Draw Media

منداڵێك عەرشی ئەردۆغانی هەژاند لەلایەن

منداڵێك عەرشی ئەردۆغانی هەژاند لەلایەن

2019-07-01 06:22:27


 رێبوار کەریم وەلی
(1)

دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانی 31ی ئاداری گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ لە 23ی حوزەیران و ئەو شكستە دراماتیكییەی كە حزبەكەی ئەردۆغان تووشی بوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە چەندین گەورە شاری وەكو ئیزمیر، ئانكارا و ئەنتاڵیاشی لەدەستدا، سەرەتای كۆتایی حزبەكەی ئەردۆغانە. منداڵێك، (بەركای گەزگین) دوای ئەوەی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن لە توركیا بڕیاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانی ئیستانبوڵی دا، هاتە پێش پاسەكەی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو و هاواری كرد: "كاك ئەكرەم، هەموو شتێك زۆر جوان دەبێ"، ئەو رستەیە بوو بە دروشمێكی سەرتاسەری و سۆشیالمیدیای تەنییەوە. بوو بە دەربڕینێك دژی حزبی حاكم و هێندە كاریگەر بوو كە حزبی حاكم (ئاكەپە) نەیانزانی بۆ هەڵمەتی دووبارەی هەڵبژاردن چ دروشمێكی لەدژ بەرز بكەنەوە! تەنانەت ویستیان لاساییشی بكەنەوە و وشەی (زۆر)ەكەیان دەرهێنا و دەیانگوت: "هەموو شتێك جوان دەبێ"! دوایی بۆیان نەچووە سەر و گۆڕییان.

دروشمی منداڵێك قەدەری شارێكی گۆڕی، بەڵام هەڵوێستی نەگۆڕی HDPیش لە دەنگدان لەدژی ئەردۆغان، كۆتایی بە 24 ساڵ حوكمڕانیی نەپساوەی ئەردۆغان و حزبەكەی هێنا كە بە هیچ شێوەیەك ئامادە نەبوون ئەو شارە رادەستی هیچ لایەنێكی دیكە بكەن. 48 سەعات پێش هەڵبژاردنەكان ئاكەپە هەموو هەوڵێكی دا و نامەیەكی ئۆجەلانی لە ئاژانسی رەسمیی دەوڵەتەوە بڵاوكردەوە كە داوای دەكرد كورد بێلایەن بن، بەوەشەوە نەوەستا و عوسمان ئۆجەلانی برایان هێنایە سەر تەلەڤزیۆنی TRT Kurdi و ناڕاستەخۆ داوای كرد ئەگەر دەنگ بە ئاكەپەش نادەن، دژی نەوەستن! قسەكانی هەردوو ئۆجەلانی برا، نەك هەر سوودیان نەبوو، بگرە وایكرد نەتەوەپەرستەكانی ناو ئاكەپە و مەهەپە، لە دژی دووفاقییەتی سیاسەتی هاوپەیمانیی (جمهور) بێنە دەنگ. تا دوێنێ ئاكەپە داوای لە هەدەپە دەكرد لە بن عەبای پەكەكە و ئۆجەلان بێنەدەر و سیاسەت بكەن، كەچی چەند سەعاتێك بەر لە هەڵبژاردن داوای دەكرد هەدەپە واز لە سیاسەت بێنێ و بە قسەی ئۆجەلانەكان بكات! دروشمی تیرۆریزەكردنی كێشەی كورد لە توركیا و بەكارهێنانی وەكو هەڵمەتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بۆ ئاكەپە كۆتایی هاتووە و سەرەتای سەردەمێكی نوێیە لە هاوپەیمانیی هەدەپە بۆ سنوورداركردنی دەسەڵاتی ئەردۆغان.

ئەردۆغان چی دەكات؟
(2)

باری نالەباری ئابووری و سەرگەردانیی سیاسەتی دەرەوەی توركیا و، هاوكات كێشمەكێشی دەسەڵات لەناو ئەوانەی رۆژانێك ئاكەپەیان دامەزراند، ئەردۆغانی خستووەتە گۆشەیەكەوە. قەیرانسازی و هەڵبژاردنی یەك بەدوای یەكدا لە 17 ساڵی رابردوو خاڵی بەهێزی ئەردۆغان بوون، بەڵام هەڵبژاردنی ئیستانبوڵ نیشانی دا كە كارتەكانی دەستی ئەردۆغان خەریكە كۆتاییان دێت و بۆ یەكەمجار لە مێژووی ئاكەپەدا، ئێوارەی 23ی حوزەیران تەنها هەڵبژاردنێك بوو كە ئەردۆغان نەچووە سەر تارمە و نەعرەی سەركەوتنی لێنەدا. ئەڵبەتە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن بەو ئامانجە بوو كە بیبەنەوە، بەڵام دۆڕاندنەكەی خۆیان وا وێنا كرد كە دیموكراسی لە توركیا بردوویەتیەوە. چونكە لەوەتەی سیستەمی فرەحزبی لەسەرەتای پەنجاكانەوە هەیە و هەڵبژاردن دەكرێ، هیچ كاتێك بەقەدەر ئەو چەند مانگە دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن لە توركیا شەرعییەتی خۆی لەدەست نەدابوو. حزبە توركەكان كە هەمیشە غەدریان لە كورد كردووە، قەت باسی تەزویریان نەدەكرد، نەوەكا بیانوو بدەنە دەست كورد، بۆیە هەمیشە مەدح و سەنای ئەو دامەزراوەیەیان دەكرد. لە ماوەی رابردوودا ئەردۆغان بە توندترین شێوە پەلاماری ئەو دامەزراوەیەی دا و تەنانەت بە دز، حیلەباز و ساختەكار تۆمەتباری كردن. ئەو ئەنجامە هەوڵێك بوو بۆ گەڕاندنەوەی ئیعتیبار بۆ ئەو دامەزراوەیە. چونكە وڵاتانی ئەوروپی پێشوەختە لەو باوەڕەدا بوون كە ئەردۆغان بە فێڵ دەیباتەوە، بەڵام ئەردۆغان بۆ پاراستنی شەرعییەتی خۆی، ئیستانبوڵی پێشكەشی ئۆپۆزیسیۆن كرد.

ئەگەرچی ئەردۆغان پیرۆزبایی لە سەرۆكی نوێی شارەكە كرد، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو بەرژەوەندی و رانتەی كە لە 24 ساڵی رابردوودا بۆ ئاكەپە هاتووەتەكایەوە، ئاستەمە رێگە بدات سەرۆكی نوێ وا بە ئاسانی حوكم بكات.

ئێستا ئەردۆغان (چونكە ئەمجارەیان خۆی لە هەڵمەتی پڕوپاگەندەش بەدوورگرت) لە هەوڵی ئەوەدایە كە بڵێت ئەوە دۆڕانی حزبەكەی بووە نەك هی خۆی و خەتاكە بخاتە ئەستۆی ئەوان. خۆی وەكو مەرجەعێك لێ بكات و لە حزبەكەشی دوور بكەوێتەوە، لەوەشیاندا تەنها چاوی لە دووبارە هەڵبژاردنەوەیەتی لە 2023.

ئیتیفاقی ئیستانبوڵ
(3)

سەركەوتنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بەرهەمی هاوپەیمانیی میللەت نەبوو بە تەنها، بگرە هاوپەیمانییەكی رانەگەیەندراوی دیكە بوو بە ناوی ئیتیفاقی ئیستانبوڵ لە دژی ئاكەپە و مەهەپە. كارەكتەرەكانی ئیتیفاقی ئیستانبوڵ (جەهەپە، هەدەپە و ئیی پارتی) خاوەنی روانگای چەپ و بنچینەی نەتەوەیین، بەڵام رەنگبێ بەرفراوانترین و كاریگەرترین هاوپەیمانی بووبن لە دژی ئاكەپە لە 20 ساڵی رابردوودا.

ئاكەپە هەمیشە سوودی لە پەرتەوازەیی ئۆپۆزیسیۆن بینیوە و كاری لەسەر تێكدانی بەرەی بەرامبەری خۆی كردووە. ئێستا كە ئاكەپە لەگەڵ مەهەپەدا گەڕاوەتەوە سەر ئەسڵی نەتەوەپەرستیی خۆی و قەبارەكەی بچووك دەبێتەوە (بەتایبەتیش كە بڕیارە تا پاییزی ئەمساڵ دوو حزبی لێ جودا ببنەوە) شانسی بەرفراوانبوون و درووستكردنی دیدگای بنچینەیی بۆ چارەسەری كێشەكان و لەسەرووی هەمووشیانەوە بە دیموكراسیكردن و پارستنی مافی پێكهاتەكان لە رێگەی دەستوورەوە، گەلێك بەهێزە. 

مێژووی سیاسیی توركیا نیشان دەدات كە زۆربەی حزبەكان (جگە لە جەهەپە، هەدەپە و تا راددەیەكیش مەهەپە) حزبە نوێیەكان دوای لەدەستدان یان كەمبوونەوەی قەبارەیان پارچە پارچە دەبن. لە چەند دەیەی رابردوودا، چەندین حزب كە حكومەتیشیان بەدەستەوە بووە، دوای دۆڕاندن لە هەڵبژاردن، ناویشیان نەماوە و چوونەتە مێژووەوە. ئاكەپەش لەبەردەم ئەو مەترسییەدایە ئەگەر ئیتیفاقی ئیستانبوڵ ببێ بە ئیتیفاقی توركیا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand