خنکاندنی تروسکاییە دیموکراتییەکان
2019-07-08 10:41:02
ئومێد حەمەعەلی
هەمواری یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەپەرلەمان
ئێمە دەزانین هەلبژاردنەکان لەهەرێم نەیانتوانیوە گوزارشت لە دەنگ و سەنگی راستەقینەی جیاوازییەکانی کۆمەلگەی کوردستان بکەن, ئەمەش بەو حوکمەی دەسەڵات و ئەو حیزبانەی هێز و پارە و دامەزراوەکانیان لەبندەستە بەردەوام لەڕیگەی تەزویر و بەکارهێنانی سامان و دامەزراوەکانی ولاتەوە سەنگی سیاسی خۆیان بەرزکردۆتەوە و ڕایانگرتووە. بەڵام بەشیوەیەکی ڕیژەیی تەنیا ئەم تروسکاییە دیموکراتییانە هەندێ جار چاوەروانی ئەوەیان لێ دەکرا هەنگاوێک لەپرۆسەی سیاسی پێشبخەن, یان بگۆڕن, تەنانەت ئەو پارتە ساسییە سەرەکییانەی ئێستا لەپەرلەمانن بانگەشەی خەباتی پەرلەمانییان هەلگرتووە, یان پیداگرییان لەسەر لامەرکەزییەت و حکومەتە خۆجێییەکان کردووە لە نوێنەرایەتیکردنی خەڵک و خزمەتکردنیاندا, بەڵام ئەمرۆ لە هەمواری یاسای پاریزگاکاندا بەتەواوی دژی ئەو پرەنسیپانە وەستانەوە.
ترسناکی هەموارەکە:
یەک, ریگە دەدات پارێزگار لەدەرەوەی ئەنجومەنەوە بهێنرێت و دەنگی پێبدرێت, ئەمەش وادەکات پارێزگار ئەو کەسەنەبێت کە خەڵک دەنگی پێدەدات. تەنانەت پێشنیاری ئەوە کرا , کە ئەم حاڵەتە تەنیا بۆ ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگاکان بێت, بەڵام رەتکرایەوە.
دوو, هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاکان بەکاتێکی نادیار سپێردرا, هەرچەندە پێشنیارێک هەبوو کە تەنیا بۆ یەک ساڵ ماوەی ئەنجومەنی پاریزگاکان درێژبکریتەوە, بەڵام بەداخەوە ئەم پێشنیارەش بەزۆرینەی دەنگ رەتکرایەوە. ئەمەش ئەو خواستە دەردەخات کە هیزە سیاسییەکان بۆ دواخستنی هەموو هەلبژاردنەکان هەیانە و رەنگە بە چوارساڵ و زیاتریش ئاوڕ لەئەنجامدانی هەڵبژاردن نەدەنەوە, کە هیوادارم ئەو خواستە نادیموکراتییە شکستبهێنێت.
سێ, جارێکی تر و وەک زنجیرەی تەواوکاریی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم, ئەم یاسا تازەیە نزیکبوونەوە و تێکەڵاوبوون و لێکچوونی نێوان پارتە سیاسییەکانی تۆخکردەوە و زیانێکی سەربار و گەورەیە بۆ سەر ئەو زیانە قووڵە کارەساتبارانەی قەبوڵکردنی یاسای سەرۆکایەتی بە خەون و بانگەشەی دیموکراتیکردنی ژیانی سیاسی هەرێمی گەیاندووە.