Draw Media

سـلێمـــانـی شـاری رەشـــەبــای سیــــاسی

سـلێمـــانـی شـاری رەشـــەبــای سیــــاسی

2019-07-17 06:01:23


+ هێمن كەریم  

ئەگەر چی ئەم شارە وەك زۆرێك لە شارەكانی دی مێژوێكی زۆر دێرینی نییە، بەڵام زۆرزوو دەركەوتوە و بە كۆمەڵێك خەسڵەتی تایبەت ناسراوە، بەو خەسڵەتانەش ناوبانگی تایبەتی دەركردوەو بەپێی سەردەمەكان چەندین نازناوی سەیری بەدەست هێناوە، وەك (شاری شاعیران، شاری ئەدەب، شاری هەڵمەت و قوربانی، شارە حەیاتەکە، مدینە الصعبە) زۆربەی هەرە زۆری نازناوەكانیشی لە بەر وریایی و بە ئاگایی خەڵكەكەی وەریگرتووە.

  لەهەر پوینتێكدا ئەگەر خزمەتكرابێت خزمەتی خزمەتكاری كردووە و ئەگەر بە پێچەوانەوە غەدری لێ‌ كرابێت ئەوا توندبووە لە وەڵامدانەوە، لەزۆرێك لەروداوەكانی مێژوشدا خەسڵەتی كوردبوون و كوردایەتی و لەدروشمەكانیشی لە تایبەتمەندیەكانی ئەو شارەبوون.
بەڵام هەر گروپێك و لایەنێك و حیزبێك ویستێتی دروشمەكانی فەرامۆش بكات و بابەتەكەی بەلارێدا بردبێت زوبەزوی ئەم شارە لێی هاتوەتە دەنگ ئەگەر هەرچەندە پیرۆزیشكرابێت، بەنمونە:

ئەگەر ئاورێك لەچلەكانی سەدەی رابروو بدەینەوە، دەبینین لەسلێمانی گەر كەسێك پارتی (كە رەمزی كورد بوون بوو) یان شیوعی(كە رەمزی پێشكەوتن خوازی بوو) نەبوایە، ئەوا تا ئەندازەی عەیبە عەیبە بوو، بەڵام دوای بڕیاری تاكە كەسی و دوركەوتنەوە لەخاسڵەت و تایبەت مەندییەكانی سلێمانی و هەروەها هەرەس هێنان بە شۆڕش بە ناوی نسكۆوە و گەندڵی و فێڵكردنی هەندێ‌ بەرپرسی حیزبی شیوعی بەناوی سەقافەی شوعیەتەوە لە سلێمانی.

دەرەنجام لە سلێمانی (پارتی و شیوعی)ببونە عەیبە، ئەمەش تا ساڵی 1996 بە هێمنی درێژەی كێشا و دوای 31ی ئاب دیسانەوە سلێمانی بە چاوی قەهرەوە لە پارتی روانیەوە و تەنانەت قەتماغەی برینە كۆنەكەشی بەسەردا هەڵدرانەوە، لەو ساڵەوە تا ئێستا پارتی نەك هەر جێگەی خۆی لەو شارە نەگرتەوە بەڵكو رۆژ بەرۆژ لاواز تربوو.

دوای ساڵی 1976 و دروست بوونی یەكێتی زۆربەی هەرە زۆری خەڵكی ئەم شارە رویان لەو حیزبە نوێیە كرد و لە ریزەكانی خەبانی نهێنی و چەكداری بوونە ئەندام، ئەمەش تا راپەڕینی 1991 و بە سەردەمەكانی شەڕی ناو خۆشەوە بەردەوام بوو، سلێمانی یەكێتی خستە لوتكە.

  ئەو دڵسۆزیەشی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە كە یەكێتی دەیەویست بەجدی خزمەتی ئەم شارە بكات، بەڵام هەر هێندەی لە دروشمە سەرەكیەكانی لایدا ساڵی 2013 گەورە ترین زەربەی  لێدراو یان وەک تۆڵە تۆڵەی لێکرایەوە، بەشێوەیەک نەك لە پلەی یەكەمدا نەمایەوە بەڵكو گەیشتە پلەی سێەم و زۆرینەی خەڵك رویان كردە بزوتنەوەی گۆڕان و ئەویان كردە سەرمەشق و نوێنەری خۆیان و تەواوی گلەیەكانیان دایە دەست نوێنەرەكانیان.

بزوتنەوەی گۆرانیش دوای یەكەم هەنگاوی لادانی لەمەبادیئەکانی سلێمانی کەوتە بەرهێرشی تۆڵەی ئەم شارە، هەر بۆیە هێندە بچوك بووەوە كە لە هەندێ‌ دانیشتندا بانهێشت نەدەكرا، رەنگە لە ئایندەشدا چەندین حزبی تر دروست ببن كە ئەگەر راستگۆ نەبن لەگەڵ ئەمشارەدا دەبێ‌ چاوەڕێی تۆڵە بكەن.

هەندێك دەڵێن سلێمانی لەروی سیاسیەوە لەدوای شارەكانی تری كوردستانەوەیە، كەبۆ ئێستامان من بروام بەم گریمانەیە هەیە بەڵام لەروی فكری سیاسی و تەوژمی نوێ بوونەوە سلێمانی لەپێش سەرجەم شارەكانی كوردستانەوەیە.

  كەئەوەش هۆكاری ئەو فۆرمەلە كردنەی خۆی و سەرجەم هێزەكانی ناویەتی كە تەواوی هیزەكان ناچاردەكات لەگەڵ سلێمانی خۆیان بگونچێنن و بەردەوام قبوڵی رەخنەو بەرزكردنەوەی رازینەبوونی ئەم شارەبگرن و خۆیان تازەكەنەوە. تازەكردنەوەش وەك فكرێكی یاخی و نارازیی بوون لەسەرەتادا سەیری دەكات و هەژماری دەكات.

ئەو فكرەش ووشەیەكی كورتەو بەڵام دەمێنێتەوە بۆمێژوو شكۆ دەبەخشێتە هەر هێزوو لایەنێك كەبەرامبەر بەمییراتی سیاسی بەرزی دەكاتەوە، ئەویش ووشەی ( نەخێرە) كە هەرگیز ئەم ووشەیە لەسلێمانی ناكرێتەوەو ئامادە دەبێت جەهەندەمێك بۆ خۆی دا بگرسێنێت، بەڵام مل نەداتە نا راستگۆیی بەردەوام گۆرانكارییەكان لەنارەزایی و ووشەی نەخێرەوە خۆی ئەبدەیت دەكاتەوە.

ئەو نەخێرەش مێژوویەكی هەیە كە لە شەستەكانی سەدەی رابردوەوە وەك میژونووسان باسی دەكەن لەلایەن مامۆستا ئیبرایم ئەحمەدەوە بەرامبەر بەپارتی و تەنانەت بنەماڵەی بەرزانی بەرزكراوەتەوە، كەخودی مامۆستا ئیبرایم ئەحمەد خاوەندارێتیەتی.

  رەنگە بەگوێرەی مێژوی شۆرش و هەژموونی حكومرانی ئەم نەخێرە كاڵبونەوەی بەخۆی بینبێت، لێ بەردەوام بوونی هەرماوەو وەك فكرێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی تائێستا وجودی هەیە لەشەقامی كوردی و بەتایبەتی سلێمانی ، ئەو نەخێرەش ئەو پارسەنگەیە كە هەرهێزێك بیكاتە دروشم دەتوانێت شەقامی سلێمانی بەئەرێنی بۆ خۆی مسۆگەربكات، کەئەمەش   لەپاش نەخۆش کەوتنی کاریزمایەکی وەک  (مام جەلال) لەسەردەستی خاتوو ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد  بەدیدەکرا ، ئەوکاتەی لەرێگەی ناوەندی بریارەوە، دەویسترا ئەو نەخێرە سیاسیە تەسلیم بکرێت. بەڵام ئەو خانمە زۆر بەئامانەتەوە بەرگری لێکردوو لەناو یەکێتی ھێشتیەوە، لە ئێستاشدا و لەدوایی باری تەندروستی خاتوو ھێرۆ ئەو نەخێرە سیاسیە بەرەو کاڵ بونەوە دەروات، بەو پێیە یەکێتی بوونیش لەکاڵ بوونەوەدایە!.

نەوشیروان مستەفا وەك کارەکتەرێکی سیاسی گەورە تەواو لەو تێروانینە تێگەیشتبوو، بۆیە هەژمونی شەستەكانی سەدەی رابردووی سلێمانی بەسەر بزوتنەوەكەیدا لانەدا هەتا ئەوكاتەی لەژیاندا مابوو هەرگیز بروات نەدەكرد كەتەسلیم بووە یان رازی بوە بەبێ ئەویش هیچ گۆرانكارییەك وەك خۆی نەدەكراو ناقس دەردەچوو، هەر لەسەر ئەو (نەخێرە سیاسیە) بەردەوامبوو.

ئەو نەخێرە سیاسیە ، نەخێرێك نیە، تەنها بۆ بەرژەوەندی پشكێك و كێكی حكومەت رێككەوتنی پێبكرێت ، بەڵكو بۆ ئەوەیە كەرازی نەبوونە بەرەوو سیستەمی بەرپاكردنی چەمكی حكومرانی لەباشوری كوردستاندا.
تەنانەت فۆرمی وەلانانی خێڵەكی و بەبنەماڵەی كردنی حكومرانی لەهەرێمدا لەنێوان ئەو نەخێرەدا دەخولایەوە. 

یەكێتیش وەك هێزێك ئەوەی هێشتویەتیەوە ئەو نەخێرە مێژوویەیە كەجاربەجار بە بەرزی رووبەروی پارتی دەكرێتەوەو وەك هێزێك چەمكی میراتی بەبنەماڵەی كردنی و كۆی حكومرانی لەپارتی وەرگرتۆتەوە.
راستە یەكێتی لەروی خزمەت گوزاری و گروپە جیاوازەكانی ناو سەركردایەتیەكەی خراپترین ئەدایی سیاسیان پێشكەش بەسلێمانی كردووە، بەنەوعێك زۆربەكەمی سەركردەیەكی سیاسی یەكێتی دەدۆزیتەوە، هێندەی لەخەمی پرۆژەو خزمەتی خۆیەتی هێندەی لەخەمی پرنسیپ و ئەداو مێژووی یەكێتی نەماوە.

 بۆیە بەهۆكاری مێژوویەكەی گەر یەكێتی بەفریایی خۆی نەكەوێت، ئەوا سلێمانی یەكێتی بەجێدەهێڵێت، ئەو سلێمانییەی كە ئاڵای قبوڵنەكردنی كوێخایەتی لەشەستەكانەوە لەسەردەستی مامۆستا ئیبرایم ئەحمەد هەڵكردوە، لەسەردەستی كۆچكردوو تاڵەبانی پەری پێدراو  لەقۆناخی دروستکردنی ناوەندی بریاری ناویەکێتی، ھێرۆخان بەھێزەوە ئەو نەخێرە سیاسییەی لەناو یەکێتی زیندوو کردەوەو، لەمێژوی نەشیروان مستەفاش بەبەرزی ئەو دەنگە بیسترایەوە، کەوایە گەریەكێتی نەگەرێتەوە بۆ ئەو مێژوە ئەوا سلێمانی یەكێتی بوون دەكاتە مێژوو، وەك شیوعی بوون و گۆران بوونی ئێستایی لێدەكات و هیزێكی نوێ دەكاتە سەنتەروو رووبەریی ئەو خێڵكەییە دەبێتەوە، هەر لەبەر ئەوەشە کەنەمر پیر مێردی شاعیرسەبارەت بە سلێمانی دەفەرموێت: سلێمانی شاری رەشەبا، ئاگات لێی نەبێت كڵاوت دەبا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand