Draw Media

سیاسەت، بە تێگەیشتنی شەعبیی

سیاسەت، بە تێگەیشتنی شەعبیی

2019-07-21 12:42:25


+ كامیار سابیر   

لەم چەند هەفتەیەدا، سێ قیادیی یەکێتیی، سەنای ماڵی بارزانیی و پارتیی دەکەن! هەندێ گەنج داوای ئەوە دەکەن، شتێکی لەسەر بنووسم( ئەو دیاردەیەی بە لوغمەکانی پارتیی لە ناو حیزبەکانی تردا دادەنرێت). بە زمانی شەعبیی هەر ئەم چەند دێڕە دەنووسم و لە خوارەوەش، نووسیینێکی وابەستە بەم باسەوە، دادەنێم.

راستییەکەی بە زمانی شەعبیی، مەلا ئەوەندە پارتیی بەختیار کردووە کە ئەم پیاوە شەرم لە رابردووی خۆیشی ناکات، رۆژگارێک کە زۆر شانازیی پێوە دەکات و هاوڕێی بە ئەمەکی شەهید ئارام بووە، کەچیی ئێستا رێک رۆڵی فرانسۆ هەریریی دەگێڕێت. مەلا فەتوای ئەوە دەدات، یەکێتیی قاتوقڕی تووش دەبێت ئەگەر وەکو خۆی، بە دڵسۆزیی و بە دەستی یەک، غوڵامیی بۆ پارتیی نەکات!

یەکێکی تر لەوانەی سیاسەتسالاریی بۆ پارتیی دەکەن، کۆنە پارێزگاری سلێمانیی و قاتلی بێکەستریین شاعیری کورد( بەکر عەلیی)ە کە تەجلیلی ئەمجادەکانی بنەماڵەی شاهەنشای وەهمیی کوردستان دەکات و داوای داتاشیینی مەقامێکی عولیا بۆ سیاسییەکی بێکار( بارزانیی) دەکات!

هاوکات، شێرە سۆشیال عەشایەرەکەی یەکێتیی ئەوەی بە زمانی تورکیی پێیدەگوترێ ئارسڵان، تەجەلای وەهمێکی سیاسیی بۆ بنەماڵەیەکی سیاسیی دەکات و داوای ئەوە دەکات بیانکات بە حاکمی موگڵەقی کوردستان.... هەموو ئەمانە ئەو لوغمانەن کە پارتیی لە ناو هەموو حیزبەکاندا دایناون و خەڵک و شەقامیان پێ بێئومێد دەکات. نە دەڵێم ئەمانە مورتەزیقەن و نە دەڵێم کڕدراون، بەڵکو ئەمانە بەرهەمی ئەو صەنعەتەن کە بەشی هەرە زۆری سیاسییەکانی کورد، حیزبەکانی کوردستان و نوخبە جۆراوجۆرەکانی کورد، بە خورافەی سەربەخۆیی ئابووریی شاگەشگە بووبوون. ٥ پێنج ساڵ لەمەوبەر، ئەمەی خوارەوەم لەسەر ئەم خۆرە سیاسییە پرۆکسییانە نووسییوە، ئەمە لە کاتێکدایە، یەکێتیی بە باڵەکانیەوە، بە قیادییەکانیەوە، بە بنەماڵەکان و سیاسییەکانیانەوە، هەموویان دوای بیزنسی نەوت و چەتەگەریی ئابووریی کەوتبوون و کەوتوون.

ویلایەتی تاڵانچیی و پرۆکسیی تورکیا

ئەمە بەشی سێیەمی زنجیرە وتاری" مەترسییە ستراتیژییەکانی ویلایەتی رەیعیی" ە. زیاتر جەخت لەسەر پێترۆمۆنیاڵیزمی بنەماڵەی بارزانیی، ویلایەتی قۆنتەراتچیی نەوت و کڕینی وەلائی ئیڵیتەکان و هەموو ئەوانە دەکات کە وەهمیان بە سەربەخۆیی ئابووریی و ویلایەتی کوردیی لەناو ویلایەتی موصڵدا هەیە.

بە شێوەی تێکست، لەخوارەوە دایدەنێم:-

ویلایەتی تاڵانچیی و "پرۆکسی"ی تورکیا 
بەشی سێیەم لە 
مەترسییە ستراتیژییەکانی ویلایەتی رەیعیی

دەوڵەتی رەیعیی، بە پارەی زۆری پێترۆدۆلار، سیستەمی کۆمەڵایەتیی سیاسیی، ئەوەی پێیدەگوترێ ستراکتۆری سۆسیۆسیاسیی، فۆرمۆڵە دەکات و دەوڵەت لەدەست کەمینەیەکی خێزانییدا بەهێزتر دەکات. لەوەش خراپتر، دەوڵەت بە میکانیزمی ویلایەتێکی پرۆکسیی کاربکات و رۆڵی مورتەزیقە ببینێت، رۆڵی سوخرەکێشیی بۆ عوسمانییە نوێکان بگێڕێت و کرێخۆرییەکەی لەدەرەوە بە دەستی دوودا( تورکیا) بۆ بێت. هاوکات، کۆمپانیا نەوتییەکان، لەرێگەی میتی تورکیاوە، یان لای کەم بە پێی بەرژەوەندییەکان و ئاگایی تورکیا، کۆنترۆڵ بکرێت، ئیدی سەرجەم رەهەندە ئابووریی و بازرگانییەکانی تر لە هەرێمی کوردستاندا، بەرهەمی ناوخۆییان کەم دەبێتەوە و داینامیکی سیاسیی بە قازانجی بنەماڵە نەوتفرۆشەکان و ئابوورییە چەتەگەرییەکەی نەوتی کوردستان، ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت. لێرەشەوە، رۆڵی مورتەزیقەیی و بەیعەتچییەکەی خۆی، زوو زوو دەبێ دەمەزەرد بکاتەوە.

مەترسییەکانی ویلایەتی رەیعیی ئەوەیە کە پارەیەکی زۆر خەیاڵیی دێتە دەستیانەوە، ئیڵیتێکی زۆری پێ دەکڕێ و لە زۆر بواردا ئەم ئیڵیتە دابەستەیە، بە بێدەنگیی و سەرکزییەوە داکۆکیی لە دیکاتۆرییەت و نەجابەتی بنەماڵەی فەرمانڕەوا دەکەن. پارتیی و دامودەسگا میدیاییەکانی، نووسەرە رانتخۆرەکانی، ئەکادیمیستە کرێخۆرەکانی و سەرەنجامیشس هەموو ئەو نوخبە بەرینەی بەهۆی داهاتەکانی ویلایەتی رەیعییەوە، لە تەڕ دەخۆن و لە وشکانیی دەخەون، بەردەوام داکۆکیی لە ناسیۆنالیزمێکی بەتاڵ و حەتاڵ دەکەن، داکۆکیی لە فاشیزمی کوردایەتیی دەکەن، مۆدێلی شکستخواردووی دەوڵەتی نەتەوەیی( Nation State) بە ڤێرژنی دەوڵەتی کوردیی و کڵاوکڵاوێنی کوردایەتیی، بە شەقامی کوردییدا تەسویق دەکەن. سەرەنجامیش وەکو رۆس Ross, 2010 پێیوایە، سەردارانی ویلایەتی رەیعیی، ئەو پارە زۆرەی ئابووریی چەتەگەریی نەوت و ناسیۆنالیزمی تاڵانیی بۆ دەمچەورکردنی ئۆپۆزیسیۆن و نەیارانی سیاسیی، وەکو ئیغرائاتی ماددیی material inducements بەکاردەهێنێت و زۆرینەش رام دەکات. مرۆڤ سەیری بەشێکی زۆری ئەو سەرکردە و کادیرانەی یەکێتیی دەکات کە رێک وەکو پارتیی بیردەکەنەوە و خزمەتی پرۆژەکانی ئەو دەکەن، ئەم کڕین و فرۆشتنە بە ئاسانیی دەبینێت. ئەمە لەناو هەندێ کادیری گۆڕان، ئیسلامییەکان و چەپەکانیشدا بوونی هەیە.

"کەمتەرغەمیی لە دامودەسگاییکردنی دارایی ( لێرەدا مەبەست لە Fiscal ە) و شاردنەوەی داهاتی نەوت و غاز لە کۆمەڵانی خەڵک و هاووڵاتییان، کڕینی ئاگایی و ویژدانی ئیڵیتەکان و دواتریش بەکارهێنانیان بۆ دروستکردنی رای گشتیی، یەکێک لە صیفاتە دزێوەکانی زۆرینەی دەوڵەتە رەیعییەکانی دونیایە"(Luciani, 1990, p.72 ). لەم رێگەیەشەوە، ویلایەتی سوخرەکێشی نیۆعوسمانییەکان، خورافەی سیستەمێکی پیاوسالاریی سیاسیی لەناو کۆمەڵگەدا دروست دەکات کە ئەگەر بنەماڵە و عەشیرەتی ئەوان نەبن، ئەگەر سەرداریی و حیکمەتی ئەوان نەبێت، ئەگەر مەلحەمەکانی ئەوان نەبێت، نیشتمان لافاو دەیبات، میللەت گورگ دەیخوات و داعشی هاوپەیمانی ئەردۆغانیش، هەولێر لەسەر زەویی دەسڕێتەوە. لەم روانگەیەشەوە و لە زمانی وێبەرەوە، دەکرێ ئەم پیاوسالارییە سیاسییە، بە زمانی سیاسیی نوێ، بە نیۆپیاوسالاریی Neopatrimonialism ناوببرێت.

دیارە پیاوسالاریی سیاسیی و سیستەمی پیاوسالاریی لە دەسەڵاتی سیاسییدا، لای وێبەر، راستەوخۆ پێوەندیی بە دزیی، تاڵانیی، گەندەڵیی و حکومەتی خراپ و ...تاد نەبوو، بەڵکو جۆرێک بوو لە شەرعییەتدان بە دەسەڵاتی ساسیی خۆیان و لەم روانگەیەشەوە، هەموو چەک و جبەخانەیەکی سیاسیی، فیکریی و کولتوورییان بەکار هێناوە. Weber, 1947 quoted in Pitcher, Moran and Johnston, 2009: 126). ئەم سیستەمە نیۆپیاوسالارییەی سیاسەتی کوردیی، بەتەواویی لە عەقڵییەتی ئاغاواتیی و رابەرانی ویلایەتی رەیعییدا رەنگی داوەتەوە. بەپێی خورافاتە سیاسییەکانی ئەوان، حیزبەکەی ئەوان، دەبێ هەموو جومگە هەستیار و کاریگەرەکانی دونیای دیپلۆماسیی، سیاسیی، ئابووریی و هەژموونی کایەکانی تری بەدەستەوە بێت وهەموو ئەوانی تر، بە جەماوەری هەموو پارچەکانی کوردستانیشەوە، گوێ لە فاشیزمی کوردایەتییە خێڵەکیی و ناسیۆنالیزمە نەوتییەکەی ئەوان بگرێت.

تەنانەت، ویلایەتی رەیعیی، لەکاتی قەیرانەکانیشدا، لە کاتی دابەزینی نرخی نەوتیشدا، رۆڵی موهەڕیجەکان و بەیعەتچییەکانی لەبیر ناچێ. بێ ئەوان، میرەکانی ویلایەت، ناتوانن، درێژە بە حوکمڕانیی بدەن. هەرکاتێ نرخی نەوتیش دابەزی، ئیتر دەوڵەتە رەیعییەکان، خۆیان دەخەنە ژێر قەرزی دەرەکییەوە بۆ ئەوەی دەمدرێژیی رانتخۆرەکان، وەلائی ئیڵیتەکان و پێوەندییە سیاسیی کۆمەڵایەتییە و ئابوورییەکانی خۆیان بە کۆمەڵگەوە درێژە پێبدەن، بەردەوام دەمی ئەمانە چەور دەکرێت. لەم نێوەندەشدا، ئەوەی زیان دەکات تەنیا جەماوەری رەشوڕووت و چینی مامناوەندە. بەپێچەوانەوە، سەرمایەدارە گەورەکان، دزە گەورەکانی نەوت، مافیا سیاسییەکانی نەوت و حیزبە دەسەڵاتدارە خێڵەکیی و بنەماڵەییەکان، جاهیلەکانی کوردایەتیی و لەشکری ئیڵیتە رانتخۆرەکان، ئەمەیان پێخۆشە و باشتر هەلومەرجی تەوڤیفکردنی سیاسەت و ئەجێنداکانیان جێکەوت دەبێ.

پێترۆمۆناڵیزمی بنەماڵەی بارزانیی

بەشێکی بەرچاو لە سۆسیۆلۆجیست و ئەنپرۆپۆڵۆجیستە جیهانییەکان، هەنوکە چەمکی نیۆپاتریمۆنیاڵیزمی نەوتیی، یان پێترۆڵیۆم بۆ بنەماڵە سیاسییە خێڵەکییەکان، ئۆلیگارشییەکان و دیکتاتۆرییەکانی جیهان بەکار دەهێنن. بەکارهێنانی ئەم چەمکە بۆ ئیدارەی سیاسیی ناو ماڵباتی موصگەفا بارزانیی، تەواو پڕ بە پێستی خۆیەتی. ئەم نیۆپاتریمۆنیاڵیزمەی ماڵی بارزانیی، مەترسیی گەورەی بۆسەر ئاییندەی سیاسیی پارچەکانی تری کوردستان بە گشتیی و هەرێمی کوردستانی ئێستا و کەرکوک دەبێ. ئەم کەڵەگاییە سیاسیی و ئابوورییەی ئەوان دەیکەن، جا بەهۆی تەنازولات و خۆبچووککردنەوەی یەکێتییەوە بووبێت، یان لەم دوو ساڵەی رابردوودا، گۆڕان و هێزە ئیسلامییەکان، مژیان لە نای ناسیۆنالیزمە تاڵانییەکەی پارتیی( کوردایەتیی) دەدا و بەفەنتازیای ناسیۆنالیزمی نەوت، گوایە دەوڵەتی کوردییان بۆ رادەگەیەنێت، سەرگەرم بووبوون. بەمشێوەیە، باجی ئەم نیۆپاتریمۆنیاڵیزمە، چەندین نەوەی دواتری خەڵکی کوردستانیش، دەبێ بیدەن.

هەندێ لە شارەزایانی زانستی سیاسیی لە کرۆکی کۆنتێکست و لەسەر وەزنی پاتریامۆنیاڵیزمەکەی وێبەرەوە، واتە لەسەر ناوەڕۆک و وەزنی پاتریامۆنیاڵیزم، چەمکی پێترۆ-مۆنیاڵیزم Petro-Monialism بەکار دەهێنن. یەکێک لەوانە پسپۆری کایە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئەفریقا، دۆگڵاس یاتێسە Douglas Yates کە بەفراوانیی ئەم چەمکەی بۆ کۆنترۆڵکردنی سامانی سروشتیی وڵاتی گابۆن لەلایەن حوکمڕانانی ئەو وڵاتەوە، لەلایەن کوڕ و نەوەکانیەوە بەکارهێناوە کە چۆن دەستیان بەسەر سامانی سروشتیی ژێرخاک و سەرخاکدا گرتووە و وەکو قۆنتەراتچیی سەیری نیشتمان و ئابووریی وڵات دەکەن. هەمان چەمکی پێترۆمۆنیاڵیزم بۆ ئەو هەموو چەتەیی، دزیی و تاڵانییەی بە سامانی سروشتیی کوردستانەوە دەکرێ، بۆ ئەو بێباکیی، نەدانیی و نەزانییەی نێچیرڤان بارزانیی کە ٥٠ ساڵ کۆنتراکتی تاڵانیی و ناشەفافی لەگەڵ تورکیادا، بە موبارەکەی مامی( مەسعود بارزانیی) ئیمزا کردووە، بۆ ئەو حەماقەتە سیاسیی و ئابوورییەی غازی هەرێمی کوردستان دەکەن بە ئاڵتەرناتیڤی غازی روسیا کە بڕبڕەی پشتی ئابووریی روسیایە، تەواو دەگونجێ و لەگەڵ دیکتاتۆرەکانی گابۆندا، مەنجەڵ و سەرقاپی یەکترن.

Natural gas and oil politics 
سیاسەتی نەوت و غازی سروشتیی، راستەوخۆ کاردەکاتە سەر ستراکتۆری سۆسیۆئابووریی و سوسیۆسیاسیی ئەو وڵاتە. ئەگەر بە زمانی خاکیی و شەعبیی، دەوڵەتی رەیعیی بناسێنرێت، بەو دەوڵەتانە دەگوترێ کە ئابوورییەکەیان بە قۆنتەراتی جۆراوجۆر بە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت دەدەن و لەبەرامبەریشدا، گەلەکەیان بە مەمرە و مەژیی، بە کرێخۆریی دەژیەنن. ئەم کرێخۆرییە، پارەی کاش وەرگرتنە کە نرخێکی زۆرکەمە لەبەهای ئەو نەوت و غازەی دەردەهێنرێت، لەبەرامبەریشدا بەم کرێیە، دەسەڵات خۆی قایم دەکات و چەندین ئیڵیت و توێژی کۆمەڵایەتیی دەکڕێ و وەلائیان پێ ساغ دەکاتەوە و بەیعەت لەسەر بەیعەیتان لێ وەردەگرێ. زۆرجار ئەم بەیعەتدانە، مەرج نییە هەر بە ئیمزاکۆکردنەوە بۆ بە نووحکردنی سەرۆک بێت، یان بۆ قیڕەقیڕی ناسیۆنالیزمی جەبانی کوردیی و فاشیزمی کوردایەتیی بێت، بەڵکو بۆ بێدەنگکردن و سەرقاڵکردنی ئیڵیتەکانە بە تەکنەلۆژیا، ئەکادیمیا، پانێل، کۆڕ، پرۆژەی فەلسەفیی و زانستیی ...تاد، باسی هەرچییەک دەکەن بیکەن، بەڵام باسی تاڵانیی و چەتەییەکانی بواری نەوت و سامانە سروشتییەکان نەکرێت. باسی توڕەهاتەکانی کوردایەتیی و مانیفێستە سیاسییەکەی ئەم ویلایەتە سوخرەکێشە نەکرێ، چونکە مافیاکانی نەوت، دەیانەوێ لەڕێگەی ئەو ناسیۆنالیزمەوە، درێژە بەم قۆرغکاریی و قۆنتەراتچییەتییە بدەن کە نرخەکانیان دەیان بیلیۆن دۆلار دەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand