Draw Media

بێمافی له‌ ناو پارتیدا و عه‌یبه‌ی پارتیبوون

بێمافی له‌ ناو پارتیدا و عه‌یبه‌ی پارتیبوون

2019-06-28 15:21:33



+ دانا مەنمی  

حیزبایه‌تی پرۆسه‌یه‌كی ئاره‌زوو مه‌ندانه‌یه‌ مرۆڤ ئازاده‌ له‌وه‌ی په‌یوه‌ست بێت به‌ حیزبێك یان ڕێكخراوێك ، حیزبایه‌تی نه‌عه‌یبه‌ نه‌شه‌رم ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی شه‌رمه‌زاری بۆ مرۆڤ دروست ده‌كات ئاوه‌ژۆكردنی ڕاسته‌یه‌كان و ڕه‌ش به‌ سپی كردن و سپیكردن به‌ ڕه‌شه‌ ،یانیش ئه‌وه‌ی له‌ ناو حیزبایه‌تیدا ببیته‌ كه‌ره‌سته‌و ئامراز به‌ده‌ست حیزبه‌وه‌ له‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ر به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بتهێنێت و بتبات ، مرۆڤی هوشیارو به‌ئاگا بۆ ئه‌وه‌ حیزبایه‌تی ناكات تا ببێته‌ برغوی مه‌كینه‌ی فڵانه‌ حیزب وفلانه‌ سه‌ركرده‌ و نابێته‌ ئامراز، چونكه‌ بۆخۆی ئامانجه‌و راستگۆیانه‌ دیدوجیهانبینی خۆی ده‌خاته‌ ڕوو ،خۆئه‌گه‌ریش رێز له‌ به‌هاو ئێراده‌ی نه‌گیریت ڕیزه‌كانی ئه‌و حیزبه‌ جێده‌هێڵێت.

 

لە هەرێمی کوردستان سه‌رجه‌م حیزبه‌كان له‌ ڕاسته‌وه‌ بۆ چه‌پ خۆیان لەبەرگی بیری ڕزگاری نەتەوەیی، ناسیونالیستی، سۆسیال دیموکرات، چینایەتی،   عەدالەتی کۆمەڵایەتی، نەهێشتنی گەندەڵی، ئیسلامی ….هتد حەشارداوه‌ بە شێوازی جیاواز خۆیان نمایشدەکرد، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ڕووە ڕاستەقینەکەیان بەکردار دەردەکەوت ، ڕووە ڕاستەقینەکەی پارتی له‌ناو شیعاراتی قه‌ومیدا خزمه‌تكردنه‌ به‌ ئیحتیلال و مه‌شروعی عێراقچێتی له‌ ناو بۆته‌ی بنەماڵەیی دا ،كاتێك حیزب ده‌بێته‌ موڵكی بنه‌ماڵه‌ ئیتر له‌ پره‌نسیپ و به‌رنامه‌كانی خۆی لاده‌دات و ده‌بێته‌ هۆكاری داڕمانی سەرخان و ژێرخان، داڕمانی ئەخلاق و سیستەمەکانی خوێندن و تەندروستی و بەهای تاکی کۆمەڵگا .

 

لێره‌دا پارتیبوون شتێكی عه‌یبه‌ و ئابڕوبه‌رانه‌یه‌ ، چونكه‌ له ‌ناو پارتیدا مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی بێ مافه‌و ئازادییه‌كانی لێوه‌رگیراوه‌ته‌وه‌ ، پارتی به‌ بیانووی دیسپلینی حیزبی ئازادی بیركردنه‌وه‌و تێرامان و ڕه‌خنه‌گرتن له‌ ئه‌ندام و كادره‌كانی وه‌رده‌گرێته‌وه‌ و ده‌یكاته‌ مێگه‌لێكی ناو رێزه‌كانی رێكخستن ، هاوكات له‌گه‌ڵ لێسه‌ندنه‌وه‌ی ئازادی له‌ عه‌قڵ مرۆڤه‌كان بونه‌ته‌ بونه‌وه‌رێكی ده‌سته‌مۆكراو ، پارتی له‌ هه‌ناوی خۆیدا فۆڕمێكی نوێی بۆ كۆیلایه‌تی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ ، فۆڕمێك جیاواز له‌ سه‌رده‌مانی كۆن وه‌ك ئه‌وه‌ی (كڕین و فرۆشتن ) به‌ مرۆڤه‌وه‌ ده‌كرا ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پارتی فۆڕمی ده‌سته‌مۆو به‌ كۆیله‌ كردنی ئینسانه‌كانی به‌ناوی دیسپلینی حیزبایه‌تیه‌وه‌ به‌رهه‌م هێناوه‌ كه‌ هه‌مووانی بێماف و ده‌مكووت كردووه‌ .

 

پارتیبوون كاتێك عه‌یبه‌یه‌ كه‌ مرۆڤبوون له‌ ده‌ست بده‌یت و نه‌توانی موماره‌سه‌ی عه‌قلی خۆت به‌ ئازادانه‌ بكه‌یت ، پارتیبون كاتێك عه‌یبه‌یه‌  كه‌ فۆرمێكی پیرۆز ببه‌خشیت به‌ باڵای سه‌رۆكی حیزب و بانگه‌شه‌ی پیرۆزبوونی بكه‌یت و بیكه‌یته‌ فریادره‌سی كۆمه‌ڵگا ، جگه‌ له‌وه‌ش فۆرمی پیرۆز بوونی شوانی حیزب درێژبكه‌یته‌وه‌ بۆ بنه‌ماله‌ی بارزانی و له‌راسته‌وه‌ بۆ چه‌پ سیمایان پیرۆز بكه‌یت ، پارتییه‌كانی سلێمانی حوكمڕانیه‌تی بنه‌ماڵه‌یان تاقیكردووه‌ته‌وه‌و ئه‌زمونێكی تاڵیان له‌ حوكمی ئه‌دهه‌م بارزانی وه‌كو نوێنه‌ری مه‌سعود بارزانی و ئه‌ندامێكی بنه‌ماڵه‌ی بارزان بینی ، پارتیبون كاتێك عه‌یبه‌یه‌ كه‌ میله‌ت له‌ ناو قه‌یرانی برسێتی و بێ موچه‌یی و بێ كاره‌با و بێ ئاوی بێكاریدا به‌ بڕیارێكی سیاسی چه‌قیووه‌و نه‌هه‌ڵبژرادن و نه‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی نوێ وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا كه‌ نزیك به‌ ساڵێكه‌ پارتی به‌ هۆی شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی و ماڵباتی بارزانه‌وه‌ دوای ده‌خات و تاكه‌ بیانوشی بۆ دواخستنی ئه‌و حكومه‌ته‌ به‌هێزه‌ی كه پارتی‌ بانگه‌شه‌ی كوردستانێكی به‌هێزی بڕیووه‌ به‌ باڵایدا بیانوو گرتنه‌ به‌ حیزبه‌كانی تر كه‌ نایه‌وێت حیزبه‌كان له‌ ژێر سێبه‌ری كابینه‌ی نۆیه‌م دا خاوه‌ن دیدو جیهانبین و ئیراده‌ی خۆیان بن .

پارتیبوون كاتێك عه‌یبه‌به‌ كه‌ قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی سیاسی و ئابوری و كلتوری و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رۆكی كۆمه‌ڵگای گرتووه‌ له‌بری هه‌ڵوێست وه‌رگرتن پیشه‌ی شه‌و رۆژت درۆكردن بێت بۆ جوانكردن و پیرۆزكردنی باڵای حیزب و بنه‌ماڵه‌ ، پارتیبون كاتێك عه‌یبه‌یه‌ له‌ پشتی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ته‌وه‌ بیر له‌ هۆنینه‌وه‌ی درۆ بكه‌یت بۆ جوانكردنی سیمای پارتی ئیدی خۆت له‌ به‌رپرسیاره‌تی ئه‌خڵاقی و ویژدانی هه‌ڵوێستی ڕاستگۆیانه‌ بدزیته‌وه‌ له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆتدا گرنگ نییه‌ كۆمه‌ڵگا چی به‌سه‌ر دێت !؟ پارتیبوون كاتێك عه‌یبه‌یه‌ كه‌ له ‌بری خزمه‌تكردنی نه‌ته‌وه‌كه‌ت یان كوردستانه‌كه‌ت تۆ خزمه‌تی ناوچه و خێل و بنه‌ماڵه‌یه‌ك بكه‌یت و له‌ بازنه‌ی شارچێنی و خێڵچێتی و بنه‌ماڵه‌چێتی دا بخوڵیته‌وه‌، پارتیبوون كاتێك عه‌یبه‌یه‌ له‌ ژێر دروشمی كوردستانێكی به‌هێز هونه‌ره‌كانی پێكه‌وه‌ بوون و ژیان له‌باربه‌ریت ،له‌ژێر شیعاراتی قه‌ومیدا خاك و خه‌ڵك ڕاده‌ستی داعش بكه‌یت ، له‌ ژێر ئابوری سه‌ربه‌خۆدا خه‌ڵك بێبه‌ش و برسی و موچه‌براو بكه‌یت ،  خۆ ئه‌گه‌ر نا حیزبایه‌تی به‌ دیدێكی ته‌ندروست و ده‌رونێكی پاك و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاره‌تی ئه‌خلاقی و ویژدانی و ئینسانی به‌رسڤێكی ڕه‌وایه‌ بۆ خزمه‌تكردنی گه‌ل و خاك ئه‌وكاتیش نه‌ یه‌كێتی بوون و نه‌ گۆران بوون عه‌یبه‌ نابێت .

جه‌ماوه‌رو لایه‌نگرو كادیرانی پارتی له‌ خه‌یاڵدانی پارتیدا نه‌خاوه‌نی مافی كه‌سین نه‌ ڕێگه‌یان پێده‌درێت له‌سه‌ر مافی گشتی بێنه‌ده‌نگ ئه‌مه‌ش به‌ دیوێكدا بێرێزیكردنه‌ به‌ به‌های ئینسانبونیان و رێزنه‌گرتن و داماڵینه‌ له‌ مافه‌كانیان ،له‌كاتێكدا كه‌ مرۆڤ بۆخۆی خاوه‌نی كۆمه‌ڵیك مافی زامنكراوی خۆرسكه‌ كه‌ خه‌ت و پاداشتی ده‌ستی پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی نییه‌ ، له‌وانه‌ پاراستنی كه‌رامه‌تی ئینسان و نان و ئازادی و ئاسایش مه‌كره‌مه‌ی ده‌ستی پارتی نییه‌ بۆ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ، هه‌تا له‌ نێوان ماف و ئه‌ركیشدا ماف پێش ئه‌رك كه‌وتووه‌ چونكه‌ ماف بریتییە لە وەرگرتن، بەڵام ئەرك بریتییە لەبەخشین، بۆیە وەرگرتن بەبێ بەخشین نابێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand