Draw Media

لەبارەی سوپا و حەشدی شەعبییەوە

لەبارەی سوپا و حەشدی شەعبییەوە

2019-07-02 12:36:00


پەیڕەو ئەنوەر 

سەرۆک وەزیرانی عیراق بڕیاردەدات "حەشدی شەعبی" تێکەڵ بە سوپا و دامەزراوەی سەربازی عیراق بکاتەوە! بارەگا و وێنە و سیمبوڵەکانیان دابخات. ئەم کردەیە فرە رەهەندە بەتایبەت لە پەیوەندی نێوان سەرباز/میلیشیا و دەوڵەت و هاوڵاتی! دیارە پێویست دەکات بەرلەوەی کلیک لەسەر ئەم وێنە تازەیە بکەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ چەمکی سوپا و پڕۆسەی نوێنەرایەتی! سوپا لە عیراق نوێنەرایەتی کێ دەکات؟ سوپا دەزگایەکی مەدەنی و بەمۆدێرنکراوە! یان سوپا کۆمەڵگەی عیراقی، کەرت و وێنە کۆمەڵایەتییەکانی گرێداوە بە پەیکەری سەربازی خۆی!

دیارە سوپا وەک دەزگا، بیرۆکراتیەت و سیمبوڵی دیسپلینکردن بە میتۆدێکی کۆمیدی لە عیراق لەدایک دەبێت. دواتر جەنەڕاڵ و بکەرەکانی ناوی دەبن بە دەستەبژێری سیاسی، رێسا و کەلتوری سیاسی بەرهەمدەهێننەوە؛ تەنانەت ئەم دۆخە بەرەو ئەوە دەڕوات سیستمی سیاسی بگۆڕن، پاشا لابەرن و جەستەی سیستمی پاشایەتی گڕ تێبەردەن، جمهوریەت لەگەڵ خۆیاندا بهێنن.

پڕۆسەی بەمۆدێرنکردن، فراوانکردنی سوپا، بە سەربازیکردنی هەموو کایە و خەیاڵ و کەناڵەکان لەسەردەمی بەعسدا دەگاتە لوتکە! لەڕاستیدا کۆمەڵگەی عیراقی لەسەردەمی بەعسدا تەنها دەیتوانی بەزمانی سەرباز، کەلەپور و فەرهەنگی سەربازەوە گفتوگۆبکات. دەکرێت ئەم کردەیە بە کوشتنی خەیاڵی بەمەدەنیکردنی سوپا و سەرباز لە نێو بونیادی دەوڵەتدا وێنا بکەین. کوشتن بە واتای ئەوەی لەنێو جەستە و پەیکەری "هاوڵاتی" سەرباز و سیمبوڵەکانی سوپا جێگیربکەیت و هەموو دەرفەتێکی مەدەنیبوونی لێ بستێنیتەوە.

تێکەڵکردنی حەشدی شەعبی بە سوپای عیراقەوە هیچ ئەگەرێکی بەدامەزراوەیبوون و بەنیشتیمانی بوون بەدوای خۆیدا ناهێنێت. حەشد و سەربازی عیراقی بە دوو زمانی سەربازی تایبەت، بە دوو دەزگای بیرۆکراتی و دەوڵەتی جیاوازەوە لەگەڵ ئەوانیتردا لە پەیوەندیدان! ئەم دوو ئەکتەرە خاوەن دوو پانتایی جیاوازن! هەریەکەیان نوێنەرایەتی کەلەپور و مێژوو و خەیاڵێکی لەیەکتر دابڕاو دەکەن. حەشدی شەعبی لەنێو دامەزراوەی سەربازی عیراقدا ناهێڵێت ناسنامە مەزهەبی و سەروو دەوڵەتییەکەی کاڵ بێتەوە، لەناو جەستەی سوپادا بتوێتەوە! لەڕاستیدا حەشد وەک ئۆردەر و هەندەسەی سەربازی بە هیچ ناوەندێکی عیراق نابەسترێتەوە! جوڵە و هەڵبەز و دابەزینەکانی لە دەزگا ناوەکییەکانی عیراقەوە بەرهەم ناهێنرێت؛ ئەم هێزە بە ناوەندێکی تر و خانەیەکی سیاسی دەرەکی بەستراوەتەوە و جوڵەکانی دیاریدەکرێن`

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand