چۆن ئەم بەرەیە فراوان بکەین؟
2019-06-19 20:15:25
بەشی دووەم
سەرکەوت شەمسەدین
لە پەرلەمانی عێراق بە حوکمی پێگە دەستوریەکەی پەرلەمانتار ئەتوانێ بێ ئەوەی هیچ گرفتێ بۆخۆی دروست بکات و وەک فەرمانبەر دەوامی خۆی بکات، و خۆشی لە میدیا بەدور بگرێت و حزب چی پێوت هاوکاری بکات، خۆشی بە بێدەنگی ببێتە شەریکی تاڵانکاری و زۆرینەی خەڵکیش هەر نەزانێ کێن و چی دەکەن و بایەخیان چییە.
هەر ئەتوانن بزانن لەو دەیان پەرلەمانتارە چەندیان لای خەڵک زانراون و پرۆژە و ئیشەکانیان دیارە؟ چەندیان ئامادەیە بە راشکاوی روبەروی زوڵم و تاڵانکاری ببێتەوە و ژیانی خۆی بخاتە مەترسی ئەو هەموو مافیایە بکاتە دوژمنی خۆی؟
بەڵام بۆ ئێمەمانان کە پێش سیاسەت و کاری پەرلەمانتاری ئەمسەنگەری دژ بە حوکمی بنەماڵە و دژ بە چەواشەکاری و تاڵانکاری سنگمان ناوە بە لولەی تفەنگەکانی دەسەڵات، ئێستا لە پێناو ئەو ئەرکەی پێمان سپێردراوە وەک نوێنەری خەڵک، لە پێناو قوتی هاوڵاتیان، لە پێناو مافی موچەخۆران، لە پێناو پارەی خوراوی خانە نشینان نەک ئاوڕ بۆ تەخوینکردن و پەلامارەکانی چەکلەکانتان نادەینەوە، بەڵکو ئێستا ئەزانین کە لەسەر رێگەیەکی حەقو دروستین. ئێستا ئەزانین کە چەکلەکانی حزب کەوتنە گیانمان ئنجا دەزانین ئەرکێکی ئاینی و ئەخلاقی و نیشتیمانمان جێبەجێکردوە وەلەسەر ئەم رێگەیەش بەردەوام ئەبین.
هەنگاوەکانیشمان لە بەغداد ناوەستێ، بەڵکو شوێن کۆمپانیا و معتەمەدەکانتان ئەکەوین و ئەم چەند ساڵەی لێرەین ستراتیژمان گێڕانەوەی قوتی خەڵک و دەرهێنانیەتی لە دەستی ئێوە کە جگە لە قاچاغچییەکی بێ مۆڕاڵ هیچی تر نەبون.
ئێوە وەزیر و وەکیل وەزیر وەر بگرن بۆ دەستخستنی گرێبەستی ملیۆنان دۆلاری و سەفقەی کرین فرۆشی پۆست و دەنگی پەرلەمانتارەکانتان بکەن، ئێمەش یەک بە یەک ریسەکەتان لێ ئەکەینەوە بە خوری و جێگەی موعەتەمەدەکانتان لە بەغداد دەلەرزێنین. دەبێت کارێک بکەین چیتر ئەو بێمنەتیەی کوردستان تان بیر بەینەوە.
بەڵام بۆ ئەم کارە پشتیوانی خەڵک و کەسانی خاوەن ویژدانمان پێویستە، چونکە ئەوان بە هەموو هێزی خۆیان خەریکی دێواندنی ئێمەن و خەڵکی سادە و بەش مەینەت وا تێ ئەگەیەنن کە ئێمە کارێکی دژ بە ئەوان ئەکەین، بۆیە ئەم شەرە بە تەنیا ناکرێ و پێویستمان بە کۆمەکی بەرەی خەڵک و راستی یە لە بەرامبەر بەرەی چەواشە و تەخوین، چونکە ئەم هەنگاوانەی ئێمە هێشتا سەرەتایە.
ئەم بەرەیە پێویستی بە کۆبونەوەی حزبی و رێکەوتنی پێنج قۆڵی و چوار قۆڵی نیە بەلکو پێویستی بە کۆبونەوە و کارکردنی هەمو ئەو دەنگانە هەیە کە دەسەڵاتی بنەماڵە، کە دژی چەتەگەری و خەونی نیشتیمانێکی هەیە کە نەوەکانمان شانازی پێوەبکەن، ئیتر ئە دەنگانە لە ناو پەرلەمانبن یان دەرەوەی پەرلان گرنگ نیە، چونکە ئەوەی نوسەرێک یان چالاکوانێکی سەربەخۆ و رۆژنامەنوسێکی ئازا ئەتوانێ بیکات زەحمەتە بە پەرلەمانتارێک بکرێت.
ماویەتی...