Draw Media

فۆبیای دكتۆر بەرهەم..!

فۆبیای دكتۆر بەرهەم..!

2019-07-14 20:41:59


+  لوقمان حاجی قادر  

  بەدەر لە پێداهەڵدان، دكتۆر بەرهەم كەسایەتییەكی سیاسی و دپلۆماتكارێكی سەركەوتووە، لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە و جیهانیش تاڕادەیەكی زۆر هەروا ناسراوە، بەڵام بەپێچەوانەی ئەوەی كە كورد لەهەمووكاتێك زیاتر پێویستی بەكەسانی دبلۆماتكاری سەركەوتووە،  دەبوایە  دكتۆر بەرهەم و هاوشێوەكانی لەدەرەوەی ئاراستە باوە حزبیەكە، بایەخێكی زیاتریان پێدرابایە و هاوكاری بكرانایە، بەڵام بەداخەوە هەندێك لەسیاسییەكان لەم سەركەوتنەی ئەو، تووشی فۆبیا بوون و هەندێكی دیكه‌شیان زیاتر لەوە تووشی كینەیەكی موزمین بوون، هەر بۆیە دژی دكتۆر به‌رهه‌م، به‌ زه‌ڕه‌بینه‌وه‌ بە شوێن هەنگاوەكانیه‌وه‌ن، تا ڕقی خۆیان لە ڕێگەی دژایەتی كردنییەوە بڕێژن.
   ئەشێت لەناو سیاسییەكان و لەدونیای حزبایەتی لەباشوور پربێت لە كێبەركی و ناشەریفانە و بۆ لەمەحەكدانیش بەرژەوەندی و گیانی تۆڵەكردنەوە و ئیره‌ییبردن سەرچاوەی ئیلهام بێت، بەڵام گرفتی گەورە لەوێوە دەست پێدەكات، كە كەسە خۆ بەئەكادیمیست و ناڕازییەكانیش بكەونە جوینەوەی قسەی ئەو سیاسیانەی كە بەردەوام شەڕی سەپاندنی شەرعیەتی شۆرشگێری لەدژی خەڵك ئەكەن. بۆیە ئەبێت چەند جێگەی گاڵتەجاری بێت، دكتۆربیت و ڕەخنەی ئەوە لەدكتۆر بەرهەم بگریت كە بەشداری خەباتی شاخی نەكردوە، ئاخۆ ئەبێت چەند بێ ئەرزش بێت ئەو بۆچونانە لای گەنجێك كە سەرەتای ڕاپەرین تەمەنی  10 ساڵ بووبێت و ئێستا 35 ساڵ بێت و تۆ پێبڵێت، زێده‌ماف (ئیمتیاز)  و شۆرشگێرێتی بۆ فڵانە، چونكە بەشداری هەموو شەڕەكانی حیزبی كردوە بەشەری براكوژیشەوە، بەڵام فڵان جێگەی ڕەخنەیە، كە ڕۆڵی هەبووە لەوەی كە تاڵەبانی لە ڕێگەیەكەوە بگەرێتەوە بۆ كوردستان كە ببێتە هۆی كوژاندنەوەی شەری ناوخۆ. چەند ناشرین و قێزەونە ئەكادیمیستێك بنێشتی جوراوی دەمی سیاسییەكی فاشیل بجوێتەوە و بەنرخی ڕەخنەش بەخوێنەری بفرۆشێتەوە، چەند بەئازارە تۆ دژی سیاسەتی بەبنەماڵەییكردن بدوێت و ئەگەر سیاسییەكیش منداڵەكانی خۆی دوربخاتەوە، تۆ لەبری دەستخۆشی وەك گومان پرسیاری لەسەر دروست بكەی، چەند جێگای شەرمە، تۆ خۆت بەكەسێكی دیموكراتخواز بزانیت داوای تازەگەری بكەیت، بەڵام چاوت ئەوەنده‌ نەبینێت كە 28 ساڵە زۆربەی دەسەڵات لەدەست ئەوانەدایە كە بەشەرعیەتی شۆرشگیرێتی ئەم دۆخەیان دروست كردوە، كەنەك خەڵك تەنانەت خۆشیان ڕەخنەیان لێی هەیە. 
من نازانم ئەو دۆخە بۆ وایكردووە هەندێك توشی فۆبیای دكتۆر بەرهەم بن و ناخیان پربێت لەڕق و كینە و كوێرانە دژایەتی بكەن، لەوەش تێناگەم ڕیزبەندی گەندەڵكاران سەرباری ناكۆكییەكانیان چۆن ئاوا سەركەوتوون لە یەكبوونیان لەدژی ئەو، بەڵام وەك ڕۆژی ڕووناك لێم دیارە،  ئەوان دەزانن كە دكتۆر بەرهەم تاوه‌كو ئێستا له‌ خانووە كۆنەكەی ماڵی باوكی ئەژی، لێم دیارە و زەڕبینەكانی ئەوانیش دەستەوسانن هیچ شتێكی دیكه‌و له‌وه‌ش زیاتریان نییە بۆ ووتن.
لەڕابردوو لەهەموو تەمەنی حكومەتی هەرێم، دكتۆر به‌رهه‌م دووساڵ شانسی ئەوەی هەبوو سەرۆكی حكومەتی بەربكەوێت، ئەو دووساڵەی ئەو بەنیوەچڵی حوكمڕانی كرد،  جگە لەوەی بەشێكی زۆری پارتی و نیوەی حزبەكەی خۆشی دژی بوون، بەڵام لەهەموو كابینەكان سەركەوتوتر بوو، لە چەند مانگی ڕابردووی پۆستی سەرۆك كۆماریش، بەشاهیدی دۆست و نەیاران،  نموونەیەكی سەركەوتووی نیشان داوە، بەڵام سەرباری ئەو ڕاستیەش لە دووساڵی كابینەی حكومەتی هەرێم، تەنانەت ئەوانەش لە ئۆپۆزیسۆن دژی وەستانەوە كە بەردەوام بەناو شەڕی دەستاودەستكردنی دەسەڵاتییان كردبووە درووشمی سەرەكییان، ئەوان كەڕەخنەی ئەوەیان دەگرت ئەبێت دەسەڵات لەبندەستی بنەماڵە بارزانی دەرێنن، دیسان لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار بەشێكی زۆری ئەوەی خۆیان بەخاوەنی تێزی دەستاودەستكردنی دەسەڵات دەزانی. چوونە سەنگەری پارتییەوە لەدژی، ئێستاش سەرباری ئەو دابەشكارییە حزبییە، سەرباری درێژه‌دان بە بێ‌ موچەیی و نەبوونی ئاسۆیه‌كی ڕوون، سەرباری ئەو هەموو گەندەڵییەی نكۆڵی ناكرێت، سەرباری ئەوەی خەڵك بەفەلاكەت براوە و كوردستان پڕكراوە لەدەرمانی ئیكسپایەر و بەبەرچاوی خەڵكەوە داهاتی ژێرزەمین و سەرزەمینی ئەم ووڵاتە دەبرێت، سەرباری ئەوەی سیاسەتی هەڵە، بووە هۆی لەدەستدانی لەسەدا پەنجای خاك، سەرباری بادانەوە بۆ بەغداد و ڕێككەوتن لەگەڵ حەشد، سەرباری بەفەنابردنی هێزی ئۆپۆزیسۆن و بێ‌ ئومێدكردنی دەنگی شەقام، كەسانێك هەموو خەمیان هاتۆتە سەر ئەوەی چۆن كون و كەلەبەرێك بدۆزنەوە و لەوێوە پلارێك بگرنە دكتۆر بەرهەم، جانازانم ئەمپلارگرتنە بۆ ڕازیكردنی دڵی خەڵكی دیكه‌یه‌، یان هەر بۆخاڵیكردنەوەی ڕق و كینەی ناخیانە، بەڵام هەرچۆنێك بێت و هەركامێكیان بێت، دڵنیام لەوەی تێكەڵ كردنی كارتەكان، خۆ خەریك كردنی خه‌ڵك له‌وه‌ی برەو بەگیانی ڕق كینە بدرێت، خزمەت بەتێپەراندنی ئەم دۆخەناكات و لە قازانجی دۆخی نەخوازراوە، بۆیە هەقە ئەوانەی بڕوایان بە خۆیان هەیە و ئامانجیان چاكەسازییە، ڕێگە بەخۆیان نەدەن ببنە بەشێك لەئەجیندای ئەو سیاسیانەی، نەبۆ ئایندەو نەبۆ ئێستاش، تڵپاتی ته‌ڕیان تێدا نه‌ماوه‌.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand