گێرەشێوێنی سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان یان هەر لایەنێكیتر
2019-06-15 11:13:13
ئاری هەرسین
لە وڵاتێكدا ڕێكەوتنی سیاسی لە نێوان نوخبەی سیاسی سەركردایەتی حیزبەكاندا دەكرێت. هەرچی خەڵكانی دەرەوەی ئەو نوخبەیەیە، مافی ڕادەڕبڕین و ڕەخنەیان هەیە، بەڵام هیچ لە ڕێكەوتنەكان ناگۆڕن. ئینسانی سیاسی عاقڵ خۆی بە بالۆرەی لاوە كی خەڵكی بێ دەسەڵات و بێ بڕیارەوە مەشغوڵ ناكات. بەڵكو زیادتر خەریكی جێبەجێكردنی بەند و ماددەكانی ڕێكەوتنەكان دەبێت و كات بە وەڵامدانەوەو خۆ شڵەژاندنەوە بە فیڕۆ نادات.
فڵان كەسایەتی بزوتنەوەی گۆڕان یان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆمێنتێكی لەسەر ئێمە هەبێت زۆر لە مەسەلەكان ناگۆڕێت و دونیاش خراپ نابێت. حەتمەن ئەو كەسایەتیانە بۆیە ئەو ئەتوارانە دەنوێنن چونكە مەرامی خۆیان بۆ نەچۆتە سەر و توڕەن، ئێ قەیدی چیە، توڕەیی خەسڵەتێكی سادەو ساكاریئینسانیە. لە هەمان كات دا پێویستە ئێمە لەو حەقیقەتە تێبگەین، وەك چۆن لە ناو ڕیزەكانی حیزبی ئێمەدا كەسایەتی هەن كە لەوانەیە حەزیان بە بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕان نەبێت لەم كەبینە نوێیەدا، بە هەمان شێوە كەسایەتیش لەناو بزوتنەوەی گۆڕان هەن كە حەزیان بەم ڕێكەوتنە نیە. بەڵام نە ئەو دەنگە ناڕەزاییانەی ناو ئێمە و نە ئەوانەشی ناو بزوتنەوەی گۆڕان دەسەڵاتی تێكدانی ڕێكەوتنەكەی نێوانمانیان نیە.
گرنگە لەو بنەمایە تێبگەین كە هاوپەیمانی نێوان ئێمەو بزوتنەوەی گۆڕان بە مانای تەسلیم بوون بە یەكتر نیە... بە مانای دەمكوتكردنی بۆچوونی ئازاد و ڕای جیاواز نیە. دەنگی جیاواز (لە چوارچێوەی مەنتیقی سیاسی) لە قازانجی پڕۆسەی دیموكراسیە لە كوردستان. بەڵام ئەگەر هات و ئەو دەنگانە چونە بابی تەشهیر و تەخوینەوە، ئەوا ئەوكات ئێمە قسەیەكی دیكەمان لەگەڵ ئەو تەخوینچی و تەشهیرچیانەدا دەبێت. ئەوكات پێیان دەڵێین: ئێوە كێشەتان لەگەڵ ئێمە دا نیە، بەڵكو كێشەتان لەگەڵ سەركردایەتی خۆتان هەیە. چونكە ئەگەر ئێمە خراپیش بین، ئەوا سەركردایەتی ئێوەیە كە دانی خێری بە ئێمەدا ناوەو ئامادەی بەشداریكردنی حوكمڕانیە لەگەڵمان لە هەرێمی كوردستان. بچن خۆتان لەگەڵ خۆتان ساغ بكەنەوە و، قومبەلەی كێشە ناوخۆییەكانتان بەڕوی ئێمەدا مەتەقێننەوە.
بۆیە پێویستە ئەندامانی پارتی لە حاڵەتی وادا بە گوێی مامۆستا شوكری فەزلی بكەن و هیچیتر:
گێرەشێوێنێ كە كای كۆنی بەبادا لەكنت
چاكە هەر لێی خوڕی سەیری دەم و كاوێژی نەكەی
با لێگەڕێین كاك مەسرور بارزانی سەرقاڵی ئەركە سەرەكیەكەی خۆی بێت، كە ئەویش بریتیە لە پێكهێنانی حكومەتی كابینەی نۆهەم. ئەو كابینەیەی كە خەڵكی كوردستان ماوەیەكی دوور و درێژە چاوەڕوانی پێكهێنانی دەكەن.