Draw Media

موزایەدەکانی پارتی و کێشەکانی بەغدا

موزایەدەکانی پارتی و کێشەکانی بەغدا

2019-06-16 06:23:32


ئادەم ئاودەل

لەدوای روخانی رژێمی بەعس و دروستبونی حکومەتیێکی نوێ لە عێراقدا ، ھەمیشە کورد کۆمەڵێ کێشەی لەگەل بەغدادا بە ھەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و نەتواندراوە چارەسەر بکرێ ، ھەر لە کێشەی خاکەوە بیگرە تا بودجە و موچە و مەلەفی نەوت و غاز . 
ئەگەرچی لە پێشودا کورد بە یەکگرتووی و بە ھێزێکی زۆرەوە لە بەغدابوو بەتایبەت لە سەروبەندی نوسینەوەی دەستور و بنیاتنانەوەی عێراق ، بەڵام بەشێک لە کێشەکانی نێوان کورد و بەغدا یا بلێین حکومەتی ھەرێم و بەغدا بێ چارەسەر مانەوە و بەھۆی چارەسەرنەکردنیشیان بەرەبەرە تەشەنەیان سەند و زیاتر ئالۆز بون . 
یەکێکیش لەو کێشە ھەڵپەسێردراوانە بابەتی نەوت و غازە ، ئەگەرچی تا مام جەلال لە ساحەکەدابوو ، دۆخەکە بە وەستاوی مایەوە و نەیھێشت بگاتە تەقینەوە ، بەڵام دوای نەخۆش کەوتنی مام جەلال و دورکەوتنەوەی لە گۆرەپانەکە ، دۆخەکە بە برینی بودجەی ھەرێم لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراقەوە تەقییەوە و تا ئێستاش دوای تێ پەربونی زیاتر لە پێنج ساڵ و گۆرینی دوو سەرۆک وەزیرانی تر ، نەتواندراوە بگەرێندرێتەوە سەردەمی مام جەلال . 

زۆرجار لە لایەن ھاولاتیانی ھەرێمەوە مەلەفی نەوت بە سەرئێشە و بەڵا بۆ ئەم وڵاتە ناوزەنگ ئەکرێت و ھەر لەم روانگەیەشەوە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە لە رێگەی ئەو مەلەفەوە ، ھاوڵاتیان دوچاری نارەحەتی و نەھامەتی لە شێوەی برینی بودجە و موچە بونەتەوە .  کە بە شێکی زۆری کەلەکە بونی ئەو گرفتانە بە ھۆی نەبونی دامەزراوەیەکی موئەسەساتی نیشتمانییەوە ھەیە ، کە ئەو جۆرە پەیوەندیانە لە گەل بەغدا رێکبخات و چارەسەریان بکات . 
ھەمیشە لە ھەرێم دەنگێک ھەبووە کە بەغدای وەک دێوەزمەیەک وێناکردووە و بە سەرچاوەی نەھامەتیەکانی ئەم ھەرێمەی زانیوە  ، پاڵپشتی سەرەکی ئەو دەنگەش پارتی دیموکراتی کوردستان بووە ، کە ھەموو کات لە رێگەی ئەو جۆرە لە تسریحات و ھوتافانە ، ویستویەتی چاوی خەلک لەسەر نارێکیەکانی حکومەتەکەی ھەولێر لابدات و بە شەری بەغداوە سەرقاڵیان بکات و لە ھەمویشی مەترسیدارتر بە شەری نەتەوەیی بە ھاوڵاتیانی بفرۆشێتەوە . 
ئێستا لە بەغدا لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکەوە ھەولێک ھەیە بۆ شەفاکردن و رونکردنەوەی داھاتی ھەرێم و ئاشکراکردنی دۆسیەی نەوتی ھەرێم  ، بەڵام لە لایەن بەشێک لە سەرکردەکانی پارتی و لە رێگەی میدیاکانیانەوە ، ھێرشێکی گەورەی رێکخراو و بەرنامە بۆ دارێژراو دەکرێتە سەریان . وەک ئەوە وایە ئەوان بەرپرس بن لە بەھەدەردانی سامانی وڵات و دزینی موچەو بودجەی خەڵک ، ئەوان بن کە خاوەنی دەیان گرێبەستی نەوتی ناشەفاف و نادیارن ، ئەوان بن بە بۆری تایبەت و بە تانکەری درەنگی شەوانە نەوت ئاودیو بکەن و ھەر ئەوانیش بن خاوەن کێڵگەی نەوت بن . 

پارتی و بەرپرسانی ھەولێر لە جیاتی وردبونەوە لە ھۆکارەکانی بلاو بونەوەی کێشەکان و فەراھەمکردنی دۆخێکی ئارام و باشتر  بۆ گەنجان و ھاولاتیانی ئەم ھەرێمە ، زیاتر سورترن لەسەر شاردنەوە و داڵدەدانی قوتی خەڵک و سەفتەکردنیان لە ژێر زەمینەکان . ئەگەر ئەو پەرلەمانتارانە خائینن و راستگۆ نین ، ئەی کوا موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان ؟؟؟ لە کاتێکدا بەغدا پێنج موچەی بەتەواوی ناردووە و وا ھی شەشەمیش خەریکە بگات ؟؟؟ 
ئێستا جۆرێک لە سیاسەت کاری پێ دەکرێ کە قسە شتێکە و کردار شتێکی دی ، لە میدیاکانیانەوە بە غدا جارێک موفلیس و جارێک دوژمنە ، بە کرداریش شەر و ھەراو زەنایە بۆ وەرگرتنی پۆستێک لە بەغدا. لەھەموی ترسناک تر ئەوەیە، بەھۆی ئەو بودجە زەبەلاحەی میدیاکانیان لە بەردەستیانە ، ھەرکەسێک لە دژی سیاسەتەکانی ئەوان دەنگ ھەڵبرێ ھەر زوو بە شەیتان و بە کرێگیراو دەشوبھێندرێ ، بێ ئاگا لەوەی کە ئەوەی لەم وڵاتە دەگوزەرێ لە نەھامەتی و بێ کاری و نەداریدا ، لە دونیای ئەمرۆدا بێ وێنەیە..

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand