Draw Media

كێ شارەوانی ئەستەنبۆڵ دەباتەوە

كێ شارەوانی ئەستەنبۆڵ دەباتەوە

2019-06-21 07:48:52


هیوا سەید سەلیم

دۆڕانی شارەوانی ئەستنبۆڵ لە هەڵبژاردنی 31 ئادار لە پاڵ چەندین شارەوانی مەزنی وەك (ئەنقەڕە ، مێرسین، ئەدەنە، ئزمیر) وچەندین شارەوانی دیكە، لە لایەن پارتی دادوگەشەپێدان بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان كە لە لایەك سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەو پارتەی دەسەلاتیشە، بەرپرسانی ئەو حزبەی تووشی شۆكێكی گەورە كرد، چونكە هیچ كات پەشبینی ئەو پاشەكشە گەورەیان نەدەكرد، وە دەتوانین بڵێین ئەو هەلبژاردنە زۆرێك لە حساباتی ئەردۆغانی تێكدا،  ئەو داینابووە كە وەك چۆن لە ئەستنبۆڵەوە جلەوی دەسەڵاتی وەرگرت هەر لەوێشەوە شكست بە ڕكابەرەكەی لە پارتی گەلی كۆماری بهێنێت، بۆیە لەچەندین میتینگدا بانگەشەی ئەوەی دەكرد ( ئەوەی ئەستەنبۆل بباتەوە هەموو توركیای بردۆتەوە)
لێرەدا تێدەگەین ئەردۆغان كە بۆ هەڵبژاردنی 2023 خەونی گەورەی لە مێشك دایە، وە قەبوولی نیە لە 2019 هەموو توركیا بدۆڕێنێت، بۆیە هەر چەند رۆژێك دوای ئاشكرابوونی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا، پارتی دادوگەشەپێدان، تانەی لە ئەنجامەكانی هەلبژاردنی ئەسەتنبۆل دا، وە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی توركیاش كە لە 11 ئەندام پێكدێت لە كۆی ئەو 11 ئەندامە حەوتیان لە قازانجی تانەكەی ئەكەپە دەنگیان دا، وە بڕیار درا لە رۆژی 23 حوزەیران هەڵبژاردن بۆ شارەوانی ئەستنبۆڵ دووبارە بكرێتەوە.
لە ئێستادا كە لەبەردەم چەند رۆژێكی كەم دایان بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردی ئەستەنبۆل دەپرسین ئاخۆ لە 23 حوزەیراندا ئەسەتبۆلیەكان دەنگ بە كێ دەدەن؟. وە كێ دەكەنە سەرۆك شارەوانی ئەستەنبۆڵ؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەبێت شیكاری بۆ كارەكتەرەكانی ناو ئەو ملاملانێیە بكەین و خوێندنەوەمان بۆ پشتی پەردەی هەلبژاردنەكە هەبێت بۆیە بەجیا باس لەهەریەك لە كاركتەرەكان دەكەین.
ئەكەپە و ئەستنبۆڵ:
پارتی دادو گەشەپێدان، كە لە ساڵی 2002 وەوە،  لە توركیا جلەوی دەسەلاتی گرتۆتە دەست، دەستپێكی سەرەهەڵدانی  ئەو پارتە بۆ بردنەوەی شارەوانی ئەسەتنبۆڵ لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ساڵی 1994 تا 1997 دەگەڕێتەوە، ئەكەپە لە ماوەی حوكمڕانی خۆیاندا ئەو شارەیان وەك ناوەندێكی گرنگی ئابووری و گەشتیاری پاراست، هەر ئەوەش وایكرد كە توركیا لەسەر دەستی ئەوان قۆناغەكانی كێشەی ئابووری ببڕێت، بەڵام دوای هەمواری دەستووری توركیا و هەلبژاردنی رەجەب ئەردۆغان وەك یەكەمین سەرۆك كۆمار لە شێوازێكی ڕاستەوخۆ لە لایەن خەڵكەوە تەواوی سیاسەتەكانی ئەكەپە گۆرانیان بەسەرداهات، لە ئێستادا توركیا بەدەست گەورەترین كێشەی ئابووری لە ناسەقامگیری بەهای لیرەی توركی و هەڵئاوسان و بێكاری دەناڵێنێت، بۆیە درووشەمەكانی ئەكەپە بۆ شارێكی وەك ئەستنبۆڵ بێ بەها دەبن و دەنگدەری ئەو شارە لە پارتی داد و گەشەپێدان هەلدەگەرێتەوە و بە دوای ئەلتەرناتیف دەگەڕێت، وەك ئەوەی لە دوایین هەلبژاردنی شارەوانیەكان بینرا. 
جەهەپە و ئەستنبۆڵ: 
پارتی گەلی كۆماری، كە میراتگری پارتەكەی مستەفا كەمال ئەتاتوركی دامەزرێنەری كۆماری توركیایە، لە ئێستادا بە ركابەری سەرەكی پارتی داد وگەشەپێان دەژمێردرێت، ئەو پارەت كە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئەستەنبۆڵ ئەكرەم ئیمام ئۆغلوی كاندید كردبوو تا ركابەری، بن عەلی یەلدرم كۆنە سەرۆك وەزیران و دواجاریش سەرۆكی پەرلەمان لە لیستی پارتی دادوگەشەپێدان بكات، زۆر سوودی لەو قەیرانانە بینی كە توركیا بە گشتی و شارە گەورەكانی بە تایبەتی لەسەر دەستی ئەكەپە تێی كوتووە، وە بەبەرنامە ئەو كێماسیانەی قۆستەوە، جەهەپە لە كاتێكدا ركابەرەكەی خەریكی درووشمی نەتەوەپەرستانەی توندرەو بوو ئەو باسی لە قەیرانە ئابووریەكان دەكرد و پرسی بێ كاری دەوروژاند بۆیە ویرای شارە گەورەكانی دیكەی توركیا توانی لە شاری ئستەنبۆڵ بە چەند هەزار دەنگێك پێش ئەكەپە بكەوێت.
هەدەپە و ئەستەنبۆڵ:
پارتی دیموكراتی گەلان لە دوو هەلبژاردنی رابردووی پەرلەمانی توركیا و هەلبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار كە سەڵاحەدین دەمیراتشی بۆ ركابەری ئەردۆغان كاندین كردبوو توانی بووی خاوەنداریەتی باش لە دەنگی دەنگدەرانی كورد لەو شارە بكات كە مەزەندە دەكرێت بە ملیۆنێك و پێنجەسد هەزار دەنگ، هەر بۆیەشە وەك هەڵوێستێك بەرامبەر سیاسەتی دووژمنكارانەی ئەكەپە لەبەرامبەر پرسی كورد و ئەو هەموو فشارانەی ئەردۆغان و حزبەكەی لەو چەند ساڵەی دوایی خستویانیەتە سەر هەدەپ لە رێكەوتنێكی لەگەڵ جەهەپە تونیان پارسەنگی هێز لە شارە گەورەكان بە زیان بۆ ئەكەپە بگۆڕن، گەورەترین شكست رووبەڕووی ئەكەپە .
لە 23 حوزەیران جارێكی تر سندوقەكانی دەنگدان پێشوازی لە دەنگدارانی ئەستنبۆڵ دەكاتەوە، هاوكێشەكان لە نێوانی ئەكەپە و جەهەپە گۆڕانیان بەسەرنەهاتووە ئەوەی تا ئێستا ڕوون نیە هەلوێستی هەدەپە كە پێشتر وەك هێزی پاڵپشت لە جەهەپە تەواوی هاوكێشەكانی گۆڕی بوو.
لە ئێستادا ئەوەی قسەی كۆتایی سەبارەت بە هەڵبژاردنی شارەوانی مەزنی ئەستەنبۆل و هەڵوێستی هەدەپە لەوبارەیەوە دەكات زیندانە،  زیندانی ئەدەرنە كە سەڵاحەدین دەمیرتاشی لێیە، هەلوێستی روونە و ئەو لەوێ  داوا دەكات هەدەپەیەكان دەنگ بە كاندیدی جەهەپە بدەنەوە، وەلێ ئەوەی ڕوون نیە هەڵوێستی ئیمرالیە،بۆیە دەپرسین  ئایا رێگەدان بە دیداری ئۆجالان لە ئیمڕالی لە هەمان ئەو رۆژەی كە بڕیاری دووبارە ئەنجامدانی هەلبژاردنی شارەوانی ئەستنبۆڵ رێكەوت بوو یان بەرنامە بۆ دارێژرابوو.
دوو رۆژی ماوە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە وەردەگرینەوە، لەهەمووشی گرنگتر دەزانرێت كە كێ دەبێتە سەرۆك شارەوانی ئەستنبۆڵ ئەكەرەم ئیمام ئۆغلوی جەهەپە یان بن عەلی یلدرمی ئەكەپە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand