سبەینێ دەتكەینە وەزیر!
2019-07-14 11:50:49
+ هەردی عباس
وابیر بكەرەوە لە پڕێكدا هەواڵت پێبدەن و پێتبڵێن ئەوە ناوی بەڕێزتان لەلایەن سەرۆكی عالیمەقامی حیزبمانەوە، یاخود ئەولادەكانی ”خوالێخۆشبوو”، پەسەند كراوە بۆ دانیشتن لەسەر كورسی یەكەمی وەزارەت، مژدەبێ، داڵی وەزارەت لەسەرشانی بەڕێزتان نیشتوەتەوە.
لێرەدا مرۆڤ گەر دارای لانیكەمی ئاوەز بێت، ڕاستەوخۆ بێ یەكودو پرسیار ئەكا، بێزەحمەت كام وەزارەت؟
ڕاستیەكەی زۆربەی وەزارەتەكانی حكومەت شەخسی وەزیر ڕەنگبێ تەنها پێویستی بە جۆرێك كارامەیی لە بەڕێوەبردندا هەبێت، بۆ ئەوەی كاروباری وەزارەتەكەی بەڕێبخات، ” گەرچی لە دنیادا پسپۆڕی مەرجێكەو ناتوانرێت لەبیر بكرێت، مەگەر پەكیان لەسەر كەسیاتیەكی ئیداری دەگمەن كەوتبێت”.
تۆ سەیركە كاری زۆربەی وەزارەتەكان تا ڕادەیەك ئاشكرایەو هێڵەگشتیەكانی كاركردن ڕوونن، بەنموونە بنەمای كاركردنی وەزیری ناوخۆ بریتیە لە پاراستنی ئاسایشی خەڵك و وڵات، هی كارەبا بریتیە لە دابینكردنی ئەو كارەبایەی كە خەون و مەرازی هەموو كوردێكە، وەزیری داراییش ڕێك دەتوانێ زۆركردنی داهات و ڕێگریكردن لە گەندەڵی و بەفیڕۆدان بكاتە بنەمای كاكردن و، زۆربەی وەزارەتەكانی تریش هەروا، ئیتر چۆن و كەی، ئەوە وردەكاری و كاری ڕۆتینی ڕۆژانەی وەزارەت و وەزیرەكە دیاری دەكەن.
ئەی وەزیر و وەزارەتی پەروەردە؟! بەڕاست هیچكێ هەیە بە ئاسانی و لەخۆوەڕا بتوانێ یا بزانێ بنەمای كاركردنی دروست بۆ وەزارەت و سیستەمە پەروەردەییەكە دیاری بكات؟ گەر كابرا خاوەن ڕوئیاو ستراتیجی تایبەتی خۆی نەبێت بۆ دامەزراوەی یەكەمی پەروەردە، كە بێشك لە ئەنجامی پرۆسەیەكی كاركردن و خوێندنەوەی دورودرێژەوە دێتە بەرهەم.
وەڵامە حازربەدەستەكە دەبێ چی بێت؟ نەخوێندەواری ناهێڵی؟ ئەی، ڕێژەی دەرچوونی قوتابی بەرز ئەكەیتەوە؟ پرۆگرامی خوێندن ئەگۆڕی؟ دەی كەسێك كە خاوەن بیری پەروەردەیی دروست نەبێت لە باشترین دۆخیدا ئەوە وەڵامەكانی ئەبێت.
تۆ لە كایەی پەروەردەدا ئیش لەگەڵ عەقڵی ئینسان و چۆنێتی گەشەپێدان و گۆڕینیدا دەكەیت، قەرارە كاریگەری كاركردنی تۆ، ساڵەهای ساڵ ڕەنگبداتەوە لە بیرو ڕەفتاری تاكەكانی ئێستاو ئایندەی دوورمەودای وڵاتدا، ئەمە لە حاڵەتێكدا كە ئینسان بە سروشت بونەوەرێكی ئاڵۆزەو ژیانیش هەنووكە بەشێوەیەكی خێرا لە گۆڕاندایە. هەڵبەت لەبەرچاوگرتنی دۆخی تایبەتی كوردستان، كە هەزارجار زیاتر پێویستی بە كاركردنی بنەمادروست و لێبڕاوانەیە، ئەرك و بەرپرسیاریەتی كەسی یەكەمی پەروەردە چەند هێندەی تریش زیاتر دەكات.
كایەی پەروەردە لە هەرێمی كوردستاندا پڕە لە شێواوی و نادادی، غیابی فەلسەفەیەكی پەروەردەیی شیاو بە دۆخی تایبەتی كۆمەڵگەی كوردستانی، كە وەڵامدەرەوەی ئەو پرسیارە جەوهەریە بێت، كە ئایا سیستەمی پەروەردەی ئێمە تاك بەرەو كوێ و چی ئاراستە ئەكات، ئەرێ ئێمە چیمان لەم دامەزراوەیە ئەوێت و چۆن؟ نەبوونی ئەم ڕوئیایە ڕیشەی كێشەكانە، ئاخر هەر لەوەدا كە پەروەردە كێشەی یەكەمی خەڵك و دەسەڵات نیە، ئیدی هەموومان ڕەنجبەخەسار چووین. ڕاستیەكەی ئەوەی لەوڵاتی ئێمەدا دەگوزەرێت جۆرێكە لە خۆخەڵەتاندن و، مومكین نیە بمانگەیەنێتە تۆسقاڵێك ئەنجامی دڵخوا، نەبوەو ناكرێ تۆ بە بیری حیزبی پەتی فرتوفێڵچی، بتوانی ئیدارەی سیستەمێكی پەروەردەیی سەردەمیانە بدەیت، ئاخر حزبایەتی و پەروەردە كوجا مەرحەبا؟! جا چ حزبایەتیەكیش! ئەمە سەرەڕای كێشە قووڵ و دووبارەبووەكانی
وەك خراپی بینای قوتابخانەو ئاستی پیشەیی و بژێوی مامۆستاو نەبوونی پرۆگرامی خوێندنی شیاو و جۆرەها كێشەی تر.
تۆبڵێی جەنابی وەزیر لەگەڵ تیمەكەیدا دەمێكە سەرقاڵی لێكۆڵینەوەو دانی پلانی گونجاو بوبن بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە قەیراناوییەی پەروەردە، یاخود دڵخۆشن بە كارو ڕاوێژی ئەو بەرپرسە بۆینباخدارانەی پەروەردە، كە جگە لە هەبوونی تەزكیەی كادرێكی ناوەنجی حیزب، دەم لە هەبوونی ”ئەزموون”ی دورودرێژیش ئەكوتن، ئەوانەی لە سێبەری حیزبداو بە ناوی خزمەتكردنی پەروەردەوە خەریكی سەفەركردنی موفت و تاڵانكردنی خەزێنەی گشتین. بەحەق یەكەم كاری وەزیر دەبێ دوورخستنەوەی ئەم مەخلووقانە بێت.
ئەوەی لە پرۆسەی دانانی وەزیردا باسی نەبو پەرلەمان و
”نوێنەرانی ڕاستەقینە”ی خەڵكن بوون”هەڵبەت بۆ هەموو وەزارەتەكان وابوو”، كە نەریت وایە ئەوان سیڤی كاندیدی وەزارەتەكانشەنوكەو بكەن. بەڕاست پەرلەمانتێرەكان بۆخۆیان وەزارەتی پەروەردەیان چەن بەلاوە گرنە؟ خۆشبەختانە ڕەچاوی وردو درشتی سیڤی و پاشخانی یەكبەیەكی وەزیرەكانیان كرد؟ یاخود گوێلەمستانە تەنها دەست بەرزدەكەنەوەو تەواو. بە ڕەچاوكردنی پسپۆڕی ئەندامانی لیژنەی پەروەردەی ئەم خولەی ئێستای پەرلەمان وەك بڵێی مانگەشەو سەرلەئێوارە دیاربوو!
كەواتە بەس لەبەر ئەوەی پۆستی وەزارەت تیكەیەكی چەورەو وەك شیرینی و مەكرەمە دەیدەن بە غوڵامی خۆیان، پێدانی جانتای وەزارەت بە كەسێكی ماقوڵ و لێهاتوو ئەگەرێكی قیچەك دوورە.
ئێمە لەدڵەوە هیوای سەركەوتن بۆ وەزیری ئایندەی پەروەردە دەخوازین و چیمان لەدەست بێت بۆ پێشخستنی بواری پەروەردە قسور ناكەین، ئاواتەخوازین پلان و ڕوئیای تەواوی هەبێت بۆ سەرپێخستنەوەی پەروەردەو لەو كەسانە نەبێت كە لە پڕێكا پێیان وترابێت ”سبەینێ دەتكەینە وەزیر”!
* ڕاهێنەری پەروەردەیی