Draw Media

 سروشتی بزوتنەوەی گۆڕان و گۆڕان لە پرسی حوکمرانیدا 

 سروشتی بزوتنەوەی گۆڕان و گۆڕان لە پرسی حوکمرانیدا 

2019-06-17 08:40:14


چیا عەباس

لە گەڵ دەستپێکردنی فەرمی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆ چەند هەڵسوراوێکی دڵسۆزی گۆڕان جەختیان لە کارنامە رەسەنەکەی بزوتنەوەکە کردۆتەوە،
لە بەرامبەردا چەند کادر و کارمەندانی بواری راگەیاندنی پارتی هەڵمەتێکی زبریان بەرامبەر ئەو هەڵسوراوانە بەرپا کردوە.
بۆ بەرچاورونی هەمو لایەک تێگەیشتن لە سروشتی جەماوەری و رێکخراوەیی و سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان کارێکی پێویستە تا هیچ لایەن و کەسێک نەکەوێتە هەڵەوە و لە روانگای ئەو تێگەشتنەوە هەڵسەنگاندنی واقیعی و دروست دارێژێت.
بزوتنەوەی گۆڕان بریتیە لە جەماوەر و دۆست و دەنگدەر و گۆرانخواز و هەڵسواراوەکان کە بەرنامەیەکی فرە ئاراستە کۆی کردونەتەوە، ئەمانە هەمویان هەوێنی بزوتنەوەکە پێكدەهێنن و خاوەنداریشن. گۆڕان بەشە رێکخراوەیی و سیاسیەکەی بزوتنەوەکەیە کە هەڵبژاردن زۆربەی جێبەجێکەرانی بەرنامەکە دیاری دەکات. 
تێگەیشتن لەم سروشتە تایبەتیەی بزوتنەوەی گۆڕان پێویستە تا کارتەکان تێکەڵاو نەکرێن و هیچ کەسێک و لایەنێک نەتوانێت ئیدیعای خاوەنداریەتی و هەوێنی بزوتنەوەکە بۆ بەشێک لە بەرپرس و هەڵسوراو و کارمەندی گۆڕان بکات.
بۆ گۆڕان دەستورێک پەسند کراوە کە مەبەست لێی رێكخستنی پەیوەندیەکانی نێوان بزوتنەوەکە و بەشە هەڵسوراوەکەی بو و هاوکاتیش چەند زەوابتێکی لە خۆ گرتوە بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و بەرێکردنی کارەکان.
مەخابن دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا دەستەیەکی دەسەڵاتداری گۆڕان بەشێکی گرنگی دەستورەکەیان بەلارێدا بردوە، بۆیە گۆڕان دوچاری داکشان بۆتەوە و جەماوەری بزوتنەوەکەشی زۆر نیگەران و دڵگران کردوە. سەرهەڵدانی ئەم دیاردانە و خەستبونەوەی بەرەی نارەزای ناو بزوتنەوەکە شەرعیەتی دامەزراوەکانی گۆڕانیشی خستۆتە ژێر پرسیارەوە، لەم روانگایەوە رێکەوتنی ئەو دەستەیە لە گەڵ پارتی بۆ بەشداری لە حکومەت دوا قسەی بزوتنەوەکە نیە. ئەمە بەو مانایە نایەت کە جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان دژ بە رێکەوتنی سیاسی و حوکمرانینن، ئەوەی بە لایانەوە بنەرەتیە رەنگدانەوەی کارنامەی بزوتنەوەکەیە لەو رێکەوتنانە و زەماناتی جێبەجێکردنی و ئەو هەڵسوراوانەی بۆ ئەو ئەرکە رادەسپێردرێن.
زیادە بۆ ئەم پرەنسیپە بنەرەتیانە هەڵسوراوانی گۆران بەرۆحی یاخیبون و نارەزایی ئەقڵانی مەدەنی گۆشەکراون، فێر نەبون کۆیلایەتی و تەعەدا و ناهەقی لە کەس قبوڵ بکەن، تەنانەت گەر لە ناو خودی گۆڕانیشەوە بێت.
بۆ وەبیرهێنانەوەی هەمو کارنامەی بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرەتاوە و تا ئەمرۆش چەند خاڵێکی بنەرەتی لە خۆ گرتوە:
یەکەم: وەستانەوە دژ بە گەندەڵی و نا شەفافی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات،
دوەم: بە دامەزراوەکردن و نیشتمانیکردنی جومگەکانی حوکمرانی هەرێم،
سێیەم: کارکردن بۆ بەدیهێنانی سیستەمێکی پەرلەمانی راستەقینەی گونجاو و وەستانەوە دژ بە بەبنەماڵەکردنی دەسەڵاتی سیاسی و حوکمرانی.
ئەو هەڵمەتەی چەند کادیرێکی پارتی بەرامبەر بەو گۆرانخوازە رەسەنانەی بزوتنەوەکە بەرپایان کردوە هیچ لە مەسەلە بنەرەتیەکەی بزوتنەوەی گۆران ناگۆرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە پێداگری و سوربونی گۆڕانخوازە رەسەنەکان لە سەر کارنامە رەسەنەکەی گۆڕان توندوتۆڵتر دەکات، تایبەت ئەوان لە دە ساڵی رابوردو ئەزمونێکی دەوڵەمەند و چر و پریان بەدەست هێناوە.
بزوتنەوەی گۆڕان بە دەستی دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە کەمیان نەچێشتوە، ئەو مێژوە نابێت ببێتە پێوەری سەرەکی بۆ کاری سیاسی و ئایندە بەڵام وەک مێژویەک دەمێنێتەوە و بەها و پێگەی خۆی هەیە و هیچکات ناتوانرێت بسرێنرێتەوە.
ئومێدەوەرام ئەو کادیرانەی پارتی سروشتی بزوتنەوەکە و گۆڕان، تایبەت لەم ساتە وەختەدا، وەک خۆی ببینن، داکشان و لاوازبونی گۆڕان بۆ هیچ مەرامێک بەکار نەهێنن، چونکە دوا قسە بۆ بزوتنەوەی گۆڕانە.

چیا عەباس
رۆتەردام: ١٦ی جونی ٢٠١٩ 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand