ئەم هەرێم و دەسەڵاتە چ پێناسەیەک هەڵدەگرێت؟
2019-06-23 11:19:20
+ عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا
ئەوەی هەرێمی کوردستانی پێدەناسرێتەوە قەیرانە هەمەچەشنەکانیەتی ، ئیتر دارایی ، سیاسی ، یاسایی وخزمەتگوزاری و ......... هتدبێت۰
جگەلەمانە هەرچەند مانگەو قەیرانێکی تر بۆ پێداویستیەکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان دروست دەبێت یاخود دروست دەکرێت ۰
باشە چ مەعقولیەتێکی تێدایە دوو ڕۆژ تەماتەو پیاز لەئێرانەوە هاوردەی هەرێم نەکرێت کیلۆی تەماتە بگاتە (۲۰۰۰)دووهەزار دینار لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان جگەلەوەی خاوەنی باشترین زەوی بەپیتە ، دەشتوانرێت لەخاکەکەیدا پێداویستی ( ۱۰ )دە ملیۆن هاوڵاتی لەسەوزەومیوە بەتەواوی دابینبکرێت وبەرهەم بهێنرێت ۰
کەی ڕەوایە چەند ڕۆژێکی کەم تورکیا هاوردەی هێلکە بۆهەرێم وعێراق ڕابگرێت تەبەقێک هێلکە نرخەکەی ( ۲۰۰٪)بەرزببێتەوە ، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان خۆی خاوەنی ( ۱٤۰۰)هەزاروچوارسەد کێڵگەی پەلەوەرییە وگەرحکومەت خۆی هاوکاریان بێت ئەوا زۆر لەپێداویستی زیاتری دانیشتوانی هەرێم دەتوانرێت مریشک وهێلکەش بەرهەم بهێنن وبگرە هەناردەشی بکەن ۰
باشە وڵاتێکی وەک ئێران بۆ دەتوانێت تەنها لەساڵی (۲۰۱۸)دا بڕی ( ۹٥ )نەوەدو پێنج هەزارتۆن تەنها ماست هەناردەی وڵاتان بکات و بایی ( ۸٥)هەشتاوپێنج ملیۆن دۆلاریش بەعێراق وهەرێمی کوردستان بفرۆشێت ؟
لەکاتێکدا سەردەمانێک نەعێراق ونەهەرێمیش پێویستیان بەسەتڵێک ماستی هاوردەی هیچ وڵاتێ نەبوو ، بەڵام بێ پلانی وادەکات کەلەوڵاتێکی بەرهەم هێنەوە ببیتە بەکاربەرێکی تەواو،و هەمیشە چاومان لەدەستی دەرەوە بێ۰
سەیرنەبێت بەلاتانەوە لەسەر ئەوهەموو گوێزەی هەورامان وناوچەکانی تری هەرێم کە بەرهەم دێن کەچی مانگانە بایی ( ۱٥)پانزە ملیۆن دۆلار گوێزی ڕوسی وئێرانی وئۆکرانی و۰۰۰۰۰۰هتد هاوردەی هەرێم دەکرێت ، کەساڵانە دەکاتە ( ۱۸۰)سەدوهەشتاملیۆن دۆلاری ئەمریکی ۰
خاکی هەرێمێک کەهێندە بەپیت بێت وهەموو ڕەگەزەکانی کشتوکاڵی بەزیادەوە تێدا بێت ، چ مەنتقێکی تێدایە ساڵانە تەنها ( ٥٤)پەنجاوچوارهەزارتۆن میوەی تێدا بەرهەم بهێنرێت لەکاتێکدا ساڵەکە هەرێم ودانیشتوانەکەی پێویستیان بە ( ٥۳۰)پێنج سەدوسی هەزارتۆن میوەهەیە ۰
یاخود ساڵانەهەرێم بۆپێداویستی دانیشتوانەکەی پێویستی بە ( ۲۰۰)دووسەد هەزارتۆن برنج بێت کەچی ساڵەکە بتوانرێت تەنها ( ٥ -- ٦ )پێنج بۆشەش هەزارتۆن بەرهەمی برنجت هەبێت ۰
هەرێمی کوردستان تەنها هاوردەکەری سەوزەومیوەنیە بەڵکو قۆپچەوسوزن و واشەروبرغوش هەرهاوردە دەکات ، ئاخەر کارەساتە نەتوانیت لەساڵی (۲۰۱۸)دا (۷)حەوت شەقامی تازە بنیادبنێیت ودروستی بکەیت ، بەڵام هەرلەوساڵەدا ( ۱۳۷)سەدوسی وحەوت هەزار ئوتومبێلی هەمەجۆر هاوردەبکەیت ولەهاتوچۆی هەرێمدا تۆماربکرێت ۰
بەپێی ستانداردی جیهانی نابێت هیچ وڵات وهەرێمێک هاوردەی کاڵاوشمەکی لە( ۳۰٪)تێبپەڕێت بەڵام هەرێمی کوردستان بەگشتی هاوردەی کاڵاوشمەکی (۸۰٪)ی تێپەڕاندوەو هەندێ کاڵاوشمەکی ڕۆژانەشی لەنمونەی وشکە گەیشتۆتەلە ( ۹٥٪) وزیاتریش ۰
بەرپرسانی هەرێم جگە لەوەی نەخواستیان بوەو نە ئیرادەشیان هەبوە تاکوهەرێم لەبەکاربەرەوە بکەنە بەرهەم هێن ، نەشبونەتەهاوکاری جوتیاران ووەبەرهێنەرانی بوارەکەو ئەوبودجەیەشی بۆسێکتەری کشتوکاڵ کەئاسایشی خۆراکی پێوەبەندە ساڵانە کە تەرخاندەکرێت هەرگیز ناتوانرێت کشتوکاڵی لەوپوکانەوەی تێیکەوتوەپێ ڕزگاربکرێ وبەرەوبوژانەوەو گەشەکردنی ببات ۰
وەلەلایەن کەسانی شارەزاو ئەکادیمیانی بوارەکەوە چەندین ڕاپۆرت وڕاسپاردەو پلانی زانستی دراوەتە بەرپرسانی پەیوەندیدار بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەوان دەڵێی نەبایان دیوە نەباران ۰