كورد و خولانەوە لەبازنەی ئەزموونی شكستخواردوودا
2018-04-17 10:38:41
محەمەد كەریم
لای هەمووان ئاشكرایە شۆڕش بە واتای بەرەنگاربوونەوەی دۆخێكی نەخوازراو و ناتەندروستە لە كۆمەڵگاكاندا جا ئەو دۆخە مافخوراویبێت یان ستەم و نادادی و بارگرانی هەموو یان بەشێك لە هەووڵاتیان . باسكردنی هۆكار وجۆرەكانی شۆرش و ئالیەتی دروستی بزاوتە شۆڕشگێڕیەكان بۆ بەڕێزتان بەجێدێڵم . تەنها دەمەوێت بەخێرایی باسی شۆڕشی ڕزگاریخوازی كوردبكەم وەك بزاوتێكی نەتەوایەتی Nationalism بۆئەوەی بەڕێزتان هێڵكاریەكی تاڵاوەكانی گەلەكەمان لە سەدساڵی ڕابووردودا لەبەرچاوتان وێنابكەن.
شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلان : ئەو شۆڕشانەن گەلان لەپێناو ئازادی و سەربەخۆییدا فیداكارانە بەگژداگیركەراندا دەچنەوە. گومان لەوەدانیە سەدەی ڕابووردو بە سەدەی سەركەوتنی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلان ناودەبرێت كەتێیدا تەواوی گەلان دەوڵەت وكیانی سەربەخۆیان بنیاتناو توانیان داگیركەران وەدەرنێن , بۆنموونە ووڵاتی جەزائیر بە شۆڕشێكی حەوت ساڵی توانی دوای 130 ساڵ لە داگیركاری كۆتا سەربازی فەرەنسی لەووڵاتەكەیان وەدەرنێن . بەهەمانشێوە گەلانی ژێردەستی وەك هندتوانی كۆتایی بە300ژێردەستی ئینگلیزبهێنێت وسەرجەم (دەوڵەتانی ئاسیاو ئەفریقیا) شۆڕشیان بۆ ڕزگاری نیشتمان بەرپاكردووەو توانیویانە سەربەخۆیی وەدستبێنن و دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆی خاوەن سەروەری دابمەزرێنن.
ئەمڕۆ ئێمەی كورد گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتین لە جیهاندا ئەمە ڕاستیە . بەداخەوە تائێستە نەمانتوانیوە كوردستانی داگیركراوو پارچەكراومان یەكخەین و دەوڵەتی نەتەوەیی خاوەن ئاڵاو سەروەری لەسەر بەرپابكەین هەرنەبێت نەمانتوانیوە وەك ئەزمونێكی سەركەوتو لە پارچەیەكی خاكەكەماندا ببینە خاوەن سەربەخۆیی و سەروەری ئەگەرچی لە هەموو پارچەكاندا بۆئەو مەبەستە چەندین شۆڕش بەرپاكراوەو ڕۆڵەكانی نیشتمان بێدرێخ لەوپێناوەدا گیانیان بەفیداكردوە.
ڕاستە چیاكانی كوردستان بەدرێژایی مێژووی داگیركاری (عەرەب و تورك و عەجەم ) تروسكایی شۆڕشی لێنەبڕاوە و هەردەم بێشەی شێرانی گیان لەسەردەست بووە , بەڵام بەداخەوە ئەو هەموو خەبات و خوێنە نەیگەیاندوینەتە ئامانجە ڕەواكانمان ئەگەرچی هەندێكجار هەلی مێژوویی هەڵكەوتوە بەتایبەت لە كوردستانی باشوور بەڵام بەهۆی كورتبینی و خۆپەرستی وخۆخۆری سەركردەكان و هەڵەی ستراتیجی و كەموكورتی وخواربونەوەی ڕێڕەوی شۆڕشەكان كەزۆربەیجار پێچەوانەی تایبەتمەندی و بیروڕای ئاینی و ویستی جەماوەری كوردستان و هەتا ستەمكردن لە خودی شۆڕشگێڕان بووە بەم هۆكارانەوە نەتوانراوە هەلەكان بقۆزرێنەوە و بەمافەكانمان بگەین.
نامەوێ دادگایی بۆمێژووی كەسایەتی سەركردەكان و بزاوتە نیشتمانیەكان ئەنجامبدەم و هیچكەس و لایەنێكیش بەخائن و خیانەتكار تۆمەتبارناكەم بەڵام ئەوە تەئكید دەكەمەوە لەسەرەتای یەكەم بزیسكی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول دا هەموو كوردانی باشوور(بادینان و بارزان و سۆران و گەرمەسێرو هەورامان و تادەگاتە بەرزاییەكانی حەمرین ودەشتی قەراج و گڕی بابەگوڕگوڕ و هەمووبستێكی نیشتمان) كورد پێكەوە و یەكدەنگ بەناوی شۆڕشی ڕزگاریخوازی نەتەوایەتیەوە بەسەركردایەتی (خوالێخۆشبوو مصگفی بەرزانی) لەساڵی 1961دا شۆڕشی چەكدارییان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەل بەرپاكرد و شۆڕش گەشتە لوتكە. بەداخەوە لەبری ڕەچاوكردنی تایبەتمەندیەكانی گەلی كورد و حسابكردن بۆ مێژووی فیكری و ئاینی كوردستان و خوێندنەوەو نرخاندنی سەرخان و ژێرخانی فیكری وكولتوری كۆمەڵگەی كوردی و سودوەرگرتن لەو دەریا پارادایمەی دەرەنجامی زیاتر لە ئەزموونی چواردەسەدە كەڵكەبوبوو سەركردەكانی شۆڕش سەپاندنی ئایدۆلۆجاو بیروڕای تایبەتی خۆیان زاڵكردوە و دژایەتی ئاین و كولتوری كوردەواریان كردبووە پێوەری گەشەی شۆڕش ئەمانەش سەریكێشا بۆ ناكۆكی فیكری و جیاوازی بەرژەوەندی لەنێو سەركردایەتی كورددا!!! كارگەشتەئەوەی نێوماڵی كوردی بەشێوەیەك لەتكرد گەشبینترین چاودێر و ئاگای سیاسی نائومێدە لە چارەسەر دوای نیوسەدە لەلەتبوونەش, بەجۆرێك لەو ڕۆژەوە تائەمڕۆ هەموو جیابوونەوەو لەتبوونەكانی كورد بەهەمان شێوازو لەسەرهەمان هۆكارو بەهانەن لە نیوەی یەكەمی شەستەكاندا چاكسازی شۆڕش و جیاوازی ستایلی ئایدۆلۆجی پێشكەوتنخواز و مۆدێرنەبوون ....هتد بەهانەی لەتبوونی شۆڕش بوون بۆ دووبەرەی (مەلایی و جەلالی) كەدواتر گۆڕا بۆ شەڕی براكوژی (یەكێتی و پارتی) تائێستەش شوێنەوارەكەی لەنێو خانەوادەو بنەماڵەكانی كوردستاندا بەڕوونی ماوەتەوە , بەڵام لەڕاستیدا هەردوولا درێژەپێدەری هەمان ئەزموونی ناسیۆنالیستی بوون داخەكەم ململانێی پێگەو جیاوازی بەرژەوەندی دەریایەك خوێن و چەندقۆناغێك كوردیان لە گەشتن بەئامانجەكان دوورخستەوە. دواتر لە 2008 بزوتنەوەی گۆڕان بەهەمان بەهانەو پاساو لەیەكێتی نیشتمانی جیابوویەوە بەڵام ڕاشكاوانە هەڵگری هەمان باكگراوند و درێژەپێدەری هەمان تێزی فیكری بوون , وائێستەش بزووتنەوەیەكی نوێ بەناوی نەوەی نوێ لەهەناوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردەوە لەدایكدەبێت بەڵام ڕاشكاوانە دەیڵێم جگە لە دابەشبوون و لاوازكردن و لەتكردنی هێزی كورد هیچكام لە لەدایكبووە نوێیەكان نەیانتوانیوە كێشەكانی نەتەوەكەمان هەنگاوێك ببەنە پێشەوە بەڵكو هەموویان هەڵگرو درێژەپێدەری هەمان تێزو فكر بوون و هەموویان هاوبەش و شەریكن لە قەیرانەكان و شكستەكانی گەلی كورد ئەوەبوو نەوەی ئێستا دوا شكستمان بەچاوی سەر بینی . دوپاتیدەكەمەوە هەمووناوەكان (بەڕێژەی جیاواز) لە نەگەشتن بەمافەكان و گەندەڵی و قەیرانەكان و لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی پێكهاتە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكەی كوردستان دا بەشدارن یەكێك ستەمكارنیەو ئەویدی دۆستی ستەمدیدەكان ....
لەكاتێكدا ئێمەی میلەت وەك كۆیلەو بەردەست لەدامێنی گردەكاندا بەكوللەمەرگی ناخۆشترین ژیان بەسەردەبەین!!؟ ئیدی نیشتەجێبوون و بەئارامی حەسانەوەی سەر گردوو بەرزاییەكان بەناوی دەسەڵاتبێت یان ڕەمزی نیشتمان یا بابی هەژاران چ جیاوازیەكی هەیە بۆتاكی كورد ؟؟
كەدەڵێم ئەزموونی شكستخواردو مەبەستم بیری ناسیۆنالیسمیە Nationalism كە هەموو شۆڕشەكانی كورد لەسەربنەمای نەتەوایەتی بنیاتنراوە بەداخەوە لەسەردەمی زێڕینی شۆڕشەنەتەوایەتیەكاندا كوردیش وەك نەتەوەكانی دونیا نەبوو بەخاوەن دەوڵەت وكیانی سەربەخۆ لەبەر پێنەگەشتنی بیری نەتەوایەتی و ئاوێتەنەبوون و ناتەبابوونی بیری شۆڕش بە تایبەتمەندی فكری و ئاینی نەتەوەكەمان و سەرقاڵبوونی منڤرانی شۆڕش بە كێشە فیكری و ئایدۆلۆجیەكانەوەو بەهەدەردانی زۆربەی هێزیان لەململانێی مانەوە لە لوتكەی حیزب و دەسەڵاتدا ونەبوونی سەركردەی دڵسۆز و كۆكەرەوەی نەتەوە و كەمی هەڵگرانی ڕاستەقینەی خەمی نەتەوەكەمان لە پەنجاساڵی پێشودا ئەمانەو زۆریتر هۆكاربوون بۆ نەگەشتنمان بە دەوڵەتداری و مافە ڕەوا نەتەوایەتیەكانمان .
ئەمڕۆ بیرۆكەی شۆڕشی نەتەوایەتی ڕوبەڕوی شەپۆلێكی گەورەی گلەیی و گازەندەو ڕەخنەی زۆربوەتەوە بەهۆی زمانی چەك و توندوتیژی و پێشێلكاری بەرامبەر كەمە نەتەوایەتی و ئاینی و مەزهەبیە بچوكەكان ئەمەش وایكردوە لەئەمڕۆدا شۆڕشە نەتەوایەتیەكان لەنێوەندە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەكاندا نەویستراوو جێی گومانبن.
لەكۆتاییدا دەپرسم ئایا كاتی ئەوەنەهاتوە لەسەر بنەمای ئەرك ومافە مەدەنی ومرۆڤایەتیەكان شۆڕشێكی یاسایی و سیاسی میانڕەوو سپی بەرپابكەین و لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتیەكان بەڕەچاوكردنی تایبەتمەندیە فكری و كولتوریەكانی كۆمەڵگەی كوردی هەموومان یەكدەست و یەك هەڵوێست داوای مافەڕواكانمان بەجیهان بگەیەنین و خۆشگوزەرانی كۆمەڵگە بكەینە خاڵی بنچینەیی خەبات و بە چەكی دادپەروەری و یاساسەروەری ڕوبەڕوی ستەم و نادادیەكان ببینەوە .