Draw Media

 16ـی ئۆكتۆبەر خیانەت بوو؟

 16ـی ئۆكتۆبەر خیانەت بوو؟

2019-07-09 11:25:38


+ رێبوار کەریم وەلی
(1)

پارتی و یەكێتی لە كاتێكدا لەسەر دانانی پارێزگارێكی (شاعیر و یەكێتی) بۆ كەركووك رێككەوتن كە ئەوە نزیكەی دوو ساڵە پارتی لە میدیای رەسمی و ناڕەسمیی خۆیدا، 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بە گەورەترین خیانەت و، ئەوانەیشی كە ئەنجامیانداوە بە خائین و خاكفرۆش وەسف دەكات. لای پارتی هێشتا دكتۆر نەجمەدین كەریم "پارێزگاری شەرعیی كەركووك"ـە، كەركووك داگیركراوە، پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنە گشتییەكانی كردووە و هێشتا وجودی رێكخراوەیی لەو شارەدا نییە، بەڵام لەگەڵ یەكێتی رێكدەكەون لەسەر دانانی كەسێك بە پارێزگاری كەركووك! ئەوانەیشی كە لەكۆتاییدا بڕیار لەسەر ناوەكەی دەدەن، ئەوانەن كە پارتی بە خائین وەسفیان دەكات!

خوێنی ئەو هەموو شەهیدە، ئەو هەموو تەعریب و دەغڵودانی جووتیارە كە سووتان لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە، زۆر بە ئاسانی لەبیر كرا. پارتییەك كە پێیوابوو جارێكی دیكە كەركووك نادرێتەوە بە یەكێتی، ئەمڕۆ بەوە مەمنوونە كە ئەو كەسەی دەبێتە پارێزگار كەسێك نەبێ لە 16ی ئۆكتۆبەر بەشدار بووبێ! پارتی تەنها لەبەر ئەوەی یەكێتی بەشداربێت لە متمانەدان بە كابینەی نۆیەمی حكومەت هەموو تەنازولێكی كرد، لە كاتێكدا ئەوە ئاخیر جارە كە پارتی بتوانێ زۆرینەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكی بەدەستەوە بێت و هەر هەڵبژاردنێك بكرێت، پارتی ناتوانێ ئەو زۆرینەیە مسۆگەر بكاتەوە.

دانانی كەسێكی كوردی بەهێز بۆ ئیدارەدانی ئێستای كەركووك زەروورەتە، بەڵام مادام پارتی ئەوەی دەزانی كە دەبێ (لە رێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتیدا هاتووە) كەسێكی یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركووك دابنرێت، بۆ ئەو هەموو دەستی دەستییەیان كرد؟ بۆ هێشتیانەوە بۆ خولەكی كۆتایی؟ بۆ لە ساڵێك پێش ئێستاوە ئەوەیان نەكرد تا رێگر بن لەو هەموو تەعریب و سوكایەتییەی لە كەركووك بە كورد دەكرێت؟

ئینجا رۆڵی حیزبەكانی دیكەش لەو پرۆسەیەدا جێگەی سەرسوڕمانە كە بەتایبەتی دەبوو لانیكەم بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوێستێكی لە مەسەلەی دانانی پارێزگاری كەركووكدا هەبێت. هاوكات بێدەنگیی حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆنیش جێگەی تێڕامانە كە بە هەموویان چارەنووسی كەركووكیان تەسلیمی یەكێتی و پارتی كرد و بچووكترین لێدوانیان لەوبارەیەوە نییە.
دانانی پارێزگار بە دەنگی زۆرینەی پارتی لەو بارودۆخەدا، سپیكردنەوەی دراوی 16ی ئۆكتۆبەرە، بەڵام هیچ نەبێ ئیتر یەكێتی ناتوانێ ئۆباڵی دۆخی كەركووك بخاتە ئەستۆی پارتییەوە و بڵێ رێگر بووە لەوەی پارێزگارێكی كورد شارەكە بەڕێوەبەرێت.

ئەستێرەی بەختی تاڵەبانییەكان
(2)

دوایین حەملەی كۆسرەت رەسوڵ بە بەربژێركردنی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت، هاوكێشەكانی ناو یەكێتی ژێرەوژوور كرد. پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت كە دەمێكە دەگوترا بۆ قوباد تاڵەبانی مسۆگەر بووە، ئیتر دەبوو لەناو سەركردایەتیی یەكێتی یەكلا بێتەوە، قوباد تاڵەبانی نەیویست بچێتە ناو ئەو كێبڕكێیەوە، بۆیە رازی بوو بەوەی كە تەنیا پۆستەكەی بمێنێتەوە و تەدەخولی هیچی دیكە نەكات، ئەو پێشتر رای وابوو كە دەبێ تیمی یەكێتی لەناو حكومەت ئەو دیارییان بكات. كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح دابەشكارییەكی 50 بە 50یان لەناوخۆی خۆیان كرد و جگە لە ماڵی تاڵەبانی، هەموو لایەك پێی رازی بوون بە كەركووكییەكانیشەوە.

بەڵام مەسەلەكە تەنها لە پێگەی قوباد تاڵەبانیدا كورت نابێتەوە. هەرچەندە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتاری ماڵئاوایی لە كابینەی هەشتەمدا، زۆر وەسفی قوباد تاڵەبانی كرد و جۆرێك بوو لە دڵنەوایی و نیشاندانی ئەهەمییەتی ئەو لە پرۆسەی حوكمڕانیدا، كەچی ئەوە بە تەنها قوباد تاڵەبانی نەبوو كە لە ململانێی ناوخۆیی حزبەكەیدا لاواز دەركەوت، بگرە لاهوری ئامۆزاشی كە تا ساڵێك بەر لە ئێستا خاوەنی پێگەیەكی یەكجار بەهێز بوو، تەنانەت چاوی لەوە بوو كە جێگەی مامی بگرێتەوە، هیچیەك لە كاندیدەكانی بۆ پۆستە وەزارییەكان لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیی یەكێتیدا دەنگیان نەهێنا، هەموو ئەوانەی دەنگیان پێدرا كاندیدی سەرۆك دكتۆر بەرهەم ساڵح و كۆسرەت رەسوڵ بوون.

بەوپێیە بێت، سەرباری ئەوەی كە لە یەكەم دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكومەتەوە، لاهور لە زۆربەی دانیشتنەكانی نێوان پارتی و یەكێتیدا بەشدار بووە، بەڵام هیچ كەسێك لە سەركردایەتی یەكێتی كە سەر بە باڵی لاهور بوون، لەو كابینەیەدا نابن كە مەسروور بارزانی سەرۆكایەتیی دەكات. ئەوە بە سودفە بووە یان بە رێككەوتن!

زەروورەتی حزبێكی نوێ
(3)

زۆر دەگوترێ كە كوردستان پێویستی بە حزبێكی نوێ نییە. لە دوو ساڵی رابردوودا دوو حزبی نوێ هاتنە ناو كایەی سیاسی، یەكێكیان سەرۆكەكەی جێیهێشت، ئەوەی دیكەیان حزبەكە سەرۆكەكەیان جێهێشت! هەردووكیان دوو جووڵەی تاكتیكی بوون و نەیانتوانی وەك سەرەتای درووستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان گەرموگوڕی و جموجۆڵ بخەنە ناو كایەی سیاسییەوە.

ئێستا دوای هەڵبژاردنەكانی بەغدا و كوردستان لە 2018دا، ئۆپۆزیسیۆن تا راددەی تەسلیمبوون بێ كاریگەرییە و بەتایبەتیش پارتی نەك هەر لە كوردستان، بگرە لە بەغداش هەموو كارتەكانی لە دەستیان دەرهێناوە. سێ حزبە سەرەكییەكەی كوردستان (یەكێتی، گۆڕان و پارتی) لە ترسی تەقینەوەی خیلافاتی ناوخۆیان جورئەتی بەستنی كۆنگرەیان نییە. ئەگەرچی فەرمانگەی كاروباری حزبەكان لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بە نامەی رەسمی داوایان لێدەكات تا پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، حزبەكان دەبێ كۆنگرەیان بەستبێ، بەڵام لەپێناوی نەبەستنی كۆنگرەدا، ئیش لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەكان دەكەن!

حزبێكی نوێ بۆ كوردستان پێویستە، چونكە ئەگەر لایەنێك نەتوانێ ناڕەزایەتییە كپكراوەكانی ناو كۆمەڵگا ئاراستە بكات و ئەو نائومێدییەی لە حزبە تەقلیدییەكان درووست بووە، نەكاتەوە بە ئومێد بۆ گۆڕانكاری و باشتركردنی ژیانی خەڵك، رۆژێك دادێ لە كونێكەوە دەتەقێتەوە و ئەوكاتە بەری پێ ناگیرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand