Draw Media

كەركوك و كاردانەوە

كەركوك و كاردانەوە

2019-06-18 09:23:01


سەرتیپ جەوهەر 

پێكهێنانی حكومەتی هەرێم گەیشتووەتە دووڕیانێكی سەخت، گەیشتووەتە رۆژی خۆی و تێپەڕیووە، ئەگەر نەتوانرێت رێكەوتنەكە وەكو خۆی جێبەجێبكرێت، بەدڵنیاییەوە كاریگەریی راستەوخۆ و روونی دەبێت لەسەر كۆی بارودۆخی سیاسی و حوكمڕانیی لە هەرێمی كوردستان.
ئەو رێگرییەی هەیە روونە، ئەگەر كاندید بۆ پارێزگاری كەركوك دەستنیشان نەكرێت، ئەوا پێكهێنانی حكومەت بە عەمەلی رووبەڕووی گرفتی جددی دەبێتەوە، تاكە رێگریش لەبەردەم كردنەوەی ئەم گرێیە، بەلاڕێدابردن و خۆدزینەوەی لایەنی سەرەكیی راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی حكومەت لە چارەسەری ئەو پرسە! هۆكارەكەیشی بێگومان روونە، بۆیە دەبێ‌ پێشبینی كاردانەوە و ئاڵۆزبوونی دۆخەكە بكرێت.
تائێستا وەك ئەوەی دەبینرێت وادەردەكەوێت ئەو لایەنە هیچ پڕۆژە یان دەریچەیەكی بۆ چارەسەری كەركوك لەدوای شكستی ریفراندۆمەوە پێ نەبێت، هیچ وەڵامێكی بۆ لێكەوتەكانی ریفراندۆم ‌و رووداوەكانی دواتر پێ نەبێت، دوای ئەو دۆخەش كەبەسەر كوردستان بەگشتی ‌و كەركوك بەتایبەتیدا هات، ئاساییە سێبەری ئاڵای عیراق شەقامەكانی پایتەخت تاریك بكات و لەئاست سرودی نەتەوەیی و نیشتمانیی «ئەی رەقیب» كڕو كپی ببینین!
خراپتر لەمەش ئێستا كە گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم دەكرێت، یەكێتی مەرجی یەكلاییكردنەوەی پارێزگاری كەركوكی خستۆتەڕوو، هیچ كام لەوانەی كە پێشتر بەدروشمی نەتەوەیی و ئاڵای كوردستان ‌و سەربەخۆییەوە كردبووە بنێشتە خۆشە، هیچ هەڵوێستێكیان لەبارەی چارەسەركردنی پرسی كەركوكەوە نییە!
هێشتا روون نییە گرفت و گرێی دانانی پارێزگاری كەركوك تێدەپەڕێت یان نا، بەڵام كەركوك لەبەردەم بارودۆخێكی زۆر مەترسیداردایە، مەترسییەكە تەنها بوونی حاكمێكی عەرەبی بە وەكالەت نییە كە بڕیار‌و رەفتاری شۆڤێنیستانە دەدات ‌و دەردەكات، بەڵكو ئەو واقیعەیە كە 18 مانگی داهاتوو رووبەڕووی ئەو شارە دەبێتەوە.
یەكەمیان بەهۆی كارانەبوونی ئەنجومەنی پارێزگاكەوە بەهۆی ئامادەنەبوونی فراكسیۆنی پارتی لە لیستی برایەتی، ئەگەری سەرپشككردن و پێدانی دەسەڵات بە راكان سەعید (پارێزگاری بەوەكالەت) بە خەرجكردن و مامەڵەپێكرنی ئەو بودجە گەورەیەی پارێزگای كەركوكە كە بە سەدان ملیۆن دۆلار مەزندە دەكرێت! پێشبینی دەكرێت راكان بەشێكی گەورەی ئەو بودجە گەورەیە لە خزمەتی پڕۆژەی شۆڤینزمی عەرەبیی و دووبارە تەعریبكردنەوەی ئەو شارەدا خەرج بكات و ئەو پارەیە تەخشان و پەخشان بكات و زیانێكی گەورە بە ئایندەی كورد لەكەركوك بگەینێت.
دووەمیشیان، بڕیارە لە 2020 سەرژمێریی گشتیی لە عیراق بكرێت، بێگومان ئەگەر ئیدارەی شارەكە بەدەست كوردەوە نەبێت، چارەنووسی كوردستانی بوونی كەركوك دەكەوێتە دۆخێكی زۆر مەترسیدارەوە بەتایبەتی لەئێستاوە هەوڵی زۆر هەیە كە دەستكاریی تۆماری نیشتەجێبوون و گێڕانەوەی عەرەبی هاوردە بۆ شارەكە.
بەدڵنیاییەوە لەوانەیە دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك لەم قۆناغەدا، كۆی گرفت و كێشەكانی كەركوك چارەسەر نەكات، بەڵام خۆ دەتوانێت بەشێك لە كێشەكانی كەركوكی روبەڕوو بكرێتەوە و هەوڵەكانی داگیركردنی زەویی كوردو گواستنەوەی فەرمانگە و گۆڕینی بەڕێوبەرانی كورد رابگرێت، هەروەك پۆلیسی شارەكە لەژێر فەرماندا دەبێت و بەشێك لە جموجۆڵی شارەكەی دەكەوێتە دەست، بەڵام ناكرێت لە دوورەوە بەبێ‌ هیچ بیانوویەك یان پڕۆژەیەك، یان بوونی دەنگی جەماوەریی لە شارەكە! رێگریی لە دانانی پارێزگار بكرێت!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand