رۆژئاوای كوردستان وباڵوێزی ڕاستیەكان
2019-07-14 08:29:55
+ هیوا سەید سەلیم
بۆ بەشداری لە كۆنفڕاسێكی نێودەوڵەتی كە تایبەت بوو بە (داعش و هۆكاری سەرهەڵدانی و ستراتیژی ڕووبەرووبوونەوەی) كە لە لایەن ناوەندی لێكۆڵینەوەی رۆژئاوا بۆ چەندین كەسایەتی شارەزاو ئەكادیمی و سیاسی لەسەر ئاستی جیهانی رێكخرابوو،هەفتەی ڕابردوو چەند رۆژێك لە رۆژئاوای كوردستان بووین، لە ماوەی مانەوەمان لە رۆژئاوا چ لە چوارچێوەی كارەكانی كۆنفراس هەروەها بەدەر لە كۆنفراس زۆر كەس و لایەنمان بینی، لە نوێنەری شەرڤانەوە بگرە تا بەرپرسی گەورەی سەربازی و ئیداری لە لایەنەكانی ناو ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری وە هەروەها هێزەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری (ئەنەكەسە).
لە یەكێك لە دیدارەكاندا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، داوایەكی ئاڕاستە كردین ووتی: تكادەكەین ئێوە ببنە باڵوێزی راستیەكان، ئەوەی لێرە بەچاوی خۆتان بینیوە وەك خۆی باسی بكەن و بۆ رای گشتی و خەڵكی تری بگوازنەوە.
لە رۆژئاوای كوردستان حزبە كوردیەكان بەسەر سێ بەرە دابەش بوونە، بەرەیەكیان كە پشتیوان و بەشدارن لە ئیدارەی خۆبەرێوەبەری رۆژئاوا، ئەوانەن كە پێشتر لە نێو ئەنجومەنی گەل لە رۆژئاوای كوردستان بوون (تەڤدەم)، وە ئێستا بەرەیەكیان پێكهێناوە بەناوی ئەنجومەنی سوریای دیموكراتی ( مەسەدە) كە هێزەكانس سوریای دیموكرات ( هەسەدە) باڵی سەربازیەتی، وە بەرەی دووەم كە بریتیە لە ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سوریا ( ئەنەكەسە) ئەوانەن كە دان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری نانێن، بەرەی سێیەمیش كە لەگەڵ هیچ یەك لەم دووبەرەیە نین و دژ بە ئیدارە نین بەڵام بە كرداری تێیدانین وەك پارتی دیموكراتی پێشڤەڕۆ بە سەرۆكایەتی (حەمید دەروێش).
لێرەدا دەڵێین ئەگەر بڕیار بێت ئێمە رۆڵی باڵوێزی راستیەكان ببینین، دەبێت هەموو ئەو شتانەی بینیومانەوە بیستوومانە وەك خۆی بیخەینەڕوو، بە تایبەت خاڵی ناكۆكی ئەو لایەنانە، كە وا لێرەدا ئاماژەیان پێدەدەین و دادوەریەكەشی بۆ ئێوە جێدەهێڵین كە بریار بدەن ڕاستیەكان لای كێن؟
ناكۆكیەكانی نێوان دوو ئەنجومەنەكە وەك ئەوەی لە هەردوولامان بیست، بریتیە لە كێشە لەسەر مەرجەعیەتی سیاسی و بەشداری و هەلوێست لە ئیدارەی خۆبەرێوەبەری هێزی سەربازی.
هێزەكانی ناو ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەلێن ( ئەنەكەسە) ئامادە نیە دان بە ئیدارەی خۆبەرێوەبەری بنێت، لە بەرامبەریشدا ئەوەی دووەم دەڵێت داوای شەراكەتی ڕاستەقینە دەكەین و هێزی پێشمەرگەی رۆژ دەبێت بگەڕێتەوە رۆژئاوای كوردستان، وە دەبێت تەڤدەم پابەند بێت بە یەكێك لە رێكەوتنامەكانی هەولێر یەك یان دوو یان رێكەوتنی دهۆك.
ئەنەكەسە ئەندامە لە نێو ئیئتلافی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا كە لە لایەن توركیاوە پشتیوانی لێدەكرێت، بەڕای بەرەی بەرامبەر ئەو ئیئتلافە لە پشتی داگیركاری عەفرین بووە، بۆیە دەبێت ئەنەكەسە هەڵوێستی خۆیان لەبەرامبەر ئەو ئیئتلافە و داگیركاری عەفرین یەكلابكاتەوە، لەبەرامبەر ئەو داوایەدا ئەنەكەسە دەڵێت: پەیەدە دیدگای سیاسیان ڕوون نیە لە نێوان رژێم و ئۆپۆزسیۆن دەبێت خۆیان یەكلابكەنەوە، ئەوان باوەڕیان بەو سیاسەتەی پەیەدە نیە كە ئیدعای خەتی سێیەم دەكات لە نێوان رژێم و ئۆپۆزسیۆن.
خاڵێكی تری ناكۆكی نێوان ئەو دوو بەرەیە بریتیە لە بڕیاری تەجنیدی زۆرەملێ بۆ سەربازی پێكردنی هەر كەنجێكی كچ یان كور بۆ ماوەی ساڵێك و تێبینی ئەنەكەسە لەسەر خوێندن بە زمانی كوردی كە ئەوان لەژێر ناونیشانی ئەوەی بیری ئاپۆچیەتی تێدا زاڵە دژایەتی خوێندن بە زمانی كوردی دەكەن !
هەندێك ڕاستی دیكە كە ئێمە بە چاوی خۆمان لەو سەردانەمان بینیمان، بریتی بوون لە پاراستنی ئەمنیەتی شارەكان لەلایەن دەزگا ئەمنیەكان وجولەیەكی لەسەرخۆی خزمەتگوزاریەكان و كرانەوە بەڕووی میوانانی دەرەوە بە تایبەت میدیای بیانی.
دواجار دەڵێین هەموو ئەو كێشانەی رۆژئاوای كوردستان چارەسەریان ئاسانە ئەگەر خۆیان ملی بدەنێ و حساب بۆ دەستوەردانی دەرەكی نەكەن، كە ئێمە ئەوەمان بە هەموو لایەكیان ووت.