بەرنامەیەك بۆ چاكسازی بەتامی كینەو تۆڵە !
2019-07-21 10:09:42
د.حلمی رەسول رەزا
بەرنامە یاخود گەڵاڵە نامە نووسین، لە كەسی دڵسۆزو پەرۆشەوە بۆ چاكسازی و دەربازبوون لە دۆخێكی چەقبەستوی وەك كوردستاندا بەتایبەتی بۆ حزبێكی ماندو و شەكەت و دڵسۆزی وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەگەر لە ناخێكی پاك و بێ گەردو بێ مەبەستەوە دەربچێت پێویست بە هەڵدانەوەی قەتماغەی برینەكان ناكات، بەڵكو پێویستی بە دەرخستنی نیەت پاكی و دەربازبوونە لە رووگیری بەرانبەر ئەوەی لە رابردوودا گوزەراوە.
بەوەی سەرو كارم لە گفتوگۆكردندا لەگەڵ كاك بەختیار دەردەچێت و لە ساڵی 1992 ەوە خوێنەرێكی باشی وتارو كتێب و چاودێرێكی باشی گوتەو گوفتارو رەفتاری ئەو سەركردەیەی نێو جوڵانەوەی كوردم، هەرچەندە لە تەمەنی ئەودا نیم و شاهید حاڵی رووداوەكانی ژیان و هەنگاوەكانی جەنابیان نیم، بەلام خوێنەرێكی تا رادەیەك باشی ئەو چەند ساڵەی هەڵگیرسانەوەی شۆرشی نوێ و رۆڵی ئەوم و كەم و زۆر لە كۆڕو كۆبونەوەكانی ئاگادارم. بۆیە لە پاش خوێندنەوەی گەڵالەنامەكەی كاك بەختیار تەنها چەند خاڵێكی جێ سەرەنج بە ئەكادیمی و دوور لە هەموو پێداهەڵدان و زەمكردنێك شەن و كەو دەكەم.
سەرەتا بۆ چاكسازی راستەقینەو واقیعی لەسەراپای پەیكەری یەكێتیدا پێویستی بە ئیرادەیەكە، رابردوو بە هەموو چاكەو خراپەكانیەوە تێپەڕێنێ، یان وەك خۆی ئەڵێت ئەزمونی لێوەربگیرێت، چونكە هەموو سەركردایەتی یەكێتی بەبێ جیاوازی بەشدارە لە سەركەوتن و شكستەكانیدا، لێرەدا ئەوەی جێگای سەرەنجی بەندەیە، كە كاك بەختیار خۆی لە لووتكەی دەسەڵاتی ئەو حیزبەدا بوەو زۆرترین بۆچون و بڕیاریش لە دانوستانەكاندا جەنابیان پشكی شێریان هەبوە و لێرەدا خۆ دەرخستن بە بێ تاوان و خاوەن بیرۆكە جوانەكان و دەرخستنی ئەوانی دی بە پلانگێڕو هەڵگیرسێنەری شەڕی ناوخۆ و دزی و فزی و .. تد، سەراپای گەڵاڵەنامەكە دەگاتە جێگای گومان، لەبەرئەوەی ئەگەر نەوەی تازە ئاگاداری رووداوەكان نەبن بەڵام خاوەن تەمەن و كەس و كارەكانمان لە دوور و نزیك و بە شێوەیەك لە شێوەكان رووداوەكانی سەرەتای هەشتاكانیان لە بیرەو دەزانن داڕێژەر و سەرەتای دەست پێكردنی ئینشیقاق و ئەملاولاو تەكەتول بازای لە كێوە دەستی پێكردوە.
دیارە هەموومان وەك یەك دەزانین بە بێ جیاوازی كە یەكێتی دۆخی خراپەو بە ئەنجامێكی خراپ گەیەنرا، و راستیەكەشی لەوە زیاتر نیە كە بۆ ماوەی سی ساڵی رەبەقە ئەو سەركردایەتیەی هەیەتی نەیهێشتوە گەنج و خوێنی نوێ بچێتە شادەمارەكانی ئەو حیزبەوە. لەلایەكی ترەوە دیسانەوە باس كردنی شەرعیەتی شاخ لەلایەن كاك بەختیارەوە دژ یەكە لەگەڵ بەرنامەكەی ئێستای، بەوەی جەنابیان تەنها رەخنە لەم 9 مانگەی دوایی دەگرێت كە بەشدار نەبوە لە دروست كردنی بڕیاردا بۆیە بە هۆكاری سەرەكی پاشەكشەی یەكێتی دەزانێت.
ئەو قسانەی ئێستا كاك بەختیار دەیانكات سەبارەت بە دۆخی نەبەستنی كۆنگرەو نەمانی دیسپلینی حزبی و گوێڕایەلی سەركردەو بنكەكان بۆ یەكتری، بۆچی لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا نەیدەخستە روو، یان هەڵوێستی لەسەر وەرنەگرتوە، مەگەر بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە نەبوو، یان وەك چۆن ماوەیەك باسی لە ئاوسانی ژێر زەمینەكان دەكرد بە دۆلار و پاشان لێی بێ دەنگ بوو، ئەمەش پەرچەكردارەو هیچی تر.
پێشبینیەكانی كاك بەختیار بۆ چەند ساڵی ئایندەی یەكێتی بە جدی جێگای تێڕامانە و بەتایبەتی پێنوێنی ئەوە دەكات پشێوی دروست ببێت و پارتی لە نمرە چوارەوە بەرەو نمرە یەك بجوڵێ لە دەڤەری سەوزدا، خۆ گەر ئەمە رووبدات، ئەوا بەدڵنیاییەوە بە هاندانی پرۆ پارتیەكانی نێو یەكێتی دەبێت نەك لێهاتویی پارتی خۆیی.
ئەوەی زۆر جێگای داخە گەڵاڵە نامەكە پڕیەتی لە كینەو كردنەوەی تۆڵە بەجۆرێك لە جۆرەكان، بەتایبەتی سەبارەت بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن د.بەرهەم ساڵحەوە و پێدەچێ ئەو شوێنە بە شیاوی فۆاد حسێن بزانێت و بە ئاراستەی وەرگرتنی ئەو پۆستە دواوە لەلایەن ركابەرەكەی یەكێتی یەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستانە.
سەیر لەوەدایە وەك دەوترێت شەركەر خۆی دەستی هەڵگرتوە بەڵام ناوبژیوان دەستبەردار نابێت، ئێستا كە پارتی تارادەیەك ئەوەیان قبوڵ كردوە، ئیتر مەبەست چییە كاك بەختیار بەشێكی بەرنامەكەی بۆ ئەو خاڵەتەرخان بكات، تۆ بڵێت كاك بەختیار دكتۆر فوادی لاپەسەندتر بێت لەد كتۆر بەرهەم بۆ ئەو پۆستە، یان مەسەلەكە رازیكردنی دڵی پارتییە لەسەر حسابی یەكێتی و كورد؟.
سەبارەت بە لەت لەت كردنی جەستەی یەكێتی، ئەگەر یەكێك بە وردی بیرەوەریەكانی كاك محمدی حاجی مەحمود بخوێنێتەوە دەبینێ رۆڵی كاك بەختیار چۆن و چی بوە، كە لەسەرەتای هەشتاكاندا رۆڵێكی كاریگەری هەبوە لەوەی كاكە حەمە لە غیابی مام جەلالدا لەناو یەكێتی بتارێنێ، ئەم قسەیە بۆ جیابونەوەكانی پێشووتریش هەر راستن، ئەوكاتە بەناوی كۆمەڵەوە دژایەتی هەموو رەنگێكی جیادەكرا لەناو یەكێتی بەمام جەلالیشەوە، كاك بەختیاریش خۆی تیۆریستی ئەم تێزە بوو.
ئەگەر بێینە سەر جیابونەوەی خوالێخۆشبوو كاك نەوشیروان مستەفا، بەهەمان شێوە كاك بەختیار رۆڵی سەرەكی هەبوە لە تارازندنی ناوبراو بەوەی رێكخستنی لەناو یەكێتی دروست كردوە و زانیاری زۆر هەڵەیان بە مام جەلال دابوو سەبارەت بە كاك نەوشیروان، بۆیە لە جیابونەوەشیدا رەوانشاد بەجۆرێك لە رێكخستن بێزار بوبو ئەسڵەن ئەو ئۆرگانەی لە ناو بزوتنەوەكەیدا دروست نەكرد. هەر ئەو قسانەی لەو كەین و بەینەدا دەكران وای كرد خێزانی مام جەلال و هەندێ بەرپرس دڵیان بەرانبەر كاك نەوشیروان و كاك بەرهەمیش كرمێ ببێت و بەدان پێدانانی زۆر كەس و خودی كاك نەوشیروان هەر جەنابیان بوون كە رۆڵی باشیان نەگێڕا لە نزیككەوتنەوەی یەكێتی گۆران و رێككەوتنەكەی نێوانیان بەموبارەكەی پارتی پەكخست.
دەربارەی هەڵوێستی كاك بەرهەم رون و ئاشكرایە كە دەیویست ئەو دۆخە خراپەی لە ماوەی غیابی ئەودا دروست بوبو تێی بپەڕێنێ و هاودیدەكانی خۆشی سەرپشك كرد وەك ئاكارێكی ئەخلاقی لە گەڕانەوەیان یان نەگەڕانەوەیان بۆ ناو یەكێتی، ئێستاش بەشێك لە رێگریەكان كە ماوەی هەشت مانگە لیستی ناوی هاودیدەكان دراوە بە مەكتەبی رێكخستن بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو یەكێتی كەچی رێگری زۆر هەیەو هەر رۆژەی بەهانەیەكیان پێ دەگێرێت كە ئەمە لە بنەڕەتدا دروست كردنی رۆحیەتی تەكەتولاتە نەبا پێگەی دكتۆر بەرهەمی پێی بەهێزتر بێت لەئایندەدا.
هەرچی دیاریكردنی ئەندامەكانی حكومەتە لەلایەن یەكێتیەوە، بە شایەدی زۆربەی زۆری سەركردایەتی یەكێتی كاك بەرهەم رۆڵی سەرەكی هەبوە لە بچوككردنەوەی كێشەكان، كاتێ گومانی ئەوە دەكرا یەكێتی نەتوانێت كاندیدەكانی بۆ حكومەت دیاری بكات، بەڵام یەكێتی تەحەدای كردو لە ماوەیەكی زۆر كورتدا توانی ئەو پرسە یەكلا بكاتەوە، جا ئەگەر كاك بەختیار رۆڵی نەبووە لەوەدا ئەوە پەیوەندی بەو خۆسست كردنەوە هەیە كە خۆی بۆ خۆیی دیاریكردوە، بۆیە هەق وابوو بەرنامەكەی بەدەستخۆشی ئەو هەڤاڵانە دەستی پێبكردایە كە توانیان لەغیابی ئەو جیاواز لەجاران گفتوگۆیەكی سەركەوتویان لەگەڵ پارتی ئەنجامداو گورو تینێكیان خستەوە ناو ئەندامانی یەكێتی و لاسەنگییەكەی سەردەمی ئەویان راست كردەوە.