ئەوجا پارتی دەسەڵاتی گرتە دەست
2019-07-15 09:34:32
+ رێبوار کەریم وەلی
(1)
زۆرجار كە لەگەڵ رەوانشاد نەوشیروان مستەفادا دادەنیشتین، پرسیاری وەزعی دەكرد (بەتایبەت ئەو كاتانەی كە بە فیتی یەكێتی گرژییەكی زۆر لە نێوان پارتی و گۆڕاندا هەبوو) و لەسەر هەندێك شت دەیویست بزانێ هەڵوێستی پارتی چییە؟ ئێمەش كەم تا زۆر ئەوەمان بۆ نەقڵ دەكرد كە لە دەوروبەری سەرۆك نێچیرڤان بارزانییەوە دەمانبیست و زۆربەیان ئیجابی بوون. ئەو دەیگوت: "ئەوەیان دەزانم، پارتی دەڵێ چی؟".
بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی ئەو حكومەتە كە رۆژی 10ی مانگ لەلایەن سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانییەوە راگەیەندرا، ئەگەرچی بەرنامەی هاوبەشی هەموو حزبە بەشداربووەكانە تا هەڵبژاردنی داهاتوو، بەڵام روانگای پارتی بەسەریدا زاڵە. روانگای پارتیش بۆ حوكمڕانی تەنها پەیوەست نییە بە حكومەتی هەرێمەوە، بگرە روانگایەكی ستراتیژییە بۆ ئیدارەدانی پارتیش لە داهاتوودا كە ئێرە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان. ئەگەر ئەم روانگایە، بەو ستاف و بەرنامەیەوە سەربگرێ، ئەوە بۆ ئاییندەی پارتیشە كە ساڵانێكە كاری بۆ دەكرێت.
كابینەی نۆیەمی حكومەت وەكو میلادێك وێنا دەكرێت كە هیچ رەبتێكی بە رابردووی حوكمڕانیی پارتییەوە نییە. رێك وەك ئەوە وایە كە تازە پارتی حوكمی گرتبێتە دەست. وەك ئەوە وایە كە پارتی قەت لە كۆی 8 كابینە، سەرۆكایەتی 5 كابینەی نەكردبێت و 12 ساڵیش سەرۆك بارزانی، لە لووتكەی دەسەڵاتی جێبەجێكردندا نەبووبێت، وەك ئەوە وایە كە قەت لیژنەی جیاجیا بۆ قەڵاچۆكردنی گەندەڵی و چاكسازی و پاكسازی پێكنەهێنرابێت و گەندەڵیش نەكرابێتە فەرهەنگ، چونكە فەرهەنگسازی لە سەرەوەڕا دەكرێت!
لە پشكی پارتی لە حكومەتدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم، گوازراوەتەوە بۆ ناو حكومەت و لە پێناو راگرتنی باڵانسی ناوچەییش، كارەكتەرەكانی كابینەكانی پێشوو بەلاوە نراون. لە كاتێكدا حكومەتی نوێ دوو كەسی بە پلەی وەزیر تێدایە كە هیچیان قۆناغی ناوەندیشیان تەواو نەكردووە، بەڵام بە ئەمری واقیع و تەحەددای پێكهێنانی حكومەت، بە ناچاری قەبوڵ كران.
پارتی غەدر لە خۆی دەكات ئەگەر بیەوێ ئەو كابینەیە وەكو میلادێك وێنا بكات، چونكە ئەوەی ئەمڕۆ دەستی كەوتووە بەرهەمی رابردووە، بەرهەمی هەستانەوەی دوای ریفراندۆمە و بەرهەمی كرانەوەی دەرگاكانی دنیایە بەسەر كوردستاندا. كەچی ئەوەی لە دەرەوەڕا دەبینرێ، ئەوەیە كە پارتی لەناوخۆیدا كودەتایەكی سپی كردووە نەك جێگۆڕكێی كارەكتەرەكان.
تا قوباد، قوبادی مام بوو
(2)
دەنگدان بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت، نمایشێكی قودرەت و هەندێكیش تۆڵەسەندنەوە بوو. قوباد تاڵەبانی لە هەڵبژاردنەكاندا وەكو سەرۆكی لیستی یەكێتی زۆرترین دەنگی هێنا بۆ ئەوەی پێگەی خۆی وەكو جێگری سەرۆكی حكومەت بپارێزێت و لە ئەگەری بەستنی كۆنگرەشدا بچێتە جێگەی مام جەلال. لە كابینەی هەشتەمدا بە تكاو رجای كۆسرەت رەسوڵ و سەرۆك بەرهەم ساڵح، پارتی رەزامەندیی نیشان دا كە ببێتە جێگری سەرۆك وەزیران، بەڵام ئەمجارە لە دەستنیشانكردنی پۆستەكانی یەكێتی بۆ حكومەت، هەر ئەم دوو ناوە تەنگیان پێ هەڵچنی! ئەگەرچی ماوەیەكی زۆر یەكێتی لە دانوستاندن لەگەڵ پارتیدا شەڕی ئەوەیان بۆ قوباد كرد كە تاكە جێگر بێت، بەڵام دوایی وەرەق هەڵگەڕایەوە.
قوباد تاڵەبانی كە لە دەنگدانی پێشوو بە كابینەی هەشتەم لە سەركوەزیرانیش دەنگی زیاتر هێنابوو، ئەمجارە (گوایە لەبەر ئەوەی یەكێتی دەنگیان بە سەرۆكی هەرێم نەداوە) لەلایەن پەرلەمانتارانی پارتی و گۆڕانەوە سزا درا.
راستییەكەی بەرنامە وابوو كە قوباد تاڵەبانی بە هیچ شێوەیەك هاوتای سەرۆك وەزیران دەنگ نەهێنێ. رەنگبێ پارتییەكان لە هەندێك هەڵوێست و لێدوانی پێشووتری قوباد تاڵەبانی تووڕە بووبن، بەڵام مەعقولیش نەبوو، بێگەرد تاڵەبانی كە یەكێك لە عەڕابەكانی 23ی حوزەیران بوو، ئەو هەموو دەنگە بهێنێ!
ئێستا قوباد تاڵەبانی تاكە نوێنەری سەرۆك نێچیرڤان بارزانییە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا. پەسن و مەدحەكانی سەرۆك نێچیرڤان لە كاتی ماڵئاوایی لە حكومەت بۆ قوباد تاڵەبانی كە بە "پیاوی دەوڵەت" وەسفی كرد، رەنگبێ وایكردبێت كە كەوتبێتە بەر غەزەبی پەرلەمانتارانی پارتی. ئیتر قوباد قوبادی مام نەماوە و، ئەو ناز و دەسەڵاتەشی نامێنێت كە لەسەردەمی سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانیدا هەیبوو.
پارەكە دەدەن بە كێ؟
(3)
وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوایە بە نیازە لە بەرامبەر سەیركردنی تەلەڤزیۆن پارە لە هاووڵاتیان وەربگرێت. مەوزووعەكە دەبرێتە پەرلەمان و لە لیژنەی پەیوەندیدار باس دەكرێت. لە بەشێك لە وڵاتانی ئەورووپا باجی سەیركردنی تەلەڤزیۆن هەیە، هەموو ئاپارتمان و ماڵەكان دەتوانن سوود لە چەند كەناڵێكی رەسمیی دەوڵەت (نەك حكومەت) وەربگرن. ئەو كەناڵانە دەزگای پڕوپاگەندەی هیچ حزبێكی سیاسی یان لایەنی دەسەڵاتدار نین و كارمەند و بودجەی كەناڵەكانیش لە باج دابین دەكرێت. ئەوەش هی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە و ساڵانێكە هەیە.
لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا و ئامرازەكانی گەیاندن، خەڵك كەمتر سەیری تەلەڤزیۆن دەكەن و لە هەندێك وڵاتیش تەنانەت بیر لە لابردنی ئەو باجە دەكەنەوە. تازە بە تازە لە كوردستان ئەو باسە تەڕح دەكرێت. ئەوەش لە كاتێكدایە لە كوردستان نەك دەوڵەت بگرە حكومەتیش یەك كەناڵی تەلەڤزیۆنیی نییە. تەلەڤزیۆن و میدیا نەك هی حزبەكانن، بگرە لەناو حزبەكانیشدا هی چەند لایەنێكن. كەواتا ئەوە بیرۆكەیەكە لە رابردوو ماوەتەوە و باسكردنی بۆ ئێستا نەك هەر مومكین نییە، ئەگەر مومكینیش بێت، دیار نییە داخۆ هاووڵاتی پارەی سەیركردنی كام كەناڵ دەدات.