ئاماژەكانی رۆژی یەكەم
2019-06-19 07:44:14
ئاریان فەرەج
پاش سەردانی پارتی، مەسرور بارزانی سەردانی سلێمانی كرد، جیا لە یەكێتی و گۆڕان، چووە دیدەنیی كاكە حەمەی حاجی مەحمود و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیش.
سەردان و كۆبونەوەكەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو لەگەڵ پارتی، نە چاوەڕوانیی لای رای گشتی دروست كرد و نە نەتیجەكەشی نائاسایی بوو، ئاخر پارتی جیا لە پەرۆشیی بۆ هەرچی زووتر پێكهێنانی كابینە، لە دەستنیشانی كاندیدەكانیشیدا بێ كێشە و دەستوبرد و ئاسانكارە و بۆیەش دەكرێ بگووترێت، رۆژی یەكەمی هەنگاوەكان لە سەردانی سلێمانییەوە دەسپێكرا.
ئاماژەكانی رۆژی یەكەم، بە گشتی ئومێدبەخش بوون. لایەنەكان جددییەتیان بۆ ناردنی سی ڤی كاندیدانیان لە وادەی دیاریكراودا نیشان دا، جیا لەوەی تەئكیدیان لە پابەندبونیان بە رێكەوتنەكانیان لەگەڵ پارتی كردەوە كە بەرەنجامی چەند مانگێك گفتوگۆی چڕوپڕ و لە هەندێك قۆناغیشدا بەكێشە و بێشەبوون، مەسرور بارزانی دیدارەكانی بە گرنگ ناوبرد و لەو بارەیەوە گووتی: لە دیدارەكاندا ئەو هەستەمان بەدیكرد كە هەمووان خوازیارن كابینە لە وادەی خۆیدا رابگەیەنرێت.
بابەتی كەركوك كە لە یەك لە دیدارەكاندا، پێدەچێ بابەتی باس بووبێت، هەوڵ دەدرێت پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت چیتر ئاستەنگ و دوانەخات، ئەو پرۆسەیەی كە سەرۆك وەزیرانی راسپیردراو لە توێتێكدا ناویناوە( بەجێگەیاندنی ئەركی هاوبەشی هەمووان). مەسرور بارزانی لەو بارەیەوە دڵنیایی بەخشی و یەك لە ئەندامانی وەفدە هاوڕییەكەشی تەئكیدی كردەوە كە پارتی پابەندی هەموو رێكەوتنەكانە لەگەڵ یەكێتی كە یەك لەوانە تایبەتە بە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك بە دانانی پارێزگاریشەوە، ئەو كەركوكەی كە پارتی گەر لە خەڵكی دیكە بۆی پەرۆشتر نەبێت، لەوان كەمتر پەرۆشی نییە.
كەواتە گەر ئاستەنگ نەیەنەپێش، لایەنەكان لە یەكلاییكردنەوەی كاندیدەكانیاندا پرۆسەكە مەحتەل نەكەن، رێكەوتن و تەفاهوماتی پێشتر، بایی هێندە زەمینەخۆشكەرن كە لە وادەی یاساییدا و بەر لەوەش كە پەرلەمان داخڵی پشوو بێت، كابینەی نوێ متمانە وەرگرێت و دەستبەكار بكات.
ئاماژەیەكی دیكەی رۆژی یەكەم، یەكلاییكردنەوەی وەزیری شەهیدان بوو بۆ حزبی سوسیالیست، ئەو هەنگاوەی رای گشتی و هەموو كوردپەروەران و شەهیدپەروەران دەستخۆشی و ئافەرینیان لێكرد، پەیام و تەعبیرێكی پڕ مەغزاش بوو لە دید و تێڕوانینی پارتی و سەرۆكی راسپێردراوی كابینەی نوێ.