روی پارتی و یەکێتی سپی مەکەنەوە
2019-06-22 06:26:01
سەرکەوت شەمسەدین
بەشی سێیەم
جێگەی نیگەرانی و بێ هیواییە کاتێک دەبینین ئێمە (ئەحمەد حاجی رەشید، هۆشیار عەبدوڵا، سەرکەوت شەمسەدین) وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتیمانی گروپێکی پەرلەمانیمان پێکهێناوە بۆ مەلەفی نەوت بۆ روبەروبونەوەی مافیاکانی نەوت لە کوردستان، هەمو جوهدی خۆمان تەرخانکردوە لە ئاستی ناخۆ و عێراقی و نێودەوڵەتی روبەرویان بوینەتەوە وە بەڵێنیشمانداوە لەکۆڵ ئەم مەلەفە نابینەوە، نە تەخوین و نە ناوزراند ساردمان ناکاتەوە، بەڵام بیانوهێنانەوە لەلایەن هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی بۆ بەردەوامی ئەم تاڵانیەی نەوت خەنجەرێکی ژەهراوییە دژی بەرژەوەندی هاوڵاتیان و خیانەتە لەو سوێندە دەستورییە.
لە سەرەتاشەوە رونمانکردۆتەوە کە ئەم هەنگاوانەی سەرەتامان بریتیە لە "چاودێریکردن و بەدواداچون" بۆ ئەو شکایەتەی وەزارەتی نەوتی عێراق ساڵی ۲٠۱۲ دژی وەزیری سامانە سروشتیەکانی هەرێم کە ئێستا دەعواکە گەشتۆتە دواقۆناغ و وەڵامی سەرۆک وەزیری عێراق ماوە بۆ بریاری یەکلاکەرەوە دژی هەناردەی نەوتی هەرێم.
بەڵام زۆر جێگەی داخە کە هەندێ پەرلەمانتار (بەتایبەت ئەوانەی دەرەوەی پارتی و یەکێتی) بێن لەبری زیاتر فشارکردن و کردنەوەی چەند دۆسیەیەکی تر بەخەمی هاوڵاتیانی هەرێم و بەرژەوەندیەکانیانەوە بن، دێن روی پارتی سپی ئەکەنەوە و لەژێر کاریگەری گوتاری نەژادی و مەزهەبی درێژەدان بە تاڵانی نەوتی هەرێم لەلایەن مافیاکانی "کورد" پێ باشترە وەک لە چرکردنەوە و زیاترکردنی فشار لەسەر حکومەتی هەرێم بۆ رادەستکردنی نەوت بە بەغداد، بەڵکو بونەتە پارێزەر بۆ سیاسەتی نەوتی هەرێم، لەبری بەهێزکردنی بەرەی دژ بە دەسەڵات کە دەستی بەسەر نەوت و داهاتی هەرێمدا گرتوە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم هەوڵەی ئێمە فشار لەسەر عەبدولمەهدی زیاتر دەکات و گوایە کاریگەری لەسەر موچە ئەبێت بە سلبی، بەڵام خۆیان لەو راستیە لادەدەن کە مەلەفی نەوت هۆکاری ئەم نەهامەتیانە بوو کە لە خوارەوە ئاماژەی پێئەکەم، وە تەنانەت ئەمە قسەی ئێمە نیە بە تەنیا وەک ئەو سێ پەرلەمانتارە، بەڵکو هەردوێنێ لە نوسینێکدا وە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی دا
لەگەڵ جوتیاران، پەرلەمانتاری عێراق بەختیار شاوەیس (فراکسیۆنی یەکێتی) بە ئاشکرا رایگەیاند کە بەهۆی رادەستنەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە بە سۆمۆ هەرەشە لەسەر موچە هەیە و بەو هۆیەشەوە پارەی گەنمی جوتیاران نادرێت، خودی عەبدول
مەهدی ئەمەی پێوتون کە ناتوانێ لەم
کاتەدا پارەی جوتیاران بدات تا هەرێم
نەوت رادەست نەکات.
ئەمە قەناعەتی سەرجەم پەرلەمانتارانی کوردە لە عێراق بەڵام هەنێکیان بە هۆکاری حزبی، و هەنێکیشیان بە هۆکاری تر وەک خۆشیرینکردن و سپی کردنەوەی روی حکومەتی هەرێم، پێچەوانەی راستیەکان دەڵێن.
بەشێک لە زیانەکانی سیاسەتی نەوتی هەرێم بۆ هاوڵاتیان:
1. زیانی (٦٠ بۆ ۷٠) ملیار دۆلار لە پشکی هەرێم لە ساڵی ۲٠۱۳ بۆ ۲٠۱۹.
2. دواکەوتنی پارەی گەنمی جوتیاران و کەمکردنەوەی پشکی هەرێم لە کرینی گەنم.
3. دەیان ملیۆن دۆلار لە پارەی پترۆدۆلار ساڵانە بۆ پارێزگاکان و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان کە پارێزگای سلێمانی و دهۆک زۆرترین زیانیا پێگەشتوە لەمرەوەوە.
4. دەیان ملیۆن دۆلار لە قەرزە نێودەوڵەتیەکان کە پشکی هەرێمبون نەنێردراون و خەرجنەکراوە کە زۆربەیان پرۆژەیستراتیژی بون، بەڵام لە دانەوەی قەرزەکان لەسەرمان حسێبە. تەنانەت حکومەتئ عێراق ئەرکەانی خۆی بەرامبەر پرۆژەکانی بەنداو لە هەرێم وەک نۆژەنکردنەوە دواخستوە بەهەمان هۆکار.
5. جوتیاران و بازرگانان و خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان توشی ئیفلاسی و رەنجبەخەساری چون چونکە بەهۆی قەیرانەکانەوە لەنێوان هەولێر و بەغداد نەتوانراوە رۆزنامەی کشتوکاڵی جێبەجێبکرێت پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆ بکرێت هەروەها بازارەکانی عێراق بەکاربهێنرێت بۆ بەرهەمی جوتیارانی ئێمە.
6. بەهۆی سیاسەتی نەوت هەرێم ملیۆنان دۆلار زیان بەر کەرتی دارایی و بانکی هەرێم کوتوە وە هاوڵاتیانی کوردستان بێ بەشبون لە قەرز و سولفەی بانکەکانی عێراقی فیدراڵ.
7. لە کەرت خوێندنی باڵا و پشکی هەرێم لە زەمالەکان یان نەهێڵراوە و یان زۆر کەمکراوەتەوە ە بەمەش خوێندکارانی کورستان ئەو دەرفەتە گرنگانەی زەمالەیان لەەستچوە.
8. هەر بەهۆی سیاسەت نەوت لەسەر خاڵە سنوریەکانیش نەگەشتونەتە رێکەوتن یان رێکەوتنەکان دواخراوە بەمەش ئابوری کوردستان ملیۆنان دۆلار مانگانە زیان دەکات و پارێزگای یەی گرنگی وەک هەڵەبجە بۆنمونە نەیتوانیوە سود لە دەروازە سنوریەکانی لەگەڵ ئێران ببینێت.
9. بەهۆی سیاسەتی نەوت و عەقڵیەتی قەومچێتی بەڵام بۆ بەرژەوەندی حزبی، هێزەکان پێشمەرگە هەم لە چەکی پێشکەوتو وە پێویستی لۆجستی سوپای عێراق بێبەشکراون وە ملیۆنان دۆلار مافی پێشمەرگە لە بودجەی وەزارەتی بەرگری فەوتاوە.
*لە چەندین بواری تر کە زیانەکان یەکجار گەورەن، ئێمە شلگیرانە و بێ سڵەمینەوە لە گوتاری مافیاکانی نەوت و پۆستنوسەکانیان، بەردەوامین، هیوادارین ئەوانی یریش لەبری سپیکردنەوەی روی دەسەڵات لە یەکێک لەو مەلەفە گرنگانە کاربکەن و ئێمەش پشتیوانیان.
ماویەتی..