پەرتەوازەیی میللەتێك
2019-06-17 08:50:17
+ مەلا فرمان
یەهۆدیەکان دوای بڵاوبونەویان بە دەیان وڵاتی دونیادا، کشتوبڕ و سیاسەتی قڕکردنیان بەرامبەر ئەنجام درا. تا پەرتەوازەبون هەر باس لە بەستەزمانیان دەکرا، خاوەنی هیچی خۆیان نەبون. بەڵام دوای گردبونەوەیان لە ئیسرائیل نەک هەر بون بە خاوەنی ناسنامە و کیانی خۆیان، بەڵکە بون بە کائینەی لە هەرلایەک بێت سەنگی تەرازوی هێز دەگۆڕێت. بە نمونە لە ١٩٤٨ گواستنەوەی یەک خانەوادەی یەهۆدی بۆ ئیسرائیل لە کەرکوکەوە نزیکەی ٧٠٠٠ حەوت هەزار دۆلاری تێچوە. لەم کیانەوە هۆڵۆکۆستیان بە دونیا ناساند، تاوانباری جەنگیان لە ئەرجەنتینەوە رست کردو هاوردیانەوە ئیسرائیل.
ئەرمەنیەکان دوای سیاسەتی قڕکردن لە ساڵانی جەنگی جیهانی یەکەم لەسەر دەستی تورکەکان شاربەدەر کران و پەرتەوازەی وڵاتان بون، ئەگەرچی لە ١٩٩١ ئەرمینیا وەک وڵاتێک لە یەکێتی سۆڤێت جیابوەوە، بەڵام هاوشێوەی ئیسرائیل بەهەر هۆیەک بێت نەیتوانی یان بۆی نەلوا نە کاریگەری لە هاوسەنگی هێز بکات نە توانی هاوشێوەی یەهۆدیەکان سود لە قڕکردنی خۆیان لەسەر دەستی تورکەکان ببینێت.
قڕکردن و پەرتەوازەبونی ئەم دو 2 میللەتە و یەکگرتنەوەشیان لە سەدەی رابردو رویدا، لە سەردەمێک مرۆڤ و مافەکانی بە قاموسی سیاسی تا رادەیەکی زۆر نامۆ بو، بەڵام لە گەڵ ماڵئاوایی ئەو سەدەیە تا رادەیەکی زۆر برینەکانیان ساڕێژبون. کەچی لە ئێستادا لە دونیان مافی مرۆڤدا پەرتەوازەکردن و قڕکردنی میللەتی کورد بە درێژایی ١٠٠ سەد ساڵی رابردو بەردەوامە. بۆ کورد چۆن و بۆ ؟.
قۆناغەکانی قڕکردن و پەرتەوازەکردنی کورد:
یەکەم: لەسەردەستی دوژمنان
دوای دابەشکردنی کوردستان بۆ چەند پارچەیەک و لکاندنی هەر پارچەیەک بە وڵاتێکەوە، هەریەک لای خۆیەوە کەوتنە وێزەی کورد و بەم شێوەیە بڵاوەیان پێکردن:
1- ساڵانی شەڕی جیهانی یەکەم لە کوردستانی باکور لەسەر دەستی کەمالیستەکان، تا ئێستاش درێژەی هەیە.
2- لە یەکێتی سۆڤیەت لە سەردەمی جەنگی جیهانی دوەم لەسەر دەستی ستالین.
3- لە ئێران تا ئێستاش هەر بەردەوامە.
4- لە عێراق ،لە راگوازتن و بە عەرەبکردن تا دەگاتە بە کارهێنانی چەکی کیمیاوی. سیاسەتی داگیکردنی خاک و بە عەرەبکردن تا ئێستاش درێژەی هەیە.
5- لە سوریا تا ئەو رادەیە بوە کە رەگەزنامەیان پێنەدراوە. ئێستاش ئەگەر دەسەڵێتی ئەسەدی عەرەبی و عەلەوی بەگەڕێتەوە، سیاسەتی بەعەرەبکردن بەردەوامی دەبێت.
پەرتەوازەبونی کورد بە شێوەی ئاردی ناو دڕکی لێهاتوە، کەم وڵات هەیە خانەوادەیەکی کوردی لێ نەبێ. پەرتەوازەبونێک نەک یەکخستنەوەی بەڵکە لیکنزیبونەوە و پێکەوەکارکردنیشی قورس کردوە.
دوەم: قۆناغی دەسەڵاتی حیزبی کوردی
کورد لە باشوری کوردستان بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان دوای راپەڕینی ١٩٩١ زۆر دڵخۆش بو، پێی وابو لە چەوسانەوە و دەربەدەری رزگاری بو، بە گشتی دەستکرا بە ئاوەدانکردنەوەی وڵات، زۆرێک لە وڵاتان بە هاوارەوە هاتن، هەڵبژاردن کرا و حکومەت و پەرلەمانی خۆماڵی دامەزرا. هێندەی نەبرد لەسەردەستی سەکردە حیزبیە خێلەکیەکان خەڵک لە هەمو ئاواتەکانی بیئومێد بو، نیشتمان ئەو بەهایەی جارانی نەما، کۆج بەرەو هەندەران دەستی پێکرد، کورد وەک ئاردی ناو دڕکی لێهات. ئەم دیاردەی کۆجکردنە ئێستاس بەردەوامە، خۆ ئەگەر سۆماڵیش مافی پەنابەری بدات ئەوا خەڵکی ئەم هەرێمە پەنای بۆ دەبات. هۆکارەکانی کۆچکردنەکەش بریتیبون لە:
1- دۆزەخی شەری ناوخۆ و ٢ دو ئیدارەیی.
2- هەژاری و نەبونی و وشکە ساڵی.
3- نادادپەروەری لە حوکمڕانی.
4- دزی و گەندەڵی لە رادەبەدەر لەلایەن مافیاکانی حیزبەوە.
5- جیاوزی ئاستی ژیان و توانای دارایی کە دەگاتە ١ بەرامبەر ١٠٠.
6- بێهێوایی بە ژیان.
لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان
دوای ١٩٦٣ سیاسەتی سوتماک و بە عەرەبکردن لە ناوچە دابڕاوەکان دەستی پێکرد. لە ١٩٧٥ و دوای ئاشبەتاڵەکەی بزوتنەوەی چەکداری کورد سیاسەتی ٣ کوچکەی بەعسیان دەستی پێکرد. لە ١٩٨٧ ئەم سیاسەتە گەیشتە لوتکە. لە١٠٠% گوندە کوردنشینەکان لەگەڵ زەوی تەختکران و خەڵکەکەی راگوێزران بۆ شارەکانی هەرێم و خواروی عێراق، ساڵی دواتریش سیاسەتی کوردقڕان بە کردەوە لە ژێر ناوی ئەنفالدا جیبەجێکرا. ئەم سیاسەتە تا ٢٠٠٣ درێژەی کێشا.
دوای ٢٠٠٣ هاوشێوەی دوای راپەڕین دانیشتوانی ئەم ناوچانە ئومێدێکیان هاتەوە بەر، بەڵام لەسەر دەستی سەرکردایەتی پاری و یەکێتی ئەم ئومێدە خرایە ژێر گڵەوە. دوای ١٦/١٠/٢٠١٧ جارێکی تر خەڵکی ئەم ناوچانە گورگانخوارد کرانەوە.
لە دوای ٢٠٠٣ پارتی و یەکێتی نەیانتوانی بە پێی بەرنامەیەک کار بکەن بۆ:
1- گێڕانەوەی ئاوارە کەرکویەکانی سەردەمی بەعس.
2- یەک سیاسەت و یەک بەرنامە لە کەرکوک. ٢ ئاسایش، ٢ دەزگای هەواڵگری، ٢ پەروەرە .... تا دەگاتە شۆراوی پارتی و شۆراوی یەکێتی.
دەرئەنجامی ئەم سیاسەتە کوردی ئەم ناوچەیە وەک جەنابی مەندیللا١ ( وتارە بەناوبانگەکەی ساڵی ١٩٩٧ لە ئەڵمانیا ) فەرموی بەبێ ویست و حەزی خۆی هەم لە ناوەوە هەم لە دەرەوەی وڵات پەرتەوازە بوە.. لە کاتێکدا لە ناخ و دڵی ئەو میللەتە ویستی دروستبونی دەوڵەتی کوردی و بونی ماڵی سەربەخۆی خۆی رەگی داکوتاوە .
زۆر تاڵە بەڵام راستیەکە و دەبێت بگوترێ، ئەوەندەی کورد لەسەردەمی دەسەڵاتی حیزبی کوردیدا ئاوارەبوە، شەهید و دیل و بریندار بوە هێندەی کەمتر نیە لە زیانەکانی دەستی دوژمن ( لەم رۆژانە لە سلێمانی سواری تەکسیەک بوم، دەرکەوت کە لە ئاوارەکانی دوای ٣١/ئابی/١٩٩٦ هەولێرە، ئێستاس ناوێرێ بگەڕێتەوە). تاڵێکەی زیاترە کاتێ دەبینین دەسەڵاتی حیزبی کوردی ئامادەی فامکردنەوە نیە.
ئێستا
1- بارودۆخی کەرکوک و ناوچە کورسدستانیەکانی دەرەوەی هەرێم زۆر خراپە لەمترسیدایە. گەڕانەوە و کۆکردنەوەی کوردی ئەم ناوچانە زۆر ئەستەمە.
2- لە تەواوی شارەکانی هەرێمی کوردستان، کوردانی تاراوگە نەک ئامادەیی گەڕانەوە نیە، بەڵکە ئەگەر رێگە ببێت و مافی پەنابەری بکرێتەوە جگە لە دەسەڵێتداران و خودا پێدوان بەکەمی ئەم وڵاتە گەنجی پێوە دەبیندرێ.
دەپرسم: ئەگەر کۆ نەکرێتەوە چۆن ماڵی بۆ دروست دەکرێت؟
دەپرسم : ئەگەر حیزب و سەرکردەیەک لە توانایدا نەبێت بفامێتەوە کی ماڵ دروست بکات؟.
دەپرسم: ئەگەر میللەتێک وای لێکرابێت خاکی خۆشنەوێت و بێهیوا کرابێت جۆن ماڵ دروست بکات؟
دەپرسم : بۆ ناوخۆش، ئەگەر روح و هێزی موعارەزەبون نەبێ، میللەت ئومێدی بەچی بێت، ئەسپە شێتی دەسەڵات لەچی بسڵەمێتەوە؟.
دوای ئەم پرسیارانە پێویست بە پشودان و هاتنەوە سەرخۆیە، پاشان هەنگاونانە. دڵنیام، لە کۆتاییدا تاکی کورد هێندە ژیرە دەزانێ چۆن و لە کوێوە هەنگاو دەنێ.! باشترە بۆ ئەوەی باش پشو بدەین و بێینەوە سەرخۆ، گوێ لە ماندێلا بگرین.! هیوادارم نمونەی کاکە هەرێم مەحمود سەمەن زۆربێت. بیرۆکەی نوسینی ئەم بابەتە لە قسەکانی جەنابی ماندێللام وەرگرتوە.
مەلا فرمان
کەرکوک،١٧/٦/٢٠١٩