیانی خۆشی گۆڕیوە.
هەربۆیە هەڵە گەورەکەی ناو پرۆژەکەی کاک بەختیار باسکردنی بێ موناسەبەی کاک نەوشیروانە، بەمەش هەم گۆڕانخوازەکانی بێتاقەتکردووەو هەم نەیارە سیاسیەکانی ناو حزبەکەی خۆشی لەدژی جوڵاندووە و تەرکیزیان خستۆتە سەر ئەو جوملەیەی کاک نەوشیروان و لەدژی بەکاریدەهێنن.
بەبڕوای من پرۆژەکەی کاک بەختیار ئەگەر تێکەڵەیەک نەبوایە لەبیرەوەری و کڕوزانەوەی بێ سود بەوەی ئەها چیم وتوەو ئەها چیمکردووەو هەندێ جوملەی زیادەی لەجۆری ئەوەی کاک نەوشیروان تیانەبوایه، هاوکات مەیلی زیاتری بۆ پارتی و خەفەتخواردن بۆ هەڵوەشانەوەی رێککەوتننامەی ستراتیژی نێوان ئەو دوو حزبەی تیانەبوایە، هەربەتەنها پرۆژەیەک بوایە تایبەت بەیەکێتی و بۆ چارەسەری راستەقینەی دۆخی یەکێتی بوایە ئێستا وانەدەکەوتە بەر رەخنەو سوکایەتی ورەنگە (ئەویش زۆر بەدڵنیاییەوە نا) شوێنێکی بگرتایە!.