ئابوری تاک سەرچاوە
2019-06-19 19:03:33
گوڵاڵە سدیق
کاتێک دەوڵەتێک (دەوڵەتە بەرخۆرەکان) پشت ببەستێت بەیەک سەرچاوەی سەرەکی بۆ داهات، ئەوا بە ئابوری ئەو دەوڵەتە دەوترێت ئابوری تاک سەرچاوە، هەمیشە سەرچاوەکان سروشتین و پێویستی بە ڕەنج یان تێکۆشانێکی زۆر نیە بۆ ساغکردنەوە و گۆڕینەوەیان بەپارەی نەختینەیی، وە هەمیشە سەرچاوەکان لەدەرەوەی دەوڵەتە بەرهەمهێنەکەوە ساغ دەکرێتەوە.
لەزانستی سیاسی و تیۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان، لە دەوڵەتی تاک سەرچاوەدا دەسەڵات دەست دەگرێت بەسەر ئەو سەرچاوەدا بەشێوەیەکی قۆرغکاری مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و هەر لە موڵکداریی و دابەشکردن و فرۆشتنیشەوە.
ئابوری تاک سەرچاوە لەڕوانگەی هەندێ دەوڵەتەوە (دەوڵەتە بەرهەمهێنەکان) بە سەرچاوەیەکی دارایی یەدەک تەماشادەکرێت و بە خەزێنەیەکی دارایی گرنگی دادەنێن و هەمیشە کار لەسەر پاراستنی دەکەن، نەک بەکارهێنان و فرۆشتنی بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بێ بەرنامە.
ئابوری تاک سەرچاوە بەپێی شێوازی ساغکردنەوەی بەرهەمەکە و بەدەستهێنانی داهات بە دوو شێوە پۆلێن دەکرێن:
١ـ داهاتی دەرەکی: مەبەست لەو ئابوریەیە کە بەرهەمەکە لەدەرەوەی دەوڵەتە بەرهەمهێنەکەوە ساغ دەکرێتەوە، ئەویش بەهۆی هەبونی ئەو جیاوازییە زۆرەی کە لەنێوان بڕی تێچون و داهات هەیە، وە ئەو جیاوازییە کارناکاتە سەر گرانبونی نرخ و بەدەستهێنانی سەرچاوەکە لەدەوڵەتە بەرهەمهێنەکەدا.
ئەو سەرچاوانەی کە بەئابوری تاک سەرچاوەی دەرەکی هەژماردەکرێن بریتین لە: نەوت و غاز، کانزاکان، گەشتوگوزار، حەواڵە داراییە دەرەکییەکان، هاوکارییە دەرەکییەکان (کەلەڕێگەی ڕێکخراوەکانەوە دەدرێت بە مەبەستی کاروچالاکی بۆ دەوڵەتی سودمەند)، هێڵی گواستنەوە ستراتیجیەکان وەک ( نۆکەندە ئاوییەکان و هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت و غاز لەڕێگەی وشکانی ئەو دەوڵەتانەی بۆرییەکەی پێدا ڕۆشتوە، هێڵی ئاسنی).
دەوڵەت دەتوانێت بەهەر ڕێگەیەک لەم ڕێگایانە داهاتی دەست بکەوێت و لەناوخۆی وڵاتدا خەرجی بکات.
داهاتی ناوخۆیی: مەبەست لێی ئەو داهاتەیە کەلەڕێگەی ساغکردنەوەی بەرهەمەکە لەناوخۆی وڵات دەست دەکەوێت
ئەو بەرهەمانەی کە بەئابوری تاک سەرچاوەی ناوخۆیی هەژماردەکرێن بریتین لە خزمەتگوزارییە حکومیەکان، خزمەتگوزارییە بانکییەکان، وەبەرهێنانی خانوبەرە، خزمەتگوزارییە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکان.
لەناوچەکە بەگشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، دەوڵەت بۆ دابینکردنی بودجە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پشتی بە ئابوری تاک سەرچاوە بەستوە، بەتایبەت نەوت کە وەک تاکە سەرچاوەی داهات سەیردەکرێت بۆ خەمڵاندنی بودجە و پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی دەوڵەت وەک داهاتی دەرەکی.
وە هەرچی کۆمپانیاکانی خانوبەرە هەیە لەکەرتی تایبەتدا پشت دەبەستن بەو پارەی خزمەتگوزارییانە وەک داهاتێکی ناوخۆیی تاک سەرچاوە.