سه‌رۆك كۆمار‌و بهختهڕهشهكهی كورد له‌به‌غدا
2019-07-12 07:34:04
+ به‌هرۆز جه‌عفه‌ر
ئه‌م دێرانه‌ی له‌م نوسینه‌دا هاتووه، سێ مانگ به‌ر له‌ئێستا بۆ چه‌ند خوله‌كێ له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاوكرایه‌وه. خێرا له‌سه‌ر چه‌ندین ئاستی جیاواز (له‌به‌رهه‌ستیاری دۆخه‌كه‌یان) ده‌ستی تێوهردراو، دواتر له‌به‌ر خاتری هاوه‌ڵێكی هێژاو گوته‌كانی سڕیمه‌وه. ئیمڕۆكه لگاوچی و میرزاكانی لای سه‌رۆك ده‌ستیان به‌تاڵ بۆته‌وه، به‌ڵكو ئه‌م نووسینه ببێته كه‌ره‌سته‌یه‌كی باش بۆیان به تۆزێك ده‌ستكارییه‌وه بڵاوم كرده‌وه:
یه‌كێك له كۆڵه‌گه گه‌وره‌كانی "سیاسه‌ت" بریتی یه له بونی "سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزی" تاكه شتێك كه ئه‌م سه‌رمایه ڕه‌مزییه به‌رجه‌سته بكات "متمانه"یه، قسه‌ی لووس و سۆشیال میدیا‌و پاره به‌خشینه‌وه‌و سیاسه‌تی ڕازی كردنی هه‌موو لایه‌ك هیچ كاراكته‌رێكی نه‌كردۆته سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزی، ته‌نانه‌ت هه‌ڵبژاردنیش سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزی دروست ناكات: ئه‌وه‌ی به په‌یجێكی فه‌یسبوك گه‌وره بێت، به په‌یجێكی فه‌یسبوكیش بچوك ئه‌بێته‌وه، ئه‌وه‌ی به هۆی كوتله‌یه‌كی حیزبیه‌وه بگاته لوتكه‌ی ده‌سته‌ڵات به یه‌كگرتنی دوو كوتله‌ش له نه‌خشه‌ی سیاسی‌دا ئه‌سڕێته‌وه. " جه‌مال عه‌بدولناسر" سه‌ركردایه‌تی جه‌نگی شه‌ش ڕۆژه‌ی (1967) ی به‌رانبه‌ر ئیسرائیل دۆڕاند، گوتی " من ئه‌چمه ژێر باری ئه‌م شكسته‌و ئه‌وه ده‌ستیشم له‌كاركێشایه‌وه"، له ووڵاتانی عه‌ره‌بی به ده‌یان ملیۆن عه‌ره‌ب ڕژانه سه‌رشه‌قامه‌كان، خه‌ڵك به‌رده‌م ماڵی "ناسر"یان ته‌نیه‌وه، كه ئه‌بێت سه‌رۆكایه‌تیان بكات، پیاوێك متمانه‌ی له‌دڵی خه‌ڵكدا دروستكردبو كه "پاسه‌وانیانه"و له‌ناكاو نایانفرۆشێت، ئه‌فلاتۆن كۆماره‌كه‌ی به‌وه پڕ وه‌سیه‌ت كردووه كه " سیاسه‌ت یانی پاسه‌وانی كردنی كۆمه‌ڵگه‌و نیشتیمان، ئه‌بێت ئه‌وانه‌ی ئه‌م میهنه‌یه وه‌رئه‌گرن پیرۆزییان تیادا بێت و، له نه‌جیبزاده‌كان بن".
له‌و سۆنگه‌یه‌ی كه مێژووی كورد مێژووی ململانێی ناوچه‌و میرنشین و گروپ گروپی بێ مانا بووه، له ئێستایه‌كی ئاڵۆزی پڕ گۆڕانكاریشدا ئه‌ژین، د‌رك مان كرد كه ئه‌م مێژووه بوه‌ستێت و، هێزه ده‌سته‌ڵاتداره‌كانی كوردستان تا ئه‌ندازه‌یه‌ك خۆیان له‌گه‌ڵ نه‌رمه هێزو تازه‌كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌دا بگونجێنن، بۆ ئه‌مه‌ش ئومێدێكی زۆرمان له‌سه‌ر كه‌سێتی "به‌رهه‌م ساڵه‌ح" هه‌ڵچنی، ته‌نانه‌ت بێ ئاگایی خۆی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانیش و چه‌ندین كه‌سایه‌تی جیاجیا هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی كۆده‌نگی مان بۆ دا، پاڵپشتی هاوڕێیانه‌مان كرد به شه‌هاده‌تی سه‌ده‌ها هه‌زار خوێنه‌ر، ده‌یان بیرۆكهشمان خسته به‌رده‌ستی، ئه‌مه له پێناو ئه‌وه‌ی نمونه‌یه‌كی باشتر له ڕابردوو پێشكه‌ش بكات:
- له حكومه‌ت چه‌ندین كه‌موكورتی هه‌بو (تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ئاساییه له‌چاو ئه‌وانه‌ی شه‌ڕی براكوژییان ئه‌كرد)
- له یه‌كێتی جیا ئه‌بمه‌وه چیمان پێ ئه‌كرێ بابیكهین ( به‌ڵێ، به‌سه‌رچاو چیمان كردووه هه‌ر ئه‌وه ئه‌كه‌ین)
- حیزب دروست ئه‌كه‌م و ئه‌مه حیزبیش نییه (نه‌چوینه ناو حیزبه‌كه‌ی، به‌ڵێ قوربان بیرۆكه‌كه‌ت ته‌واوه‌و، پێویسته خه‌ڵكی كوردستان پاڵپشتی بكات)
- یه‌كێتی شێرپه‌نجه‌یه‌و ئه‌بێت (...) به‌ڵێ وایه‌و ئێمه‌ش چه‌ند ساڵه ئه‌مه ئه‌ڵێین.
- ئۆپۆزسیۆن به قسه‌م ناكه‌ن به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش دروست بكه‌ین (ئێخۆ..ئۆپۆزسیۆن مه‌حكومی تۆ نییه‌و، ئه‌وانیش حیزبن و ئامانج و سیاسه‌تی خۆیان هه‌یه، به‌ڵام هه‌ر یه‌ڵا...ئۆپۆزسیۆن هه‌موتان وه‌رن له‌ماڵی جه‌لالی سام ئاغا میساقێكی شه‌ره‌فمان به‌نێ و ده‌می خۆتان بنوقێنن ئه‌مه به‌رهه‌م ساڵهحهو جیاوازه‌و ئه‌بێت پێكه‌وه بن، ئه‌مه گه‌رچی له چه‌ندین مه‌جلیسا سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزسیۆن پێش ئه‌وه‌ی خۆی ئاماده بێت سه‌رنجی دژوجیایان وتوه، به‌ڵام هه‌ر بێده‌نگ بون به‌رانبه‌ری)
- ئه‌بم به‌سه‌رۆك كۆمار ( نوسیمان: قوربان خۆ به فیعلی ئێمه‌ش به‌شه‌رتی ئه‌و پۆسته له‌سه‌ره‌تاوه پاڵپشتی جه‌نابت ئه‌كه‌ین به‌حه‌قیش له‌وه كاراكترو خوێنهوارترمان نه‌بو)
- پێویسته كورد‌و به‌غدا هه‌ماهه‌نگ بن (وایه قوربان ئه‌مه بۆچونی ئێمه‌شه)...
وه‌ختێك سه‌یر ئه‌كه‌ین له‌كۆتاییدا به‌عسیه‌كی كوردی خستۆته ژووری خۆیه‌وه كه پێشتر لهكهركوكا هه‌موو تاوانێكیان به‌هاوكاری عوده‌ی دژی كورد كردووه، ئێستاش سه‌رێكیان لای به‌عس و سه‌رێكیان لای حه‌شده،،، وه‌ختێك سه‌یر ئه‌كه‌ین سه‌رۆك كۆماره‌كه‌ی پێشتر خهوێندرابو ئیش نه‌كات، ئه‌مه‌یان چالاك كراوه دژی كوردستانیبونی كه‌ركوك و هه‌رێم بێت له فه‌زای ده‌ره‌كی دا. وه‌ختێك سه‌یر ئه‌كه‌ین له‌لایه‌ن چه‌ند دارده‌ستێكی ئێرانه‌وه له‌ناو یه‌كێتیه‌وه بێ ئاگایانه ده‌ست بۆ هه‌رشتێك ئه‌بات!. وه‌ختێ سهیرئهكهین وا بڕوات دۆخه‌كه پێویستی به‌وه‌یه دامه‌زراوه‌یه‌كی كوردی هه‌بێت چاودێری ئه‌م سه‌رۆك كۆماره بێت تا بۆ حه‌زه‌كانی خۆی كیانی هه‌زارساڵه‌ی كوردی نه‌خنكێنێ...
هه‌قیقه‌تێك هه‌یه، ئه‌ویش بریتی یه له نهێنی كاركردن و ئه‌خلاقیاتی پێكه‌وه ڕۆیشتن، ئه‌مه وه‌ك باسم كرد تا ئه‌وسه‌ری ڕۆیشتین. ئه‌و سه‌رۆك كۆماره‌و درۆ ئه‌كاو ئه‌خلاقیاتی هاوڕێیه‌تی نازانێ ئێمه بۆ حورمه‌تی بگرین؟!. لێره‌دا له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌نده كه‌سێكی سیاسی نییم، تا ڕێسای سیاسه‌تكردن په‌یڕه‌و بكه‌م و بێده‌نگ بم به‌رانبه‌ر ڕاستیه‌كان. وه مێژوو پڕه له‌و سیاسیانه‌ی كه به‌توندی باجی ووتنی ڕاستیه‌كانیان داوه، به‌ڵام ئێمه كاری خۆمان هه‌یه و توێژهرین و، ڕۆژنامه‌وانین و، ئه‌وه پتر له دوانزه ساڵه خه‌ڵك و خوێنه‌رو داموده‌ستگه‌كان له‌گه‌ڵ مان وا ڕاهاتون، ناكرێت خیانه‌ت له چاویان بكه‌ین و لێیان خوڕین بۆ دۆڵی گورگه‌كان، بۆ خاتری ئه‌وه‌ی كاراكته‌رێك خه‌ریكی هه‌واو حه‌زه‌كانی خۆیه‌تی له كۆشكێكداو، به‌ده‌ست چه‌ندین گروپ و كه‌سانی نه‌خوێنه‌واره‌وه به‌هه‌موو لایهكیا ئه‌به‌ن و، سه‌ریان لێشێواندوه. بابه‌ته‌كه ئه‌وه‌یه ئێمه خۆمان هه‌ین، به‌ڵام خه‌ڵكی تر فویان تێكراوه. وه‌ختێك سهیرهكهین بهفهیسبوكهوانهكان ئه‌ڵێ واوا دژی پارتی بنوسن كه‌چی خۆشی ئێواره‌ی لێ دێ ته‌له‌فۆن بۆ ڕۆژنامه‌نووسه سێبه‌ره‌كانی پارتی ئه‌كات شه‌فاعه‌تی بۆ بكه‌ن!... كاكه چۆن سیاسه‌ت وا ئه‌كرێ؟!. یانی بچن لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی تاڵه‌بانی، بارزانی، نه‌وشیروان مسته‌فا، ملازم عومه‌ر هه‌ڵبه‌نه‌وه هاوڕێی وه‌هایان هه‌بوه چل بۆ په‌نجا ساڵ هاوڕێیان بووه، ئێ ئه‌م پیاوه یه‌ك هاوڕێی نییه پار له‌گه‌ڵی بوبێ و ئیمساڵ پڕ ناخی قسه نه‌بوبێت!.
له ناو دۆستان و خه‌ڵكدا باوه كه سه‌رۆك كۆمار سه‌ر به‌كوتله‌ی یه‌كێك له سه‌ركرده نه‌خوێنه‌واره‌كانی یه‌كێتی بێت، چۆنی بوێت وا سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵ ئهسوڕێنێت، له‌كاتێكدا سه‌ركرده نه‌خوێنه‌واره‌كانی حیزبیش به تێكڕاو به‌تایبه‌تی ئه‌مانه‌ی كه سه‌رۆك كۆمار ههڵئهسوڕێنن، خۆیان به‌ئاشكرا به فه‌رمانی چه‌ند به‌رپرسێكی سوپای پاسداران دێن و ئه‌چن و، وه بزنس و سه‌روكاریان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه، واته سه‌رۆك كۆمار به‌ده‌سی دوو سه‌ر به چه‌ند به‌رپرسێكی هاكه‌زایی سوپای پاسدارانه (ئێ وا دێته‌وه!)، كه‌چی ئه‌وه كۆمیدیه كه بیرمه‌ندی هزر داخوراوی ئه‌مریكی " فۆكۆیاما" ئه‌ڵێت "ئه‌بێت ئه‌مریكا له‌باره‌ی عێراقه‌وه گوێ له به‌رهه‌م ساڵه‌ح بگرێت!"، فۆكۆیاما وه‌ك ئه‌و كهپیتاڵیزمهی كه به‌دوا پیاوی جیهان خستیه ڕوو، وه‌ك ئه‌و دیموكراتیه‌تی لیبراڵه‌ی كه به‌دوا فۆڕمی ئه‌م گه‌ردونه‌ی چاند، وه‌ك ئه‌و تێزه سواوه‌ی سێلێبرهیشنی بۆ كرا و، تا ئێشتاش به‌و كامهوه به‌رگری له گڵۆباڵیزم ئه‌كا، وه‌ك هه‌موو ئه‌وانه ئه‌مریكاش به لاڕێدا ئه‌بات (له‌مه ئه‌گه‌ڕێم...به‌و زوانه له‌میانه‌ی بابه‌تێكی چڕدا به‌ئینگلیزی له‌باره‌ی جیهانی سێ و عێراق وه ئه‌م كه‌یسه له‌دیدی فۆكۆیاماوه قسه ئه‌كه‌م). به‌شی زۆری ئه‌و سه‌ره زلانه‌ی (به‌ناو) سه‌رۆك كۆماریان كردۆته براگه‌وره‌یان سوور ئه‌زانن ئه‌م پیاوه نه ڕوئیای هه‌یه‌و نه مه‌بده‌ئو گفت، به‌ڵام وه‌ك ته‌نێكی زل خستویانه‌ته پێش خۆیان و كاری پێ ئه‌كه‌ن بۆ خۆیان.
ئیمڕۆكه، سه‌رۆك كۆمارێكی كورد نه‌توانێ بچێته هه‌ولێر كه پایته‌ختی كورده، چووه موسڵی پایته‌ختی سووننه به‌رد بارانیان كرد (دیاره سه‌رۆك كۆمار موسڵ به هه‌واری شار تێگه‌یشتووه به شه‌ش پاسه‌وانه‌وه ڕۆیشتوه!)، به‌هه‌مان شێوه ناتوانێت بچێته به‌سره كه پایته‌ختی شیعه‌كانه، كه‌ركوك بۆ هه‌تا هه‌تایه كه‌وته‌وه چنگی ته‌عریب، ڕۆژ نییه ته‌عریب كاری خۆی له‌سه‌ر كه‌ركوك نه‌كات، (360) دوكانی ئاڵتونچی له‌كه‌ركوك ئاگری تێبهربو، ئه‌ردۆگان دووجار قسه‌ی له‌سه‌ركرد، سه‌رۆك كۆماره كورده‌كه جارێك نوتقی لێوه نه‌هات له‌ترسی پێگه‌كه‌ی، بۆ زانیاری سه‌رۆك كۆمار له سه‌رژمێریدا كورد (127000) هه‌زار ده‌نگ كه‌م ئه‌كا، فه‌رموو چیت له‌ده‌ستدێ؟. تاڵه‌بانی كاتێك سه‌رۆك كۆماربو به‌و هه‌موو سازشهشی كه ئه‌یكرد، دوو جێگری هه‌بو كه هه‌ردوكیان مافی ڤیتۆیان هه‌بو، هێشتا باسی كوردستانیه‌تی كه‌ركوكی ئه‌كرد. ئێستا سه‌رۆكی ئه‌م كۆماره ئه‌بێت كورد بچن لێی بپارێنه‌وه ئه‌م ته‌عریب و قوماره له‌سه‌ر كه‌ركوك ڕابگرێت؟!. لێره‌و له‌وێ بۆ به‌رده‌م كامێرا چه‌ند كه‌سوكارێكی ئه‌نفالی ڕاهێناوه به‌خۆی موناسهباتیان پێ بڕازێنێته‌وه!. به‌مانایه‌كی تر كێشه‌ی ئه‌م پیاوه ئه‌وه‌یه بۆ خۆی ناتوانێ ببێته سه‌رمایه‌كی ڕه‌مزی، چونكه متمانه‌ی له‌ده‌ستداوه. ئایا خه‌ڵكی كوردستان ناپرسن بۆچی ئه‌م نوسینه 180 پله جیاوازه له‌و نوسین و بۆچونانه‌ی پێشتر پێی داكۆكیمان له‌ناوبراو كردووه؟ ئایا ئێمه متمانه‌مان له‌ده‌ستداوه یان ئه‌وێك تاكو دوێنێ داكوبابی بنه‌ماڵه‌كانی ئهبێژا ئێستا هاوبه‌شیانه. ئێ چی بكه‌ین له‌وه باشتر به‌دی نه ئه‌كرا، ئایا بچین ببین به "داعش" ؟!. ئه‌مه هێشتا ساڵێك تێ نه‌په‌ڕی (مه‌جلیس!) نه‌ما له حه‌وت كه‌سایه‌تی شه‌شیان خاوه‌ن قسه نه‌بن له‌سه‌ری!.
وانه‌یه‌كی گه‌وره فێر ئه‌بین، وانه‌یه‌ك كه پێویسته په‌ندێك بێت بۆ تاك به‌تاكی ئه‌م عێراقه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه مرۆڤ كه متمانه‌و كه‌سێتی خۆی له‌ناو ده‌وروبه‌ری خۆی له‌ده‌ستدا، له‌ناو حیزبی خۆی له‌ده‌ستدا، له ناو نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی له‌ده‌ستدا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گۆی زه‌وی به په‌نجه‌یه‌ك بسوڕێنێته‌وه، هه‌موو ڕۆژێك سه‌ت وه‌فدو سه‌رۆك كاری گه‌وره‌ی ئه‌م جیهانه به‌ڕێ بخا، هه‌ر به بێ ئه‌رزشی ئه‌مێنێته‌وه‌و، هیچ كاریگه‌رییه‌كی نابێت. په‌یامی كۆتایی ئه‌م نوسینه ئه‌وه‌یه كه ڕاسته سه‌رۆك كۆمار به پاڵپشتی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ئه‌م پێگه‌یه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی كۆ-ڕایی كوردیی وه‌رگرتوه، به‌ڵام به كۆنكرێتی وه‌ری بگرن كه (ئه‌ویش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی من یه‌كێتیه)! یه‌ك تۆز هه‌ست بكات پارتی به گه‌رمی سڵاوی لێ ئه‌كات وه‌ڵامی هیچ یه‌كێتیه‌ك ناداته‌وه. نازانم چییه وام لێ ئه‌كا ئه‌و دێره‌و ئه‌و پارچه هۆنراوه‌یه‌ی شاعیر‌و ئاكادیمی عێراقی "ڕه‌سافی" م بیر بێته‌وه كه زیاتر له نه‌وه‌ت ساڵ پێش ئێستا نوسیویه‌تی:
أبـِلاط ٌ أم بـَلاط ٌ أم مـَلاط ْ
أمْ " مليك ٌ "
بالمُنى والأيـْك ِ
والذل محاط ْ
أم براميل ُ قمامات ٍ
نفايات ٍ
وقيح ٍ ومُخاط !
أم هنا مستنقعٌ فاض بلا حد ٍ
ومن دون انضباط ْ !