ڕێكەوتنێك بۆ دووبارە كردنەوەی ئەزمونەكەی سیسی !
2019-07-05 05:26:33
د. سەنگەر سەید قادر
دوای ٣ مانگ لە خۆپیشاندان و كوژرانی زیاتر لە ١٥٠ خۆپیشاندەر ئێستا بە نێوەندگیری ئەسیوپیا و یەكێتی ئەفەریقا ئەنجومەنی سەربازی سودان و نوێنەری خۆپیشاندەران و هێزە سیاسیەكان گەشتنە ڕێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی كاتی
ناوەڕۆكی ڕێكەوتنەكە بریتیە لە پێكهێنانی ئەنجومەنێكی باڵا بۆ ماوەی ٣ساڵ كە لە ١٥ كەس پێك دێت و ٧ ژەنڕاڵی سوپا و ٧ نوێنەری خۆپیشاندەران و هێزە سیاسیەكان ئەندام دەبن تیایدا،سەرۆكایەتی ئەنجومەكە سێ مانگ بۆ شەش مانگ جارێك لە نێوان ئەنجومەنی سەربازی و نوێنەری خۆپیشاندەراندا دەستا و دەست دەكرێت
تا كاتی پێكهێنانی ئەو ئەنجومەنە باڵایە، ئەنجومەنێكی یاسادانانی كاتی لە سوپا و نوێنەری خۆپیشاندەران و هێزە سیاسیەكان پێكدەهێنرێت بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات و حكومەت، دواتر ئەنجومەنی باڵا حكومەتێكی هاوبەشی سەربازی و مەدەنی پێكدەهێنێت
ئەوەی لە ڕێكەوتنەكەی ئێستا دەخوێندرێتەوە سوپا بە فەرمی دەسەڵاتی خۆی سەپاند و لە هەمانكاتدا هەوڵێكیشە بۆ فریودانی خۆپیشاندەران و لایەنە سیاسیەكان، هاوشێوەی سیناریۆكەی میسر كاتێك خۆپیشاندەران سارد بونەوە و سوپا ژەنڕاڵەكان بەتایبەت محمد حمیدتی هێزێكی سیاسی دادەمەزرێنێت و ئەو نیوە دەسەڵاتەی دراوە بە هێزە مەدەنیەكان لێیان وەردەگیرێتەوە
چونكە سوپا و دەزگای هەواڵگری و میلیشیاكانی حمیدتی ئابوری سودانیان دابەش كردوە بەسەر خۆیاندا، بەجۆرێك بازرگانی و دەرهینانی ئاڵتون بۆ محمد حمیدتی فەرماندەی ملیشیاكانی جەنجەویدە كە دەستی گرتوە بەسەر كانەكانی جبل عامردا كە یەكێكە لە گەورەترین كانە ئاڵتونەكانی جیهان
ژەنڕاڵەكانی سوپاش دەستیان گرتوە بەسەر كەرتی كشتوكاڵ و كەرتی پیشەسازی دا، هەرچی دەزگای هەوڵگریشە دەستی گرتوە بەسەر كەرتی بازرگانی دا بەتایبەت بازرگانی ئۆتۆمبیل و جگەرە و هاوردەكردنی خۆراك و دەرمان پێداویستی پزیشكی
ئەمەش وا دەكات ئەستەم بێت سوپا بە ئاسانی دەسەڵات ڕادەستی حكومەتێكی مەدەنی بكات و بەشداری پێكردنی نوێنەری خۆپیشاندەران و هێزە مەدەنیەكان لە دەسەڵاتدا كاتیە و لە ڕووی واقعیەوە هیچ دەسەڵاتێكیان نابێت.