ماڵئاوایی لە چەمکی نارەزایەتی ناو گۆڕان و بەرەو .....
2019-07-07 06:33:17
چیا عەباس
گۆڕان هێزێک بو کاری بۆ گۆرانکاری و چاکسازی لە هاوکێشەی دەسەڵاتی سیاسی و حوکمرانی پارتی و یەکێتیدا دەکرد. بۆیە هەر لە سەرەتاوە لە گەڵیاندا توشێ کێشە و کێشمەی زۆر بو، گەیشتە ئاستی بەکارهێنانی هێز بەرامبەر بە گۆڕان، سزای سیاسی، نانبرین، دەستگیرکردنی هەرەمەکی و ئەزیەتدانی مەقسودی گۆرانخوازان و گەمارۆدانی گۆڕان لە هەمو بوارەکاندا.
کاتێک گۆڕان بەشداری لە کابینەی هەشتدا کرد توانی بەشێکی ئەم فشار و ناهەقی و گەمارۆدانە کەم بکاتەوە، بەڵام نەتوانرا بەشێک لە کارنامەکەی لە حوکمرانیدا بەدیبهێنرێت، روداوەکانی دواتر بۆ هەمو ئاشکرا و زانراون.
هەرچۆنێک بێت زەمەن وەرچەرخاندنی خۆی کرد، کاک نەوشیروان وەفاتی کرد، لە دوای خۆی ئیرسی سیاسی و رێکخراوەیی و مەعنەوی و مادی بەجێهێشت.
هاوکارەکانی کاک نەوشیروان بزوتنەوەی گۆڕان یان هێناوەتە لێواری هەڵوەشاندنەوە و زیندو بەچاڵکردنی خەون و ئاواتەکانی گۆرانخوازان، زیادە بۆ ئەمەش کورەکانی کاک نەوشیروان نامۆ بە باوەر و پرەنسیپەکانی باوکیان و لە سایەی بازنە دەسەڵاتدارە لاوازەکانی گۆڕاندا سەرقاڵی چەسپاندنی دەسەڵاتێکی رەهای نێپۆتیزم* کە هێدی هێدی شێوازی پاترۆناجی** لە خۆ گرتوە.
بەرامبەر بەم دۆخە رێژەی زیاتر لە ٦٠% ی دەنگدەرانی گۆڕان بایکۆتی هەڵبژارنەکانیان بۆ پەرڵەمانی عێراق و کوردستان کرد، پێگەی پەرلەمانی گۆرانیش بۆ نیوە دابەزی.
بەشێکی زۆر لە هەڵسوراوان لە وڵات و دەرەوە هەڵمەتێکی نارەزایان دەستپێکرد. لە سەرەتاوە کرۆکی ئەم هەڵمەتە بە ئاراستەی چاکسازی و گۆرانکاری لە ناو بزوتنەوەکەدا بو، بۆیە پرۆژە و پەیامەکانیان ئاراستەی بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان بو و ئەوانیشیان بە هۆکاری سەرەکی ئەو دۆخە زانیوە. لەم هەڵمەتەدا هەم چاوپۆشی لە کورەکانی کاک نەوشیروان دەکرا و هەروەهاش کەمتر تیرەکانی نارەزاکان ئاراستەیان دەکرا. ئەم شێوازە لە نارەزایەتی دەربرین نەک هەر هیچی باشی لێ دروێنە نەکرا، بەڵکو لە مەقامی یەکەمیشدا بە سودی کورەکان شکایەوە، چونکە بەلای ئەوان ئەقڵیەتی بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان، تایبەت خانەی راپەراندن، دیاردەیەکی بەتەمەنچوی کلاسیکیە کە تەمەنی سیاسی بەپەلە رو لە ئاوابونە، کوتانەوەی بەردەوامی ئەو ئەقڵیەتە ئاوابونەکە خێراتر دەکات.
بەدەستگرتن بەسەر شادەمارەکانی گۆڕاندا: سەرچاوەکانی داهات، راگەیاندن، پەیوەندیەکان لە ئاستی کوردستان و نێودەوڵەتیدا، کورەکان کار بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی رەهای خۆیان بەسەر بزوتنەوەکەدا دەکەن.
پرۆژەی بەشداری گۆڕان لە حکومەت لە چوارچێوەی ئەو پلانە دەرناچێت، چونکە پێگەیەکی چەور و گەرم لە حوکمرانیدا دابینی زۆر شتی تری شاردراوە دەکات، هەرچەندە کاراکتەرەکانی دەسەڵاتی گۆڕان هەوڵیکی زۆر دەدەن ئەو بەشداریکردنە بە پرۆسەی چاکسازیەوە گرێدەن، بەڵام متمانەی جەماوەری گۆڕان پێیان رۆژ دوای رۆژ بەرەو داکشانی پەلە و خەستتر دەروات.
ئێستا کە ئەرکی دانانی دوا خاڵەکان لەسەر وشەکانی ئەو پلانە زۆر نزیکبۆتەوە و شەری گەرمی دانانی وەزیر و گوزیری پاشکۆی ئەم و ئەو بە ناوی گۆرانەوە دەکولێت، پێویستە بەرەی نارەزا هەم ئاورێکی واقیعی لە ئەزمونەکانی دو ساڵی رابوردوی بداتەوە و هەروەها بیرێکی جدیش لە پلانی کۆنکرێت بۆ ئایندە بکاتەوە.
لە هەنگاوە سەرەتاییەکان بە گۆڕانی گردەکە و کورەکانی کاک نەوشیروان بە دەنگێکی رون و بیستراو بوترێت هەرچیتان هەیە و کردوە و دەیکەن پیرۆزی خۆتان بێت و خۆتان لێی بەرپرسیارن، دەستکردنەوە بۆ پارە و رەحمەتی ئێوە و هەر لایەکی تریش شێوەیەکە لە پاشکۆیەتی نە داوای دەکەین و نە لامان پەسندە و نە قبوڵیشی دەکەین و نە لە خەسڵەتە رەسەنەکانی گۆڕانبونە، بێگومان ئایندەش وەڵامی زۆری پرسیارەکانمان لەم روەوە دەداتەوە.
هەنگاوێکی سەرەتایی تریش ماڵئاواییە لە چەمکی "نارەزا" ، چونکە چیتر هیچ ئومێدێک بە چاکسازی لە ناو گۆڕانی گردەکە نەماوە تا بەرەی نارەزا داواکاری بکات، بۆیە ئەرکی سەرەکی سازدانی بەرەیەک، پلاتفۆرمێکی دیموکراسیە بۆ گۆرانکاری لە سەر ئاستی کوردستان. کۆکردنەوەی سەرجەم گروپە یاخیبوەکان و گرێدانیان بەیەکەوە لە سایەی کارنامەی ئەو سەکۆیەدا و بەگەرخستنی راگەیاندنێکی هێمنی واقیعی و ئەقڵانی بەشێکی گرنگی ترە لە ئەرکەکان. دوای دارشتنی چوارچێوەی رێکخراوەیی پلاتفۆرمەکە بریار لە هەنگاوە سیاسیەکانی ئایندە بدرێت بە ئەگەری بەشداریکردن لە سەرجەم هەڵبژاردنەکان لە کوردستان و عێراقیشدا.
وێرای ئەم راستیانەش گۆرانخواز و هەڵسوراوە دڵسۆزەکان لە هەر شوێن و بەرەیەکدا کاربکەن هەمو کاتێک بە ئەرکێکی ئەخلاقی و وەفایی خۆیان دەزانن بەردەوام بەرگری لە پرەنسیپە بنەرەتیەکانی هزری گۆڕانکاری و چاکسازی بکەن، چونکە بەلایەنی کەمەوە ساڵانێکی درێژی تەمەنیان بە هەمو توانا و دڵسۆزیەوە کاریان بۆ کردون و بۆتە مێژویەک کە وەک کۆرپەیەکی خۆیان گۆش وگەورەیان کردوە و ناکرێت و ناشێت بسرێنرێتەوە.
رۆتەردام: ٦ی جولای ٢٠١٩
Nepotisme * ( لاتینی بە مانای ئەوەی نەوەی خانەوادەیەک سودمەند دەبن، جا چ لە رێگەی دەسەلات، کۆمپانیای گەورە، ئەندامانی خێزان یاخود دۆستەکان لە پۆستی هەستیاردا دابمەزرێن و کاریان پێ راسپێرن، نێپۆتیزم شێوەیەکە لە گەندەڵی).
Patronage ** ( پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی لاسەنگ، پێگەیەکی باڵادەست سودمەندی بە پێگەیەکی خواروتر دەبەخشێت بەرامبەر وەلاو و خزمەتی تایبەت، زۆربەی کات پاترۆناجی فەرمی نیە و لە غیابی سیستەم و یاسادا یاخود پشتگوێخستنیان سەرهەڵدەدات، ئەم دیاردەیە لە سیستەمە سیاسیەکانی دنیادا بونیان هەیە، بە نمونە لە سەدەی نۆزدەمدا لە بەریتانیا).
..