حكومەتی نوێ و چاكسازی
2019-07-11 14:47:59
+ ئاریان فەرەج
دواجار حكومەت پێكهات، كابینەیەكی پڕ لە خوێن و روخساری نوێ كە زۆریان بۆ یەكەم جارە دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێ تا شایستەیی خۆیان لە ئەركی گەورەدا بسەلمێنن، هەڵبەت ئەوەش هاندەریان دەبێت تا هەموو توانا و شیانی خۆیان بخەنەگەڕ.
بەشێك لە وەزیرەكان تەكنۆكراتن، بەڵام رەنگە كۆی وەزیرەكان تەكنۆكرات نەبن و ئەوەش لە حكومەتداریدا ئاساییە و هەر حزبەش پێوەری خۆی هەیە بۆ ئەرك سپاردن بە كادرەكانی، ئەگەر ئەمە كەموكاسییەك بێت، بە سوودبینینی جددی لە كارناس و پسپۆڕانی بوارە جیاجیاكان كە كوردستان پێیان دەوڵەمەندە، بە باشی پڕدەكرێتەوە، هاوكات زەمینەش دەسازێ تا باشترین توانا مرۆیەكانی ئەم ووڵاتە لە دەوری حكومەت و دامەزراوەكانی كۆببنەوە.
چاكسازی چمكێكە زۆر لەگەڵ ناوی حكومەتی نوێدا دێتەبەرباس، چاوەڕوانییەكی گشتییە و كابینەی نوێش وەك ئەرك وەئەستۆی گرتووە، جا چمكێك ئەركێكی سەرەكی حكومەت و جێی چاوەڕوانیی خەڵك بێت، دەبێت رۆشن و مەبەست دیار و پێناسەكراو بێت، پێناسەیەك خەڵك و حكومەت لەسەری هاوڕابن.
چاكسازی چمك و پرۆسەیەكی گشتگیر و فرە رەهەندە، رێگریكردن لە بەهەدەردانی ماڵی گشتی تەنیا بەشێكە لەو پرۆسەیە و هەمووی نییە و تەنها لەوەندەدا بچوكناكرێتەوە، بۆیە دەبێ لە ئێستاوە لە فەزای گشتییدا گفتوگۆیەكی چڕ لەسەر پێناسەی چاكسازی بێتەئاراوە تا تێگەیشتنێكی گشتیی لەبارەوە دروست بێت و كەلێنێك بۆ لێكنەگەیشتنی خەڵك و حكومەت لەو بارەیەوە نەمێنێ.
چاكسازیی پرۆسەیەكی سیاسی و كارگێڕی و یاسایی و ئابوری و كۆمەڵگەیی و كولتورییە. لە پێناسەكردنەوی فەلسەفەی حوكمڕانییەوە دەستپێدەكات تا پێداچونەوەی كۆی یاسا و رێسا و تەعلیماتە دەستوپێگیرو ناهاوكارەكان و نوێكردنەوەی ئەدائی كۆی دامەزراوەكانی حكومەت تا وەڵامدەرەوەی فەلسەفە و ئامانجە سەردەمییەكانی قۆناغەكە بن، هاوشانیش بزاڤێکی هۆشیاریی میللی فراوان دەخوازێت كە زامنی تێگەیشتن و متمانەو بەشداریی خەڵك بێت لە سەرخستنی پرۆسەكەدا.
سەركەوتنی پرۆسەی فرە رەهەندی چاكسازی، لە چاكسازیی كایەی سیاسییەوە دەستپێدەكات كە باوەڕی راستەقینە و هەڵوێستی هاریكارانەی حزبەكانی حكومەت و ئۆپۆزسیۆن دەخوازێ، چونكە سەرەتای ئاستەنگبوونی هەر بەرنامەیەكی چاكسازانە، لە چاكسازی نەخواستنی كایەی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێ.
بە هیوای سەركەوتنی كابینەی نوێ لە ئەرك و كارەكانیدا.