بزوتنەوەی گۆڕان و پرۆسێسی گۆڕین
2019-06-15 12:00:08
مەحمود رەزا
بزوتنەوەی گۆڕان جیا لە هەمو حیزبەکانی کوردستان و ناوچەکە، لە شەقامەوە دروست بو، نەک لە ژوری داخراوا.
ئەوێ رۆژێ ناڕەزایەتی خەڵک لە دەسەڵات گەیشت بوە لوتکە. کاکە نەوەی رەوانشاد، کە تاکە سیاسیی کورد بو، پشت ئەستور بە تەجرەبەی دورودرێژی سیاسیی خۆی و بە زانستی سیاسەت، کاتی دروست بۆ کردە و جوڵەی گەورە، دیاری بکا، دەنگە ئازا و بوێرەکانی شەقامی لە چوارچێوەی بزوتنەوەی گۆڕانا کەناڵیزە کرد و کردی بە هێرێ کە تەرازوی هێزی پێ گۆڕی.
هەرکەس وتاری: "دوای ئەم هەمو رەخنەیە ئینجا چی؟" رەوانشادی خوێندبێتەوە، ئەبێ بزانێ کە ئەو، گۆڕانی بۆ گۆڕینی بنەڕەتیی سیستمی حوکمڕانی دروست کرد نەک بۆ پینەوپەڕۆکردنی ئەم رموزنەی ناونراوە "حوکمەت".
رەوانشاد لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنیا، روبەرێکی فراوانی بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە تەرخان کرد بو:
"چۆن بتوانین چەک و پارە لە دەستی حیزبە حوکمڕانەکان دەر بهێنین؟"
چونکە دوای چەن هەوڵێکی سیاسیی جیاواز لەگەڵ پدک و ینک، بە یەکجاری بۆی ساخ بوەوە کە ئەم دو حزبە ئامادە نین لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتی و نیشتمانیا، رێگەی چاکسازیی نەک بنەڕەتی، بەڵکو رواڵەتی یش بگرنە بەر. ئەوەشی ئەزانی کە، هەتا چەک و پارەی خەڵکی هەرێم لە دەستی ئەم دو حیزبەیا قۆرخ کرابن، ناتوانرێ گۆڕین لە سیستمی حوکمڕانیا بکرێ.
لەبەر ئەوە، ئەگەر مەگ بواری بدایە، قورسایی کاری سیاسیی خۆی ئەخستە بواری دەرهێنانی چەک و پارە لە دەسی پدک و ینک و ئەیکردن بە موڵکی خەڵک/ حوکمەتی خەڵک.
پەروەردگار ئەوی لێ سەندینەوە و فریای هێنانەدی ئەو ئاواتەی خۆی و زۆرینەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان نە کەوت.
بەڵام ئەوەی ئێستا فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغا بە تەمایەتی و ئەوەی سێ پەرلەمانتاری: گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی و نەوەی نوێ، بەڕێزان: وشیار عەبدوڵڵا، ئەحمەدی حاجی رەشید و سەرکەوت شەمسەدین دەستیان داوەتێ، ئەشێ بە هەنگاوی یەکەمی هەوڵدان بۆ دەرهێنانی پارە و چەک لە دەسی حزب لەقەڵەم بدرێ.
هەموتان سەرکەوتو بن... دڵنیام زۆرینەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان، بە دۆست و لایەنگرانی پارتی و یەکێتی یشەوە، چاوەڕێی هەڵاتنی رۆژێکی وان.