خۆش باوەڕی یان نەزانی؟!
2019-06-14 19:47:52
عەلی کەریمی
ئیتر ئەوە، هەر ئەوە بوو ساڵێک پێش هاوارمان کرد و بەگووتن و نووسین بە هەموو دنیامان راگەیاند و لە نیازی شومی دەسەڵاتی بنەماڵە ئاگادار کرانەوە.
رێک هەروا دەرچوو، ئیتر پارتی و بارزانی هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی کوردیان لە هەرێم خستە ژێر چۆکی خۆیان. گووتمان مەسعود لە واز هێنانی راست ناکا، نێچیر دەکاتە سەرۆکی هەرێم بۆ بیدەنگ کردن و بە رەواڵەت راگرتنی خاتری برازا و زاوا. کوڕە نازدار و خۆشەویستەکەی دەکاتە سەرۆک وەزیرانێکی خاوەن دەسەڵات و ئەوجار خۆشی لەهەموان باڵاتر دەبێتە مەرجەع و یان بە قەولی ئەو "نوخبانەی" حیزبی و میدیایی کە زۆریان حەز لە ماستاوی خەستە و چاویان بڕیوەتە خوانی دابەشکردنی پۆست و ئیمتیازەکان، شەهنشا!
ئەوان ئەوەی دەکەن کە بۆیان دەلوێ و پێموایە بە کردەوەش زۆربەی دەسەڵاتی ئەم جیهانە پێشیان بەر بدرێ هەتا دیکتاتۆرییەت ناوەستن. کەوابوو ئەوان شتێکی زۆر سەیر و عەجایبیان نەکردووە. حیزبەکانی کوردستان بە هەموویانەوە ئەو مەجالەیان رەخساند کە دەسەڵات لە سەرۆکایەتییەوە نەبووە پەرلمانی هیچ، ئەولاتریش بەرەو تەواو بنەماڵەیی و خستنە ژێر چۆکی هەر هەموو دەسەڵات و موئەسساتەکان چوو!
لە هەموو جیهان وا باوە مرۆڤی سیاسی و دەوڵەتی، زۆر وەعد دەدن و زۆرجاران دڕۆ دەکەن، دواتریش کە وەڕاست نەگەڕا وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و هیچ بە لایانەوە شەرم نییە کە چەند رۆژ پێش چییان گووت و وەعدی چییان دا.
لە نیوچە دەوڵەتمەدارانی کاڵ و خۆش خەون و خەیاڵی ئەمڕۆ و شۆڕشگێر و یاخی و خۆشەویستی ناوخەڵک و هەڵسوراوانی تاقە ئۆپۆزیسۆنی جێی هیوا و ئومێدی خەڵکی دۆینێی گۆڕان، چەند رۆژیکە بە هیوای بوون بە پیاوی دەوڵەت قسە و ئامۆژگاری سەیر و عەجایب دەبیسم.
شک و گومان لای کەس نییە منیش وەک ئێوە ئارەزووی چاکسازی و حکومەتێکی پاک و بێگەردم بۆ هەرێمەکەمان هەیە. ئەمڕۆژانە زۆر شت نووسراوە و زۆرتان رەخنە لێ گیراوە و لێرەدا دووپاتیان ناکەمەوە، بەس بەڕاستی حەزم کرد بزانم ئەو هەموو خۆشباوەڕی بە بنەماڵە و دەسەڵاتێک کە تا سەر ئێسقان دەستیان بە خۆێنی هاووڵاتی و دەنگی ئازاد سورە و دەیان و سەدان جار تاقی کراونەوە و دەرکەوت ئەوان جیا لە مەسلەحەتی بنەماڵە هیچی تریان مەبەست نییە و تی ناگەن، لە کوێرا هاتووە؟! کاکی هەڵسوڕاو! هاووڵاتی مافی خۆیەتی ئەویش وەک تۆ هیوادار و باوەڕی بەو چاکسازییە بێ رۆژانە لەسەر پەیج و سایتەکان وەعدی دەدەن. باشە بۆ ناکرێ ئەوەی تۆ دەیزانی و بە دڵنیایی دەفەرمووی بۆیە بەشداری حکومەت دەکەین بۆ حکومەتێکی ساڵم و دوور لە گەندەڵی، بە بێ فێل و سادەقانە بە خەڵکی بڵێن و ئەوانیش با وەک ئێوە بە مێشکێکی ئارامەوە چاوەڕی بن و بچن بەرەوپیری حکومەتێکی پڕ لە عەدالەت و پاک و خاوێن. ئەدی گەر تۆ دەیان فایلی گەندەڵی ئەوانەت ئامادە کردوە تکایە بەم خەڵکە بڵێن بەو هەموو فایلەوە چۆن متمانەتان کردووە؟ دەفەرموون دوا رۆژهەموو راستییەکان ئاشکرا دەبێ!
دەفەرموون: داوای یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی و وەزیری دارایی و بەرپرسی سندوقی داهاتی نەوتمان كردوە." خەڵک چۆن باوەر بکا بەو هەمووە ئەزموونە خراپ و مافیاییە، ئەم داوایەتان بۆ جێبەجێ دەکەن؟! مادام داواکارییە ئەوە هیچ، ئەرێ توخوا تۆ گۆڕی ئەم رەوانشادە بۆ چاکسازییە یان بۆ پۆست و پاروو چەورەکانە؟!
دیسان دەفەرموون: بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەت مانای بێدەنگی پەرلەمانتارەكانمان نییە لەگەندەڵی و كاری نایاسایی و بەفیڕۆدانی دارایی گشتی، خۆ جارێ هیچ نەبووە و حکومەتەکەش پێک نەهاتووە بێدەنگن هیچ، بە شەرمەوە دەست هەڵدەبڕن هیچ، بە بەرچاوتانەوە لە هۆلی سەعد عەبدوڵا ئەو نمایشە مەسخەرە و مناڵانە بۆ سوێند خواردنی سەرۆکی هەرێم لە پێش چاوتان روو دەدا کەچی کز و مات و ییدەنگن و تەنانەت مارشی نەتەوەیی بۆ راگرتنی دڵی تورکەکان لێنەدرا و دژی پرۆتۆکۆڵی پەرلمان بوو هیچتان نەگووت!؟
دەفەرموون: هەڵە تێگەیشتوون و ئایەندەش ئەمە رووندەکاتەوە!
هاورێیان و دۆستانی جێی هیوا و ئومێدی دۆینێم، سادە و خۆشباوەڕەکانی خۆشەویستی ئەمڕۆ، زۆر بەداخەوە من و زۆری وەک منیش هیچ باوەڕمان بەم قسانە نەماوە و متمانە بە شتێک ناکەین کە چەندین جار ئەزموون کراوە و خەتایەکی گەورەیە دیسان ئەزموون بکرێتەوە. من دڵنیام هیچی لەوانەی تۆ راست دەرناچێ و خۆمی بۆ فریو نادەم بەس نازانم دوارۆژ چی بە تۆ بڵێم و چت لێبکەم کە تەمەنێکی تری ئەم خەڵکەت بە خۆشباوەری و یان تەماحی خۆت بە فیڕۆ دا، جا کە چەرمەکە ئاو بردی چیت پێ بڵێم!؟