بنەماڵە سیاسیەکانی عێراق
2019-07-02 06:26:20
+ هونەر تۆفیق
بەشی یەکەم
سەدەیەک لەنێوان کۆکس و برێمەردا
لە ناوەڕاستی ١٩١٨ دا ، بەریتانیەکان بەتەواوی عوسمانیەکانیان لە میزۆپۆتامیا ( عێراقی ئێستا) کردە دەرەوە . لەسەر پێشنیاری ئارنۆڵد ویڵسن ناوی ئەو سێ ویلایەتە عوسمانیە داگیرکراوە ( موسڵ ، بەغدا ، بەسرە) یان لە میزۆپۆتامیاوە گۆڕی بۆ ناوێکی عەرەبی کە عێراقی ئێستایە .
کۆکس بە ڕاوێژەکانی میسس دیترۆت بێڵ، پێشنیاریان بۆ تاجی بەریتانی کرد لەناو ئەو بنەماڵە (سەید ، شەریف ، شێخ )ە دەست رۆیشتوانەی ناوچەکەدا کەسایەتیەک بدۆزنەوە ، بیکەن بە پادشای عێراق کە جێگای ڕەزامەندی هەم نەتەوە جیاوازەکانی میزۆپۆتامیا - عێراق بێت و هەم بەریتانیەکانیش متمانەی پێ بکەن . بۆ ئەوەی چارەسەری ڕاپەڕینەکانی گەلانی عێراقی پێ بکەن کەبە شۆرشی بیست ناسراوە لەدژی داگیرکاری بەریتانیەکان بەرپاببوو .
کۆکس وەک عەرابی یەکەمی دروستکردنی عێراق، بەم نەخشە و شێوە سیاسیەی ئێستاوە، پایە سەرەکیەکانی دەوڵەتی دامەزراند ، هەر لە دروستکردنی سوپا و پۆلیس و دادگا و خوێندنگەوە تا سیستەمی سیاسی پەرلەمانی پادشایەتی .
بۆ ڕاگرتنی پەیوەندیە هۆزایەتی و مەزهەبی و نەتەوەییەکانی ناو ئەو دەوڵەتە تازەیەش ، جۆرێک لە دەستەڵاتی (محاصصە)فرەبەشی بەسەر سەرۆک هۆز و بنەماڵە ئایینی و شێخ و سەیدەکاندا دابەشکرد . هەروەها ئەفسەر( کەلە سوپای عوسمانیەکان هەڵگەڕابوونەوە ) و رۆشنبیرە قەومیەکانی دەوری شا فەیسەڵی کوڕی حسەینی شەریفی مەککەی دەرکراو لەلایەن ئالسعودەوە ، کۆکردەوە کە بەهۆی بەشداریان لە هەیکەلە ئیداری و سەربازیەکانی عوسمانیەکاندا شارەزایی دەوڵەتداریان هەبوو ، کۆکس لەو تێکەڵەیە حکومەت و نیزامە سیاسیەکەی عێراقی پێکهێنا .
نزیکەی سەدەیەک لەپاش پێرسی کۆکس ، لە ٢٠٠٣ دا ئەمریکا ، عێراقی داگیرکردەوە . حاکمێکی بە سەر مەدەنی و بە پێ عەسکەری (چونکە تا لە عێراق بوو بە پۆستاڵی سەربازی و پۆشاکی مەدەنیەوە مایەوە )بۆ عێراقیەکان نارد کە ئەویش پۆڵ بریمەربوو . برێمەر لەیەکەم هەنگاودا هەموو میراتە ئیداریەکەی کۆکسی هەڵوەشاندەوە بە سوپا و پۆلیسیشەوە . بۆشاییەکی سیاسی و ئیداری و ئەمنی گەورەی لەناو عێراقدا دروستکرد کە تا ئێستاش پڕ نەکراوەتەوە . لەهەمان ئەو بنەماڵانەی سەدەیەک پێشتر کۆکس حکومەتی لێ پێکهێنان ، بریمەر مەجلیسی حوکمی لێ دروستکردن . لەو ٢٥ ئەندامەی مەجلیسی حوکمەکەی برێمەر ، ١٣یان عەرەبی بنەماڵەی سیاسی ساداتی شیعەبوون ، ٥ یان نوێنەرانی شێخە عەرەبە سونەکان بوون . ٥ یان کوردی نوێنەری هەم ئایینی و هەم بنەماڵەی سیاسی کوردەکان بوون . یەک مەسیحی و یەک تورکمانیش .
لەپاش ١٦ ساڵ لە دروستکردنی ئەو پێکهاتەیەی برێمەر لە مەجلیسی حوکمدا هێشتاکە ناکۆکی و ململانێکانی نێوانیان ، بە ئاڵۆزی و بێ چارەسەر ماوەتەوە .
عێراقی مەجلیسی حوکم لەسەر دەستی برێمەردا بوو بە عێراقی ئەو بنەماڵە سیاسیانەی لە مەجلیسەکەدا بەشداربوون . کە نەیانتوانی نە پێکەوە عێراقێکی یەکگرتوو و دیموکراسی دروست بکەن ، نە ژیانێکی شایستەش بۆ خەڵکەکەی ناوچەکانیان دابین بکەن . ئەو بنەماڵانەی لە سەرەتای دروستبوونی ئێراقەوە ، سەدەیەکە لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا ( بە دەستەڵاتداریەوەبێت یان بە ئۆپۆزسیۆن بوون ) لە ناکۆکی و ململانی ی کوشندەدان کە گەلانی عێراقی پێوە گیرۆدەبووە .
ماویەتی ...