ئۆپۆزسیۆن یان ئەبێت نەبێ، یان دەستەمۆبێ!
2019-06-21 19:10:54
+ مەلا فرمان
بۆ چونە ناو ئەم بابەتە تازەیە، پێویست بە ئاوڕدانەیەکی سیاسی و قۆناغ بەندی هەیە، ئەم قۆناغبەندیە هەمو ئەو کارەکتەر و روداوە سیاسیانە دەگرێتەوە کە بە درێژایی ٦٠ ساڵی رابردو ١٩٦١ - بۆ ئێستا بونیان هەیە و رویانداوە.
1- ١٩٦١ – ١٩٦٤ ، لەم قۆناغە پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە هێزی سیاسی بوە، توانیویەتی وەک هێزی بەرهەڵستکاری چەکدار بە شێوەی کاریگەر دژ بە دەسەڵاتی بەغدا بونی هەبێ. ئەم بەرهەڵستکاریە لەسەر پرسی دیموکراتی یان پرسی ستەمی چینایەتی نەبوە، بەڵکە بە گشتی پرسی نەتەوەیی داینەموۆی هزر و ئایدای ئەم حیزبە بوە.بەڵام وروژاندنی پرسی جوتیاران و زەویوزار و یاسای چاکسازی کشتوکاڵی رۆڵی خۆی هەبوە لە بزواندنی ئەم حیزبە بە تایبەتی لای ئاغا و دەرەبەگەکان و بەشێکی سەرکردایەتی پارتی. لەم قۆناغە جگە لە پارتی، حیزبی شیوعی عێراقی ناوی هەبوە هەم لەبەرەی کورد و هەم لەبەرەی بەغدا. بەڵام بەگشتی ئەم حیزبە ئێستاشی پێوەبێ سەرەڕای مێژویەکی دورودرێژی خوێناوی کاریگەری ئەوتۆی نەبوە، بە تایبەتی لە گرتنە دەستی سەری گوریسەکان.
2- ١٩٦٤ – ١٩٧٠ پارتی دەبێت بە دو بەشەوە، ئەگەرچی هۆکاری ئەم دابەشبونە دو دیدی جیاوزبوە بۆ ژیان و سیاسەت: مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد وەک نوێنەری چەپ و پێشکەوتوخواز ، بەرامبەر ویستی حوکمی تاکڕەوی و دەستەمۆ بون، ئەو دەسەڵاتەی بڕوای وایە " کەسانی تر دەتوانن هەبن بەڵام دەبێت گوێڕایەڵ و گوێ لەمشتبن". لێرەوە تۆوی ئەم عەقڵیەتە تۆ و کرا".
3- ١٩٧٠ – ١٩٧٤ پارتی وەک تاکە سوار لە گفتوگۆدا بو لە گەڵ بەغدا، دواجار شەڕ و ئاشبەتاڵ تاکە بەرهەمی ئەم کفتوگۆیە و ١٤ ساڵ تێکۆشانی میللەتێک بو لەسەر دەستی ئەو تاکە سوارە گلاوە.
4- ١٩٧٤ – ١٩٧٩ دامەزراندنی بەرەی نیشتمانی پێشکەوتوخواز لە نێوان ( بەعس، پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی سۆرشگێر و حیزبی شیوعی). ئەم دیموکرات و سۆڕشگێرە بە کارتۆنیەکان ناسراوبون. ئەم سێ حیزبەش گوێ لەمشتی بەعسیەکان بون و پێچەوانەی بریارەکانی بەعس دەمیان ناکردەوە.
5- ١٩٧٦ – ١٩٩١ کۆمەڵێ حیزب لە کوردستان بونیان هەبو، هەر یەک خاوەنی هێزی چەکداری خۆی بو، بە چەک داکۆکی لە بون و مانەوە و دەسەڵاتی خۆی دەکرد.
6- ١٩٩١-١٩٩٤ هەڵبژاردنی پەرلەمان و شەراکەتی ٥٠ بە ٥٠ پارتی و یەکێتی لە حکومەت. لە دەرەوەی ئەم دو حیزبەش چەند حیزبێکی تر دەژیا و بێئەوەی باس لە ئۆپۆزسیۆن بون بکەن. کۆسپی ٧% هەڵبژاردن ریگربو لە بەشداریکردنیان لە کێکی حکومەت.
7- ١٩٩٤ – ٢٠٠٣ دەکرێ بە قۆناغی ململانێی چەکداری توندی نێوان پارتی و یەکێتی، ململانێی خوینڕشتن، خیانەت و تەخوێنکردن، ئاشتبونەوە دابنرێت. جگە لەمەش لێرەوە قەڵەمە ناڕازیەکان وردە وردە دەرکەوتن و دەنگیان بەرز کردەوە.
8- ٢٠٠٣- ٢٠٠٩ درێژەپێدان بە حکومەتی ٥٠ بە ٥٠، رێکەوتنی ستراتیجی لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەت و سامان. لەو کاتەی سکرتێر و سەرۆکی پارتی و یەکێتی پێکەوە سوکانی کۆمپانیای نەوتیان بادا، بازرگانی و بۆماوەیی سیاسی جێی نیشتمانپەوەری و حیزباتی گرتەوە. لێرەوە پرەنسیپی لە پاڵ هەرکۆمپانیایەک، حیزبێک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. لێرەوەش حیزب و چەک و پارە بون بە سێکوچکەی بەهێزکردنی دەسەڵاتی بنەماڵە و نەوەکانیان.
9- ٢٠٠٩ ...١٩/٥/٢٠١٧ ، راستە پێشتر لەلایەن هەندێ لایەنی سیاسیەوە نوزەیەکی کزی ناڕازای هەبو، نوزیەک زۆر لاوازتر لە دەنگی چەند رٶشنبیر و چەند رۆژنامەیەک. پەیدابونی کۆمپانیای وشە و بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزی سیاسی بێ چەک، یەکەمین دەرگای ئۆپۆزسیۆنبونی خستە سەرپشت، لێرەوە کۆمەڵانی خەڵک لە چاکە و خراپە و بەرژەوەندیەکانی بە ئاگا هاتنەوە، بودجە، شەفافیەت و دادپەروەری ئەو سێ چەمکە بون کە بزوتنەوەی گۆڕان خاوەندارێتی دەکرد. سەرەڕای چاوسورکردنەوە و هەڕەشە و ساختەکاری، ئەم هێزە توانی لە هەڵبژاردنی ٢٥/٧/٢٠٠٩ ، ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێ، بەمەش بو بە دوەم هێزی هەرێمی کوردستان. لە ماوەیەکی کەم ئەم هێزە توانی:
• هیوا بە دواڕۆژ بۆ شەقام بگەڕێنێتەوە. بیخاتە جوڵە.
• بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن دروست بکات.
• دەسەڵات ناچار بکات بە پێشکەشکردنی هەندێ کاری خزمەتگوزاری. ( ئەم قیرە رەش و جوانە.. بەرەهەمی شەقی نەوشیروانە).
10- ئەستوربونی باسکی ئەم هێزە ترسی لای پارتی و یەکێتی دروستکرد، نان بڕین و موچە بڕین و هەڕەشە و رێگری لە سەرۆکی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان لێکەوتەی ئەو ترسەبون. راستە راستەوخۆ ئەم فشارانە بەرامبەر بە گۆڕان کران، بەڵام لە راستیدا نامەیەک بو بۆ لایەنکانی دەرەوەی دەسەڵات و رۆشبیران و شەقام تێیدا ئەم پەیامەی هەبو " یان دەبێ نەبن یان گوێ ڕایەڵبن".
11- ٢٠١٧ ..... ئێستا
دوای کۆجی دوایی رێکخەری گشتی گڵۆڵەی ئەم بزوتنەوەیە کەوتە لێژی، ئەمەش نەک هەر کاریگەری کردە سەر بزوتنەوەکە بەڵکە :
• بە گشتی پێگە و بیری ئۆپۆزسیۆنبون و وشەی "نا و نەخێری " خستە سەر دوڕیانێکی نادیار.
• ساردبونەوەی شەقامی ناڕازی و دروستبونی بێ ئومێدێ.
• سەرکەوتنی بەرەی گەندەڵ و سیستەمی حوکمڕانی بنەماڵە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت.
12- ریکەوتنی پارتی - گۆڕان
لێرەوە ئیدی بە تەواوی تۆوی بیئومێدی بە ئۆپۆزسیۆنبون چاندرا، زۆرێک پێیان وایە گروپی دەستڕۆیشتوی ناو ماڵی گۆڕان دوا بزماریان لە تابوتی گۆڕان و ئۆپزسیۆن داکوتا، سبەینێش دەسەڵات دەیدا لە تابوتی خۆیان.
بە کورتی دەسەڵات بە تایبەتی پارتی توانی لە رێگەی کاریگەریەوە لەسەر گروپێکی دەسترۆشتوی شەکەت و ماندوی ناو سەرکردایەتی گۆڕان ئەم پەیامە " " کەسانی تر دەتوانن هەبن بەڵام دەبێت گوێڕایەڵ و گوێ لەمشتبن" بە گۆڕانخوازان و تەواوی لایەن و قەڵەمە ناڕازیەکان بدەن. بشڵێن " راستمان گوت، کاتی گوتمان گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا عاقڵ بوە". بەڵێ پێدەچێت ئەم گروپە دەستڕۆیشتوە لەو عاقڵانە بن و بە نیازی ئەوەبن زیاتر گۆڕان بەلارێدا بەرن. رونکردنەوەکەیان لەمەڕ هەوڵەکانی ئەو سێ پەرلەمانتارە رەسەنەی گۆڕان لە بەغدا نیشانەیەکی مەترسیدارە لە لادانی زیاتری ئەم گروپە لە پرەنسیپەکانی گۆڕان.
لە بەرامبەردا، زۆرن ئەوانەی پێیان وایە بنکەی جەماوەری ئۆپۆزسیۆن و دەنگە ناڕازیەکانی ناو گۆڕان تادێت لە زیادبوندایە. ئەم دەنگانە دەتوانن و ئەرکیانە:
1- ببن بە خاوەنی راستەقینەی گۆڕان و گۆڕانکاری، لە هەرکات و شوێنێک بۆیان دەکرێ.
2- سەرکردایەتی دەنگی تەواوی دەنگە ناڕازیەکان بکەن.
3- پشودڕێژانە بە دەسەڵات بڵێن " ئیمە هەین و ئەبین و سیستەمی ئیدارەدانی وڵات دەگۆرین".