ناوەندو هەرێم: دروستكردنی قەیرانەكان
2019-07-13 14:30:43
+ ئەیاد سامەڕائی
ناوەندو هەرێم: دروستكردنی قەیرانەكان.. پەردەپۆشكردنی پێشێلكارییەكانە
لە دەزگاكانی راگەیاندنەوە ئاگاداری ئەو هەڵمەتەم كە هەندێك پەرلەمانتار بەرپایانكردووە دەربارەی پرسی رادەستكردنی بڕێك لە نەوتی خاوی رێككەوتن لەسەركراو لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، گلەیی من لە هەرێم ئەوەیە كە تائێستا بە رەسمی هەڵوێستی خۆی روون نەكردوەتەوەو راینەگەیاندووە، لە كاتێكدا نەیارانی پشتیان بە لایەنی یاسایی بەستووە.
لە راستیدا ناكرێت كێشەكە بەش بەش چارەسەربكرێتو بەرپرسیارێتی بخەینە ئەستۆی هەرێم یان حكومەت یان یەكێك لە وەزیرە بەرپرسەكانو دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بنچینەی بابەتەكە بۆئەوەی چارەسەرەكان لەسەر بناغەیەكی دروست بونیاتبنرێن.
هەروەها داوا لە پێشكەشكاری پرۆگرامە تەلەفزیۆنەییەكان دەكەم لە گفتوگۆكانیاندا لەگەڵ میوانەكەنیاندا، پرسەكە بەتەواوەتی وەربگرن، بە شێوەیەك چارەسەری نەكەن كە سلبیاتەكانی زیاتردەكاتو وەك پێویست چارەسەری ناكەن.
سەرەتای چیرۆكەكە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی نوسینەوەی دەستور، ئاشكراو روون بوو كە هێزە كوردییەكان داوایان دەكرد ئازادبن لە وەبەرهێنان لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەكانی هەرێم، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەوانەی تر داوایان دەكرد بەشێوەی ناوەندیی ( مەركەزیی) بەڕێوەببرێن.
ئەم مشتومڕە دورودرێژە دەقی لاستیكیو سروشت ناڕوونی لێكەوتەوە لە دەستوردا,كە روونكردنەوەی بە سێ یاسای تەواوەتی چارەسەری هەموو پرسەكان دەكات كە ئەمانەن:
1- یاسای نەوتو غاز.
2- یاسای كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی.
3- یاسای دابەشكردن یان بەڕێوەبردنی سەرچاوە داراییەكان.
بەڵام دەركردنو پەسەندكردنی ئەم یاسایانە پەكخرا.
ئەنجومەنی وەزیران ساڵی 2007 سەركەوتوو بوو لە رەوانەكردنی یاسای نەوتو غاز بۆ پەرلەمان دوای ئەوەی پەسەندیكرد، بەڵام هاوپەیمانی كوردستانیی توشی شۆك بوو كاتێك ئەنجومەنی شورای دەوڵەت گۆڕانكاری تێدا كردبووە, گۆڕانكارییەكە كاریگەری هەبوو لەسەر كرۆكی رێككەوتنەكە، هاوپەیمانی كوردستانی پەسەندكردنی یاساكەی رەتكردەوەو هەستی بەوەكرد نیازێك هەیە بۆئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران گۆڕانكاریی لە یاساكەدا بكات بە پێچەوانەی ویستی هێزە كوردییەكانەوەو جیاواز لەو لێكتێگەیشتنەی كە لەكاتی ئامادەكردنی رەشنوسی یەكەمی یاساكەدا هەبوو، كاتێك نەتوانرا ئەم یاسایە تێبپەڕێنرێت، بەهۆی قەیرانی نەبوونی متمانەو لێكتێگەیشتنەوە تێپەڕاندنی یاساكانی تریش نەكرا.
لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا كێشەكە ئاڵۆزتربوو، هێزە سیاسییەكان پەرتبوون و هاوكێشەی هێز گۆڕانی بەسەردا هات، هەندێك پاشەكشەیانكردو هەندێكی تر سەركەوتن كە هیچ باكیان بە لێكتێگەیشتنەكانی پێشوو نەبوو.
بەمشێوەیە هیچ نەمایەوە جگە لە چەند دەقێكی دەستوری كە هەر كەسە چۆنی دەوێت ئاوا لێكدانەوەی بۆدەكاتو چارەسەرەكان بوون بە پینەوپەڕۆو رازیكردنو لە پێناوی تێپەڕاندنی یاسای بودجە مادەی تری بۆ زیادكرا تا هەرێم بڕێك نەوت بداتە وەزارەتی نەوتو هەرێمیش وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ پێشێلكارییەكانی تر رادەستی ناكات.
لە پێناوی بەدەستهێنانی رەزامەندی رای گشتیو پەردەپۆشكردنی كێشەكانی تر، چەندین كێشەی تر دەوروژێنرێت كە ئەمە یەكێكیانە، لە پێناوی دۆزینەوەی پاساو بۆئەوەی كە دەوڵەت ناتوانێت چارەسەری كێشەكانی تایبەت بە ژیانی هاوڵاتیان چارەسەربكات، وتاربێژەكان لە قسەكانیاندا باس لەو بڕە نەوتە دەكەن كە ئەگەر حكومەت وەریبگرێت ئەوا كێشەكان چارەسەردەكرێن!، خۆیان بێئاگا دەكەن لەو لێدوانەی سەرۆك وەزیران كە دەڵێت: ئێمە بەشێك لە شایستە داراییەكانی هەرێم دەبڕین, كە هاوتای بەهای ئەو بڕە نەوتەیە كە هەرێم رادەستی ناكات.
لەلایەكی ترەوە بەرگریكاران لە هەرێم دەڵێن ئەو پارەیەی لە فرۆشی نەوتی هەرێم بەدەستدێت بۆ ئاوەدانكردنەوە تەرخاندەكرێتو بەڵگەكانیش لەبەردەستدانو ئەو نەوتەتان رادەستكەین بۆئەوەی بدزرێتو لەلایەن.... بەڕێوەببرێت كەچۆن لە رابردوودا گوزەراوەو ئێستاش دەگوزەرێت؟!، ئەگەر چوار ملیۆن بەرمیل نەوت دۆخی عێراقییەكانی پێ چاكنەكرێت، چارەكە ملیۆنێك باشی دەكات یان وەك ئەوانی تر بە فیڕۆدەچێت؟...هتد.
من نامەوێت بچمە ناو مشتومڕێكی نەزۆكەوە، هەموان نایانەوێت بگەنە چارەسەری پراكتیكی، هەندێكیان دەیانەوێت هەرێم ئیحراجبكەنو هەندێكیشان دەیانەوێت وەزیری نەوتو هەندێكی تر وەزیری دارایی ئیحراج بكەنو یەكێتی تر هەوڵدەدات كاری سەرۆك وەزیران ئیفلیج بكات وەك سەرەتاییەك بۆ لادانیو هەندێكی تر فشاردەكات بۆئەوەی ئەو دۆسیانە نەكرێنەوە كە دەیەوێت بە نهێنی بمێننەوە, بەڵام بە بۆچونی خاكیانەی من دووركەوتنەوە لە وروژاندنی كێشە ناوخۆییەكانو رووكردنە چارەسەركردنی كێشەكان لە بناغەوە بە چارەسەرەی زانستیو پراكتیكی كە لە سەرەتای ئەم وتارەدا روونمانكردەوە رێگا دروستەكەیە.
ئێمە پێش هەموو شتێك پێویستمان بە ئاشتی ناوخۆییە، ئایا ئێمە بۆئەوە ئامادەین؟!
* ئەمینداری گشتی حزبی ئیسلامیی عێراق