Draw Media

سه‌رده‌می كوردستانێكی به‌هێز ده‌ستی پێكرد

سه‌رده‌می كوردستانێكی به‌هێز ده‌ستی پێكرد

2019-06-14 20:35:49


د.محه‌مه‌د خدر مه‌ولوود

 

له‌ ئێستاوه‌ بۆ ئاینده‌، رۆژی ١٠-٦-٢٠١٩ كه‌رنه‌فاڵی سوێند خواردنی نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌رۆژێكی دیكه‌ی مێژوویی داده‌نرێ و له‌ دیرۆكی خه‌باتی سیاسیی و شۆرشگێری نیشتیمانیدا شوێنێكی تایبه‌تی له رۆژانی سه‌روه‌ری نیشتیمانیدا ده‌بێت.
رێوره‌سمی ئه‌و رۆژه‌ مه‌زنه‌ شارستانییه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان نه‌ك هه‌ر له‌دیدی ناوخۆ، به‌ڵكو له‌دید و بۆچوونی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیش به‌جوانترین نمایش و چالاكی سیاسیی و دبلۆماسی تازه‌ی كوردستانی ده‌خوێندرێته‌وه‌ و كات و شوێنیشی له‌كات و ساتێكدایه‌، شوێن هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستانه‌ و سات، ساتی دوای ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیییە و پرۆسه‌ راسپاردنی گه‌لی كوردستانه‌ له‌رێگای په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆ ئه‌مانه‌تی وه‌رگرتنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، یا به‌واتایه‌كی دی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رێز نێچرڤان بارزانی وه‌ك دووه‌م سه‌رۆكی هه‌رێم راسپارد.
بۆیه‌ تا ئه‌م رۆژه‌، گه‌ر جه‌ماوه‌ری گه‌لی كوردستان و بزاڤه‌ نیشتیمانییه‌ رزگاریخوازییه‌كه‌ی به‌گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان به‌تایبه‌تی وه‌ك براوه‌ی یه‌كه‌می پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ٣٠ ی ئه‌یلولی ساڵی ٢٠١٨ پێویستیان به‌وه‌ بووبێ به‌ پشتیوانی جه‌ماوه‌ر و به‌گڕووتینێكی دیكه‌ خۆیان رێكخه‌نه‌وه ‌و وه‌ك سه‌رۆك بارزانی له‌ وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی پێدا، وا خۆیان رێكخسته‌وه ‌و به‌هێز و گڕوتێنێكی تر و به‌ كاره‌كته‌ری كارا و شایه‌سته‌ هاتنه‌وه‌ نێوه‌نده‌ سیاسیی و دبلۆماسییه ‌نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
له‌وه‌ش پێویستتر و گرنگتر له‌م كه‌رنه‌ڤاڵه‌ دیموكراتییه‌دا ئه‌وه‌بوو، ئه‌مانه‌تی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، وه‌ك دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له‌ده‌ستێكی ئه‌مینی ڕابه‌ر و سه‌رۆكێكی مێژوو كرده‌ی وه‌ك سه‌رۆك بارزانی راده‌ستی سه‌رۆكێكی كارا و ئه‌كتیڤ و ناسراو به‌هێز بكرێت و پاڵپشت به‌شه‌رعیه‌تی جه‌ماوه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانی له‌دوای رابه‌ر و سه‌رۆك مه‌سعود بارزانیدا نێچیرڤان بارزانی ببێته‌ دووه‌مین سه‌رۆك و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م جومگه‌ هه‌ره‌ هه‌ستیار و گرنگه‌ی كوردستان بگرێته‌ ده‌ست. 
كارا كردنه‌وه‌ و ئه‌كتیڤكردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌بوونی سه‌رۆك نێجیرڤان بارزانی به‌سه‌رۆكی، هه‌ر له‌ رۆژی یه‌كه‌میی به‌ربژێربوونی‌ به ‌پیرۆبایی كردنی سه‌رۆك و به‌رپرسانی باڵای وڵاتانی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی ج به‌ بروسكه‌ یا نامه ‌یا په‌یوه‌ندییه‌ ته‌لۆفۆنییه‌كان ئه‌و متمامه‌ نێو خۆیی و ئیقلیمی و نێو ده‌وڵه‌تییه‌ی ده‌سته به‌‌ر كرد و ئاماده‌بووان و به‌شدار بووانی رۆژی رێوره‌سمه‌كه‌ و نێو هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵڵاش وێرای باوه‌ر پێهێنان به‌پرسێك كه‌ ناوی پرسی كورده‌، متمانه‌بوون و پشتیوانی زیاتریان بۆ پرسه‌كه‌ و بۆ سه‌رۆكی تازه‌ی هه‌رێم ده‌سته‌به‌ر كرد .
وتاره‌كانی ئه‌و رۆژه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ ئاست و بیرورای جیا دابوون، هیچیان له‌و راستییه‌ نه‌گۆڕی كه‌ گه‌لی كورد له‌كوردستان خاوه‌ن پرسێكی نیشتیمانی نه‌ته‌وه‌یی ئازادیخوازی دیموكرات دۆستی ئاشتی پارێزی ئاشق به‌ ئاوه‌دانی و پێكه‌وه‌ ژیانی هاوبه‌شی دیموكراتییانه‌ی فره‌ ئاین و نه‌ته‌وه‌یی بیروباوه‌ڕ جیاوازه‌ و ئه‌و كلتور و كه‌ڵچه‌ره‌شی له‌ قوتابخانه‌ و رێبازی شۆرشگێڕی مسته‌فا بارزانی باوك وه‌ك رێباز و په‌یڕه‌و بۆ ماوه‌ته‌وه‌ و وا رۆڵه‌كانی مسته‌فا بارزانی، به‌ په‌روه‌رده‌ و رێنمایی و پشتیوانی و پشگیری و حیكمه‌ت و ژیری سه‌رۆك بارزانی رابه‌ر درێژه‌ به‌و كاروانه‌ ده‌ده‌ن و سه‌ركردایه‌تی ئه‌و قۆناغه تازه‌یه‌ش ده‌كه‌ن. سه‌ركردایه‌تی كردنه‌كه‌ش له‌ قۆناغی تازه‌ به‌ چه‌مك و تێگه‌یشتنی نوێ و سه‌رده‌میانه‌ی میكانیزمیه‌تی به‌رێوه‌بردنی وڵات، له‌سه‌ر بنه‌ماكانی دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانی و دراوسێیه‌تی و پێكه‌وه‌ ژیانی سه‌رفرانه‌ و سه‌روه‌ری یاسا و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و هاوڵاتیی بوون له‌نێو نیشتیمان و له‌سه‌ر خاك و له‌ نێو كایه‌ی جیۆسیاسیه‌كی كوردستانی ئازادو سه‌ربه‌خۆدا. 
له‌م روانگه‌یه‌وه‌ ئه‌م كه‌نه‌فاڵ و رێوه‌رسمه‌ چه‌نده‌ نیمایش و چالاكیه‌كی سه‌ركه‌وتوانه‌ی سیاسی و دبلۆماسیی و ئیداری و په‌رله‌مانی بوو، بۆ به‌هه‌ند وه‌رگرتن و خوێندنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر و قه‌درزانی میوان و مرۆڤ دۆستی ئه‌وه‌شی به‌روونی گه‌یاند ویست و ئیراده‌ی تاكی كورد و كۆمه‌ڵگای كوردستانی خۆنه‌چه‌ماندنه‌وه‌یه‌ ‌به‌رامبه‌ر زوڵم وسته‌می نێوخۆ و ده‌ره‌كی و ئیقلیمی.
هه‌روا ئه‌م كه‌رنه‌ڤاڵه‌ سیاسییه‌ دبلۆماسییه‌ مه‌زنه‌، خۆرێكخستنه‌وه ‌و نوێبوونه‌وه‌ بوو، به‌بوونی پیاوه ‌شیاو و كارا و ئه‌كتیف و لێوه‌شاوه‌كان هه‌ردوو سەرکردە( نێچیرڤان بارزانی، مه‌سرور بارزانی ) بۆ شوێنه‌ شیاو و جومگه‌ هه‌ره‌باڵاو هه‌ستیاره‌كان بۆ( سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان) .
ئا. ئه‌مه‌یه‌، موژده‌ی ئاسۆی سیاسیی، نهێنی مانه‌وه‌ و به‌رده‌وام بوونی پرسه‌كه‌ به‌ پیرۆزی. 
له‌م هاوكێشه‌ هاوته‌ریبه‌دا (بوونی پیاوی شیاو و كارا و ئه‌كتیف له‌نێو پرسێكی پیرۆزی نه‌گۆڕدا) گه‌یشتن به‌ ئامانج بۆ كوردستانێكی به‌هێز له‌ هیچ كات و قۆناغێكدا سازشی له‌سه‌ر ناكرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand