Draw Media

سەبارەت بە دروستکردنی حزبی تازە

سەبارەت بە دروستکردنی حزبی تازە

2019-07-16 15:56:06


 + ئاراس مەسیفی  

شکستهێنانی دەسەڵات لەلایەک و شکستخواردنی ئەو حزبانەی کە لە رابورد و ئێستادا خۆیان وەکو ئوپۆزیسیۆن بەرجەستە کردوە لە گێڕانی ئەو رۆلەی بۆ خۆیان دیاری کردوە لەلایەکی ترەوە، بۆشایێکی گەوری لە کار و کایەی سیاسی دروست کردوە. ئەمەش پرسیارێکی گرنگی بە دوای خۆیدا هێناوە کە ئەم بۆشاییە چۆن پڕبکرێتەوە؟
 
بە رەچاوکردنی ئەو راستیەی کە نەک تەنها لە رابردو نزیکەی 50٪ هاوڵاتیان بەشداری هەڵبژاردنەکانیان نەکردوە و خۆیان لە پرۆسەی سیاسی بە دورگرتوە، بەڵکو نەوەیەکی تازەش کە لە دوای روخانی رژێمی سەددام هاتونەتە دونیاوە، لەساڵانی داهاتودا بەرەو تەمەنی هۆشیاری و چالاکی سیاسی هەڵدەکشێن، دەتوانین بەدڵنیایەوە بگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە بۆشایی و دابڕانی نێوان دەسەڵات و هاوڵاتیان تا دێت فراوانتر دەبێت. جگە لەمەش چاوەڕوانی و ویستی هاوڵاتیان بۆ ژیانێکی باشتر بەردەوام لە هەڵکشان و بەرزبونەوە دایە.

لە بەرامبەردا بڕوا و گومانێکی رەوا هەیە لەوەی کە دەسەڵات و حزبەکانی دەسەڵات توانای ئەوەیان هەبێت لە ئاستەنگیەکان و پێداویستیەکانی داهاتو تێبگەن و بتوانن وڵامی پێویست و شایستەیان بۆ داواکاری و چاوەڕوانیەکانی هاوڵاتیان هەبێت، چونکە ئەزمونی رابردویان سەلماندویەتی کە بەو سەرمایە فیکری و زانستی و مادی و مرۆیەی بەردەستیان تەنها دەتوانن بەشیکی کەمی هاوڵاتیان سودمەند و بێدەنگ بکەن. کەواتە هەم ئەوانەی ئێستا خۆیان لە پرۆسەی سیاسی بە دورگرتوە، هەم ئەوانەی لە حزبە ئوپۆزیسۆنەکان بێئومید بون و دەبن و هەم ئەو نەوەیەیی لە ساڵانی داهاتودا پێدەگات، ئەو زۆرینەیەی کۆمەلگە پێک دەهێنن، کە سیستەم و دەسەلاتی سیاسیان بەو شێوە و جۆری ئێستا قبوڵ نیە و نابێت. لەگەڵ زۆربونی دەنگی نارازیش، بۆشاییەکەش فراوانتر دەبێت. لە دەرئەنجامدا ئەگەرەکانی پڕکردنەوە ئەو بۆشاییەش زیاتر و فرەلایەن تر دەبن. یەکێک لە ئەگەرەکان، پرسی دروست بونی حزبێک یان بزوتنەوەیەکی تازەیە.
پێشمەرجی باسکردن لە مەرجەکانی سەرکەوتنی هەر حزبێکی تازە لە هەرێمی کورستاندا کە نەیەوێت بەدەردی ئەوانی تر بچێت و نەبێتە هۆی بێهیواکردن و بە فیرۆدانی رەنجی نەوەیەکی تر، تێگەیشتنە لە سروشتی دەسەڵات و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی. تەنها بە خوێندنەوە و پێناسەکردنێکی دروست و راستەقینەی سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان، دەتوانرێت ئەرک و ئامانجی راستەقینەی حزبی سیاسیش تیایدا دیاری بکرێت.

تێگەیشتن لە سروشتی دەسەڵاتی هەرێمی کورستان 

بونیاد و پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا تێکەڵەیەکی زۆر ئاڵۆزە. تێگەیشتن لێی کاری زانستی ورد و درێژی پێویستە. لێرەدا من تەنها تیشک دەخەمە سەر ئەو خاڵانەی دەسەڵات کە هەر حزبێکی سیاسی پێش دروست بونی، دەبێت بە وردیی لێیان تێبگات و قوڵببێتەوە، وڵام و بەرنامەی واقیعی و دروستی بۆیان هەبێت. 

گەرچی لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتێکی نیشیمانی ناوەندی بەروکەش بونی هەیە کە حکومەت و پەرلەمان و دەزگاکانی ترن، بەڵام دەسەڵاتی راستەقینە، دەسەڵاتی حزبیی پارتی و یەکێتیە کە هەر یەکێکیان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەزگا و ئامرازی پەیڕەوکردنی دەسەڵاتی تایبەت بە خۆیان هەیە. پایەکانی دەسەڵاتی راستەقینەی پارتی و یەکێتی هێزی چەکدار، دەزگاکانی هەواڵگیریی و ئاسایش، کۆمپانیاکانی ئابوری و دەزگا میدیایەکان و رێخکراوە بەناو مەدەنی و خێرخوازیەکانن. دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کورستان تەنها ئامرازێکن، لەلایەک بۆ هەماهەنگی لە نێوان بەرژەوندیەکانیان و بەریەک نەکەوتنیان و لەلایەکی ترەوە بۆ بەدەستهێنانی رەوایەتی یاسایی ناوخۆیی و دەرەکیی لەرێگەی هەلبژاردنەکانی پارێزگاکان و پەرڵەمان. 

هەردو دەسەڵاتە حزبیەکە رەوایەتی ئایدۆلۆژی خۆیان لە بزوتنەوەی کوردایەتی وەردەگرن. کوردایەتی بەشێکی دانەبڕاوی دونیابینی حزبیانە. پارتی و یەکێتی خۆیان بە میراتگری کوردایەتی دەزانن کە تا ئێستاش ئامادەیەکی قوڵ و رۆحیی لە ناخی بەشێکی زۆری تاکی کوردا هەیە، بەتایبەتیش نەوەی شۆرش و راپەڕین و نەوەی پێش روخانی رژێمی بەعس. هاوکێشە و پەیوەندیە ئێقلیمیەکان کۆلەکەیەکی تری دەسەڵاتی پارتی و یەکێتین کە هەریەکێکیان پەیوەندی و پەیوەستبونی تایبەتی حزبیان لەگەڵ ووڵاتانی ئێقلیمی و دەرەوەدا هەیە. 

کەواتە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەکرێت دابەش بکرێت بۆ سەر چوار کۆلەکەی سەرەکی. کۆلەکەی یەکەم دەزگا و ئامرازە راستەقینەکانی چەسپاندن و پەیڕەوکردنی دەسەڵاتن کە سەر بە هەردو حزبەکەن لە دو جوگرافیای جیادان. کۆلەکەی دوەم ئایدۆلۆژیا یاخود دونیابینیە کە خۆی لە کوردایەتی وەکو بزوتنەوەیەکی نەتەوەی بەرجەستە دەکات و هەردو حزبەکە بۆ رەوایەتی دان و پاساوی دەسەڵاتی خۆیان بە باش و خراپ سودی لێوەردەگرن. کۆلەکەی سێیەم دەزگا یەکگرتوەکانی حکۆمەتن کە تەنها وەزیفەی هەماهەنگی و کۆکردنەوەی نێوان هەردو دەسەڵاتە حزبیەکەیە کە لە رێگەی پرۆسەی رۆکەشی هەلبژارنی پەرلەمان رەوایەتی یاساییی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ دەسەڵاتەکانیان دەستەبەردەکەن. کۆلەکەی چوارەمیش پەیوەندی و پەیوەستە ئێقلیمی و نێودەوڵەتیەکانە. 

ئەرک و ئامانجی حزبی تازە لە سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان
 
گرنگی و پێویستی هەر حزبێکی تازەی سەنگین و جدی لەوەدایە کە لە حزبەکانی تر، بە تایبەتی پارتی و یەکێتی نەچێت و تەواو لێیان جیاواز بێت. خاڵێکی لاوازی حزبەکانی تری کۆن و تازەی ئۆپۆزیسیۆن ئەوەبوە کە نەیانتوانی یاخود نەیانویست لە سروشتی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی تێبگەن، هەر لەبەر ئەمەش بە پێی کات یان بون بەشێک لە ئەجیندای دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی یاخود کەوتونەتە پەراوێز. نمونەی یەکەم بزوتنەوەی گۆڕانە، نمونەی دوەم حزبە ئێسلامیەکانن. 

هەر حزبێکی تازە، ئەگەر بیەوێت سەرکەوتو بێت، دەبێت بەرنامە و وڵامێکی گشتگیری بۆ هەر چوار پایەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت. حزبی تازە دەبێت ئەوە راستیە رەچاو بکات کە دەسەڵاتی راستەقینە لە هەرێمی کوردستان دەرئەنجامی هەلبژارنی پەرلەمانی نیە، بەڵکو بنەما و پایەکانی هێزی چەکدار و ئەمنی، هێزی ئابوری و میدیای زەبەلاح و پەیوەندیە ناوخۆیی و ئێقلیمیەکانی حزبیە لە دو جوگرافیای جیادا، نەک دەسەڵاتێکی ناوەندی نیشتیمانی لە یەک جوگرافیادا کە لەرێگەی پرۆسەی هەلبژاردنێکی نیشتیمانی دەسەڵات تیایدا دەستاودەست دەکرێت. هەر حزبێکی دەرەوەی یەکێتی و پارتی ئەگەر لە هەلبژارنەکانی پارێزگاکان یاخود پەرلەمان زۆرینەش بەدەست بهێنێت، ناتوانێت ببێتە خاوەن یاخود هاوپشکی راستەقینەی دەسەڵات، بەڵکو لە باشترین دۆخدا دەتوانێت پارێزگارێک یاخود چەند وەزێرێکی هەبێت کە ئەوانیش بە حوکمی واقیع دەبنەوە بەشێک لە ئەجیندای دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی. لەبەرامبەریشدا شەرعیەتی یاسایی ناوخۆیی و دەرەکی دەدەنە دەسەڵاتێک کە خۆیان نە خاوەن نە هاوپشکی راستەقینەن تیایدا. وەزیرەکانی گۆڕان و پارێزگاری ئێستای سلێمانی نمونەیەکی زیندوی ئەم راستیەن. کەواتە دروست کردنی حزب تەنها بۆ قۆستنەوە و رێکخستنی نارەزایەکان بە مەبەستی بەشداریکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و بەشداری روکەشیانەی دەزگاکانی حکومەت جگە لە دەوڵەمەند کردن و پێگەیاندنی چەند کەس و بنەماڵەیەک، لە کات بەفیرۆدان و بێ ئومیدکردنی نەوەیەکی تر هیچی تری بەدواوە نابێت. 

کەواتە دەبێت حزبی تازە چۆن بێت و چی بکات؟

حزب یاخود هەر جولانەوەیەکی تازە دەبێت وەکو مەرجی سەرەتا راستگۆیانە و چاونەترسانە لە رۆی ئایدۆلۆژیەوە کوردایەتی تێبپەرێنێت. دونیابینێک پێشبخات کە توانای ململانێی کوردایەتیەکەی پارتی و یەکێتی هەبێت و خۆی وەکو جێگیرەوە پێش بخات. لە روی کرداریدا دەبێت بێمنەتانە نەک تەنها بایکۆتی بنیاد و پرۆسەی سیاسی ئێستا بکات کە ژێرخان و سەرخانەکەی لە ژێر هەژمون و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دایە، بەڵکو بە رەچاوکردنی تایبەتمەندیە ناوچەیەکان لە رێگەی خەباتی بنچینەی هەرەوەزی مەدەنی و جەماوەری لەسەر ئاستی گوند، و شار و شارۆچکە، ویست و داواکاری هاوڵاتیانی ناڕازی فۆرمەلە بکات، رێک بخات و ئاڕاستە بکات. لەم رێگەیەوە دەتوانێت بنیاد و پێکهاتەی لۆکالی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لە ڕەگەوە لەق بکات و ناچاری گۆڕانکاری و چاکسازیان بکات. ئەم باسە هەڵوەستە لەسەرکردن و دەوڵەمەندکردنی زیاتری پێویستە کە دەکرێت لە بابەتێکی تایبەتدا بە دور و درێژی رونبکرێتەوە. 

لە روی یاساییەوە بایکۆتی پرۆسەی روکەش و درۆینەی هەلبژاردنەکان بکات تا رەوایی یاسایی ناوخۆیی و دەرەکی دەسەڵاتی ئێستا بخاتە ژێر پرسیار و گومانەوە. بە سود وەرگرتن لە چوارچێوەی دەستوریی و یاسایەکانی عێراق پەیوەندی ستراتێژی و تاکتیکی لەگەڵ هێزە عێراقیە دۆستەکان دروست بکات بۆ ئەوەی کاریگەری پارتی و یەکێتی لە بەغدا و پەیوەندی و پەیوەستیە حزبیەکانی پارتی و یەکێتی لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی لەسەر پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا کەم و کاڵ بکاتەوە. 

لێرەدا پرسێارێک دێتە ئاراوە کە ئایا تە چەند مەرج و زەمینەی سەرکەوتن بۆ ئەم جۆرە کاری حزبیە لەبار و بەردەستە؟ ووڵامەکەی ئاسان نییە، چونکە هەمو کارێکی نوێ و تازە پێویستی بە دونیابینیی کامڵ و رەوان و پتەوە و میکانیزمی کرداریە کە بێگومان لە سەرەتادا روبەروی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە. بە بۆچونی من ئەگەر ئێستا مەرج و زەمینەی کارێکی وا لەباریش نەبێت، ئەوا دەکرێت کاری لە پێشینەی ئێستا دروست کردنی زەمینە و رێگەخۆشکردن بێت بەو ئاڕاستەیە، لە جیاتی دوبارکردنەوەی هەڵەکانی رابوردو، چونکە بە ئاوردانەوەیەک بۆ رابردو بۆمان دەردەکەوێت کە رێگاکانی تر تاقیکراونەتەوە و نەک تەنها ئامانجەکانیان نەپێکاوە، بەڵکو بە شێوەیەکی وا شکستیان خواردەوە کە لە دەرئەنجامدا نەوەیەکیان بێ ئومێد کردوە و پرۆسەی سیاسیان بۆ چەندین ساڵ گەڕاندۆتەوە دواوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand