Draw Media

مەلابەختیار زیاتر بێ ئومێدی کردین....

مەلابەختیار زیاتر بێ ئومێدی کردین....

2019-07-21 17:05:05


+ گۆران عەلی كەریم  

  زۆرکەس لایان وابوو دوای ئەوماوەیەی کاک بەختیار دورکەوتبۆوە ،جارێکی تر بەپرۆژەو بەرنامەیەکی جیاواز لەرابردوو دێتەوە مەیدان، بەڵام گەر بەدیقەتەوە بابەتەکەی بخوێنرێتەوە دەبینرێت زیاتر بابەتەکانی تەرخان کردبوو بە باسکردن و گێرانەوەی رابردوو. هیچ پێشنیارێکی گرنگ و تایبەتیشی تیا نەبوو بۆ ئێستای یەکێتی، تاوەکو یەکێتی و یەکێتیەکان بەرەو ئامانجێکی تایبەت ڕێنوێنی بکات، چونکە دەبێت ئەوە بزانرێت سیاسییەکان ئامانجیان هەیە نەک خەون، کاک بەختیاریش خەونی دادپەروەری و یەکسانی وەک بەرنامەی سۆسیالیستی کردۆتە بنەمایی پرۆژەکەی و لەپاڵ ئەوەشدا زۆری نەماوە کە هەموو عەیبەکانی یەکێتی بخاتە سەر شانی هاورێکانی و خۆی لەروداوەکان و ناشرینییەکان بێ بەری بکات. هەموو کەس دەزانن کاک مەلابەختیار ٩ مانگە تارادەیەک دورکەوتۆتەوە و ئەو روداوانەی باسیشی دەکات هی چەند ساڵ لەمەو بەرن و تەنانەت سەردەمانێکیش باس دەکات کە مام جەلال لە تەندروستی باشدا بووە، بۆیە دەبوو پێش هەرکەس رەخنەی ئاراستەی خۆی  بکردایە، چونکە خۆی لەوکەسانە بوو کە زۆرترین  بریاری یەکێتی لای ئەو بووە، یان دەکرا بەڕنامەکەی بەوجۆرە دابرشتایە باسی رابردوی نەکردایەو خاڵی بخستایەتە سەر ئەو وشانەی کە دەکراو دەلوێت بۆ ئێستای یەکێتی و لەلای خەڵک و جەماوەری یەکێتیش بەگرنگ دەزانرێت.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانی هەمولایەکە ئەوەیە کاک مەلا بەختیار سازشیکی زۆر بۆ پارتی دەکات و هەڤاڵانی حیزبەکەی و تەنانەت گۆڕانیش تۆمەتبار دەکات لەبەردەم پارتیدا، ئەوەتا بەهانە ئەهێنێتەوە بۆ روداوی پەکخستنی پەرلەمان و وەدەرنانی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆران، ئەو دەیەوێت بلێت پارتی لەبەرسەرخستنی حکومەت گۆڕانی دەرکردوە نەک لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم  بۆیە دەلێت  پارتی کەزانی حکومەتی بنكەفراوان!! سەرناكەوێ، گۆڕانی وەدەرنـــا. پێش وەدەرنـانـی گۆڕانیش، لەکۆبونەوەیەکی داخراودا و لەکۆبونەوەیەکی ئاشکراشدا بەڕێکخەری گشتی گۆڕان و وەفدەکەیم گوت: پارتی دەرتان دەکات، گوتیان ناتوانن، گوتم دەیکەن، کاک عومەری سەید عەلی گوتی: گەر پارتی وایانکرد ئێوە چی دەکەن، گوتم دژی دەبین، بەڵام لەگەڵ پارتی لەسەر ئێوە تێکی نادەین، دژیشی بوین. 
بەڵام راستیەکەی شتێکی تر دەڵی کەپێویستە لێرەوە بۆ خوێنەرانی ئاشکرا بکەم، ئەوکاتە یەکێتی ئەیتوانی پارتی راگرێت و دۆخەکەش ئارام بکاتەوە، وابیستراوە لەناو خەڵکدا کە هێرۆخان هەڵوێستی هەبوە، بەڵام کاک بەختیار چوەتەلای و قەناعەتی پێکردوە کە ئەوە بۆیەکێتی باش نییە پشتگیری لەگۆران بکرێت لەبەرامبەر پارتیدا، بەمەرجیک ئەو پرسە ئەوەندەی پەیوەندی بەچەسپاندنی دیموکراسیەت و راگرتنی قەڵەمڕەوی پارتییەوە هەیە، ئەوەندە پەیوەندی بەگۆڕانەوە نەبوە. لە نوسینەکەیدا ئەوە دەردەکەوێت کاک بەختیار وەک یەکێتی هەر خۆی بریاریداوە کە لەگەڵ پارتی تێکی نەدەن لەسەر گۆران، .
پرسێکی تر کە جێگەی سەرنجە کاک بەختیار بەرنامەکەی بۆ ئەستۆپاکی  پارتی هۆنیوەتەوە ئەوەتا دەلێت:زۆرجــار هەوڵمانداوە، دۆخـی سیستەم و حوكمڕانی و ســـەروەری یاسا،پاکسازی و چاکسازی بکەین، لەکۆبونەوەکاندا بڕیارمان لێداوە، پرۆژەو بەرنامەمان نوسیوە، لەکۆبونەوەکانی پارتیدا باسمان کردوە وپرۆژەکانمان پێشکەش کردوە. کاک بەختیار هێندە بەشان و باڵی پارتیدا هەڵدەدات مرۆڤ سەری لێتێک دەچێت کە ئایا ئەمە کارگێری مەکتەب سیاسی پارتییە یان یەکێتی؟. چونکە دەکرا کاک بەختیار گلەی لە حیزبەکەی بکات کەخۆی ڕۆڵی سەرەکی هەبوە تێیدا بەبێ هەڵدان بەشان و باڵی حیزبێکی تردا. کاک بەختیار لەدریژەی ئەو بابەتەیدا دەڵێ: تەنانەت بەرنامەی گرتنی تاوانبارانمان هەبوو بەڵام لەزۆنی سەوزدا داڵدە دراون. گومان لەوەدا نییە تاوانباران لەلایەن بەرپرسانی یەکێتیەوە داڵدە دەدرین، بەڵام با وێنەکە بۆ کاک بەختیار ئاشکراتربێت کەزۆنی زەرد و پارتی لە دوای راپەرینەوە جێگە و لانکەی تاوان باران بوە، ئایا ئەو هەمو سەرۆک جاش و تاوانبارانەی بەعس کێبو داڵدەی دان؟ لە ئێستاشدا گەر حکومەتی عێراقی بیەوێت کەسێک بەتاوان سزابدات هەموان دەزانین لەکوێ دەگیرسێنەوە، بەداخەوە لەکاتێکدا سلێمانی پشتو پەنای کاک بەختیاربوە نەدەبو ئەو وێنە ناشرینانە بەزۆر دابتاشێت بەسەر ئەم شارەدا یان گەرمیانی شەهید و ئەنفال بچوک بکاتەوە لەچاو جێگایەکی تر کە شوێنی لەدایک بونی خۆیەتی.
حیزب نییە لەرۆژهەڵاتی ناوەراستدا هێندەی یەکێتی بەرپرسەکانی بە ئاشکراو نهێنی، تەسریح بدەن و ڕای گشتی چەواشە بکەن و بەرنامەی حیزبەکە تێک بدەن و بوختان هەڵبەستن،باوەڕیش ناكەم، حزبێك هەبێ، بە پـارەی دەزگاكانی، بەئەندازەی یەكێتی سایتی نهێنیو پەیچی سەیروسەمەرەی شكاندنو تومەت هەڵبەستنی هەبێ!! هەمووشی بۆ تەكەتولەكان دەكرێ نەك بۆ یەكێتی. ئەمانە گوتەی بەڕێزیانە، بە بۆچونی کاک بەختیار یەکێتی هۆکاری سەرەکی نادادی و هەموو ناشرینیەکانی تری کۆمەڵگەیە بە گەندەڵیشەوە، بەڵام هەقە جەماوەری یەکێتیش بپرسێت، حزب لەدنیا هەیە سەرکردە و کارگێری مەکتەبی سیاسی ئاوا باسی حزب و سەرکردەکانی خۆی بکات، خۆگەر ئەمە بەرنامەیە بۆ چاکسازی ئەوەندەی نائومێد کردنە بە یەکێتی ئەوەندە ئومێد بەخش نییە بە ئایندەی حزبێک کە سەرکردەکانی خەریکی سەرانەو بازرگانی بن و هۆکاری ناشرینینیەکانی کۆمەڵگە بێت، لەهەموشی سەیرتر، ئەوەیە کە کاک بەختیار باسی لێدوانی زۆری بەرپرسەکانی یەکێتی دەکات، بەڵام لەناو یەکێتیدا ئەستەمە کەسێک بدۆزرێتەوە بەوتەبێژەکانی یەکێتیشەوە هێندەی خۆی بۆمیدیاکان قسەی کردبێت و رەئی جیاواز و لێدوانی پێچەوانەی ئاراستەی حزبەکەی خۆی وتبێت، نمونەی زیندوش بۆ ئەو قسەیە بڵاو کردنەی ئەم بەرنامەیەی ئێستایەتی کە جگە لەبێئومێد کردن و هێرش کردنە سەر هاوسەنگەرەکانی  خۆی شتێکی تازەی تێدانییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand