Draw Media

ئیستشاریەکان گەندەڵیەکی ئاشکران

ئیستشاریەکان گەندەڵیەکی ئاشکران

2019-06-18 13:58:12


محەمەد گەردش

بانێکەو دوو هەوا، ئەمە حاڵی هەرێمەکەمانە لەزۆرێک لە ئاستەکاندا، وەک بە یاسایکردنی شتی نایاسایی یان ئاسایکردنی شتی نائاسایی، کە بۆتە دیاردەیەکی وەها، بەشێوەیەک لەبری ئەوەی بیر لە بنبڕکردنی بکرێتەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە لەلایەن بەرپرسەکانەوە بیر لە برەوپێدانی ئەکرێتەوە. 

بەشێوەیەکی گشتی ئەو نەخۆشانەی ڕوو لە نەخۆشخانە ئەکەن حاڵەتەکانیان دووجۆرە، یەکێکیان حاڵەتی کتوپڕە کە بەحاڵەتی (گارئە) ناسراوەو دەسبەجێ پێویستی بە چارەسەرە، کە ئەگەر چارەسەرکردنی دوابکەوێ باری تەندروستی خراپتر ئەبێ. ئەوی تریان ئەوانەن کە بە حاڵەتی ئیستیشاری ناسراوە، ئەمانە دەکرێ چارەسەرکردنیان دوابکەوێ بێ ئەوەی ناساغیەکەیان زیادبکات.
بەگشتی هەر لەسەر ئەم بنەمایەشە کە نەخۆشخانەکان تایبەت دەکرێن بە وەرگرتنی ئەو دوو حاڵەتە، واتە نەخۆشخانەی تایبەت بەحاڵەتی کتوپڕ کە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن ئەگرێتەوە، وە نەخۆشخانە ئیستیشاریەکان بەجیا.
بەڵام سەیر لەودایە ئەوە بۆ ماوەی چەند ساڵێکە دیاردەی تێکەڵاوکردنی ئەو دووحاڵەتە جیاوازە لەیەک نەخۆشخانەدا بەدی دەکرێت کە بۆتە هۆی سەرلێشێواندنی نەخۆش لەلایەک و کارمەندانیش لەلایەکی دیکە، لەبەرئەوەی شێوازی هەڵسوکەوت و چارەسەری هەریەک لەو دووحاڵەتە تایبەتمەندیی خۆی هەیەو لەحاڵەتی تێکەڵبوونیدا مافی یەکێکیان دەدرێت بەوی تر.
ئەم دیاردەیەش لەژێر ناوی کردنەوەی بەشی ئیستیشاریە لەو نەخۆشخانانەدا کە تایبەتن بەحاڵەتی کتوپڕ، لەکاتێکدا کە دەبوو (بەشێوازی ئاسایی) ئەو حاڵەتانە نەخۆشخانەی تایبەت بەخۆیان هەبێت و جیاوازبن، نەک تێکەڵبکرێت بەنەخۆشخانەکانی فریاکەوتن، دواتریش (لەبەر عەیبە) لەسەر قائیمەی مانگانەکەی بەپارەی هاوسەرگیریی ناوببرێ نەک پارەی ئیستیشاری.
ئەم ئیستیشاریانەش بەهەر بەهانەیەک دروستکرابن، ئێستا بۆنچڕوکی گەندەڵیی لێ بەرزدەبێتەوەو بۆتە هۆی ئیستیغلالكردنی کەرتی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەت، بەوپێیەی نەخۆشخانە حکومیەکان بە بیناو ئامێرو کەرەستەو زۆرجاریش کارمەندەکانیشی خراونەتە خزمەت ئەو بەناو ئیستیشاریانەوە. ئەم گەندەڵیەش لەو کاتانەدا زەقتر دەبینرێ  کە ئامێرو کەرەستەکان لەکار دەکەون، کەچی هیچ بودجەیەک لەبەردەستا نابێت بۆ چاکردنەوەیان، لە کاتێکدا هەر بە خودی ئەو کەرەستانە مانگانە چەندین ملیۆن دینار داهات پەیدا دەکرێ .
گەندەڵیی ئەم بەناو ئیستیشاریانە هەر بەوەوە نەوەستاوە، بەڵکو هەندێ جار ئەو پزیشکانەی (بۆ نمونە) کاری تێدا دەکەن، لەو پزیشکانەن کە لەپێشدا نۆرینگەی تایبەت بەخۆیان هەبووە، بەڵام لەبەر کەمیی داهات و زۆریی خەرجی، دەهێنرێتە یەکێک لەم بەناو ئیستیشاریانەو مانگانە چەند ملیۆن دینارێک (جگە لە موچەکەی) وەردەگرێ بێ ئەوەی هیچ مەسرەفێکی بکەوێتە سەرشان، هەموو ئەمانەش لەکاتێکدایە کە (ڕەنگە) ئەو نەخۆشخانەیە پێویستی بەو جۆرە پسپۆڕیە نەبێ. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە نەک پزیشکی پسپۆڕ بەڵکو ئەو پزیشکانەی کە هێشتا لەقۆناغی خوێندندان و پسپۆڕیان وەرنەگرتوەو لە نەخۆشخانەکاندا (کە نەخۆشخانەی فێرکارین) ئەوانیش پارەی ئەو جۆرە ئیستیشاریانەیان بۆ بڕاوەتەوە، کە بێگومان هەمووی لەسەر حیسابی گیرفانی نەخۆش لەلایەک و موڵکی گشتی (کەخۆی لەنەخۆشخانەی حکومی و ئامێرو کەرەستەکانیدا)  لەلایەکی دیکە، دەبینێتەوە.
جا مەینەتی نەخۆش هەرئەوەنیە، بەڵکو مەینەتی ئەوکاتە دەسپێدەکات کە ئەوجۆرە پشکنینەی بۆ دەنوسرێ کە ناسراوە بە (ئەشیعەی تەنوریی)، چونکە ئەگەر لە بەیانیاندا بۆی ئەنجام بدەن (کە کاتی دەوامی حکومیی پزیشک و کارمەندە) ئەوا سەرەی چەند مانگێکی بۆ دائەنرێت، بەڵام ئەگەر نەخۆشەکە بیەوێ زوو بۆی ئەنجام بدرێ، ئەوا هەمان نەخۆش لە هەمان نەخۆشخانە لەلایەن هەمان پزیشک و کارمەندەوەو لەمان ڕۆژدا بۆی ئەنجام ئەدەن، بەڵام پارەی وەسڵەکەی دەبێتە نزیکەی سێ ئەوەندەی بەیانیان و تائێستاش چارەنوسی ئەوپارانە وەک مانگی پشت هەور وایە.
کە ئاشکرایە هەموو ئەمانە لەژێر پێناسەی گەندەڵیدا جێیان دەبێتەوە کە بریتیە لە بەکارهێنانی موڵکی گشتی و حکومی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت. لەگەڵ ئەوەشدا لەبری بنبڕکردنی ئەم گەندەڵیە، ئێستا دەنگوباسی کردنەوەی زیاتری ئەم بەناو ئیستیشاریانە لەئارادایە لە نەخۆشخانەی شارو مناڵان لە سلێمانی (بۆ نمونە)، یان تەرخانکردنی هەندێک لەبەش و کارمەندەکانیان، بەبێ ڕەزامەندیی کارمەندەکان، لەکاتێکدا کارکردن لە ئیستیشاریە فەرمیەکاندا ئیختیاریە نەک ئیجباریی.
هەر بەهۆی ئەم بەڵای بەناو ئیستیشاریانەوەیە کە دەرمانێکی زۆرو هەروەها پشکنینی بێ سود بۆ نەخۆش دەنوسرێ، کە هەم دەرمانەکان بەفیڕۆ دەچن هەم ڕێژەی پشکنینی نێگەتیڤ (واتە هیچی تیا دەرنەکەوتوە) چەند هێندە زیادی کردووە، کە سەرەنجام دەبێتە هۆی بەهەدەردانی سامانی گشتی بەڕێژەی چەند هێندە.
سەیر لەوەدایە بۆ دەبێ کارەکانی ئەم (حکومەتە) هەر دەبێ تێکەڵ بەگەندەڵیی بکرێ ؟! یانی نەدەکرا هەر نەخۆشخانەو ئیشی تایبەت بەخۆی بکا، یان کەسێ نەبوو بەم بەرپرسانە بڵێ ئەم ئیشەتان ڕووی حکومرانیی هەرێمەکەتان ناشرینتر ئەکات، وەک لە قورئاندا هاتووە ( أَڵیۡسَ مِنكُمۡ رَجُلٞ رَّشِیدٞ) .
وەک دەوترێ: قولی ڕەش و سپی لە بواردا دەردەکەوێ، با بزانین کابینەی نوێ (کە پێکهات) لەگەڵ پارلەمانتاران ئەمجارە لایەک لەم گەندەڵیە دەکەنەوە یان ئەوانیش لەسەر بنجی خۆیان ئەڕوێنەوە !

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand