Draw Media

ئێران شكستی بە ٦ سەرۆكی ئەمەریكا هێناوە !

ئێران شكستی بە ٦ سەرۆكی ئەمەریكا هێناوە !

2019-06-17 14:57:23


د. سەنگەر سەید قادر
١-ئێران جمی كارتەری لە سەرۆكایەتی ئەمەریكا دورخستەوە:
تەنها لە دوای چەند مانگێك لە ڕووخانی ڕژێمی شای ئێران بەهۆی ئەوەی ئەمەریكا پێشوازی لە شای ئێران كرد و ڕێگەی دا بچێتە ئەمەریكا، وەك ناڕەزاییەك ژمارەیەك لە خوێندكارانی زانكۆ لە ١٩٧٩/١١/٤ باڵوێزخانەی ئەمەریكایان لە تاران گەمارۆدا و ٥٢ كارمەندی ئەمەریكی باڵوێزخانەكەیان بۆ ماوەین٤٤٤ ڕۆژ بە بارمتە گرت

جیمی كارتەری سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا لەو كاتەدا هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بوو لە ئەمەریكا بۆیە هەوڵی دا لە ئۆپەراسیۆنێكی نهێنی دا بارمتەكان ئازاد بكات و لە ١٩٨٠/٤/٢٤ پێنج فرۆكەی هەلیكۆپتەری نارد بۆ ڕزگار كردنی بارمتەكان بەڵام پێنج فڕۆكەكە تێكشكێنرا و ١١ سەربازی ئەمەریكی بە دەستی ڕژێمی ئێرا كوژران و پرۆسەی ڕزگار كردنەكە شكستی هێنا دواتر لە ١٩٨١/١/١٩ بەپێی ڕێكەوتنامەی جەزائیر لە بەرامبەر پارەدا بارمتەكان ئازاد كران

شكستی پرۆسەی ڕزگار كردنەكە و كوژرانی سەربازە ئەمریكیەكان توڕەی زۆری لای هاوڵاتیانی ئەمەریكی دروستكرد و بەوهۆیەوە جیمی كارتەر هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ساڵی ١٩٨٠ شكستی هێنا لەبەرامبەر ڕۆناڵد ڕیگاندا كە دواتر ئەم ڕووداوە بە ڕووداوی ( نەفرەتەكەی ئێران ) لەسەر جیمی كارتەر ناسرا

٢-ئێران ٢٤١ سەربازی ئەمەریكی لە بەیروت كوشت:

لە دوای ئەو ڕوداوە سەرەڕای هاتنە سەركاری ڕۆناڵد ڕیگان بەڵام پەیوەندیەكانی ئەمەریكا و ئێران زیاتر ئاڵۆزبوو بەهۆی هاوكاری ئەمەریكا بۆ ڕژێمی سەدام لە جەنگی عێراق-ئێران دا، وەك تۆڵەكردنەوە ئێران بەهاوكاری حیزبوڵای لوبنان هێرشیان كردە سەر كەشتی گەلی و بنكە سەربازیەكانی ئەمەریكابەیروت

لە هێرشەكەدا ٢٤١ سەربازی ئەمەریكی كوژران كە هێرشە بە خوێناوی ترین هێرشی تیرۆرستی دادەنرێت دژی هاوڵاتی و سەربازانی ئەمەریكی لە دوای هێرشی ١١ سێبتەمبەرەوە، دوای هێرشەكە ئەمەریكا ناچاربوو هێزەكانی لە لوبنان بكێشێتەوە و هاوكاریەكانیشی بۆ سەدام كەم بكاتەوە ئەو ڕووداوەش بوو بەشكستێكی گەورە بۆ ڕۆناڵد ڕیگانی سەرۆكی ئەمەریكا.

دواتر لە ساڵی ١٩٨٨ لەسەروبەندی كۆتای هاتنی شەڕی عێراق و ئێراندا بۆ تێكدانی گفتوگۆ و دانوستانەكانی ڕاگرتنی شەڕ لەنێوان ئێران و عێراق كەشتی فڕۆكە هەڵگری (ڤینسن) ئەمەریكا لەڕێگەی موشەكەوە فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگری ئێران لە ئاوەكانی كەنداو خستە خوارەوە بەوهۆیەوە ٣٠٠ سەرنشینی فڕۆكەكە بونە قوربانی، ئەمەریكا دەیویست عێراق مەتبار بكات بەڵام شكستی هێنا و دانی بەهێرشەكەدا ناو ڕایگەیاند بەهەڵە فڕۆكەكەی كردوەتە ئامانج

دوای ١٢ ساڵ و لە ساڵی ٢٠٠٠ كەشتی فڕۆكە هەڵگری ڤینسن كە فڕۆكە ئێرانیەكەی كردبووە ئامانج لە كەناراوەكانی بەندەری عەدەنی تەمەن كرایە ئامانج و بەوهۆیەوە ٢٢ سەربازی ئەمەریكی كوژران و كەشتی فڕۆكە هەڵگری ڤینسن تێكشكا، كە ئێران تۆمەتباركرا بەوەی لەپشت هێرشەكەووبووە.

دوای ساڵێك لەوهێرشە ڕووداوەكانی ١١ سێبتەمبەر ڕویاندا، كە هەردوو تاوەری بازرگانی جیهانی لە نیۆرك بە فڕۆكە هێرشیان كرایەسەر و تەقینرانەوە، ئەگەرچی لەوكاتەدا ڕێكخراوی قاعیدە بەرپرسیارێتی هێرشەكەی گرتە ئەستۆ، بەڵام بەپێی ئەو بەڵگانەی كەلە ماڵەكەی ئوسامە بن لاندا لەدوای كوشتنی لەساڵی ٢٠١١ دۆزرانەوە ئێران هاوكاری قاعیدەی كردوە لە هێرشەكانی ١١ سێبتەمبەردا، محمد عەتای داڕێژەری پلانی هێرشەكە پێش هێرشەكان چەند جارێك سەردانی ئێرانی كردوە

*ئێران شكستی بە پلانی دوو جۆرج بۆشی كوڕ و باوك هێنا :
ئێران وەك چۆن لە پشت شكستی جیمی كارتە و ڕۆناڵد ڕیگانەوە بوو ئاواش لەپشت شكستی پلانی جۆرج بۆشی باوكەوە بوو بۆداگیركردنی عێراق لەساڵی ١٩٩٠، چونكە لەدوای دەرپەڕاندن و تێكشكاندنی سوپای عێراق لە كوەیت ئەمەریكا دەیویست عیراق داگیر بكات بەڵام لەكاتی نزیكبوونەوەی هێزەكانی سوپای ئەمەریكا لەشاری بەسرە شیعەكانی باشوری عێراق بەهاوكاری ئێران ڕاپەڕینیان كرد بەوهۆیەوە ئەمەریكا پلانی داگیركردنی عێراق و ڕووخاندنی ڕژێمی سەدامی ڕاگرت چونكە ئەمەریكا مەترسی ئەوەی هەبوو ئێران دەست بەسەر عێراقدا بگرێت

بەڵام دوای ١٣ ساڵ جۆرج بۆشی كوڕ ئەوهەڵەیەی ئەنجامدا كە جۆرج بۆشی باوكی ساڵی ١٩٩٠ خۆی لێ پاراست، ساڵی ٢٠٠٣ لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەدا ڕژێمی صەدامی ڕووخاند بەوەش ئیران بەهاوكاری شیعەكانی هاوپەیمانی بەتەواوی دەستی بەسەر عێراقدا گرت و چەندین میلیشیای چەكداری دروستكرد كە دژی ئەمەریكیەكان دەجەنگان كە دیارترینیان جەیشی مەهدی بوو كە بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژانەمەی واشنتن پۆست زیاتر١٢٠٠ سەربازی ئەمەریكی بەدەستی میلیشیاكانی هاوپەیمانی ئێران كوژراون، پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەی جۆرج دەبلیوبۆش شكستی پێهێنراو ساڵی ٢٠١٠ ئەمەریكا بەناچاری لە عێراق كشایەوە

وێستگەیەكی تری ململانێكانی ئەمەریكا و ئێران سوریای دوای ساڵی ٢٠١١ و بەهاری عەرەبی بوو لەسەردەمی دەسەڵاتی باراك ئۆبامادا، كە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی ڕژمی سوریایان گەیاندە لێواری مەرگ و شەڕ و ڕووبە ڕووبونەوەكان گەشتنە گەڕەكانی دیمەشتی پایتەخت و بەشار ئەسەد تەنها سەدا٢٠% خاكی سورریای لەژێردەستدابوو، بەڵام ئێران و ڕوسیا دەستیوەردانیان لە سوریادا كرد، بەتەنها ئێران١٣٠ هەزار چەكدار و ملیشای مەزهەبی ڕەوانەی سوریا كرد و ڕێمەكەی بەشار ئەسەدیان لە ڕووخان ڕزگار كرد

٣-ترەمپ و قۆناغی شەڕی ڕانەگەیەنراو لەگەڵ ئێراندا

لە دوای هاتنە سەركاری دۆناڵدترەمپ لە ساڵی ٢٠١٦ ململانێكانی ئێران ئەمەریكا گەشتە لوتكەی ئالۆزی بەجۆرێك لە مێژووی ٤٠ ساڵەی ململانێكانی ئێران و ئەمەریكادا هاوشێوەی نەبووە، هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونیەوە ترەمپ كۆمەڵێك ڕێوشوێنی دژی ئێران گرتەبەر و لە ساڵی ٢٠١٨ لە ڕێكەوتنامەی ئەتۆمی ئێران. كشایەوە و سزای ئابوری توندی بەسەر ئێراندا سەپاندووە بە جۆرێك هەناردەی نەوتی ئێرانی بەڕێژەی سەدا ٧٣% كەمكردوەتەوە

٤-ترەمپ و شكاندنی ئەفسانەی هێزی ئێران:
لەماوەی مانگی ڕابردوو ململانێكانی ئێران و ئەمەریكا چوتە قۆناغی شەڕی ڕانەگەینراوەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ ئەو لێبوردنەی بە كۆمەڵێك وڵاتی دابوو بۆ كڕینی نەوتی ئیرانی هەڵیوەشاندەوە، دوابەدوای ئەو بڕیارە هێرشكرایە سەرباڵۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغداد و لەتەقینەوەیەكیشدا لە ناوچەی سەوزی بەغداد چوار كارمەندی باڵای ورزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كوژران و بۆرینسەرەكی نەوتی سعودیە تەقینرایەوە و چوار كەشتی نەوت هەڵگری نەرویژی و سعودی و ئیماراتی لە گەروی هورمز كرانە ئامانج، ئەمەریكاش لە زاری مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەوە ئێرانی بەوە تۆمەتباركرد كەلە پشت هێرشەكانەوە بووە

لەدواین پێشهاتیشدا ڕۆژی پێنج شەمەی ڕابردوو هێرش كرایە سەر دوو كەشتی نەوت هەڵگر لە كەنداوی عومان كە نەوتی یابانیان هەڵگرتبوو، هێرشەكە لەكاتێكدا كە شینزۆ ئابێی سەرۆك وەزیرانی یابان لەگەڵ علی خامەنەئی دا لە گفتوگۆدا وەك نێوندگیر لەنێوان ئەمەریكا و ئێراندا، بەوەش هەوڵی گەشتنە سەرمێزی گفتووگۆ و دانوستان شكستی هێنا و لە نویترین لێدوانیشدا مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئێوارەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند كە سەرقاڵی گفتووگۆكردنن لەسەر چەند پێشنیارێك بۆ وەڵامدانەوەی ئێران و هێرشی سەربازی بۆسەر ئێران یەكێكە لە ئەگەرەكان

سێ ساڵی ڕابردووی ململانێكانی ئێران و ئەمەریكا دەرخەری ئەو ڕاستیەن كە دۆناڵد ترەمپ بەهێزترین و كاریگەرترین سەرۆك بووە بەراور بە شەش سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا( جیمی كارتەر- ڕۆناڵد ڕیگان- جۆرج بوش- بین كلیتۆن- جۆرج دەبلیو بۆش- باراك ئۆباما)، توانیویەتی لە ڕێگای سزای ئابوریەوە دەسەڵات و هەژموونی ئێران تاڕادەیەك سنوردار بكات، لە ئێستاشدا ئێرانی خستوتە دۆخێكی ئاڵۆزی ئابوری و سیاسی و ئەمنیەوە كە وەك ڕابردوو ناتوانێت بەردەوامبێت لە فراوانخوزی و سەپاندنی هەژمونی خۆی بەسەر ناوچەكەدا

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand