بژاردەکانی یەکێتی لەدژی حکومەتی پارتی
2019-06-29 16:52:01
+ شێرزاد شێخانی
ماوەیەکە سەرکردایەتی یەکێتی رۆژانە فشارێکی زۆر ئەخەنە سەر سەرکردایەتی پارتی لەبارەی کێشەی کەرکوکەوە . زۆرجاریش فشارەکان ئەگەنە ئاستی هەڕەشە لەکابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم و، بەشێک لەسەرکردەکانی یەکێتی بەراشکاوی باس لەهەندێ بژاردە دەکەن لەحاڵەتی بەدەنگەوە نەهاتنی پارتی بۆ داواکارییەکانیان ..
جارێ پێش هەمو شتێک کێشەی دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک ، کێشەیەکی ئەوەندە گەورە نیە ئاییندەو چارەنووسی هەموو هەرێمی کوردستان بخاتە مەترسییەوە ، چونکە نزیکەی دوو ساڵە کەرکوک بێ پارێزگارێکی کوردە ، جگە لەوەش ماوەیەکی زۆریش نەماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان ، بە واتایەکی روونتر ئەم کێشەیە دوای ماوەیەکی کەم خۆی لەخۆیدا چارەسەر ئەبێ بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنێکی تازەو دانانی پارێزگارێک لەلایەن ئەو ئەنجومەنەوە .
لەلایەکی تریشەوە لیستی کوردی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەچەند لایەنێک پێکهاتوە ، لانیکەم هەر لایەنێک مافی ئەوەی هەیە بەشدار بێت لەهەڵبژاردنی ناوێک بۆ ئەو ماوە کورتەی لەبەردەم پارێزگار دایە ، بەواتایەکی تر ئەبێ سازانێکی گشتی هەبێت لەنێوان لایەنەکانی لیستە کوردیەکە لەمبارەیەوە .
بەشێک لەسەرکردایەتی یەکێتی کە هەڕەشەی بایکۆتی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لەکوردستاندا ئەکەن ، هەندێ بژاردە ئەخەنە بەردەم خەڵکەوە کە پێموایە هیچیان بژاردەی واقیعی نین ئەگەر مەحاڵیش نەبن .
بەپێی زانیاریەکانی خۆم ، ئەو بژاردانە لەسێ تەوەردا خۆیان دەنوێنن ، ئەگەرچی تا ئێستاش بەراشکاوی ئەو بژاردانە ئاشکرا نەکراون ، بەڵام بەپێی زانیاریە دزەپێکراوەکان بەشێکیان باسیان لێوە ئەکرێت لەناو سەرکردایەتی یەکێتیدا .
بژاردەی یەکەم : بایکۆتی بەشداریکردنی یەکێتییە لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بەسەرکردایەتی پارتی و گەڕانەوە بۆ بەغدا . بەپێی ئەم بژاردەیە یەکێتی ناچێتە ناو حکومەتی داهاتووی هەرێم و هەوڵئەدات مووچەی فەرمانبەرانی زۆنەکەی خۆی بخاتەوە سەر بەغداو لەسەر ئەساسی پارێزگاکان مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات . بەڵام ئەو بژاردەیە ناواقیعیەکەی لەوەدایە کەوا بەغدا ئەگەر بشتوانێ مووچەی فەرمانبەران بەپێێ پارێزگاکان بۆ زۆنی سەوز بنێرێ ، بەڵام ناتوانێ بودجەی ساڵانەی هەرێم بکاتە دوو کەرتەوەو بەشی زۆنەکەی یەکێتی پێبدات ، چونکە بەپێی یاسا بەغدا لەگەڵ هەرێم مامەڵە ئەکات، ئەمەش لەدەستوورو یاسای بودجەدا جێگیرکراوە ، کەواتە زۆنەکە لەرووی خزمەتگوزارییەوە ئەکەوێتە ناو قەیرانێکی قووڵی داراییەوە کە دانیشتوانەکەی بەرگەی ناگرن و ئامادەش نابن بەرگەی بێ بودجەییش بگرن .
بژاردەی دووەم وەکو هەندێ لەسەرکردەکانی یەکێتی ئاماژەی پێئەدەن بێ ئەوەی بوێرن بەروونی بیخەنە بەردەم جەماوەرەکەیانەوە ، ئەویش بژاردەی راگرتنی هەناردەی نەوت و گازە لەناوچە جێنفوزەکانی خۆیەوە وەکو ئابڵوقەیەکی ئابووری بەسەر حکومەتی داهاتوی هەرێمەوە . تەنانەت هەندێکیان باس لەوەش دەکەن کە خۆیان هەوڵئەدەن نەوت بفرۆشن وداهاتەکەی بۆ زۆنەکەی خۆیان ببەن . ئەمەشیان دیسان بژاردەیەیکی سەخت و مەحاڵیشە . چونکە راگرتنی نەوت واتای برسیکردنی میللەت و بێبەشکردنی ملیۆنان مووچەخۆری ئەم هەرێمەیە لەبژێوی ژیانیان . لەلایەکی تریشەوە تورکیا وەکو هاوبەشێک لەپرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێم ، هەڵبەت بێدەنگ نابێت ئەگەر رێگە لەو داهاتانەی بگیرێت کە لەرێگەی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە دەستی ئەکەوێ ، بەتایبەتیش چەندین رێکەوتنی نەوتی لەگەڵ حکومەتەکانی پێشووتری هەرێمدا هەیە ، بۆیە مەحاڵە تورکیا بێدەنگ بێت لەم ئابلوقەی یەکێتی بەسەر نەوتەوە . لەلایەکی تریشەوە تەنانەت یەکێتی ناتوانی لەرێگەی تەنکەریشەوە نەوت هەناردەی ئێران بکات چونکە ئێستا ئابڵوقەی ئەمەریکا بەسەر ئێراندا سات لەدوای سات تووندتر ئەبێت ، ئەمریکا رێگا نادات نەوتی هەرێم لەرێگەی ئێرانەوە ساخبکرێتەوە ، یاخود مامەڵەی بازرگانی زۆنی سەوز لەگەڵ ئێرانی دوژمنیدا بگاتە ئاستێک زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بگەیەنێت لەناوچەکەدا.
بژاردەی سێیەمیان ، دوو ئیدارەییە . ئەو سەردەمەی کە دوو ئیدارەیی لەهەرێمدا دروست بوو ، هەلومەرجێکی ناوخۆیی وئیقلیمی و تەنانەت نێودەوڵەتیش هەبوو کە یارمەتیدەر بێت بۆ قبووڵکردنی دوو ئیدارەیی لەهەرێمی کوردستاندا، بەڵام سەرەنجام بینیمان ئەمەریکا بەهەموو سەنگی خۆیەوە هاتە ناو پرۆسەکەو هەردوو حزبی پارتی ویەکێتی ناچارکرد کەوا حکومەتەکەیان یەکبخەنەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەمریکا پێی خۆش نەبوە دوو ئیدارەی جیاواز هەبێت لەهەرێمدا ، جا ئەو کاتی هێشتا سامانی نەوتیش لەهەرێمدا دەرنەکەوتبوو ، دوژمنایەتی ئێرانیش لەئارادا نەبوو ، ئێستا ئەمریکا کە هەموو توانایەکی خۆی خستۆتەگەر بۆ دابینکردنی ئاسایشی باخچەکەی دواوەی ، واتا ئەو ناوچەیەی ئێستا لەعیراق و هەرێمیشدا وەکو ناوچەیەکی دۆستی خۆی تەماشای دەکات ، بخاتە حاڵەتێکی شێواوەوە کە کاریگەریەکی خراپی هەبێت بەسەر پلانەکانی لەناوچەکەدا .. جارێ لەلایەکەوە خەریکی پلانێکی گەورەیە دژی ئێران ، لەلایەکی تریشەوە مژوولی پلانێکی ئیقلیمی گەورەترە بۆ چارەسەری کێشەی ئیسرائیل و فەلەستینیەکان ، هەڵبەت رێگا نادات کێشەیەکی ئاوا گەورە لەناوچەکەدا قووت بێتەوەو پلانەکانی بخانە مەترسییەوە . بۆیە ئەم بژاردەی دوو ئیدارەییش سەر ناگرێ و بژاردەیەکی ناواقیعیانەیە لەم هەلومەرجە ئیقلیمی ودەوڵەتییەوە .
سەرباری ئەم هەموو ئاستەنگەی دێنە پێشەوە لەمەسەلەی ململانێکانی یەکێتی لەگەڵ پارتیدا ، پێموایە هۆکاری تریش هەن کە رێگر بن لەبژاردەکانی یەکێتی ، پێش هەموشیان مامەڵەی ئێستای بەغدایە لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێم کە خۆی لەپەیوەندی بەغدا بە سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەتەوە ئەبێنی کە دوو دامەزراوەی شەرعی هەرێمی کوردستانن و لەدەرەوەی ئەم دوو دەزگایە بەغدا ناتوانێ تاکلایەنە لەگەڵ هیچ حزبێکیتر مامەڵەی یاسایی بکات .
بۆ چارەسەری کێشەی کەرکوک پێموایە ئەبێ یەکێتیش بایی خۆی نەرمی بنوێنێ لەبەرامبەر پارتیداو ئەو کێشەیە وا گەورە نەکات وەزعی هەرێمەکەمان بگاتە دۆخە مەترسیدارەکەی براکوژییەوە ، چونکە بەڕاستی کەرکوک ئەمرۆ بۆتە بۆمبە تەوقیتکراوەکەو هەمیشە مەترسیی تەقینەوەی هەیە، بۆیە رێکەوتن و سازان لەسەر کاندیدێکی بێلایەن تا هەڵبژاردنەکانی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک باشترین بژاردەیە ، با هەڵبژاردنی داهاتوو ئەو کێشەو ملمڵانێیەی پارتی و یەکێتی لەسەر کەرکوک حەسم بکات ..
بۆ مەسەلەی بەشداری یەکێتی لەحکومەتی داهاتووی هەرێمیشدا، پێموایە حکومەتەکە بەبێ یەکێتیش دائەمەزرێت و پۆستەکانی یەکێتی بەبەتاڵی ئەمێننەوە وەکو ئەوەی بەغدا کە زیاتر لەساڵ و نیوێک چەندین پۆستی گرنگ بەهۆی ململانێی حزبەکان پڕ نەکرانەوە، ئەوەی هەرێمیش هەر ئەمەیان چارەسەرە ، کە دڵنیام لەکۆتاییشدا یەکێتی هەر ئەبێ بگەڕێتەوە بۆ ناو حکومەت ، کە ئەمەش تاکە بژاردەی سەرکەوتوانەی ئەبێت ..